riklam

وتەیەکی واقیعی و شیعرێکی نەتەوەیی

بیروڕا 01:03 PM - 2026-02-02
بارزان شێخ عوسمان بارزان شێخ عوسمان

بارزان شێخ عوسمان

بیروڕا

وتەیەکی واقیعی و شیعرێکی نەتەوەیی، خاڵی هاوبەشن لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانییدا 

ئەوەی  جێی خۆشحاڵییە لەم خۆپیشاندانە نەتەوەییەدا  لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ، مۆرکێکی نەتەوەیی لەخۆ گرتوە ، هەموی بە ناوی کوردەوەیە ، هەر بۆیە  لە کۆڕ و کۆبونەوە نێو دەوڵەتییەکانیش بە رێزەوە لێی دەڕوانرێت ، لانی کەم بەخۆدا چونەوەیەکی دروستکرد لەو هەڵوێستەی کە پێشتر زلهێزێکی وەك ئەمریکا  بەرامبەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (H,S,D) گرتبویە بەر ،سەرباری مقاوەمەتی سەختی کچان و کوڕانی جەنگاوەری ئەو هێزە خاوەن دسپلینەش.
 
ئەو بارودۆخەی سوریا، کە ئەگەر پێشبینی کراو نەبوبێت، کتوپڕ نەبوە، یەك دەنگییەکی بێ وێنەی هێنایە ئاراوە . لەو روانگەیەوە ئەو وتە گرنگ و بەناوبانگەی سەرۆك مام جەلال بە بیر هەموان هاتەوە کە  هەمو جار   دوپاتی دەکردەوە “وەزعەکە نەخەمڵیوە و دەڵەمەییە”.

دیارە بەڕێزیان لە دیدارەکانیدا لەگەڵ  هەڤاڵانی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پ،ی،د) کە دواتر بوە یەکینەکانی پاراستنی گەل (ی،پ،د) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (ی، پ،ژ)  هەمان دەستەواژەی بیر دەخستنەوە.
  
بەڵێ  وەك چۆن وەزعەکە بۆ   کوردی سوریا (رۆژئاڤا ) ،دەڵەمەیی بو ، بۆ هەرێمی کوردستانیش هەر بە دەڵەمەیی ماوەتەوە   .   

ئەو ئاپۆڕەی جەماوەرییە  بەو جۆرە سەرسوڕهێنەرە رژاوەتە  سەرشەقامەکان  لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ، بۆ پشتیوانیی لە مقاوەمەتی
کورد لەسوریا و رێگرتن لە پیلانی توانەوەی کورد،    ئاماژەیە بۆ ناسکیی  و دەڵەمەیی هەلومەرجەکە .
 
ئەوەی  لە سوریا رویدا (  کە ئێستا تا رادەیەك بەری لێگیراوە)، مەترسییەکەی هیچی کەمتر نییە بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش ، بۆیە  دەبێت هەموان پەی بەو راستییە ببەن ، ئەگەر بە ژیرانە مامەڵە نەکرێت لەگەڵ سیاسەتی نوێی زلهێزێکی وەك ئەمریکادا لە ناوچەکەدا ، ئەوا هەڕەشەکان دەبنە جدیی و کار دەکەنە سەر ئەم  هەرێمەش.
   
لێدوانەکان کە بەرگوێمان دەکەون ، دیمەنەکان  کە بە چاوی خۆمان دەیان بینین ، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکەن کە روانین و لێکدانەوە راست و دروستەکەی سەرۆك مام جەلالی مەزن بۆ  بارودۆخی کورد  لە هەر بەشێك بن هەر بە ناجێگیریی  واتە دەڵەمەیی دەمێنێتەوە تا  ئەو کاتەی  دیمەن و سیاسەتەکان  تەم و مژیان لەسەر نامێنێت و ئاسمانی بارودۆخەکە لە هەمو روەیەکەوە ساف و ساماڵ دەبێت .

 هاوبەشە گرنگەکەی تریش  لەم خۆپیشاندانانەدا ، سرودە بەناوبانگ و کاریگەرەکەی (هەر کورد بویین و هەر کورد ئەبین ی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد)  ە، کە لە ریزی  پێشەوەی هەمو سرود و دروشمەکانی تری نێو خۆپیشاندانەکانە  لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەش .

بەراستیی خۆم کە بەشدار بوم کە گوێم لەو سرودە بو  زیاتر هاتمە  جۆش خرۆش  ، هەم بە گەورەیی شیعر و ئاوازەکە   ، هەم بەوەی کە بەڵێ ئەم رژانە سەرشەقامە هەستێکی نەتەوەیی سەرتاسەرییە ، نەك بە تەنیا بەشێك (  وەك هاڕمۆنی سەمفۆنیا بو لەگەڵ کینە ئەم؟!، کوردین ئەم )، ئەوەش شارەزایی  و بلیمەتیی مامۆستای مەزن ئیبراهیم ئەحمەد دەخاتەڕوو لە شیعرەکەدا کە مۆرکێکی نەتەوەیی، کوردستانیی ، مرۆڤ دۆستیی و  گیانی ئاڵنگاریی و مقاوەمەتی کراوە بە بەردا .

بەو واتایەی شیعرێکە  بۆ دوپاتکردنەوەی وجودی بێ پێچ و پەنای کورد لەم ناوچەیە و هەڵنەکەندێتی لە خاکەکەی کە کوردستانە  هەر بۆیە هەمو کورد لە هەر بەش و جێگەیەك بن  بە موڵکی خۆیانی دەزانن و شیعری هەمو سەردەمێکیشە کە گوزارشت لە مێژوی نەتەوەیەكی دابەشکراو دەکات ، بەوەش بوەتە خاڵێکی هاوبەشی  یەکگرتنەوەی کورد لەهەمو ئان و زەمانێك، وەك چۆن لەم خۆپیشاندانانەدا بوەتە رەمزێکی ناسینەوەمان .

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket