riklam

ئه‌مڕۆ دواواده‌یه‌ بۆ ناو تۆماركردنی حزب و هاوپه‌یمانێتی و كاندیده‌كان

کوردستان 10:23 AM - 2024-06-24
پەرلەمانی کوردستان PUKMEDIA

پەرلەمانی کوردستان

هەڵبژاردن

هه‌تا ئه‌مڕۆ ٢٤-٦-٢٠٢٤ كه‌ دوا واده‌یه‌ بۆ ناو تۆماركردنی حزب و هاوپه‌یمانێتی و كاندیده‌ سه‌ربه‌خۆو كاندیدی پێكهاته‌كان، ٤ هاوپه‌یمانێتی و ٢٦ حزب و ١٠١ كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و ٢٦ كاندیدی پێكهاته‌كان ناویان بۆ به‌شداری كردن له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تۆمار كردوه‌.

 

هیچ بڕیارێك بۆ دووباره‌ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی ناو تۆماركردن نییه‌

 

جومانه‌ غه‌لای وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "ئه‌مڕ‌ۆ ٢٤-٦-٢٠٢٤ كۆتا واده‌ی ناوتۆماركردنی هاوپه‌یمانێتی و حزب و كاندیده‌كانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییه‌ بۆ دووباره‌ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌كه‌ی".


"له‌دوای درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی ناوتۆماركردن له‌پارێزگای سلێمانی، ٢ حزب و ٨ كاندیدی سه‌ربه‌خۆ بۆ ده‌نگدانی گشتی و ٥ كاندیدی توركمان و ١ كاندیدی مه‌سیحی ناویان تۆماركردوه‌و له‌ هه‌ولێریش، ٢ هاوپه‌یمانێتی و ١٣ حزب و ٩ كاندیدی توركمان و ٧ كاندیدی مه‌سیحی و ٩ كاندیدی گشتی خۆیان تۆماركردوه‌و هاوكات له‌پارێزگای دهۆكیش ٤ كاندیدی مه‌سیحی و ٤ كاندیدی گشتی و ١ حزب خۆیان تۆماركردووه‌"، جومانه‌ غه‌لای وای وت.


بۆ هه‌ڵبژاردن ٢٦ كاندیدی پێكهاته‌ ناویان تۆمار كردوه‌

 

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێش دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆتۆماركردن، ١٠ حزب و ٢ هاوپه‌یمانێتی و ٥٤ كاندید خۆیان تۆماركردبوو، كه‌ رێژه‌كه‌ له‌گه‌ڵ تۆماركراوه‌ نوێكاندا ده‌كاته‌ ٤ هاوپه‌یمانێتی و ٢٦ حزب و ١٠١ كاندیدی سه‌ربه‌خۆ و 26 كاندیدی پێكهاته‌كان.

 
وته‌بێژی كۆمسیۆن راشیگه‌یاند:"پێویسته‌ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ماوه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاراندا بێت، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ ٦-١-٢٠٢٥ كاره‌كانی كۆتایی پێدێت و پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان پێش كۆتایی ته‌مه‌نی كۆمسیۆن ئه‌نجامبدرێت و ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌".

 
"هه‌تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌كه‌ نییه‌و چاوه‌ڕوانی مه‌رسومی پێنجه‌می هه‌رێمین بۆ دیاریی كردنی واده‌یه‌كی نوێ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن" جومانه‌ غه‌لای وایوت.

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی بۆ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو درێژكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كۆمسیۆن ماوه‌ی مانگێك زیاتر چاوه‌ڕێی مه‌رسومی پێنجه‌می هه‌رێمییه‌ بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket