riklam

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانی مەرسومی پێنجەم دەکات

کوردستان 06:15 PM - 2024-06-06
هەڵبژاردن PUKMEDIA

هەڵبژاردن

پەرلەمانی كوردستان هەڵبژاردن

جگە لەلایەنێکی کوردستانی سەرجەم لایەنەکانی دیکەی کوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان، ئەمەش لەکاتێکدایە کەبۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی هەرێم چوار جار مەرسومی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن دەرکردوەو چاوەرێی مەرسومی پێنجەم دەکرێت، ئەندامێکی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: "دواخستن تا ئاستی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، تەنها ترسی لایەنێکی سیاسییە".

 

دواخستنی هەڵبژاردن ترسی لایەنێکە

 

باڵامبۆ محەمەد ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "ترس لە هەڵبژاردن لای لایەنێکی کوردستانی و دژایەتی کردنی هەڵبژاردن تا رادەی نەکردنی وای کردووە کە چەندجارێک مەرسومی هەرێمی بۆ وادەی هەڵبژاردن دیاریبکرێت و ئەنجامنەدرێت، بەتایبەت لەئێستادا کە خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی مەرسومی هەرێمی پێنجەمن بۆ هەڵبژاردن".

 

"چوار جار دواخستنی هەڵبژاردن تەنها بە ویستی لایەنێک بووە، لە کاتێکدا یەکێتی و سەرجەم لایەنەکانی دیکە لەگەڵ هەڵبژاردندا بوون، ئەمەش ئەو ترسە نیشاندەدات کە لایەنێک لە هەڵبژاردن هەیەتی، بەتایبەت لەدوای کابینەی 9، ئەمە جگەلەوەی ئەو هەموو دواخستنی هەڵبژاردنە کە مافێکی دیموکراسی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، کاریگەری خراپی لەسەر ناوبانگی هەرێم لە رووی نێودەولەتییەوە دروستکردووە"، باڵامبۆ محەمەد وای وت.

 

دواخستنی هەڵبژاردن هەڵوێستی جدی دەوێت

 

پێویستە سەرجەم لایەنەکان هەڵوسیتی جدی لەبەرامبەر دواخستنی هەڵبژاردن وەربگرن و دڵنیابن لەوەی کاریگەری خراپی لەسەر قەوارەی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عیراق و نێودەوڵەتی دروستدەکات.

 

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "دواخستنی هەڵبژاردن لەژێر هەر پاساوێکدا بێت بیانوەو پێویستە سەرجەم لایەنەکان هەڵوێستی جدییان هەبێت لەو بارەوەیەو فشارەکانیان جدیتربێت بۆسەر ئەو لایەنەی کەبوەتە هۆکار بۆ دواخستنی هەڵبژاردن".

 

"چەندجارێک دواخستنی وادەی هەڵبژاردن جگەلەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوێستی سەرۆکی هەرێم، هاوکات کاریگەری خراپیش لەسەر قەوارەی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عیراق و نێودەوڵەتی دروستدەکات"، ئەبوبەکر هەڵەدنی وا دەڵێت.

 

ئەندامەکەی خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشکرد: "بەسەرچون و لەکارکەوتنی رووی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمان و حکومەت وای کردووە کێشە و گرفتەکان لەهەرێمی کوردستان زیاتر بن و هەرێمەکەشمان لاوازتر بێت".


کۆمسیۆن داوای وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دەکات

 

کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق چاوەڕوانی وادەیەکی نوێیە کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە دیاریبکرێت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هاوکات پێشنیاریش دەکات رۆژی 5-9-2024 بۆ ئەو وادەیە دیاریبکرێت.

 

لە نوسراوێكی رەسمیدا كە وێنەیەكی بۆ PUKMEDIA  نێردرابوو، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رۆژی 29ی ئایاری 2024 داوای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە مەرسومێکی نوێی هەرێمی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربکات، هاوکات لە نوسراوێکی دیکەدا کۆمسیۆن پێشنیازی کردووە رۆژی 5ـی ئەیلولی 2024 وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت.

پێویستە مەرسومی پێنجەم دەربکرێت

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشتر 4 جار مەرسومی هەرێمی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەركردووە و ئێستاش پێویست دەكات مەرسوومی پێنجەم دەربكات، كە بەپێی نوسراوێک كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق داوا دەکات رۆژی 5ـی 9ـی 2024 هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

 

پێشتر نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چوارجار مه‌رسومی هه‌رێمی بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ركردوه‌و له‌رۆژنامه‌ی وه‌قایعدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بریتین له‌....

1-مه‌رسومی رۆژی 24ی شوباتی 2022 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2022.

2-مه‌رسومی رۆژی 26ی مانگی ئازاری 2023، بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 18ی تشرینی دووه‌می 2024.

3- مه‌رسومی رۆژی 3ی مانگی ئابی 2023 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 25ی شوباتی 2024.

4- مه‌رسومی رۆژی 3ی ئازاری 2024 بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2024.

 

دوای چوار جار مه‌رسومی هه‌رێمی، هێشتا رێگرییه‌كان له‌لایه‌ن حزبێكه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وامیی هه‌یه‌و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقیش چاوه‌ڕێی مه‌رسومی پێنجه‌مه‌.

 

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket