riklam

یەکێتی کەینوبەینی ژێربەژێری دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە

کوردستان 02:36 PM - 2024-05-02
 پەرلەمانی کوردستان و لۆگۆی یەکێتی PUKMEDIA

پەرلەمانی کوردستان و لۆگۆی یەکێتی

هەڵبژاردن پەرلەمانی كوردستان یەکێتی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دژی دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌و ده‌رگای گفتوگۆی به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌دا دواخستوه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردن دوابخات و پێداگره‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.

 

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كۆبوه‌وه‌و له‌پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد:"ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پاشقولگرتن له‌ ئیستیحقاقی دیموكراسی ده‌زانین و هیچ پاساوێك نییه‌ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵكو ئه‌و هه‌وڵانه‌ ته‌نیا ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ خۆیان له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌دزنه‌وه‌و به‌دوای ده‌رچه‌یه‌كی ناڕ‌ه‌وادا ده‌گه‌ڕ‌ێن كه‌ زۆرینه‌یه‌كی زۆره‌ملێ و پێشوه‌ختی مسۆگه‌ركراویان بۆ دابینبكاته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ رایده‌گه‌یه‌نین هه‌رگیز به‌شێك نابین له‌كه‌ینوبه‌ینی ژێربه‌ژێرو پێشوه‌خت و هه‌موو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی دواخستنی هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌".

 

یەکێتی پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن

 

ستران عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌لێدوانێكیدا بۆ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات:"پارتی بە ئاشکرا لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندایە، بەڵام ئێمە و لایەنەکانی دیکە رازی نین و پێداگری دەکەین کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

 

"ئه‌گه‌ر دیموكراسی له‌هه‌رێم به‌ شه‌رتی چه‌قۆ بێت، ئه‌مه‌ش واتا شیردا بۆ داپیردایه‌و هه‌ڵبژاردن بنمیچی كراوه‌ی هه‌یه‌، پێموایه‌ بابه‌ته‌كه‌ هه‌ر دواخستن نییه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ بۆ پارتی بۆته‌ چه‌مانه‌وه‌ی قۆڵی پرۆسه‌ی دیموكراسیی له‌ هه‌موو كوردستان، به‌ڵكو دوای ئه‌وه‌ش مه‌رجی ته‌عجیزییان نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌خاڵی سفری نه‌كردنی هه‌ڵبژاردن،"ستران عه‌بدوڵڵا واده‌ڵێت.

 

مەترسییە بۆسەر قەوارەی هەرێم

 

دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت و بیانوویەکە بۆ گەڕانەوە بۆ حوکمی مەرکەزیی.

 

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ سالار مه‌حمود ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ PUKMEDIA ده‌ڵێت:"په‌رله‌مانی كوردستان دایكی چه‌سپاندنی فیدراڵیه‌و دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بیانوو ده‌داته‌ ده‌ست نه‌یارانی فیدراڵی و گه‌ڕ‌انه‌وه‌ بۆ حوكمی مه‌ركه‌زیی".


"له‌ئاستی به‌رفراواندا پلان دژی هه‌رێم هه‌یه‌، به‌دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش مه‌ترسییه‌كه‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان زیاتر ده‌بێت" سالار مەحمود وایوت.

 

یەکێتی پەنا دەباتە بەر یاسا

 هەڵوێستی یەکێتی جێگیرە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و ئەو لایەنانەی کە هەوڵ بۆ دواخستنی دەدەن بەرپرسن لە لاوازبونی قەوارەی هەرێم و یەکێتی دورە لەهەموو ئەو هەوڵانە و پەنا دەباتە بەر یاسا.

 

زیاد جه‌بار ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌ وێبسایتی ره‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی رایگه‌یاند:" له‌كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی مه‌كته‌بی سیاسیدا ته‌ئكید له‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتی له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌و واده‌یه‌ی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم دیاریكردووه‌ كرایه‌وه‌، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌بۆشایی یاساداناندایه‌ و حكومه‌تیش كاربه‌ڕ‌ێكه‌ره‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات دامه‌زراوه‌كانی كارابكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت".

 

"هه‌ر لایه‌نێك هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردن بدات، به‌رپرسیارییه‌تی لاوازبوونی قه‌واره‌ی هه‌رێمی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، هاوكات یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌شداری هیچ هه‌وڵ و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ناكات، كه‌ ئامانج لێی دواخستنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن بێت، ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن به‌ نایاسایی هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كێتی په‌نا ده‌باته‌ به‌ر یاسا له‌هه‌رێمی كوردستان و عیراق"، زیاد جه‌بار وایوت.

 

یەکێتی پابەندە بە بنەما دیموکراسییەکان

هەموو ئامادەکاریی و رێوشوێنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن گیراوەتە بەر و لایەنە سیاسییەکانیش جگە لە پارتی ئامادەن، یەکێتی هەوڵدەدات ئەو دەرفەتە لە دەستی هەرێم و خەڵکەکەی نەچێت.

 

رێواز فایه‌ق ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی رایگه‌یاند:"ئێمه‌ پێمانوایه‌، هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی به‌ڕ‌‌ێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی ته‌ندروست له‌هه‌رێم ئاماده‌یه‌، كۆمسیۆن و یاسا هه‌یه‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان ئاماده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن جگه‌ له‌پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ڵام  ئێمه‌ پابه‌ندین به‌و بنه‌ما دیموكراسییانه‌ی كه‌ ماف ده‌دات به‌خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكات".

 

"وه‌ك یه‌كێتی پێمانوایه‌ قۆناغه‌كه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ كۆتایی و هیوادارین هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا بكرێت و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ستی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌رنه‌چێت، چونكه‌ یه‌كێك له‌هۆكاره‌ بنه‌ڕ‌‌ه‌تییه‌كانی لاوازبوونی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان نه‌كردنی هه‌ڵبژاردن و نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی و راسته‌قینه‌یه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان"، رێواز فایه‌ق واده‌ڵێت.

 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێناو پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێم کەبەدرێژایی مێژوو هەوڵی بۆ داوە و لەپێناو درێژە نەدان بەو دۆخە ناسەقامگیرییە ئابورییەی کە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە لە وادەی خۆیدا کە سەرۆکی هەرێم مەرسومی بۆ دەرکردووە و بڕیارە لە 10ی 6ی 2024 ئەنجام بدرێت، لەو چوارچێوەیەشدا هەموو گفتوگۆ و هەوڵێک بۆ دواخستنی ئەو پرۆسە دیموکراسییە رەتدەکاتەوەو بەپێی پەیامەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و  راگەیەندراوی رەسمی مەكتەبی سیاسیی، "یەكێتی تەئکید لەسەر هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکاتەوە نایەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت".

 

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket