riklam

لێپرسراوی ناوه‌ندی یاسایی یه‌كێتی: نیه‌تی پارتی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌

کوردستان 09:39 AM - 2024-05-09
دەنگدان PUKMEDIA

دەنگدان

هەڵبژاردن

جگه‌ له‌پارتی دیموكراتی كوردستان، ناوی 20 حزب و هاوپه‌یمانێتی و (57) كاندیدی سه‌ربه‌خۆ له‌كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق تۆماركراوه‌و ئاماده‌كارییان كردووه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ له‌واده‌ی خۆیدا، لێپرسراوی ناوه‌ندی یاسایی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت:" نیه‌تی پارتی راگرتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌و ترسی له‌هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ناوی كاندیده‌كانی پێشكه‌ش به‌كۆمسیۆن نه‌كردووە".

بڕ‌یار بوو، رۆژی 10-5 بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێبكات، به‌ڵام مه‌سرور بارزانی رۆژی 6-5 سكاڵایه‌كی له‌ دادگای فیدراڵی تۆماركرد، له‌كاتێكدا دوای 4 رۆژ له‌سكاڵاكه‌ی بانگه‌شه‌ ده‌ستیپێده‌كرد، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتی ده‌ڵێت:"نابێت له‌ رووی یاساییه‌وه‌ له‌و كاته‌دا سكاڵا وه‌ربگیرێت و وه‌رگرتنی سكاڵاكه‌ له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی سیاسییه‌، یاسایی نییه‌".

رۆژی 14ی ئاداری 2024 دوا واده‌ی كۆمسیۆن بوو، تاوه‌كو هێزو لایه‌نه‌كان بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ناویان تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام پارتی ناوی لیست و كاندیده‌كانی پێشكه‌ش نه‌كردو له‌كۆمسیۆن تۆمار نییه‌ تا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات.

ناكرێت حزبێك كه‌ بوێر نییه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخات

 

ته‌لار له‌تیف لێپرسراوی ناوه‌ندی كاروباری یاسایی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌  PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كه‌ ناوی كاندیده‌كانی پێشكه‌ش به‌ كۆمسیۆن نه‌كرد، نییه‌تی پارتی دواخستن و په‌كخستنی هه‌ڵبژاردن بوو، نه‌ك تانه‌دان له‌هیچ مادده‌یه‌ك، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌و سكاڵایه‌ مه‌به‌ستیان په‌كخستنی هه‌ڵبژاردن نه‌بوایه‌ ده‌یانتوانی تانه‌ له‌بڕ‌یارو رێنماییه‌كانی كۆمسیۆن له‌به‌رده‌م ده‌سته‌ی ته‌میزی كۆمسیۆن بده‌ن".

" ناكرێت حزبێكی سیاسی كه‌ بوێری به‌شداریكردنی له‌هه‌ڵبژاردندا نییه‌، به‌ بیانووی جۆراوجۆر هه‌وڵی دواخستن و په‌كخستنی پرۆسه‌كه‌ بدات، له‌كاتێكدا تا دوێنێ ئه‌و حزبه‌، بڕ‌وای به‌بڕ‌یاره‌كانی ئه‌و دادگایه‌ نه‌بووه‌ كه‌ سكاڵاكه‌ی لێ تۆماركردووه‌" ته‌لار له‌تیف وایوت.

 

یه‌كێتی سكاڵاو تانه‌ی هه‌یه‌

 

لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ناوه‌ندی كاروباری یاسایی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌مڕۆ 8-5 له‌ ده‌سته‌ی دادوه‌ری كۆمسیۆن تانه‌ی له‌ بڕ‌یاره‌كه‌ی كۆمسیاران بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌ هونه‌ریی و داراییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان داو راشیده‌گه‌یه‌نن: "ئه‌و بڕ‌یاره‌ به‌ سیاسیی دراوه‌، نه‌ك به‌ یاسایی"، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ رۆژی 7-5یش شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی و سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر له‌ دژی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی داوایه‌كی پێشكه‌ش به‌ دادگای فیدراڵی كرد.

له‌مادده‌ی (23) له‌په‌یڕ‌ه‌ی ناوخۆی دادگای باڵای فیدراڵی ژماره‌ (1)ی ساڵی (2022) هاتووه‌:"پێش كه‌متر له‌شه‌ش مانگ له‌و واده‌یه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دیاریكراوه‌ له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدراڵییه‌وه‌ هیچ جۆره‌ تانه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ناده‌ستووری بوونی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌قه‌كانی نێو یاساكه‌ وه‌رناگیرێت".

"رزگار حاجی حه‌مه‌د لێپرسراوی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانی یه‌كێتی بۆ PUKMEDIA وتی:" بڕ‌یاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی له‌كاتێكدابوو كه‌ به‌پێی ده‌ستوور نابێت هیچ سكاڵاو تانه‌یه‌ك له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بدرێت، له‌كاتێكدا كه‌ ٦ مانگ به‌سه‌ر بڕ‌یاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردندا تێپه‌ڕ‌یوه‌ و سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانیش له‌كاتێكدابووه‌، كه‌ چه‌ند رۆژێكی كه‌می ماوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، له‌كاتێكدا به‌پێی یاسا پێش كه‌متر له‌شه‌ش مانگ هیچ جۆره‌ تانه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ناده‌ستووری بوونی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌قه‌كانی نێو یاساكه‌ وه‌رناگیرێت".


"تانه‌كه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاڕ‌استه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ری كۆمسیۆن كراوه‌و تێیدا تیشكی خراوه‌ته‌سه‌ر فه‌رمانه‌ وه‌لائییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵی، كه‌ له‌بڕ‌یاره‌كه‌ی كۆمسیاراندا وردتر بڕ‌یاری له‌و فه‌رمانه‌ دراوه‌و به‌شێك له‌كاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵپه‌ساردوه‌، یه‌كێتیش هه‌موو رێكارێكی یاسایی ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن دوانه‌خرێت و له‌و واده‌یه‌دا ئه‌نجامبدرێت، كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌رسومی بۆ ده‌ركردووه‌".


یه‌كێتی رێگری له‌دواخستنی هه‌ڵبژاردن ده‌كات

 

بۆ رێگریكردن له‌ هه‌وڵه‌كانی پارتی سه‌باره‌ت به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، یه‌كێتی له‌دژی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن، داوایه‌ك ئاڕ‌استه‌ی دادگای فیدڕ‌اڵی ده‌كات.

دوای ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی ماوه‌به‌سه‌رچووی هه‌رێم به‌مه‌به‌ستی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌دادگای فدراڵی سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆمار كرد، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی له‌هه‌ولێر، داوایه‌كی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی دادگای باڵای فیداڵی كرد"، كه‌له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمسیۆن و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژادنه‌ له‌ واده‌ی خۆیدا.

له‌ داواكه‌ی شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ-دا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ PUKMEDIA نێردراوه‌ هاتووه‌:"كاتی تۆماركردنی سكاڵاكه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌قی مادده‌ی (23)ی په‌یڕ‌وی ناوخۆی دادگایه‌، چونکە دوای تێپه‌ڕ‌بوونی شه‌ش مانگ له‌دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن، ناتوانرێت تانه‌ له‌ هیچ یاسایه‌كی هه‌ڵبژاردن یان ده‌قێكی هه‌ڵبژاردن بدرێت، داواكه‌ی بارزانیش له‌ كاتێكدایه‌ ته‌نها یه‌ك مانگ ماوه‌ بۆ رۆژی هه‌ڵبژاردن كه‌ به‌ مه‌رسومێكی هه‌رێمی دیاریكراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش رێكاره‌كاره‌كانی كۆمسیۆن و په‌یڕ‌ه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن پشتیان به‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كارپێكراوی هه‌رێمی كوردستان و بڕ‌یاری دادگای فیدراڵی ژماره‌ 83 و هاوتاكانی له‌ 131 و 185/ فیدراڵی/ 2023 به‌ستووه‌".

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket