riklam

كوردستانەكەم خۆشدەوێت وەكوو دایكم

بیروڕا 10:58 AM - 2026-02-22
عیماد ئەحمەد PUKMEDIA

عیماد ئەحمەد

بیروڕا

كوردستان بۆ من تەنیا ناوێكی جوگرافی نییە؛ كوردستان دایكە، دایكێك كە بە ئامێزی گەورەی شاخەكان و بە نیعمەتی ئاوی سازگاریی كانییەكان و سەروەریی هەواكەی، منداڵەكانی پەروەردە كردووە. لە باوەشی ئەو شاخانەدا فێری بەرگریی بووین، لە هاژەی رووبارەكاندا فێری ئازادی و لە هەناسەی هەوا پاكەكەیدا فێری ئارامی بووین.

من شەیدای قاسپەقاسپی كەوم
تینوی ئاوی سازگاری كانیم و
مەستی هەوای پاكی كوردستانم.

ئەو خاكە بۆ من ناسنامەیە، مێژووە، رەگ و ریشەیە. شانازیی بە كورد وەك نەتەوە و بە كوردستان وەك وڵات دەكەم؛ بەڵام رقم لە هیچ نەتەوەیەكی دیكە نییە و چاوچنۆك نیم بەرامبەر هیچ خاكێكی دیكە. خۆشەویستی نیشتمان بە مانای پاراستن و رێزگرتن لە ناسنامەی خۆمانە. كورد لە ناوچەكەدا گەلێكی دێرینە، لە سەردەمی مادەكانەوە ناوی لە لاپەڕەكانی مێژوودا هاتووە. لە باوشی شاخەكان ژیاوە و بەرگەی پەلاماری دوژمنانی گرتووە و هەر لە شوێنی خۆی ماوەتەوە.

ئەشكەوتە كۆنەكان و شارە مێژووییەكان، وەك: شانەدەر، هەزارمێرد، بەرچەم، كانی میكائیل، حەسەنكێف ؛ ئەربیل، ئامەد، حەسەكە و كرمانشان، دەرخەری مێژووییەكی قووڵن؛ مێژوویەك كە دەڵێت ئەم خاكە، پیرۆزترین خانەی سەرەتایی ئێمە بووە.

بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە كورد لە ناوچەیەكی شاخاویدا ژیاوە؛ وەك داری بەڕوو، رەگ و ریشەی لەم خاكەدا داكوتاوە و بەرگەی رەشەبا و مەینەتیی ژیانی گرتووە.

مێژوومان پڕە لە كارەسات و مەینەتی. لە ئەنفال و كیمیاویبارانەوە هەتا كاولكاریی دێهات و دەركردنی خەڵك لە شوێنی باووباپیرانیان؛ بەڵام ئەمڕۆ جیهان بچووك بۆتەوە و سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت ناهێڵن زوڵم وەك رابردوو بشاردرێتەوە. ئەمە هیوایەكە بۆ دادپەروەری و دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان.

لەم رۆژانەدا، بۆ پشتیوانی لە رۆژئاڤا، منداڵێكی پێنج ساڵەم بینی كە ئاڵای كوردستانی لەسەر شان بوو، وەكوو تاوس ئەلەنگی، ئەوە تەنیا پارچە قوماشێك نەبوو لەسەر شانی، بەڵكو نیشانەی متمانەیە بە ئایندە. وەك باوكێك، كاتێك ئاڵاكە لە سەرشانی دەبینم، لەلایەك وەك قەقنەس بەرەو رۆژ هەڵدەستم و پڕ ئومێد دەبم؛ لە لایەكی دیكەوە ئەستەمە رابردوو دووبارە ببێتەوە!

كوردستانەكەم…
مەست و حەیرانی جوانییەكانتم
تینوی ئاوی كانییەكانتم،
تۆی سۆمای هەردوو چاوم و 
شەیدای ئاو و هەواتم،
موریدی موریدەكەی 
شاری شارانی سلێمانیتم.
جارێكی دیكە دەڵێم:
كوردستانەكەم…
خۆشمدەوێیت وەكوو دایكم.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket