riklam

فەهمی بورهان: بەقەزاكردنی جەلەولا نادەستوورییەو رەتی دەكەینەوە

کوردستان 01:39 PM - 2026-02-26
كۆنگرەی رۆژنامەوانی سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم PUKMEDIA

كۆنگرەی رۆژنامەوانی سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

كوردستان

دەستەی ناوچە كوردستانییەكان و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەكانی خانەقین بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دوایین پێشهاتەكان و ئەو كێشانەی رووبەڕووی ناوچەكە بوونەتەوە لەهەولێر كۆبوونەوەو سەرۆكی دەستەكەش رایگەیاند: بەقەزاكردنی جەلەولا (گوڵاڵە) هەوڵێكی نادەستوورییەو پێچەوانەی ماددەی 140 ە، بۆیە رەتی دەكەینەوەو خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێم خانەقین بەتەنها بەجێناهێڵن.

فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دوای كۆبوونەوەكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ 26ی 2ی 2026، بەئامادەبوونی نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی خانەقین لەئەنجومەنی نوێنەران، كۆبوونەوەیەكی نیشتمانی و كوردانەمان بەوتارێكی نیشتمانییەوە لەبارەی ئەو كێشە نایاسایی و نادەستووریانەوە ئەنجامدا كە لەخانەقین سەریانهەڵداوە كەبریتن لە، بەقەزاكردنی جەلەولا (گوڵاڵە) و پێشتریش ناحیەكان قەرەتەپەو سەعدییە.

راشیگەیاند: پێمانوایە ئەوەی روویداوە درێژكردنەوەی ئەو سیاسەتەیە كەپێشتر لەسەرەتای ساڵانی 70 كانەوە، ناوچەكانی كفری و چەمچەماڵ و كەلارو سەلاحەدین و مەخموریان لەسەر پارێزگاكانی خۆیان پێلاداوە.

وتیشی: ئەمە هەوڵێكی نادەستوورییەو پێچەوانەی بنەمای یەكەمی ماددەی 140 ە، بۆیە رەتی دەكەینەوەو لەكۆبوونەوەكەشدا رامانگەیاندووە كە خانەقین بەتەنها نییەو خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێم پشتیوان و هاوكاریانەو بەئەركی خۆمانی دەزانین لەپاڵ ئەركە دەستوریی و یاساییەكانماندا ئەو ئەركە ئەخەلاقییەش بەجێبهێنین، بۆیە بڕیارماندا بەنووسراوێكی هاوبەشەوە لەكۆبوونەوەكە بێینە دەرەوە.


سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم جەختیشی كردەوە: حكومەتی هەرێم بەبایەخەوە گرنگی بەم پڕۆسەیە دەدات و نیگەرانی قوڵمان هەیە،  بۆیە سوپاسی مانگرتنی مەدەنی و دەستووریی خەڵكی خانەقین دەكەین، كە دوێنێ بەشەقامی عیراقیان راگەیاند، قبوڵی ناكەین لەمە زیاتر غەدر لە خەڵكی خانەقین بكرێت.

پێشتریش فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاندبوو، گۆڕینی ناونیشانی ئیداری گوڵاڵە لەناحیەوە  بۆ قەزا، بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق، لەلایەن بەغدادەوە، هەوڵێكی ترە بۆ گۆڕانكاری لەدیموگرافیای بەشێكی دیكەی ناوچە كوردستانییەكان و پێچەوانەی بێ چەندوچوونی بنەما گشتییەكانی مادەی 140 ی دەستوری هەمیشەیی عیراقە، ئەم هەنگاوە تاك لایەنانە لەو ناوچانە، ئاماژەیەكی روونە كە نیشانی دەدات نیەتی جدییان نییە پابەندی دەستور و لێك تێگەیشتنی هاوبەشبن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket