riklam

یەك گەل یەك خەبات یەك نەتەوە یەك وڵات

بیروڕا 10:26 AM - 2026-02-02
کاروان ئەنوەر PUKMEDIA

کاروان ئەنوەر

بیروڕا

جاران ئێمەی منداڵ لە دایك و باوكمانەوە هەموو شتێك فێر دەبووین، بەڵام ئێستا ئێمەی گەورە لە منداڵەكانمانەوە زۆر شت فێر دەبین.

ئەوسا هاوكێشەكە زۆر پێچەوانە دەبوو گەر گەورەكان پشتیان بە بچوكەكان ببەستایە، کەچی ئێستا باوك و دایك پرسیار لە منداڵەكانیان دەکەن: بە ئینگلیزی بە فڵان شت دەڵێن چی؟ مۆبایلەكەم بۆ چاك بكە، كارتی بانكەكەم راگیراوە، شتەكانی تری ناو ماڵەكە خراپ بوون، تیڤییەكەمان تێكچووە، پرۆژەی روناكی دابەزێنە، منی نەوەی پێشوو لە مانگی داهاتوودا سەفەرێك دەكەم، كچەكەم یان كوڕە هەرزەكارەكەم بلیتی فڕۆكەكەم بۆ ببڕە و هۆتێلم بۆ دابین بكە...... منی باوك یان دایک نازانین لەم سەردەمەدا بژین!!.
ئەم هەموو ئیشە لە ماوەی چەند خولەكێكدا، لەسەر دەستی ئەم نەوەیە ئامادە دەكرێن، هیچی ناوێت تەنها ئەقڵی هاوچەرخ و زمانزانین و بیری نوێ نەبێت.

ئەم منداڵانەی پێمان دەوتن نەوەی ئایپاد و تیك تۆك، هێشتا لە هۆش و كۆشی ئێمەدا هەر منداڵن، وەك دوێنێ سەیریان دەكەین..  ئێستا ئەم نەوەیە لەهەر چوار پارچەی كوردستان زۆر بە جوانی و لێزانانە شۆڕشێك بەرپا دەكەن، من ناوی دەنێم شۆڕشی یەكەكان.

بۆ یەكەمجار نەوەی نوێی كورد دروشمی (یەكە یەكە یەكە، كوردستانمان یەكە) (یەكە یەكە یەكە، گەلی كورد یەكە) بەکار دەهێنێت، ئەم دروشمە کە لەناخی كورددا خەفە بووبوو (جۆلانی جوڵاندی) و هەستی نەوەیەكی بۆ شۆڕش جۆشدا و خستییە سەر شاڕێی ئازادبوون، جۆلانیەكان ویستیان پارچەیەك لە جەرگی كورد داببڕن و بیخەنە سەر ریخۆڵەی عەرەب، نەیانزانی لە ناخی هەر كوردێكدا ئاگرێك  تاودەدەن  كە كوژاندنەوەی ئێجگار ئەستەم بێت، جگە لە چوار پارچەكەی كوردستان، تین و تاوی كوردانی سۆڤیەتی جاران لە ئەرمینیا و ئازەربایجان و كازاغستان و كوردانی تاراوگە و دیاسپۆرا و هەموو كوردزمان و كورد نەتەوەیەك ئەم جوڵەیەی كردە نامەی كار و بەرنامەی خۆی.

من نەمبیستووە و نەمخوێندوەتەوە، لە مێژووی كۆن و نوێی میللەتەكەماندا، كە بەسەر چوار وڵاتی كۆلۆنیالیستدا دابەشكراوین، یەكگرتنێك و یەكبوونێك و یەك وتاریەكی وەك ئێستا، (شۆڕشی یەكەكان) بینرابێت و بیسترابێت و نووسرابێت، (ئەمە شۆڕشی یەكبوونی میللەتێكە).

ئێستا هەستی بوون و ئازادبوون و كوردبوون و دەوڵەت بوون لە نەوەی ئایپاد و ئایفۆن و تیك تۆكەوە، بەجۆرێك خرۆشاوە كە دانامرکێت و نموونەی نییە، شەقامی وڵاتانی دنیا لەژێر زەبری قاچی كورداندا گرمەی دێت، نەوەی شۆڕشی یەكەكان داوای یەكپارچەیی دەكەن، سنوورەكان دەبڕن، دەگەنە رۆژئاوا و شەهید دەبن، لە یاریگاكاندا ئاڵا هەڵدەكەن، لە بەرنامەكاندا هەموو بیرە جیاوازەكان دادەخەن و تەنها ھەر كوردبوون و هەر كورد دەبن.

ئەم هەستەی ئێستا كوردستانی گەورەی تەنیوە، هەلێكی رەخساوە بۆ كورد تا شۆڕشێك بەرپا بكات، بۆیە ئێستا كاتیەتی نامەی كوردستانی گەورە بە گوێی جیهاندا بدەین.

ئەو دوژمنانەش كە ویستیان كورد بە كۆچەر بناسێنن و داوای خاكەكەی لێبكەن، دەركەوت تەنورێكی دۆزەخیان لەسەر خۆیان كردەوە، نەك هەر ناكوژێتەوە، بەڵكو عەرش و فەرشی حكومداریان دەسوتێنێت.
ویستیان قڕمان كەن، بەڵام ئەمجارە لێنەگەڕاین وەك جارەكانی تر جینۆسایدمان بكەن.

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket