riklam

ئاوارەکانی سلێمانی دەگەڕێنەوە و لەهەولێر و دهۆک رێیان لێدەگیرێت

کوردستان 11:50 AM - 2024-06-15
کەمپی ئاوارەکان PUKMEDIA

کەمپی ئاوارەکان

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عیراق 30ـی تەمموزی ئەمساڵی دیاریکردووە بۆ داخستنى سەرجەم کەمپى ئاوارەکان، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانیش دەڵێت: "گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان لە كەمپەكانی پارێزگای هەولێر و دهۆک لە ئێستادا قورسە، چونكە رێگە بە كارمەندانی وەزارەتەكەمان نادرێت بچنە ئەو كەمپانە".

لە هەولێر و دهۆک رێگری دەکرێت

لە هەولێر و دهۆک رێگری لە کارمەندانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق دەکرێت کە بچنە ناو کەمپی ئاوارەکان.

ئیڤان فایەق جابرو، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاند: "ژمارەی ئەو خێزانە ئاوارانەی تاوەكو ئێستا نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان دەگاتە 28 هەزار خێزان و سەرجەمیان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستانن".

"كاركردن بەردەوامە بۆ داخستی كەمپەكانی پارێزگای سلێمانی بەتەواوەتی تاوەكو 30ی ئەم مانگە، ژمارەی ئەو ئاوارانەی لە كەمپەكانی ئەو پارێزگایەن دەگاتە 3 هەزار خێزان، بەڵام گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆك و هەولێر لە ئێستادا قورسە، چونكە رێگە بە كارمەندانی وەزارەتەكەمان نادرێت بچنە ئەو كەمپانە"، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق وادەڵێت.

21 کەمپی ئاوارە لە هەرێمن

لەهەرێمی کوردستان هەتا ئیستا نزیکەی 28 هەزار خێزانی ئاوارە لە 21 کەمپ ماونەتەوە، کە 16 کەمپیان لە دهۆکە و 5 کەمپیان لە پارێزگای هەولێر و کەمپێکیش لە سلێمانییە.

بەپێی بەدواداچوونێكی PUKMEDIA، لەگەڵ ئەوەی زۆربەی ئاوارەكانی عیراق لەكەمپەكانی هەولێرو دهۆك نیشتەجێن، لەئێستاشدا نزیكەی 21 كەمپ لەهەرێم، ئەمە جگە لەوەی كە ژمارەیەك ئاوارە لەكەمپەكان نین و لەشارەكانی هەولێرو دهۆك و سلێمانی نیشتەجێن، لەماوەی دوو ساڵی رابردووشدا نزیكەی 30% بۆ 40% ئاوارەكانی هەرێم گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

حکومەتی عیراق تێچووی گەڕانەوەی ئاوارەکان لەئەستۆدەگرێت

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق پلانێكی گشتگیری بۆ كۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەكان داڕشتووە و پێویستە تا کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ سەرجەم ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، وەک هاندانێک بۆ گەڕانەوەشیان، جگە لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و دابینکردنی تێچووی گەڕانەوەیان بڕی 4 ملیۆن دینار و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە بۆ هەر خێزانێک دابیندەکات، هەروەها هەر خێزانێکی ئاوارە لە دوای 30ی تەممووزەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، لە پێدانی هاوکارییەکان بێبەش دەبێت.

لەسەر ئاستەنگییەکان سکاڵا تۆمارکراوە

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لەسەر ئەو ئاستەنگی و رێگرییانەی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە هەولێر و دهۆک دروستکرابوون، لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لەسەر سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و وەزیری ناوخۆی ھەرێم تۆمارکردووە.

پێشتریش ئیڤان فایەق جابرو وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاندبوو: "لەسەر ئەو ئاستەنگ و رێگرییەی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان هانامان بۆ  دادگای فیدراڵی عیراق برد و سكاڵای یاساییمان لە سەر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان تۆماركرد، هەروەها سەرمان سوڕما لە بڕیارێكی حكومەتی هەرێم كە تێیدا هاتووە، وەزیری كۆچ و كۆچبەران بۆی نییە بێتە هەرێمی كوردستان".

"هاوکات حکومەتی هەرێم بە هۆکارێکی تر رێگە لەهاتنم بۆ هەرێم دەگرێت و بەمەرجێک رێگەم دەدات، دەبێت ئەو سكاڵایە لەدادگای فیدراڵی بكشێنمەوە، كە لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆكوەزیرانی هەرێم و وەزیری ناوخۆ تۆمارم کردووە". ئیڤان فایەق وادەڵێت.

کۆتا وادە دیاریکراوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا رۆژی 30-6-2024 دوا وادەبێت بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی پۆلی 12، دواوادە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ 30-7-2024 درێژکرایەوە، هەروەها بەپێی سکاڵاکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بێت کەلە دادگای فیدراڵی تۆماری کردووە، لەپارێزگاکانی هەولێر و دهۆک رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان هەیە.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket