سهرۆككۆمار: ئەمڕۆ عیراق ئاسایش و سەقامگیرە
عیراق 11:02 AM - 2025-09-24
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عیراق
کۆبوونەوەی دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی
د.لەتیف جەمال رەشید
سەرۆککۆماری عیراق، رۆژی دووشەممە 22 ی ئەیلولی 2025 بەشداریکرد لە ئاهەنگی 80هەمین
ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوەیەکگرتووەکان.
بەشداریکردنی سەرۆککۆمار لە مەراسیمی نەتەوە یەکگرتووەکان گوزارشتە لە
ستایشی عیراق بۆ هەوڵی نەتەوەیەکگرتووەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی
و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپەکانی ئازادیی.
دەقی وتارەكەی سەرۆككۆماری عیراق لە كۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان
سەرۆككۆمار له كۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان : عیراق ڕەوشی ئاسایی خۆی گەڕاوەتەوە و بەردەوامه له هەوڵەكانی بۆ به دیهێنانی گەشەپێدان
بەڕێز سەرۆككۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید ڕۆژی سێشەممە 23 ی ئەیلولی 2025 لە وتارێكیدا لەبەردەم هەشتاهەمین خولی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك جەختی لەسەر گەڕانەوەی عیراق بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا كردەوە و ئاماژەی بە سەرۆكایەتیی كۆمكاری عەرەبی و گروپی 77 و چین و ڕۆڵی كاریگەری لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكاندا كرد.
سەرۆككۆمار ئاماژەی بەوەدا كە وڵات ئامادەكاری بۆ خولی حەوتەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەكات بەمەبەستی پتەوكردنی پرۆسەی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لەدۆخێكی گەش لەناوچەكەدا ئاماژەی بەوەدا كە عیراق توانیویەتی بەسەر جدیترین هەڕەشەی تیرۆر زاڵ بێت كە جیهان بەخۆیەوە بینیوە و تەئكیدیشیكردەوە لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لەلایەنگرانی تیرۆر بەپارە و چەك و دابینكردنی پەناگەی ئارام یان پلاتفۆرمی ڕاگەیاندن.
سەرۆك د.لەتیف جەمال ڕەشید جەختی لەوە كردەوە كە عیراق بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان و پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارە ئازادكراوەكان و كاركردن بۆ دڵنیاكردنەوەی ئەو پێكهاتانەی لەناوچوون.
سەرۆككۆمار ئاماژەی بەهەوڵەكانی عیراق كرد بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەلایەتی لەڕێگەی ئەكتیڤكردن و وەبەرهێنانی توانا لەبەرچاوەی وڵات و كاركردن بۆ هەمەچەشنكردنی ئابووری لەبواری كشتوكاڵ و پیشەسازیدا ئاماژەی بەدەرفەتە گرنگەكانی وەبەرهێنان لەپڕۆژەكانی ئاو و كارەبا و ژێرخانی ئابووری كرد.
سەبارەت بەبارودۆخی ژینگەیی سەرۆككۆمار ئاماژەی بەوەدا، كە عیراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زۆرترین زیانی لەگۆڕانی كەشوهەوا بەركەوتووە، ئەمەش بۆتە هەڕەشەیەكی وجودی وەك ئەوەی لە جیهاندا هەیە كە دۆخێكی ژینگەیی مەترسیداری بەخۆیەوە دەبینێت و ئاماژەی بەوەشكرد كە عیراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگیانە گرنگی دەدات بە پەرەپێدانی پڕۆژەكانی وزەی نوێبوونەوە و باشتركردنی بەڕێوەبردنی ئاو و كەمكردنەوەی دەردانی كاربۆن .
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەی سەرۆك كۆمارە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
سەرەتا گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خاتوو ئانالینا بیربۆك دەكەم بەبۆنەی سەرۆكایەتیكردنی هەشتاهەمین خولی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەروەها سوپاس و پێزانینم بۆ بەڕێز فیلیمۆن یانگ دەردەبڕم بۆ هەوڵە بەنرخەكانی لە سەرۆكایەتیكردنی خولی پێشوو.
بەڕێز سەرۆك
بەڕێز سكرتێری گشتی
خاوەن شكۆ و پایەداران
سڵاوتان لێبێت..
شەرەفمەندم كە ئەمڕۆ لەبەردەم كۆڕی بەڕێزتاندا وەستام و وەك نوێنەری عیراق قسە دەكەم، بە مێژووە دێرینەكەی كە هەمووتان دەیزانن، بەو ئاستەنگە گەورانەی كە ڕووبەڕووی بووەوە و سەركەوت ، بەو هیوا و ئاواتە گەورانە و ئەو دەرفەتانەی كە گەلەكەمان هەوڵدەدات سوودیان لێوەربگرێت، بە هاوكاری لەگەڵ دۆستان و بە پاڵپشتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، و لە سەرووی هەموویانەوە نەتەوە یەكگرتووەكان، كە سوپاسیان دەكەم لە جیاتی دەوڵەت و گەلی عێراق؛ بۆ ڕۆڵی پاڵپشتی گەورەیان لە بنیاتنان و بەرگریكردن لە سیستەمی دیموكراسی، لە ڕێگەی نوێنەرانی سكرتێری گشتییەوە، دەستپێك لە كۆچكردووی ئازیز بەڕێز سێرگیۆ دی مێلۆ، و گەیشتن بە بەڕێز محەمەد ئەلحەسسان، كە هاوبەش دەبێت لە كۆتاییهێنان بە كارەكانی نێردەی یۆنامی لە عیراق بەهۆی تەواوبوونی كارەكانیان، هەروەها كۆتاییهاتنی كارەكانی نێردەی یونیتاد، بەپێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش 2732 و 2697، ئەمەش جەخت لەسەر سەقامگیری دۆخی ئەمنی لە عیراق و پتەوبوونی سیستەمی سیاسی دیموكراسی دەكاتەوە.
ئەمڕۆ قسەتان بۆ دەكەم لە كاتێكدا عیراق دۆخی سروشتی خۆی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ دراوسێكانی گەڕاندووەتەوە، چونكە لەم كۆبوونەوەیەدا دەوەستم و وڵاتەكەم سەرۆكایەتی خولی كۆمكاری عەرەبی و گروپی 77 و چین دەكات، جگە لە ڕۆڵی چالاك لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان، وەك ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكارانی نەوت (ئۆپێك) و ڕێكخراوی هاوكاری ئیسلامی و بزووتنەوەی بێلایەنەكان، كە عیراق ئەندامێكی دامەزرێنەر بووە تێیاندا، وەك چۆن لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بەشداری لە واژۆكردنی میساقی دامەزراندنیدا كردووە.
لێرەدا، تەنها دەتوانم سوپاس و پێزانینی زۆرم ئاراستەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەم كە باشترین هاوكار بووە بۆ عێراقییەكان لە پاڵپشتیكردنی شایستە دیموكراسییەكان، لەوانەش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی و ناوخۆیی، كە خۆمان بۆ حەوتەمین خولی ئامادە دەكەین لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا، بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و بنیاتنانی دامەزراوە دەستوورییەكان، ئەمەش حاڵەتێكی گەشاوەیە
لە ناوچەكەماندا، سەرەڕای ئەو قوربانییە گەورانەی كە گەلەكەمان پێشكەشی كرد بۆ جەختكردنەوە لەسەر پێداگرییەكەی لە پابەندبوون بە پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە فرەیی، بە پێچەوانەی سیستەمی سەركوتكەر كە پێشتر عێراقی حوكم دەكرد.
لەو بارەیەوە، عیراق چاوەڕوانی كارلێكی ئەرێنی دەكات لەگەڵ دەستپێشخەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان (UN80) كە ئامانجی باشتركردنی كارایی و كاریگەری ڕێكخراوەكەیە، و عیراق ئامادەیی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر میوانداریكردنی بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئاستی هەرێمی یان نێودەوڵەتی لە عێراق، بەتایبەت ئەو بارەگایانەی كە بە پلانی كەمكردنەوەی خەرجییەكان لەژێر مافی سوودوەرگرتن یان بە كرێوە دەگرێتەوە، ئەمەش پابەندبوونی ئێمە بە هاوكاری نێودەوڵەتی و بەشداری لە بەهێزكردنی ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان و پاڵپشتیكردنی كارەكانی لە ناوچەكەدا نیشان دەدات.
عێراق، بە پاڵپشتی دۆستان، توانی بەسەر مەترسیدارترین هەڕەشەی تیرۆریستیدا سەركەوێت كە جیهان بەخۆیەوە بینی، و ئەمڕۆ هەوڵدەدەین هەموو شوێنەوارەكانی هێرشە تیرۆریستییە دڕندەییەكان بسڕینەوە بە پشت بەستن بە یەكڕیزی گەلەكەمان و لە ڕێگەی پلانە گەشەپێدانییەكان بۆ چارەسەركردنی كاریگەرییەكانی ڕابردوو و دامەزراندنی داهاتوویەكی بەڵێندەر بە ئیرادەیەكی نیشتمانی پتەو كە بە پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتی ڕاستگۆیانە هاوپەیمان كراوە.
پێمان وایە تیرۆر یەك ڕێبازە هەرچەندە دروشمەكانی جیاواز بن و دەمامكەكانی فرە بن، بۆیە داوا دەكەین ڕووبەڕووبوونەوەیەكی گشتگیر بۆ تیرۆر بكرێتەوە وەك یەك حاڵەت كە هیچ جیاوازییەك لە نێوان ڕووەكانیدا نییە.
جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوونی هەمووان بە جێبەجێكردنی تەواوی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەینەوە، بەتایبەتی بڕیارەكانی ژمارە 2178، 2396، 2462، و 2331، و پێویستی لێپرسینەوە لە پاڵپشتیكارانی تیرۆر بە پارە یان چەك یان دابینكردنی شوێنی ئارام یان سەكۆی ڕاگەیاندن، یان تێوەگلانیان لە ئاسانكاریكردنی گواستنەوە و گەشتی تیرۆریستان.
عیراق بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان دوای ڕزگاركردنیان لە دەستی گرووپە تیرۆریستییەكان، ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و كۆكردنەوەی هەوڵەكان لە بوارە جیاوازەكاندا هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ڕزگاركراوەكان و بنیاتنانی ماڵ بۆ ئاوارەكان و دابینكردنی خزمەتگوزارییان بۆیان، و گرنگتر لە هەموو ئەمانە، دڵنیاییدان بە پێكهاتەكانی كە ڕووبەڕووی قڕكردن و كۆیلایەتی و ئاوارەیی بوونەتەوە وەك ئێزیدییەكان و مەسیحییەكان و ئەوانی تر، كە ئەوەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە دووبارە نابێتەوە بە هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، ئەمەش فرەیی كۆمەڵایەتی لە عیراق دەپارێزێت و دانیشتووان لە شوێنی باوباپیرانیان دەهێڵێتەوە.
هەروەها پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی كەمپەكانی نیشتەجێبوونی خێزانەكانی ئەندامانی گرووپە تیرۆریستییەكان دەستی پێكردووە و گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق، و ئێمە لەسەر دەمی پرۆسەیەكی فراوانین بۆ نۆژەنكردنەوە و یەكگرتنەوە، ئەمەش بوارێكە پێویستی بە هاوكارییەكی نێودەوڵەتی گەورە هەیە، بەهۆی ئەو كاریگەرییە مەترسیدارەی كە ئەم دۆسیەیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە دروست دەكات.
ئەمڕۆ لە عیراقدا هەوڵدەدەین گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی بەردەوام بەدیبهێنین بە چالاككردنی وەبەرهێنانی تواناكانی وڵاتەكەمان و بە شێوەیەك كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت و كردنەوەی بوارە جیاوازەكان بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی و لە بواری وزەی نوێبووەوە، و عیراق دەرفەتی وەبەرهێنانی گرنگ دابین دەكات لە پڕۆژەكانی ئاو و كارەبا و ژێرخانی ئابووری و داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەكەین كە بچنە ناو هاوبەشی بەرهەمدارەوە لەگەڵ وڵاتەكەمان.
عیراق سەرژمێرییەكی دانیشتووانی سەركەوتووی ئەنجامدا كە یەكەم بوو لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، و سەرژمێرییەكە ئاشكرای كرد كە ژمارەی دانیشتووانی عیراق زیاتر لە 46 ملیۆن كەسە و زیادبوونێكی ساڵانە دەگاتە یەك ملیۆن كەس، ئەم دۆخە لە هەمان كاتدا دەرفەت و ئاستەنگ دروست دەكات، لە كاتێكدا ژمارەی گەنجان، پیاوان و ژنان كە توانای كاركردنیان هەیە، زیاد دەكات، وڵاتەكەمان ڕووبەڕووی داواكارییەكی زیاتر دەبێتەوە لە خزمەتگوزارییەكان و دەرفەتەكانی كار و ئەمڕۆ كار لەسەر دانانی پلانەكان دەكەین بۆ سوودوەرگرتن لە لایەنە ئەرێنییەكانی دۆخی دانیشتووان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكانی لە هەمان كاتدا.
عیراق یەكێكە لە وڵاتە هەرە زیانلێكەوتووەكان بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە، چونكە بەبیابانبوون بەسەر زەوییە سەوزەكاندا دەچێت و كەمیی ئاو بووەتە هەڕەشەیەكی بوونگەرایی، جگە لە زۆربوونی زریانی خۆڵبارین، و ئەم دۆخە بەشێكە لە دۆخێكی ژینگەیی جیهانی مەترسیدار.
عیراق كار لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگە دەكات بە پەرەپێدانی پڕۆژەكانی وزەی نوێبووەوە و باشتركردنی بەڕێوەبردنی ئاو و كەمكردنەوەی دەرهاویشتە كاربۆنییەكان و زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی، و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە پاڵپشتیمان بكەن و هەوڵەكانمان لەم بوارەدا لە ڕووی تەكنیكی و داراییەوە پشتگیری بكەن.
عیراق جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوون بە بنەمای "بەرپرسیارێتی هاوبەش بەڵام جیاواز" دەكاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و لە سەرووی هەموویانەوە قەیرانی كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو لە ڕووبارە هاوبەش و سنووربڕەكاندا، كە ئاستەنگێكی گەورە بۆ عیراق دروست دەكات كە هەمیشە هەوڵی هاوكاری و تێگەیشتنی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆماری توركیا داوە بۆ دابەشكردن و بەڕێوەبردنی ئاو لە حەوزی ڕووبارەكانی دیجلە و فورات، و عیراق دانی بە كاریگەرییەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان لەسەر زۆری ئاودا ناوە، بەڵام لە هەمان كاتدا داوا لە هەردوو وڵاتی سەرچاوە (توركیا و ئێران) دەكات كە ڕەچاوی زیان نەگەیاندن بە عیراق بكەن كە ڕووبارەكان لە سەرتاپای باكوورەوە بۆ باشووری تێدا درێژدەبنەوە، و ئەوان بنەمای سەقامگیری دانیشتووان و ژیانی ئابووری و سەرچاوەی شارستانییە گەورەكانی وڵاتەكەمانن، و كەمبوونەوەی داهاتەكانی ئاو دەبێتە هۆی زیانێكی ژینگەیی و مرۆیی و ئابووری و هەڕەشە لە فرەیی ژیانی و كلتووری و دانیشتووان دەكات، بەتایبەتی لە یەكگرتنەوەی رێرەوی ڕووبارەكان لە باشووری عیراق.
عیراق داوای هاوكاری نێودەوڵەتی و پەسەندكردنی ڕێبازێكی گشتگیر دەكات كە لەسەر بنەمای بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی و ڕۆحی هاوبەشی مرۆیی و دیدێكی گشتگیر بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و جیهان بێت بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن و ڕێككەوتنە پتەوەكان لە نێوان ئێران و توركیا و سوریا و عیراق بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو، بۆ ڕێگریكردن لە زیان گەیاندن بە هەمووان و بەدیهێنانی سوود بۆ هەمووان لە ڕێگەی دابەشكردنێكی دادپەروەرانە و ڕێكخراوی ئاوەكانی دیجلە و فوراتەوە.
بەڕێزان.. ئەوەی هاووڵاتیانی فەلەستینی ڕووبەڕووی دەبنەوە لە كوشتن و برسیبوون و ئاوارەیی و وێرانكردنی ژێرخان و وێرانكردنی دامەزراوەكانیان، دۆخێكە كە شایستەی ئێمە وەك مرۆڤ نییە و حاڵەتێكی شەرمەزاركەرە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بۆیە دەبێت دەستبەجێ كار بۆ وەستاندنی بكرێت و ڕێگە نەدرێت بە بەردەوامبوونی.
ئەوەی ئەمڕۆ لە غەززە ڕوودەدات لە ڕووی ئەخلاقییەوە قبوڵنەكراوە، و بەڵگەیەكی ئاشكرایە لەسەر هەڵبژاردن لە پابەندبوون بە جێبەجێكردنی مافەكانی مرۆڤ و دادپەروەری لە نێوان مرۆڤەكاندا. داواكارییەكەمان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووبارە دەكەینەوە بۆ ئەوەی بە خێرایی بجوڵێن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی دادپەروەرانە و گشتگیر بۆ كێشەی فەلەستین بە چالاككردنی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و توانادان بە گەلی فەلەستین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، ئەمەش تاكە ڕێگایە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، و داوای ڕێوشوێنی توند دەكەین دژی پلانەكانی نیشتەجێبوون و سیاسەتی داگیركردنی زەوی كە دەسەڵاتی داگیركەر دژی فەلەستینییەكان پەیڕەوی دەكات بۆ وێرانكردنی هەموو هیواكانیان بۆ دەوڵەتێكی گونجاو بۆ ژیان بە ئازادی و كەرامەتەوە.
هەروەها سەركۆنەی هێرشەكانی قەوارەی زایۆنیستی دژی وڵاتانی ناوچەكە دەكەین، لە سوریا و لوبنان و دوایینیان دژی دەوڵەتی قەتەری برا ، ئەمەش كارێكی دوژمنكارانەی دڕندانەیە كە پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانە، و هەروەها پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەری قەتەرە، و داوای هەوڵێكی نێودەوڵەتی گشتگیر و خێرا دەكەین بۆ وەستاندنی هەموو ئەم دەستدرێژییانە، و ڕێگریكردن لە دابەزینەوە بۆ دۆخی دەستدرێژی دژی كۆماری ئیسلامی ئێران و وەستاندنی دەستدرێژی دژی دامەزراوە مەدەنییەكان و ژێرخانی ئابووری لە یەمەن.
بەهۆی ئەو كاریگەرییە كارەساتبارانەی كە لە چەكی كۆمەڵكوژ بینیومانە، داواكاری عیراق بۆ خاڵیكردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم چەكانە دووبارە دەكەینەوە لەگەڵ داننان بە مافی هەموو وڵاتان بۆ پەرەپێدانی بەكارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی، و چاودێری نێودەوڵەتی هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ناوچەكە بگرێتەوە، لەوانەش دامەزراوەكانی قەوارەی زایۆنیستی، بۆ دڵنیابوون لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لەبارەی دۆخی سوریاوە، جەخت لەسەر پابەندبوونی عیراق دەكەینەوە بە پاڵپشتیكردنی سەقامگیری سوریا و یەكپارچەیی خاكی و ڕێگریكردن لە هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر سەروەرییەكەیان
و چاوەڕوانی هاوكارییەكی بەرهەمدار دەكەین لە نێوان وڵاتەكانمان لە بوارە جیاوازەكاندا و زیادكردنی هاوبەشی لە هەوڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان، و داوا لە حكومەتی سوریا دەكەین كە ڕێز لە فرەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێكهاتەكانی گەلی سوریا بگرێت و ڕێز لە ئازادییە ئایینییەكان و پیرۆزییەكان و پەرستگاكانی هەموو چین و توێژەكانی سوریا بگرێت.
لەژێر توندوتیژییەكانی كە ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت، عیراق داوای هەڵوێستێكی نێودەوڵەتی دەكات كە ڕەتیدەكاتەوە دامەزراوە ئەتۆمییەكان لە هێرشە سەربازییەكاندا بكرێنە ئامانج بەهۆی ئەو هەڕەشە مەترسیدار و درێژخایەنەی كە بۆ هەموو وڵاتان و گەلانی ناوچەكە و جیهان دروستی دەكات، هەروەها عیراق بە تەواوی ڕەتیدەكاتەوە بەكارهێنانی نایاسایی ئاسمانی خۆی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی نێوان لایەنە ناكۆكەكانی ناوچەكەدا، بەهۆی ئەوەی كە پێشێلكارییەكی سەروەری و هەڕەشەیەك بۆ ئاسایشی وڵاتەكەمان و ژیانی هاووڵاتیانمانە، و داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین كە ڕێز لە سەروەری عیراق بگرن.
عیراق لە پەیوەندییە دەرەكییەكانیدا هەڵوێستێكی هاوسەنگی و كراوەیی و هاندانی دیالۆگ لە نێوان وڵاتانی ناوچەكەدا پەیڕەو دەكات بۆ چارەسەركردنی هەموو ناكۆكییەكان و كۆتاییهێنان بە دۆخی گرژی، و عیراق هەموو تواناكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا.
لەم سۆنگەیەوە، پێشوازی لە هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەكان دەكەین بۆ دەستپێكردنەوە و سەركەوتنی دیالۆگ لە نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێك كە مافەكانی ئێران لە پەرەپێدانی بەرنامەیەكی ئەتۆمی ئاشتیانەدا مسۆگەر بكات بەپێی پەیماننامە و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكان.
عیراق جەخت لەسەر پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و دەستپێشخەری پارتی كرێكارانی كوردستان دەكاتەوە بۆ وازهێنان لە چەكەكانیان و چاوەڕوانی دامەزراندنی چوارچێوەیەكی سیاسی و یاسایی دەكەین كە ڕێگە بۆ كاری سیاسی ئاشتیانە بۆ هەمووان لە توركیا بكاتەوە، ئەمەش ڕێگایە بۆ بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لە ئەزموونی عیراقەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پابەندبوون بە دیموكراسی و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ گەرەنتییەكی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و جیهاندا، بە مەرجێك پابەندبوونەكە هەموو سیستەمەكان بگرێتەوە و دووفاقییەتی و هەڵبژاردن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ستەم و زۆرداریدا بێ، و پێویستە دیموكراسی لە گەندەڵی بپارێزرێت كە كاریگەری لەسەر ئازادی هاووڵاتیان دەكات و بە پێداویستییەكانیانەوە یاری دەكات و فشاریان دەخاتە سەر، ئەمەش داوای هاوكاری زیاتر لە نێوان وڵاتان و حكومەتەكان دەكات بۆ بەدواداچوون بۆ گەندەڵكاران و شەڕی دژی پرۆسەكانی سپیكردنەوەی پارە و بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان و كردەوە ئابووری و داراییە گوماناوییەكان كە هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایش لە هەموو جیهاندا دەكەن و دابەشبوونی كۆمەڵایەتی دروست دەكەن و شەڕی ناوخۆیی هەڵدەگیرسێنن.
عیراق دوای ساڵی 2003 و لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەڵوێستی بنەڕەتی خۆی سەلماندووە كە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دراوسێیەتی باشە لەگەڵ دەوڵەتی كوەیتی برا، و بەهێزكردنی پەیوەندییە دوولایەنەكان لەگەڵیدا لە بوارە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا، هەروەها جەختی لەسەر بڕیارداری و دڵسۆزی خۆی كردەوە بۆ كۆتاییهێنان بە هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ كوەیت، كە بەهۆی ڕەفتاری تاكەكەسی سەرۆكی پێشووی ڕژێمی دیكتاتۆرییەوە سەریان هەڵدابوو.
عیراق پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكانی خۆی لەبارەی كوەیتەوە كە پەیوەندی بە دۆسیەكانی قەرەبوو و سنوورەوە هەیە، جێبەجێ كردووە، جگە لە بڕینی ڕێگایەكی زۆر بۆ جێبەجێكردنی پابەندبوونەكانی دۆسیەی بێسەروشوێنەكان.
ئەوەی كە نەتوانرا دۆسیەی بێسەروشوێنەكان و بە تەواوی یەكلایی بكرێتەوە پەیوەندی بە هیچ كەمتەرخەمییەكی بە ئەنقەستەوە نییە لەلایەن عێراقەوە، بەڵكو بەهۆی هۆكارگەلێكی زۆر قورس و دەرەوەی ئیرادەیەتی.
لێرەدا جەخت لەسەر چاوەڕوانی عیراق دەكەینەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەكی ئەرێنی و بەردەوام لەگەڵ دراوسێ هەرێمییەكەی، كە لەسەر بنەمای یەكگرتنی ئابووری و پەیوەندی هەرێمی و پاڵپشتیكردنی پڕۆژەكانی گواستنەوەی بەردەوام بێت.
لەم چوارچێوەیەدا، عیراق بایەخێكی زۆر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتی كوەیتی برا دەدات.
خوشك و برایانی بەڕێز
پەیامی عیراق ڕوونە، ئێمە داوای هاوسۆزی ناكەین بەڵكو داوای هاوبەشی دەكەین، هاوبەشییەك بۆ نوێكرنەوەی خاكەكەمان و پاراستنی ڕووبارەكانمان و بەدیهێنانی ئاسایشمان و توانادان بە گەنجەكانمان و پێكەوە گرێدانی ناوچەكەمان لەجیاتی دابەشكردنی.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشی پێویستی لە خوێن و فرمێسك و كارەسات بینیوە و دەرفەتێكی زۆر گەورە بۆ ئاشتی و ژیانێكی شایستە لەدەست چووە، و كاتی ئەوە هاتووە كە هەموو ئەوانە بە خێرایی بوەستێنرێت و ڕێگایەكی نوێ بۆ ئاشتی و دادپەروەری و هاوكاری دابنرێت، و عیراق ئامادەیە لەم ڕێگایەدا بڕوات و پاڵپشتی هەموو ئەوانە بكات كە دەیانەوێت پەیوەندی پێوە بكەن.
گەلانی جیهان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاودێری دەكەن و هیواخوازن كە ئەم ڕێكخراوە كە دەرگای كۆتایی هیوا بە ئاشتییە، بجوڵێت و پرسیار دەكەن: ئایا دەجوڵێت یان پشتی لە كارەساتەكە دەكات؟
ئایا لەژێر سێبەری یاسای نێودەوڵەتی و بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ و دادپەروەریدا دەژین؟
یان بۆ یاسای دارستان دەگەڕێینەوە كە سووكایەتی بە كەرامەتی مرۆڤ دەكات و بەرەو دۆزەخی تۆڵەسەندنەوە و دڕندەیی و فەوزا دەبات؟
خودا هەموومان سەركەوتوو بكات بۆ ئەوەی كە خێرە بۆ هەموو گەلەكانمان.
وتاری سەرۆککۆمار لەکۆبوونەوەی دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی
هاوکات
سەرۆککۆماری عیراق لەکۆبوونەوەی دەستپێشخەری گەشەپێدانی جیهانی، کە لەپەراوێزی 80هەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی
گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدرا، وتارێکی پێشکەشکرد و
رایگەیاند:"عیراق
ئەمڕۆ نوێنەرایەتی کەشێکی ئومێدبەخشی وەبەرهێنان دەکات لە کەرتە جیاوازەکانی بەرهەمهێناندا
و لە ئەو پەڕی هەوڵەکانیەوە چاوەڕوانی پشتیوانی زیاترە لە کۆمەڵی نێودەوڵەتیی و
ئامادەیی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ هاریکاری و کارکردن بەیەکەوە لەگەڵ وڵاتان و رێکخراوەکان
و دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام.
دەقی وتارەکە:
جەنابی سکرتێری
گشتی
ئامادەبوانی ئازیز
بەڕێزان
دەمەوێت پێزانینی
خۆم بۆ کۆماری گەلی چین دەرببڕم بۆ بانگهێشتکردنی ئەم کۆبوونەوە گرنگە، کە لە کاتێکی
گونجاودا دێت و ڕەنگدانەوەی گرنگی وتووێژی فرەلایەنە و کاری هاوبەشە لە بەر ڕۆشنایی
ئاڵۆزییەکانی ئێستا.
گرژیی ئیقلیمی و
نێودەوڵەتی و ئاڵۆزی تر، گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی تێکدەدەن. پێویستە هەموومان
بە پەرۆشەوە و بەوپەڕی توانامانەوە کاربکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، چونکە
بەردەوامبوونی ململانێکان قوربانیی زیاتر ڕۆژانە
بەدوا خۆیدا دێنێت و قەیرانی نوێ سەرهەڵدەدەن
کە بەدیهێنانی زیاتر ئاشتیی هەمیشەیی و خۆشگوزەرانی هاوبەش ئاڵۆزتر دەکات.
عێراق بە دەیان
ساڵ قەیرانی جۆراو جۆری تێپەڕاندووە، لەوانە شەڕی یەک لە دوای یەک و بارگرانی
ئابووری. گەلەکەمان لە سەردەمی زوڵم و ستەمدا روبەروی زۆر ئاڵەنگاری بوەوە، کە بووە هۆی بەربەست لە گەشەسەندنی
ئابووری، ژێرخانی وڵاتی وێرانکردن، و بووە هۆی قوسی بارودۆخی ژیان، بەڵام عیراقی ئەمڕۆ
عیراقی دوێنێ نییە.
دوای روخانی ستەمکاری و زاڵبوون بەسەر ململانێ جۆراوجۆرەکان
و تێکشکاندنی تیرۆر کە ساڵانێک بوو رێگری لە پێشکەوتن کردبوو، ئەمڕۆ وڵاتەکەمان بە
ئاسایش و سەقامگیریەوە هەنگاودەنێت.
ئەمڕۆ کاردەکەین
بۆ بەهێزکردنی لایەنی ئابووری لەسەر بنەمای کرانەوە بەڕووی جیهان و دەستکردن بە
دامەزراندنی هاوبەشی ئابووری هەمەچەشن لە بوارە جیاوازەکاندا.
عیراق ئەمڕۆ ژینگەیەکی
ئومێدبەخشی وەبەرهێنان پێشکەش دەکات لە کەرتە جیاوازەکانی بەرهەمهێناندا، لەوانە
وزە، گواستنەوە، بیناسازی و ئەوانی تر. حکومەت کاردەکات بۆ دابینکردنی ئاسانکاری پێویست
بۆ ئەم هەوڵانە لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت لەڕێگەی یاسای نوێوە
کە بەشێکیان پەسەندکراون و یاسای زیاتریش
لەپەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆدایە بۆ پەسەندکردن.
حکومەت کاردەکات
بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیی هەمەلایەنە لە حوکمڕانیدا، هەروەها لە سیستەمی کارگێڕی و
داراییدا.
بەهێزکردنی میکانیزمەکانی
چاودێری و هەڵسەنگاندن لە پێشینەی کارە سەرەکییەکان. لە سەرووی هەمووشیانەوە بنەماکانی
شەفافیەت و لێپرسینەوە بوونەتە پرەنسیپی رێکارەکان، بەتایبەتی لە بەڕێوەبردنی
سامانە سروشتییەکاندا.
ئێمە پابەندبوونمان
بە پرەنسیپەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات دەکەینەوە.
حوکمڕانی جیهانی
لەسەر بنەمای پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و یەکسانی سەروەری دەوڵەتان دامەزراوە.
ئەم پرەنسیپە جەوهەرییە،
بەتایبەتی لەو ناوچانە دەگرێتەوە کە روبەروی ململانێکان دەبن کە هەڕەشە لە ئاشتی و
ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن. دەستپێشخەریی حوکمڕانی جیهانی دەرفەتێکی بەنرخ بۆ بنیاتنانی
نەزمێکی نێودەوڵەتی دادپەروەرتر و گشتگیرتر دەڕەخسێنێت.
بەڕێزان...
عێراق بڕیاریداوە
ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە ببێتەوە کە ڕووبەڕووی ئابوورییەکەی دەبێتەوە کە وابەستەی
نەوت و سامانە سروشتییەکانە. ئێمە کاردەکەین بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووریمان لە ڕێگەی
پەرەپێدانی کەرتەکانی ترەوە. لەوانە کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری.
هەروەها عێراق ڕووبەڕووی
ئاستەنگ و ئاڵەنگاری جددی پەیوەست بە ژینگە و کەشوهەوا دەبێتەوە، دیارترینیان کەمی
ئاوە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زۆر و دابەزینی ڕێژەی بارانبارین و
دابەزینی بەرچاوی هەڵڕژانی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات کە بەهۆی پڕۆژەی وڵاتانی
دراوسێیەوە دروست بووە.
جگە لەم فشارانە، عێراق ساڵانە بە خێرایی گەشەی زیاد دەکات
کە یەک ملیۆن کەس لە دانیشتوان زیاد دەبێت، ئەمەش بارگرانییەکی زیاتر بەسەر ئابووری
و کۆمەڵ دەسەپێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا
عێراق چاوی لە پاڵپشتی زیاتری کۆمەڵی نێودەوڵەتییە و ئامادەیی خۆی دووپات دەکاتەوە
بۆ هاوکاری و کارکردن پێکەوە لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار و ڕێکخراو و ئۆرگانە نێودەوڵەتیەکان
بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام.
هەروەها عیراق
داوای هاریکاری فراوانتر دەکات بۆ سنووردارکردنی تێکچوونی دۆخی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا،
و کەمکردنەوەی کاریگەرییە زیانبەخشە ئابووری و تەندروستییەکان، لەڕێگەی پەرەپێدانی
بەرنامەی هەمەلایەنە لە چوارچێوەی هەوڵی نێودەوڵەتی بنیاتنەر و هاوبەشەوە.
لە کۆتاییدا،
سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ کۆماری گەلی چین دوپات دەکەمەوە بۆ بانگهێشتکردنی ئەم کۆنفرانسە
و هیوای سەرکەوتن دەخوازم ، کە ڕاسپاردە و بڕیارەکان بەرهەمهداربن کە بەڕاستی لەگەڵ
ویستی گەلانی جیهاندا بگونجێت، سوپاس...
دیدارەکانی
سەرۆککۆماری عیراق لەپەراوێزی 80هەمین ساڵیادی دامەزراندنی
نەتەوەیەکگرتووەکان
د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق، لەپەراوێزی بەشداریکردنی لە 80هەمین
ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوەیەکگرتووەکان چەندین دیداری گرنگی لەگەڵ هاوتا
جیهانییەکانی خۆی ئەنجامدا.
سەرۆککۆماری عیراق لەگەڵ هاوتا پورتوگالییەکەی کۆدەبێتەوە
د.لەتیف جەمال رەشید
سەرۆککۆماری عیراق رۆژی سێشەممە 23 ی ئەیلولی 2025 لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە
کارەکانی 80هەمین خولی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ سەرۆکی
پورتوگال مارسێلۆ ڕیبێلۆ دی سوزا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتی لەسەر ئاستی
نێودەوڵەتی و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا و تێیدا سەرۆککۆمار
جەختی لەوەکردەوە کە سیاسەتی عیراق لەسەر بنەمای کراوەیی و پتەوکردنی پەیوەندییە
هاریکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان دامەزراوە لەپێناو مسۆگەرکردن و پتەوکردنی
سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلان.
هەروەها ستایشی هەڵوێستی پورتوگالی کرد لە پشتیوانیکردن لە دۆزی
فەلەستین و گەلی فەلەستین و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی لە کۆڕبەندە
نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانی گەلی فەلەستین و کۆتایی هێنان
بەو دەستدرێژییەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە.
لای خۆشیەوە مارسێلۆ ڕیبێلۆ دی سوزا سوپاسی وڵاتەکەی بۆ پەیوەندییەکان
لەگەڵ عیراق و خواستی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی دوولایەنە و
پشتیوانیکردن لەهەوڵەکانی عیراق لەبواری ئاوەدانکردنەوەدا دەربڕی.
لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە و
ئیڤان فایق جابرو وەزیری کۆچ و کۆچبەران و دکتۆر کامیل دلەیمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی
کۆمار و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەردوولا ئامادە بوون.
سەرۆککۆماری عیراق و سەرۆککۆماری ئازەربیجان کۆدەبنەوە
د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق، رۆژی سێشەممە 23ی ئەیلولی 2025
لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی کۆماری
ئازەربیجان، لە چوارچێوەی 80هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات و
چۆنیەتی پەرەپێدانی دەرفەتی هاریکاری هاوبەش کرا.
هەردوو سەرۆک بیروڕایان لەبارەی چەندین مەسەلەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی
ئاڵوگۆڕ کرد و جەختیانکردەوە لە گرنگی هەماهەنگی و هەڵوێستەکان لەبارەی کارنامەی
نەتەوەیەکگرتووەکان.
سەرۆککۆمار پابەندبوونی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ بنیاتنانی هەماهەنگی
هاوسەنگ و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ هەماهەنگی کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری بکات و
سوود بە گەلانی ناوچەکە بگەیەنێت.
لای خۆشیەوە سەرۆک عەلیێڤ پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەکانی عیراق لە
بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ویستی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی
هاریکارییەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست دووپاتکردەوە.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە فوئاد
حسێن و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی؛ و سەرۆکی دەستەی
ڕاوێژکاران و پسپۆڕان لە سەرۆکایەتی کۆمار، د.عەلی شوکری و ژمارەیەک لێپرسراوی
باڵا لە هەردوولا بەڕێوەچوو.
سەرۆککۆماری عیراق لەگەڵ هاوتا ئەرمینییەکەی کۆدەبێتەوە
د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆمار لەمیانی بەشداریکردنی لە
کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، رۆژی دووشەممە 22ی ئەیلولی2025 لەشوێنی
حەوانەوەی خۆی لە نیویۆرک، پێشوازیکرد لە ڤاهاغان خاچاتووریان سەرۆک کۆماری
ئەرمەنستان.
لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی
پەرەپێدانی هاریکاری لە بوارەکانی ئابووری، رۆشنبیری و خوێندنی باڵا تاوتوێکرا.
سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری و
هەماهەنگی لە کۆڕبەندییە نێودەوڵەتییەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کاری کۆبوونەوەکانی کۆمەڵی گشتی و
دەرئەنجامەکانی کرا، هەروەها بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتی تاوتوێکرا.
هەردوو سەرۆک بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بەو ئاستەنگانەی کە
ڕووبەڕووی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، لەوانە پەرەسەندنی گرژی نێودەوڵەتی و
قەیرانی ئاسایشی خۆراک و وزە، کێشەکانی کۆچ و گۆڕانی کەشوهەوا، هاوکات
جەختیشیانکردەوە لە سەر رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەرخستنی پرەنسیپی
وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
هەر لەو دیدارەدا هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە پشتیوانیکردن لە
هەوڵی فرەلایەن بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگی جیهانیی و پەرەپێدانی هاودەنگی
نێودەوڵەتی لە بەرامبەر قەیرانە ئەمنیی و مرۆیی و ئابوورییەکان دووپاتکردەوە.
لە دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و
د. ساڵح حسناوی وەزیری تەندروستی و د.کامیل دولەیمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی
کۆمار و د. خالید یەعقووبی ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک
لێپرسراوی باڵای هەردوولا ئامادەبوون.
سەرۆککۆمار بانگهێشتنامەیەکی بۆ سەردانی ڤێتنام پێدەگات
سەرۆککۆمار، د.
لەتیف جەمال ڕەشید رۆژی چوارشەممە 24 ی ئەیلوولی 2025 لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە
نیویۆرک پێشوازی کرد، لە سەرۆککۆماری سۆسیالیستی ڤێتنام لونگ کوونگ.
سەرۆککۆمار
جەختی لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و
فراوانکردنی قەبارەی هاوکاری لە بوارە جیاجیاکان بەتایبەتی کشتوکاڵ کردەوە،
لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست و ئاماژەی
بەپەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عیراق و ڤێتنام و گرنگی وەبەرهێنان تێیدا کرد،
لەپێناو بەدیهێنانی ئاواتەکانی هەردوو وڵات لەگەشەپێدان و پێشکەوتن.
سەرۆککۆمار
جەختیشى کردەوە، کە جیهان بارودۆخێکی ئاڵۆز بەخۆوە دەبینێت، کە پێویستی بە هەماهەنگی
و کاری هاوبەش هەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
سەرۆکی ڤێتنام
بانگهێشتنامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆککۆمار کرد، بۆ سەردانی ڤێتنام و لای خۆیەوە سەرۆککۆمار
سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئەم بانگهێشتە دۆستانەیە دەربڕی.
سەرۆک لونگ
كوونگ ئاماژەی بەوەدا، کە وڵاتەکەی چاوی لە پەرەپێدانی پەیوەندی هاوكارییە لەگەڵ عیراقە،
لە هەموو بوارەکاندا، و پێویستی بە كاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ
و ململانێکان و دروستکردنی پەیوەندی هاوكاریی کە خزمەت بە گەلانی جیهان بکات.
لە
کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی و راوێژکاری
ئاسایشی نەتەوەیی قاسم ئەعرەجی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار دکتۆر کامل
دولەیمی لەلایەن وەفدی ڤێتنامەوە وەزیری پیشەسازی و بازرگانی نگوین هونگ دین و
ژمارەیەک بەرپرسی عیراقی و ڤێتنامیی ئامادەبوون.
سەرۆککۆمار پێشوازی له سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی یەمەن دەکات
سەرۆککۆمار، د.لەتیف جەمال رەشید، رۆژی چوارشەممە 24 ی ئەیلولی 2025 لە شوێنی مانەوەی خۆی لە نیویۆرک، پێشوازى لە سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی یەمەن کرد، دکتۆر رەشاد محەمەد عەلیمی، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
لە
کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی
پەیوەندییەکانی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی برا
تاوتوێکران و هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر ژمارەیەک بابەتی بەرژەوەندی هاوبەش .
سەرۆککۆمار
جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری
لە ناوچەکەدا کردەوە .
لای خۆیەوە
سەرۆک رەشاد عەلیمی ستایشی پتەوبوونی پەیوەندیی برایانەی نێوان عیراق و یەمەن کرد
و خواستی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری لەگەڵ عیراق لەبوارە
جیاجیاکاندا دەربڕی.
له
کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی و راوێژکاری
ئاسایشی نەتەویی قاسم ئەعرەجی و ژمارەیەک له بەرپرسانی هەردوولا ئاماده بوون.
سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی سودان دەکات
سەرۆککۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی پێنجشەممە 25-9-2025، لە پەراوێزی 80هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە نیۆیۆرک پێشوازیکرد لە سەرۆک وەزیرانی سودان دکتۆر کامل تەیب ئیدریس.
لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندیی دووقۆڵی و هاریکاریی هاوبەشی نێوان عیراق و سوودان تاوتوێ کران.
سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی سەقامگیری لە سودان و کۆتایی هێنان بە جەنگ کردەوە، کە دەبێتە مایەی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلی سودان و بەدیهێنانی ویستیان بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
هەروەها باس لە بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتی نێودەوڵەتیی کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی کاری هاوبەش و هەماهەنگی لەسەر بابەتی جێی بایەخی هەردولا بۆ هێنانەدی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە دکتۆر کامل تەیب ویستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی لەگەڵ عیراق و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ هاریکاری لە بوارە جیاجیاکاندا دووپات کردەوە، هەڵوێستی پاڵپشتیکاری عیراقی لە ئاست سەقامگیریی سودان بەرز نرخاند.
له کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی و سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و شارەزایانی سەرۆکایەتی کۆمار دکتۆر عەلی شکری و راوێژکاری سەرۆک وەزیران دکتۆر خالید یەعقوبی و ژمارەیەک له بەرپرسانی عیراقی و سودانی ئاماده بوون.
سەرۆک کۆمار پێشوازی لە سکرتێری گشتی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی دەکات
سەرۆککۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژى پێنجشەممە 25-9-2025 لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە نیویۆرک، لە پەراوێزی بەشداریی کردنى لە 80هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازیکرد لە ئەحمەد ئەبول غیت سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پێشهاتی گۆڕەپانی عەرەبی و نێودەوڵەتی کرا، دیارترینیان ئەو هەوڵانە بوو بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری لە ناوچەکە لەبەر ڕۆشنایی ئاستەنگە سیاسی و ئەمنییەکانی ئێستا.
سەرۆککۆمار جەختیکردەوە، لەسەر پێویستی چڕترکردنی هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و یەکخستنی هەڵوێستەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ناوچەیی و دیارترینی دەستدرێژیی ئیسرایل بۆ سەر گەلی فەلەستینی.
سەرۆککۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی بەهێزکردنی کاری هاوبەشی عەرەبی و چالاککردنی رۆڵی کۆمکاری عەرەبی لە چارەسەرکردنی مەسەلەکان و پاڵپشتیکردنی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە، بەشێوەیەک کە ویستی گەلانی ناوچەکە بۆ سەقامگیری ئەمنی و ئابووری بەدیبهێنێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بابەتەکانی کارنامەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو دەرەنجامانە کرا، کە یارمەتیدەر دەبن لە چەسپاندنی بناغەکانی ئاشتی جیهانی.
لای خۆیەوە ئەبول غەیت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پابەندبوونی سەرۆککۆمار بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی دەربڕی، جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونی کۆمکار بۆ هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی کە رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە.
سەرۆککۆمار چاویکەوت بە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی هەشتاهەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرۆککۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی پێنجشممە 25 ی ئەیلولی 2025، چاویکەوت بە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان .
لە میانی دیدارێکدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەسەندنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و ئاسایش کرا، هاوکات گرنگترین ئەو پرسانەی کە لە کارنامەی کۆمەڵەی گشتییدا بوون، تاوتوێ کران.
سەرۆککۆمار جەختی لەسەر پشتیوانیی عیراق بۆ هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییەکان کردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی کاری هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگە و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان کرد، ئەوەش لە رێگەی دانانی بەرنامەی چڕوپڕ لە چوارچێوەی هاوکارییەکی نێودەوڵەتیی بەرهەمداردا.
لەلای خۆیەوە، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ستایشی ۆڵی عیراقی لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی ناوچەکەدا کرد، هەروەها دەستخۆشی لە بەشداریکردنەکانی لە بەهێزکردنی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتیدادوپات کردەوە، جەختیشی لەسەر پەرۆشیی رێکخراوەکە بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.
دیدارەکە بەئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیر، وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی و وەزیری تەندروستی دکتۆر ساڵح حەسناوی، و وەزیری کۆچ و کۆچبەران ئیڤان فایەق جابرۆ و نوێنەری هەمیشەیی عیراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان باڵیۆز لوقمان فەیلی بەڕێوەچوو.
سەرۆککۆمار لەگەڵ شازادەی جێنشینی کوێت کۆدەبێتەوه
سەرۆککۆمار، د. لەتیف جەمال ڕەشید رۆژی پێنجشەممە 25 ی ئەیلوولی 2025 لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ خاوەن شکۆ شازادەی جێنشینی کوێت شێخ سەباح خالید حەمەد ئەلسەباح لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی 80 هەمین خولی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا شازادەی جێنشین سڵاوی شێخ مشعەل ئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح میری کوێت گەیاندە سەرۆککۆمار و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پشتیوانیکردن و پتەوکردنیان لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی برا گفتوگۆکرا.
سەرۆککۆمار جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی هەماهەنگی و راوێژ لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان کردەوە بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە و خزمەت بە ئامانجە رەواکانیان و لەو بارەیەوە ئاماژەی بە هەڵوێستی عیراق کرد کە دەستدرێژی لەسەر کەرتی غەززە رەتدەکاتەوە و جەختی لەسەر مافی گەلی فەلەستین کردەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان.
هەروەها تاوتوێی دوایین پێشهاتنەکانی گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان له دانانی بناغەکانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان به گشتی و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کرا.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیر، وەزیری دەرەوە فوئاد حسین و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی و وەزیری تەندروستی ساڵح حەسناوی و راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دکتۆر خالد یەعقوبی بەڕێوەچوو.
سەرۆککۆمار: عیراق لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیدا لە کەمپی ئەلهۆڵەوە زۆر سەرکەوتوبوو
سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال ڕەشید ئەمڕۆ هەینی 26-9-2025 بەشداری لە کۆنفرانسێک
کرد، کە لە چوارچێوەی 80هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە
کەمپی ئەلهۆڵ بە سپۆنسەری عیراق و بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی
تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.
لە میانی کۆنفرانسەکەدا سەرۆککۆمار وتارێکی پێشکەش کرد، کە تیایدا هەوڵەکانی
عیراقی خستەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکان و هاوکاریکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ
ژیانی ئاسایی و زێدی خۆیان دوای ئاوەدانکردنەوەی شار و زێدیان.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە قورسانەی کە رووبەڕووی
بووەتەوە، عیراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەی جیهان بووە، کە کاری گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی
لە کەمپی ئەلهۆڵەوە زۆر سەرکەوتوو بووە، کە بریتی بوە لە گەڕاندنەوەی 18 هەزار و 830
کەس لە رێگەی پڕۆسەیەکی یەکانگیر بە رەچاوکردنی رەهەندی ئەمنی و مرۆیی و یاسایی.
رایگەیاند: کە ئەم پڕۆسەیە بەرنامەی گشتگیری لەخۆگرتبوو بۆ پشتیوانی دەروونی،
پەروەردە و یەکگرتنەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی رێوشوێنی ئەمنی، کە سەقامگیری کۆمەڵایەتی
مسۆگەر دەکات.
سەرۆککۆمار جەختیکردەوە، کە ئەزموونی عیراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ مەسەلەی گەڕاوەکانی
کەمپی ئەلهۆڵ بە مۆدێلێکی کردەیی دێت، کە جیهان دەتوانێت لێی سوودمەند بێت و بنیات
بنێت.
سەرۆککۆمار لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەسەر پابەندبوونی عیراق کردەوە بە
کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ هێنانەدی ئامانجی هاوبەش بۆ
داخستنی کەمپی ئەلهۆڵ و پاراستنی نەوەکانی داهاتوو، لە هەڕەشەی توندڕەوی و تیرۆر و
گۆڕینی ئەم بابەتە لە کارەساتێکی مرۆییەوە بۆ چیرۆکێکی سەرکەوتووی هاودەنگی نێودەوڵەتی
و کردەوەی بەکۆمەڵ.
لە کۆنفرانسەکەدا د. فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری کاروباری دەرەوە
و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیڤان فایق جابرۆ، وەزیری
کۆچ و کۆچبەران و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، و رائید حەمید حسێن، سەرۆکی
دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا ئامادەی بوون.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆککۆمارە:
بەڕێز سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان
بەڕێزان خاوەن شکۆو پایەداران ..
خوشک و برایانی بەڕێز
ئەندامانی وەفدە بەشدارەکان
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
شانازی دەکەم بە ناوی کۆماری
عێراقەوە بەخێرهاتنی هەمووتان بکەم لەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە باڵایەدا، کە حکومەتی
عێراق سەرپەرشتی دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر
یەکێک لە هەستیارترین دۆسییە مرۆیی و ئەمنییەکان لە جیهانی ئەمڕۆماندا، ئەویش دۆسیەی
کەمپی هۆلە، هەروەها بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەوشی کەمپەکانی دەوروبەری و زیندانەکانی
باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، و گرنگی گواستنەوەی هەموو خێزان و دەستگیرکراوان لە کەمپ
و زیندانەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان، و کۆتاییهێنان بەم قۆناغە سەختە.
کار و هەماهەنگی بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان
بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و هاوبەشە پشتیوانەکانی ئەم کۆنفرانسە، جگە لە هەموو وڵاتە
بەشداربووەکان، کراوە بۆ تاوتوێکردنی هەڕەشەکانی بەردەوامی بوونی ئەم کەمپ و زیندانانە،
و ژینگەی کۆمەڵایەتی مەترسیدار لەناو ئەواندا.
بڕیاری کۆماری عێراق بۆ گرێدان
و سپۆنسەرکردنی ئەم کۆنفرانسە، بانگەوازێکی بەپەلەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ
چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەو کەمپانە، چونکە چیتر بابەتێکی هەرێمی نییە، بەڵکو کێشەیەکە
ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە.
کۆماری عێراق بڕیارێکی بوێری وەرگرت کە بریتی بوو لە دەستپێکردن بە گەڕاندنەوەی
هاووڵاتیانی لەناو ئەم کەمپانەدا، لە ڕێگەی پرۆسەیەکی تەواوکراو کە ڕەهەندی ئەمنی
و مرۆیی و یاسایی هەیە.
ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگی
لەگەڵ دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی عێراق جێبەجێ کرا، کە بەشدارییان کرد لە
گواستنەوەی گەڕاوەکان بۆ ناو عێراق، و نۆژەنکردنەوەیان، و دووبارە تێکەڵکردنەوەیان
لە ناوچەکانی خۆیاندا.
هەوڵەکان بەپێی پلانێکی نیشتمانیی هاوبەش بەردەوامن، و بە هاوکاری لەگەڵ
دامەزراوە حکومییە پەیوەندیدارەکان، و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی دابینکردنی
پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دڵنیابوون لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ گەڕاوەکان،
و دووبارە تێکەڵکردنەوەیان و جێگیربوونی کۆمەڵایەتییان لە ناوچەکانی خۆیاندا، لە ڕێگەی
چوار گرووپی تەکنیکیی پێکاهاتوو لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە حکومییەکان،
بە شێوەیەک کە ژیانێکی شکۆمەند و داهاتوویەکی پارێزراویان لەناو وڵاتەکەیاندا مسۆگەر
بکات.
خوشک و برایانی بەڕێز...
ئێمە ئەمڕۆ لەسەر لێواری قۆناغێکی نوێین کە پێویستی بە بەردەوامبوون لە کار
و بەرپرسیارێتی هاوبەش هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم قۆناغە و کاریگەرییەکانی.
ئەمڕۆ نزیکەی (10000) دە هەزار تیرۆریست سەر بە 60 وڵات لە کەمپی هۆلی سوریادا
هەن، زیاتر لە سی و چوار وڵات هاووڵاتیانی خۆیان لێ گواستووەتەوە، و تا ئێستا هاووڵاتیانی
وڵاتانی تر ماون کە لەو کەمپانە نەگواستراونەتەوە.
عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە گەورانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە،
هەزاران لە هاووڵاتیانی خۆی گەڕاندووەتەوە، و لە پێشەوەی وڵاتانی جیهان بووە لە گەڕاندنەوەی
هاووڵاتیانی خۆی بەم شێوەیە:
1. گەڕاندنەوەی (4.685) خێزان
بە ژمارەی (17.791) کەس لە کەمپی هۆل بۆ سەنتەری ئەمل.
2. گەڕاندنەوەی (3.116) خێزان
بە ژمارەی (11.438) کەس لە سەنتەری ئەمل بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان.
3. وەرگرتنی (3.206) لە دەستگیرکراوانی عێراقی کە لە زیندانەکانی قەسەد
بوون.
و لەم سەکۆیەوە، کۆماری عێراق
جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە شارەزاییەکی پێشکەوتووی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی
گەڕاوەکان لە کەمپی هۆل، لە ڕێگەی ئەزموونێکی پێشەنگەوە کە پڕۆگرامێکی تەواوکراوی
پاڵپشتی دەروونی، خوێندن، و دووبارە تێکەڵکردنەوەی لەخۆگرتبوو، لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی
ئەمنی کە دڵنیایی دەدەن لە جێگیربوونی کۆمەڵگە.
ئەم شارەزاییەی کە عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا کۆی کردووەتەوە، ئەمڕۆ دەیخەینە
بەردەم جیهان وەک مۆدێلێکی پراکتیکی، کە دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت و لەسەری بنیاد
بنرێت.
بەڕێزان..
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشداری کرد لە بنیادنانی هەڵوێستێکی یەکگرتووی پتەو بۆ
ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ڕێکخراوەکانی، و پاڵپشتییەکی زۆری پێشکەش بە وڵاتەکەم
کرد؛ کە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا خۆی بینییەوە، کە بەشداری کرد لە بەرەنگاربوونەوەی
ڕێکخراوی داعش بە شێوەیەکی سەربازی و ئەمنی، لەگەڵ هێزە ئەمنییە هاوبەشەکانی عێراق،
و قوربانییە گەورەکانی گەلی عێراق.
عێراق جەخت دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشە هەرێمی
و نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەشی داخستنی کەمپی هۆل، و پاراستنی نەوەکانی
داهاتوو لە مەترسی توندڕەوی و تیرۆر، و گۆڕینی ئەم دۆسیەیە لە کارەساتێکی مرۆییەوە
بۆ چیرۆکێکی سەرکەوتوو لە هاودەنگی نێودەوڵەتی و کاری هاوبەشدا.
لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانینمان
ئاراستەی هەموو وڵاتان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەکەین، و جەخت دەکەینەوە لەسەر
گرنگی بەردەوامبوونی پاڵپشتی بۆ تەواوکردنی ئەزموونە سەرکەوتووەکەی عێراق لە گەڕاندنەوەی
هاووڵاتیانی.
لە ڕێگەی دانیشتنەکانی ئەم
کۆنفرانسەوە چاوەڕێی پێداچوونەوە بە وردەکاری و ئەنجامەکان و دەرچوون بە ڕاسپاردە
دەکەین کە سەرکەوتنێک بێت بۆ بەها مرۆییە هاوبەشەکان کە پاڵپشتی بنیادنانی ئاشتی دەکەن
و ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەمان و جیهاندا بەدی دەهێنن.
سوپاس
سەرۆککۆمار چاویدەکەوێت بە سەرۆکی ئێران
سەرۆککۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ هەینی 26 ی ئەیلول
2025، چاویکەوت بە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی
هەشتاهەمین خولی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک.
لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان
هەردوو وڵاتی دۆست، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە گشتییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.
فەخامەتی سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی
پەیوەندییەکانی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات کردەوە، ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژوویی
و کۆمەڵایەتی و جوگرافییەکان کرد، کە گەلانی دۆستی هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆک لەتیف جەمال ڕەشید
ئاماژەی بە پێویستیی کارێکی جیدی و کاریگەری نێودەوڵەتی کرد، بۆ راگرتنی شەڕ و
ململانێکان، بەتایبەتی دەستدرێژییە زۆردارانەکەی سەر کەرتی غەززە و خێرا گەیاندنی
فریاگوزاری بە گەلی فەلەستین کە رووبەڕووی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بووەتەوە و بێڕەحمانە
ژنان و منداڵان دەگرێتەوە، هاوکات لەگەڵ راگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆ سەر
وڵاتانی ناوچەکە، کە کار بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.
لەلای خۆیەوە، سەرۆکی ئێران، مەسعوود پزیشکیان،
جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بنیاتنانی پەیوەندییەکی نزیکی هاوکاری لەگەڵ عیراق
لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە، دووپاتی کردەوە کە پشتیوانی لە پێشنیارەکانی سەرۆک لەتیف
جەمال ڕەشید دەکات، لەسەر پێویستیی راگرتنی شەڕ و ململانێکان لە ناوچەکە و دامەزراندنی
بناغەکانی سەقامگیریی هەرێمی.
دیدارەکە بەئامادەبوونی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک
وەزیر و وەزیری دەرەوە و قوباد تاڵەبانی جێگری
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و وەزیری تەندروستی د. ساڵح حەسناوی و سەرۆکی دەستەی
راوێژکاران و شارەزایان لەسەرۆکایەتی کۆمار د. علی شوکری و نوێنەری هەمیشەیی عیراق
لە نەتەوەیەکگرتووەکان باڵیۆز لوقمان فەیلی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی عیراق و ئێران
بەڕێوەچوو.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
بەریتانیا چەند بڕیارێک دژی پەنابەران دەردەکات
11:27 AM - 2025-11-17 -
پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە
10:32 AM - 2025-11-17 -
عیراق توانای بەرگری خۆی بەهێز دەكات
08:09 PM - 2025-11-16 -
هەزاران حەبی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
11:02 AM - 2025-11-16
ئەمانەش ببینە
كارهبای سلێمانی: بەشێکی زۆر لەخاوەن موەلیدەکان گرێبەستیان لەگەڵ کردوین
10:20 AM - 2025-11-17
150هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
09:15 AM - 2025-11-17
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە سەرۆككۆمار دەكات
07:54 PM - 2025-11-16
بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی 9ی هەرێم دەدرێت
07:22 PM - 2025-11-16
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە سەرۆككۆمار دەكات
عیراق 07:54 PM - 2025-11-16 -
بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی 9ی هەرێم دەدرێت
کوردستان 07:22 PM - 2025-11-16 -
قائیمقامی کۆیە: تهواوكردنی پڕۆژهكان لهسهر ئهركی ئیدارهی گشتی یهكێتی بهردهوامه
کوردستان 03:06 PM - 2025-11-16 -
وتەبێژی كۆمسیۆن بۆ PUKMEDIA: ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنین
کوردستان 11:47 AM - 2025-11-16 -
هەزاران حەبی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
عیراق 11:02 AM - 2025-11-16 -
مووچهخۆرانی ههرێم مهترسی دووبارهبوونهوهی سیناریۆكانی ساڵی رابردوویان ههیه
کوردستان 10:17 AM - 2025-11-16 -
سەرکەوتنی پەرلەمانی و ئەرکی نیشتیمانی
بیروڕا 10:15 AM - 2025-11-16 -
تیروپشکی 89 هەزار کەس بۆ فەریزەی حەج بەڕێوەدەچێت
کوردستان 10:05 AM - 2025-11-16







دابەزێنە

