riklam

سەرۆککۆمار: عیراق لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیدا لە کەمپی ئەلهۆڵەوە زۆر سەرکەوتوبوو

عیراق 09:01 PM - 2025-09-26
وێنەیەکى سەرۆککۆمارى عیراق لە کۆنفرانسەکەدا نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار

وێنەیەکى سەرۆککۆمارى عیراق لە کۆنفرانسەکەدا

سەرۆککۆمار

سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید ئەمڕۆ هەینی 26-9-2025 بەشداری لە کۆنفرانسێک کرد، کە لە چوارچێوەی 80هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە کەمپی ئەلهۆڵ بە سپۆنسەری عیراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.

لە میانی کۆنفرانسەکەدا سەرۆککۆمار وتارێکی پێشکەش کرد، کە تیایدا هەوڵەکانی عیراقی خستەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان و هاوکاریکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی و زێدی خۆیان دوای ئاوەدانکردنەوەی شار و زێدیان.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە قورسانەی کە رووبەڕووی بووەتەوە، عیراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەی جیهان بووە، کە کاری گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی لە کەمپی ئەلهۆڵەوە زۆر سەرکەوتوو بووە، کە بریتی بوە لە گەڕاندنەوەی 18 هەزار و 830 کەس لە رێگەی پڕۆسەیەکی یەکانگیر بە رەچاوکردنی رەهەندی ئەمنی و مرۆیی و یاسایی.

رایگەیاند: کە ئەم پڕۆسەیە بەرنامەی گشتگیری لەخۆگرتبوو بۆ پشتیوانی دەروونی، پەروەردە و یەکگرتنەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی رێوشوێنی ئەمنی، کە سەقامگیری کۆمەڵایەتی مسۆگەر دەکات.

سەرۆککۆمار جەختیکردەوە، کە ئەزموونی عیراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ مەسەلەی گەڕاوەکانی کەمپی ئەلهۆڵ بە مۆدێلێکی کردەیی دێت، کە جیهان دەتوانێت لێی سوودمەند بێت و بنیات بنێت.

سەرۆککۆمار لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەسەر پابەندبوونی عیراق کردەوە بە کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ هێنانەدی ئامانجی هاوبەش بۆ داخستنی کەمپی ئەلهۆڵ و پاراستنی نەوەکانی داهاتوو، لە هەڕەشەی توندڕەوی و تیرۆر و گۆڕینی ئەم بابەتە لە کارەساتێکی مرۆییەوە بۆ چیرۆکێکی سەرکەوتووی هاودەنگی نێودەوڵەتی و کردەوەی بەکۆمەڵ.

لە کۆنفرانسەکەدا د. فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری کاروباری دەرەوە و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیڤان فایق جابرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، و رائید حەمید حسێن، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا ئامادەی بوون.

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمارە:

 بەڕێز سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان

بەڕێزان خاوەن شکۆو پایەداران ..

 خوشک و برایانی بەڕێز

ئەندامانی وەفدە بەشدارەکان

 سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت

 شانازی دەکەم بە ناوی کۆماری عێراقەوە بەخێرهاتنی هەمووتان بکەم لەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە باڵایەدا، کە حکومەتی عێراق سەرپەرشتی  دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یەکێک لە هەستیارترین دۆسییە مرۆیی و ئەمنییەکان لە جیهانی ئەمڕۆماندا، ئەویش دۆسیەی کەمپی هۆلە، هەروەها بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەوشی کەمپەکانی دەوروبەری و زیندانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، و گرنگی گواستنەوەی هەموو خێزان و دەستگیرکراوان لە کەمپ و زیندانەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان، و کۆتاییهێنان بەم قۆناغە سەختە.

کار و هەماهەنگی بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و هاوبەشە پشتیوانەکانی ئەم کۆنفرانسە، جگە لە هەموو وڵاتە بەشداربووەکان، کراوە بۆ تاوتوێکردنی هەڕەشەکانی بەردەوامی بوونی ئەم کەمپ و زیندانانە، و ژینگەی کۆمەڵایەتی مەترسیدار لەناو ئەواندا.

 بڕیاری کۆماری عێراق بۆ گرێدان و سپۆنسەرکردنی ئەم کۆنفرانسە، بانگەوازێکی بەپەلەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەو کەمپانە، چونکە چیتر بابەتێکی هەرێمی نییە، بەڵکو کێشەیەکە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە.

کۆماری عێراق بڕیارێکی بوێری وەرگرت کە بریتی بوو لە دەستپێکردن بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لەناو ئەم کەمپانەدا، لە ڕێگەی پرۆسەیەکی تەواوکراو کە ڕەهەندی ئەمنی و مرۆیی و یاسایی هەیە.

 ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی عێراق جێبەجێ کرا، کە بەشدارییان کرد لە گواستنەوەی گەڕاوەکان بۆ ناو عێراق، و نۆژەنکردنەوەیان، و دووبارە تێکەڵکردنەوەیان لە ناوچەکانی خۆیاندا.

هەوڵەکان بەپێی پلانێکی نیشتمانیی هاوبەش بەردەوامن، و بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە حکومییە پەیوەندیدارەکان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی دابینکردنی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دڵنیابوون لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ گەڕاوەکان، و دووبارە تێکەڵکردنەوەیان و جێگیربوونی کۆمەڵایەتییان لە ناوچەکانی خۆیاندا، لە ڕێگەی چوار گرووپی تەکنیکیی پێکاهاتوو لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە حکومییەکان، بە شێوەیەک کە ژیانێکی شکۆمەند و داهاتوویەکی پارێزراویان لەناو وڵاتەکەیاندا مسۆگەر بکات.

خوشک و برایانی بەڕێز...

ئێمە ئەمڕۆ لەسەر لێواری قۆناغێکی نوێین کە پێویستی بە بەردەوامبوون لە کار و بەرپرسیارێتی هاوبەش هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم قۆناغە و کاریگەرییەکانی.

ئەمڕۆ نزیکەی (10000) دە هەزار تیرۆریست سەر بە 60 وڵات لە کەمپی هۆلی سوریادا هەن، زیاتر لە سی و چوار وڵات هاووڵاتیانی خۆیان لێ گواستووەتەوە، و تا ئێستا هاووڵاتیانی وڵاتانی تر ماون کە لەو کەمپانە نەگواستراونەتەوە.

عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە گەورانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، هەزاران لە هاووڵاتیانی خۆی گەڕاندووەتەوە، و لە پێشەوەی وڵاتانی جیهان بووە لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی خۆی بەم شێوەیە:

 1. گەڕاندنەوەی (4.685) خێزان بە ژمارەی (17.791) کەس لە کەمپی هۆل بۆ سەنتەری ئەمل.

 2. گەڕاندنەوەی (3.116) خێزان بە ژمارەی (11.438) کەس لە سەنتەری ئەمل بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان.

3. وەرگرتنی (3.206) لە دەستگیرکراوانی عێراقی کە لە زیندانەکانی قەسەد بوون.

 و لەم سەکۆیەوە، کۆماری عێراق جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە شارەزاییەکی پێشکەوتووی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی گەڕاوەکان لە کەمپی هۆل، لە ڕێگەی ئەزموونێکی پێشەنگەوە کە پڕۆگرامێکی تەواوکراوی پاڵپشتی دەروونی، خوێندن، و دووبارە تێکەڵکردنەوەی لەخۆگرتبوو، لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی ئەمنی کە دڵنیایی دەدەن لە جێگیربوونی کۆمەڵگە.

ئەم شارەزاییەی کە عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا کۆی کردووەتەوە، ئەمڕۆ دەیخەینە بەردەم جیهان وەک مۆدێلێکی پراکتیکی، کە دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت و لەسەری بنیاد بنرێت.

بەڕێزان..

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشداری کرد لە بنیادنانی هەڵوێستێکی یەکگرتووی پتەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ڕێکخراوەکانی، و پاڵپشتییەکی زۆری پێشکەش بە وڵاتەکەم کرد؛ کە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا خۆی بینییەوە، کە بەشداری کرد لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش بە شێوەیەکی سەربازی و ئەمنی، لەگەڵ هێزە ئەمنییە هاوبەشەکانی عێراق، و قوربانییە گەورەکانی گەلی عێراق.

عێراق جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەشی داخستنی کەمپی هۆل، و پاراستنی نەوەکانی داهاتوو لە مەترسی توندڕەوی و تیرۆر، و گۆڕینی ئەم دۆسیەیە لە کارەساتێکی مرۆییەوە بۆ چیرۆکێکی سەرکەوتوو لە هاودەنگی نێودەوڵەتی و کاری هاوبەشدا.

 لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی هەموو وڵاتان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، و جەخت دەکەینەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی پاڵپشتی بۆ تەواوکردنی ئەزموونە سەرکەوتووەکەی عێراق لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی.

 لە ڕێگەی دانیشتنەکانی ئەم کۆنفرانسەوە چاوەڕێی پێداچوونەوە بە وردەکاری و ئەنجامەکان و دەرچوون بە ڕاسپاردە دەکەین کە سەرکەوتنێک بێت بۆ بەها مرۆییە هاوبەشەکان کە پاڵپشتی بنیادنانی ئاشتی دەکەن و ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەمان و جیهاندا بەدی دەهێنن.

سوپاس 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket