كورد و پێشهاتەكانی داهاتوو..!
بیروڕا 11:14 AM - 2026-02-11
د.عهدالهت عهبدوڵڵا
د.عهدالهت عهبدوڵڵا
لەگەڵ رووداوەكانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە سوریا، هاوكات لەسەروبەندی كۆمەڵێك پەرەسەندنی پێشتر و دواتری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، پێش ماوەیەك لەگەڵ چەند توێژەرێكی تر و لە پانێڵێكی زانستیدا، لەسەر داوای زانكۆی راپەڕین، ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاوتوێكران.
لە پەیپەرێكدا، بە مەبەست، ناونیشانێكمان هەڵبژارد كە ئاماژەی روونی تێدا بێت بۆ هاتنی قۆناغێكی مەترسیدار، كە بەداخەوە كوردیش، لەناوچەكەدا، رووبەڕووی ببێتەوە. بڕگەی سەرەكیمان ناونا «كورد لە جیهانێكی ترسناكدا..!»، بەوپێیەی ئاماژەكانی جەنگی روسیا-ئۆكرانیا، رووخاندنی ئەسەد، جەنگی غەززە و پاشان شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل-ئێران و ململانێی تری ناوچەكە، لەبەرامبەردا هەڵوێستی ناكارای نێودەوڵەتی و دابەشبوونی جیهان بەسەر زیاتر لە تەوەرێكی هەڵوێستوەرگرتنی پێكناكۆكدا، بەئاشكرا، بە مانای ئەوەن كە ئیتر ناوچەكە و جیهان بەگشتی، باجی گەورەی ئەمنی و مرۆیی و ماددی دەدەن، كە بەوزووانەش كۆتایی نایەت.
ئەم ئەنجامگیرییەمان بەستەوە بەو بەشە لە تیۆریزەكاری و فەلسەفەی سیاسییەوە، كە بەداخەوە لەمڕۆدا بۆتە پراكتیكی زلهێزانی ناوچەكەو جیهان. مەبەستمان كاركردنە بە بژاردەی جەنگ و توندوتیژی، هەم وەك جێگرەوە بۆ هەوڵە دیبلۆماسییە بەبنبەستگەیشتووەكان و هەم وەك هۆكارێكیش بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی، كە لەكۆتاییدا بە مانای جەنگێكی كراوەیە!، یان جەنگێكی دەمامكراو بە ئامانجێك، گوایە بریتییە لە ئاشتی و سەقامگیرییەكی زیاتر!.
لەو پانێڵەدا و دواتریش بە پەیپەرێك ئەوەمان بیرخستەوە، كە ئەم دیدگا مەترسیدارە بۆ ئاشتی و هەلومەرجی هاوچەرخی نێودەوڵەتی، كە لەساڵی 2022ەوە دەستیپێكردووە، هەر خۆی دەبێتە هۆی فراوانبوونی ململانێكان، رشتنی زۆرترین خوێنی خەڵكی مەدەنی، بەرپابوونەوەی مەینەتییە مرۆییەكان، ئاوارەبوونی ملیۆنان كەس و وێرانبوونی رووبەری فراوانی ئاوەدانی لە ناوچە گڕگرتووەكاندا.
رەنگە باشترین بەڵگە، ئەو زیانە گەورە مرۆیی و ماڵییانە بن كە لە شارەكانی، بۆ نموونە، خاركێف، ماریۆبۆل، باخموت، سیفیروودونیتسك، لیسچانسك، ئیربین و بوتچا-ی نزیك كیێف لە جەنگی روسیا- ئۆكرانیا. لە سوریا، حەلەب، رەقە، دێرلزور، ئیدلب و دێهاتەكانی، حمس، حەسەكەو قامیشلۆ و سنووری كۆبانی. لە فەلەستین، غەززە، هەندێ شوێنی خانیونس، رەفەح، جیبالیا، بەیت حانون. لە یەمەن، سەنعا، تەعز، مەئرەب، سەعدە. لە لیبیاش تەرابلوس، سرت، مەرزەق، سەبها. لە لوبنانیش باشووری وڵاتەكە و تەنانەت هەندێ شوێنی بەیروت-یش بێت، كە هەر هەموویان، زیانی گەورەیان بەركەوتووە.
ئەگەر ئەو وڵات و ناوچانە خاوەنی قەوارە و دەوڵەتی خۆیان بن و هێشتا نەتوانرابێت لە ماڵوێرانی و جەنگی خوێناوی بپارێزرێن، دەبێ جیهانێكی ترسناكی ئاوها، بۆ نەتەوەیەكی وەك كورد، چۆن بێت؟ ئاخۆ مەرگ و لێدان و ئاوارەكردن، لە دوو گەڕەكە كوردییەكەی حەلەبدا دەوەستێت، یان دەشێت بەبۆنەی یەكگرتنی ئەجێندای دێرینەكانەوە!، قۆناغ بە قۆناغ، فراوانتر ببێت و بەرەو پارچە جیاجیاكانی كوردستان هەڵبكشێت، لانیكەم بەرەو باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان، بەوپێیەی عیراق و ئێران، دوو جیۆپۆلۆتیكی ناو ئەم هاوكێشە وێرانكەرەی ناوچەكە و جیهانن.
كاتێك باراك-ی نێردەی ئەمریكا، دەڵێت: جەنگ، لە میدل ئیستدا، بە پێغەمبەران كۆتایی نەهاتبێت، چۆن بە ئێمە كۆتایی دێت؟ ئەمە، هەرخۆی، گوزارشتە لە ئەگەرەكانی جەنگێكی فراوان و كراوە بۆ ناوچەكە. كاتێك هاكان فیدان، باس لەجەنگی داهاتوو لە شەنگال و قەندیل و مەخمور دەكات، تەنها گۆشەیەكی سیناریۆكانمان بۆ هەڵدەداتەوە!، كاتێك روسیا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناو رووداوەوكانی سوریا و ناوچەكە و لەگەڵ چین-دا چەكی نوێ بۆ تاران دەنێرن و تواناكانی دژە ئاسمانیی ئێران بەهێزتر دەكەن، تێدەگەن كە جەنگەكان رەهەندی جیهانییان هەیە.
كاتێك شەرع و رەغدی سەدام، لە دیمەشقەوە، 11 هەزار چەكداری سوننە و كۆنە بەعسی بۆ سیناریۆكانی داهاتووی عیراق ئامادە دەكەن، كاتێك ئیسرائیل، تا بێت سنووری ئەمنی خۆی لەناو سوریادا فراوانتر دەكات، كاتێك ململانێكانی سعودیە و ئیمارات لە كەنداو، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقیا پەرەدەستێنن، كاتێك عیراق ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازی دەباتە سنوورەكانی سوریا، كاتێك كەشتیگەلی ئەمریكا لە دەریاكانی ناوچەكەدا چڕتردەبنەوە، ئەوا ئەوانە و زۆر پەرەسەندنی تریش، دەربڕی ئەو فەلسەفە سیاسییەن كە بەڵێ جەنگ بۆتە بژاردەیەكی بەهێز.
راستە دانوستانەكان، هەوڵی لێكگەیشتن، كۆنگرەكان، بانگەوازەكان و جموجوڵە دیبلۆماسییەكانیش زۆرن بۆ ئەوەی ئەم بژاردەیە جڵەوبكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی خودی بژاردەكە خۆی، بەداخەوە، بە زیاتر لە چاوچنۆکی و خەیاڵدانێكی سیاسیی تایبەت و ترسناكەوە پێچراوەتەوە، كە بەگشتی هەڵگری ئاماژەی گۆڕینی نەخشەی ناوچەكەو جیهانن، ئەوا بەكراوەییش دەمێنێتەوە. پرسیار ئەوەیە: ئایا كورد، لەناو ئەم جیهانە ترسناكەدا، چ خەم و پلانێكی هەیە، چ یەدەكێكی كردووە كە بە كەمترین ماڵوێرانی بێتە دەرەوە؟.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
لەسێ چالاکی جیاوازدا چەند تۆمەتبارێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن
09:43 PM - 2026-02-11 -
پێكدادانەكانی رەقە كوژراو و برینداری لێدەكەوێتەوە
04:58 PM - 2026-02-11 -
قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەرمینا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەکەنەوە
04:56 PM - 2026-02-11 -
دادگای فیدراڵی لەبارەی پێناسی نوێی گومرگی بڕیاری کۆتاییدا
11:52 AM - 2026-02-11
ئەمانەش ببینە
کوردستان 10:07 PM - 2026-02-11 قوباد تاڵەبانی: ئەم دۆخەی ئێستا پێویستی بە کۆدەنگی لایەنە عیراقییەکانە
وتەبێژی یەکێتی: کۆبوونەوەکەی کاک مەسعود و کاک بافڵ زۆر ئەرێنی بوو
09:35 PM - 2026-02-11
وەزارەتی بازرگانی: لەمانگی رەمەزاندا چاودێری بازاڕ توندتر دەکرێت
08:44 PM - 2026-02-11
ئەنجومەنی وەزیران دەستكاریكردنی رێژەی دانیشتووانی هەرێم رەتدەكاتەوە
05:47 PM - 2026-02-11
خالید شوانی: هیچ زیندانییەکی داعـ.ـش ناهێندرێتە هەرێمی کوردستان
05:14 PM - 2026-02-11
زۆرترین خوێنراو
-
زۆریی پارەی کارەبای نیشتمانى نیگەرانى هاووڵاتییانى لێکەوتوەتەوە
کوردستان 01:43 PM - 2026-02-11 -
دادگای فیدراڵی لەبارەی پێناسی نوێی گومرگی بڕیاری کۆتاییدا
عیراق 11:52 AM - 2026-02-11 -
یەک ملیۆن لیتر نەوت بەسەر خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا دابەشدەکرێت
کوردستان 11:32 AM - 2026-02-11 -
كورد و پێشهاتەكانی داهاتوو..!
بیروڕا 11:14 AM - 2026-02-11 -
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بۆ پرسى بەشەبودجە و چەند پرسێکى دیکە کۆدەبێتەوە
کوردستان 09:22 AM - 2026-02-11 -
دابەشکردنی نەوت لەخورماڵ دەستیپێکرد
کوردستان 09:10 AM - 2026-02-11 -
ئەمڕۆ لەهەرێم دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات
کوردستان 08:56 AM - 2026-02-11 -
وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی راگەیاند
کوردستان 10:29 PM - 2026-02-10




.jpg)

.jpg)
دابەزێنە

