riklam

هێرشه‌كه‌ی فڕ‌ۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت، عیراق به‌ره‌و سكاڵای یاسایی ده‌جوڵێنێت

کوردستان 05:42 PM - 2023-09-23
فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت PUKMEDIA

فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت

یەکێتی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق

سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عیراق گفتوگۆیان له‌باره‌ی چۆنێتی میكانیزمی پێشكه‌شكردنی سكاڵای یاسایی سه‌باره‌ت به‌ هێرشی بۆردومانی ناڕ‌ه‌وا بۆسه‌ر فڕ‌ۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت كرد، كه‌ تێیدا چه‌ند ئه‌ندامێكی دژه‌تیرۆر شه‌هید بوون، راوێژكارێكی یاسایی-ش ده‌ڵێت: "حكومه‌تی عیراق له‌رێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ ده‌توانێت سكاڵای یاسایی له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تۆمار بكات له‌ دژی هه‌ر وڵاتێك كه‌ سه‌روه‌ری خاك و ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی ده‌به‌زێنێت، به‌تایبه‌ت هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕ‌ۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی له‌ عه‌ربه‌ت كه‌ ژماره‌یه‌ك شه‌هید و برینداری لێكه‌وته‌وه‌".

 

وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌و به‌رگری و داد مافی سكاڵایان هه‌یه‌

 

د.چیا زه‌نگه‌نه‌ راوێژكاری یاسایی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزێكی سیاسییه‌ له‌كوردستان و هه‌رێمی كوردستانیش، كه‌ به‌شێكی ده‌ستووری و فیدراڵی سه‌ر به‌عیراقه‌، هه‌ر پێشێلكارییه‌ك بكرێته‌ سه‌ری، یه‌كێتی ده‌توانێت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و عیراق له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سكاڵا تۆمار بكات، له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ی پێشێلكارییه‌كه‌ی كردووه‌ ".

 

"هه‌رسێ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌و به‌رگری و دادی عیراق مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ڕ‌ێی حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ دژی ئه‌و سنووربه‌زاندن و پێشێلكاریانه‌ی كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر خاكی عیراق و هه‌رێم، سكاڵای یاسایی له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ تۆمار بكه‌ن كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی به‌زاندنی سه‌روه‌ری خاك و ئاسمانی، كه‌ نوێترینیان هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕ‌ۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌ت بوو كه‌ ژماره‌یه‌ك شه‌هید و برینداری لێكه‌وته‌وه‌"، د. چیا زه‌نگه‌نه‌ وای وت.

 

راوێژكاره‌ یاساییه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: "له‌هه‌مان كاتدا، كه‌سوكاری ئه‌و قوربانیانه‌شی كه‌ له‌هێرشی ئه‌و وڵاتانه‌دا شه‌هید و بریندار و زه‌ره‌رمه‌ندبوون، مافی خۆیانه‌ شانبه‌شانی لایه‌نه‌كان، له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان سكاڵا دژی ئه‌و وڵاته‌ی هیرشه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ تۆمار بكه‌ن".


پرسی سكاڵا له‌دژی هێرشبه‌رانی سه‌ر هه‌رێم تاوتوێ ده‌كرێت

له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان چاویكه‌وت به‌ فایه‌ق زێدان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی له‌عیراق و پرسی سكاڵایان له‌دژی هێرشبه‌رانی سه‌ر هه‌رێم تاوتوێ كرد.

 

پێگه‌ی ره‌سمی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عیراق بڵاویكرده‌وه‌، له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی چۆنێتی میكانیزمی پێشكه‌شكردنی سكاڵای یاسایی كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ هێرشی بۆردومانی ناڕ‌ه‌وا بۆسه‌ر فڕ‌ۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت، كه‌ تێیدا چه‌ند ئه‌ندامێكی دژه‌تیرۆر شه‌هید بوون.

 

دژه‌تیرۆر: تاوانه‌كه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت بێ سزا تێناپه‌ڕێت

رۆژانه‌ هێرشه‌كانی توركیا بۆسه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌شێكه‌ له‌ عیراق به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و له‌نوێترین هێرشیشیدا ئێواره‌ی رۆژی ١٨-٩-٢٠٢٣ له‌ڕ‌ێگه‌ی درۆنه‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌ت و له‌ئه‌نجامدا سێ پێشمه‌رگه‌ی دژه‌تیرۆر شه‌هیدبوون و سێ پێشمه‌رگه‌ی دیكه‌ش بریندار بوون.

 

به‌ڕ‌ێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دژه‌تیرۆری كوردستان_CTG یش له‌باره‌ی شه‌هیدبوونی سێ پێشمه‌رگه‌یان له‌و هێرشه‌دا له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌كرد:" ئه‌و تاوانه‌ به‌چاوساغی نۆكه‌رانی بێگانه‌و سیخوڕ‌انی ناوخۆیی ئه‌نجام دراوه‌و بێ سزا تێناپه‌ڕ‌ێت و هه‌ر لایه‌ن و جاسوسێك هاوكاربووبێت، رووبه‌ڕ‌ووی سزاو یاساو ویژدانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانی ده‌كه‌ینه‌وه‌و تۆڵه‌ی شه‌هیده‌كانمان له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌یه‌ و ناهێڵین خوێنی گه‌شیان به‌هه‌ده‌ر بڕ‌وات".


هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵی عه‌ربه‌ت جاری یه‌كه‌م نییه‌، كه‌ حكومه‌تی توركیا به‌ بیانوی جیاجیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و خاك و ئاسمانی ده‌به‌زێنێت، به‌هۆی ئه‌و پێشێلكاریانه‌شه‌وه‌ ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتی سڤیل شه‌هیدو بریندار ده‌بن و ژماره‌یه‌كی زۆر گوندیش دانیشتوانه‌كه‌ی به‌هۆی سنووری جوگرافییان كه‌ نزیكن له‌ توركیاوه‌ له‌ترسی بۆردومانی ئه‌و وڵاته‌ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتوه‌و به‌ره‌وه‌ شاره‌كان هه‌ڵهاتوون.


PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket