riklam

قوباد تاڵەبانی: دژە تیرۆر، هێزێکی تۆکمە و بە ئەزمونە

کوردستان 02:38 PM - 2024-05-23
سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆلای هێزەکانی دژە تیرۆر PUKMEDIA

سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆلای هێزەکانی دژە تیرۆر

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، رۆژی پێنج شەممە ( ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٤) لە سلێمانی سەردانی فەرماندەیی هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستانی کرد و لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی دژە تیرۆرەوە پێشوازی لێکرا.

 

لە کۆبوونەوەیەکدا کە فەرماندەکانی دژە تیرۆر و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان هێزەکە ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی هێزەکانی دژە تیرۆری کرد لەپای ماندووبوون و قوربانیدانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان.

 

دژە تیرۆر هێزی رۆژە سەختەکانە

 

وتیشی: "رەنگە بەهۆی نهێنی بوونی زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆرە رای گشتی کەمتر ئاگاداری ئۆپەراسیۆن و گیانبازی و قارەمانێتی ئەندامانی دژەتیرۆر بێت، بەڵام لە سەرووی هەموومانەوە سەرۆک بافڵ، سەرۆکی یەکێتی و بەندە و هێزەکانی هاوپەیمانانیش ئاگاداری وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکانین، دەزانین کە دژە تیرۆر هێزی رۆژە سەختەکانە و نەک هەر بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەش پێویستن". 

 

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، جێگری سەرۆک وەزیران، جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونیان لە راهێنان و خۆبەهێزترکردن و داوایکرد بە هیچ جۆرێک رێگە نەدەن جەنگی دەرونی و بانگەشەی نەیارەکان کاریگەری لەسەر ئیرادەی ئەم هێزە هەبێت. وتیشی: دڵنیابن هیچ جەنگێکی دەرونی و تۆمەت و ناوزڕاندنێکی نەیاران، ناتوانێت پێگە و رێز و خۆشەویستی هێزەکانی دژەتیرۆر لەناو خەڵکدا خەوشداربکات.

 

قوباد تاڵەبانی: دژەتیرۆر خۆی لەگەڵ هەڕەشە نوێیەکان بگونجێنێت

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە لە ناوچەیەکی نا ئارام و ناسەقامگیرداین و بەردەوام جۆری هەڕەشە و مەترسییەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەربۆیە پێویستە هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و بە تایبەتیش هێزی دژەتیرۆر بە بەردەوامی خۆی لەگەڵ هەڕەشە نوێیەکان بگونجێنێت، وتیشی؛ دژە تیرۆر ئەو هێزە تۆکمە و بە ئەزمونەیە کە لە قۆناغی جیاوازدا سەلماندوویەتی خۆی لەگەڵ بارودۆخی نوێ و هەڕەشە و مەترسی نوێدا بگونجێنێت. 

 

راشیگەیاند، هاوپەیمانان و دۆستانمان سەرسامن بە توانای هێزەکانی دژەتیرۆر، هەربۆیە خواستێکی زۆریان هەیە بۆ ئۆپەراسیۆن و کاری هاوبەش لەگەڵ دژەتیرۆردا و ئەمەش شانازییەکی گەورەیە بۆ ئەم هێزە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی وێڕای ستایشی تایبەتی وەهاب هەڵەبجەیی و کۆی هێزەکە بەگشتی، پشتگیری تەواوی خۆی و سەرۆکی یەکێتی بۆ هێزەکانی دژە تیرۆر دەربڕی و داوای لە فەرماندەکانی ئەو هێزە کرد، لەپێناو باشتر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییە جۆراوجۆرەکان، ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی کوردستان و عێراق بەرزتر بکەنەوە.

 

 قوباد تاڵەبانی دوو براندی جیهانی لەسلێمانی بەسەرکردەوە

 

پێشتریش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بە یاوەری مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرەکانی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ ٢٣ی ئایار، هەردوو براندی جیهانی ئاشلی و بەرگەرکینگی بەسەرکردەوە.

 

جێگری سەرۆک وەزیران، خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی ئەم دوو براندە جیهانییە لە سلێمانی دەربڕی و رایگەیاند: "جگە لەوەی کە هەردوو براندەکە ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کاریان رەخساندووە و هۆکارێکن بۆ برهێزکردنی ژێرخانی ئابوری و کەرتی تایبەت، رێگەخۆشکەریش دەبن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆمپانیا و براندە جیهانییەکانی دیکەش روو بکەنە سلێمانی و ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر باشتربوونی دۆخی ئابوری شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان بە گشتی".

 

مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکاش لە وتەیەکدا سوپاسی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد بۆ پشتگیریکردنی کردنەوەی براندی ئاشلی لە سلێمانی و رایگەیاند: "کردنەوەی ئەم براندە لە سلێمانی لە چوارچێوەی بایەخپێدانی ئەمریکادایە بۆ هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەمریکا و هەرێم بەهێزتر دەکات".

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket