riklam

میدیای عەرەبی لە حەڵەب

بیروڕا 06:24 PM - 2026-01-10
ئەرسەلان مەحمود ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

بیروڕا

پەلامار و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی حکومەتی سوریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە) لە حەڵەب، بە بەشداری دەیان تانک و زرێپۆش و درۆن و هەزاران چەکدار، لە کاتێکدا کارەساتێکی مرۆیی گەورەیان لێکەوتەوە، کەچی نەک هەر نەبوونە مژاری ڕوماڵێکی پیشەیی و بێلایەن، بەڵکو میدیای عەرەبی لە گێڕانەوە و گواستەوەی ڕووداوەکاندا وێنەی قوربانی بە جەلاد و جەلادی بە قوربانی گۆڕی؛ حکومەت وەک مەزڵوم و مەزڵومی وەک ستەمکار و جوداخواز وێنا دەکرد.

دوای وردبوونەوە لە ناوەرۆکی زۆرێک لە سەکۆی میدیایی عەرەبی وەک ئەلجەزیرە، CNN عەرەبی، سکای نیوز، ئەلعەرەبیە، شەرق ئەلئەوسەت، یۆرۆنیوز و هتد، تابلۆیەکی ئاڵۆز و تەژی لە لایەنگرییەکی ئایدۆلۆژیی ئاشکرا بینران. لایەنگرییەکە تەنیا لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا نەبوو، بەڵکوو لە چوارچێوەسازی و هەڵبژاردنی وردی وشە و زاراوەکاندا ڕەنگڕێژ ببوو.

کەناڵەکانی وەک ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبیە و زۆربەی دەزگا هاوشێوەکانیان، بە مەبەست زاراوەی تەنزیم (ڕێکخراو) بۆ هێزەکانی (هەسەدە) بەکاردەهێنن. شارەزایانی زمانی عەرەبی زانان باش دەزانن ئەم وشەیە لە فەرهەنگی سیاسیی هاوچەرخی عەرەبیدا، بارگاوییە بە واتاگەلێکی نەرێنی و تەنیا بۆ ئاماژەدان بە گروپە تیرۆریستییەکانی وەک تەنزیمی داعش و ئەلقاعیدە بەکاردێت. ئەم بژاردە لایەنگراییە، ئامانجەکەی لێسەندنەوەی شەرعیەتە لەو هێزانە و هاوتاکردنیانە لەگەڵ گروپە توندڕەوەکاندا. لە بەرامبەردا، بۆ سوپای سوریا زاراوەی سوپای نیشتمانی یان هێزە حکومییەکان بەکاردەهێنن تا وێنەیەکی یاسایی و ڕەوای پێببەخشن.

جەختکردنەوەی بەردەوامی ئەم دەزگایانە لەسەر پەیوەندیی نێوان هەسەدە و (PKK) - کە لەلایەن تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە لە لیستی تیرۆردایە - ستراتیژییەتێکی میدیاییە بۆ گشتاندنی چەمکی تیرۆر بەسەر هەموو جومگەکانی بزووتنەوەی کوردیدا. بۆ نموونە، ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بە جۆرێک باس لەم دوو هێزە دەکات وەک ئەوەی یەک یەکەی تەواوکار بن، ئەمەش بۆ تێپەڕاندنی گوتارێکی دژە کوردی و ڕەواکردنی هەر هێرشێک دەکرێتە سەریان.

گێڕانەوەی میدیای عەرەبی لەسەر ئەو بنەمایە داڕژاوە: حکومەتی سوریا مافی شەرعی و یاسایی هەیە دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەر بستە خاکێکی سوریادا بسەپێنێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد و پێکهاتەکانی تری ئەم وڵاتە موزایکییە بکەن. ئەم میدیایانە پرسی مافی نەتەوەیی و ڕێککەوتنە سیاسییەکان دیزەبەدەرخۆنە دەکەن و تەنیا وەک کێشەیەکی ئەمنی نیشانی دەدەن. کاتێک ئەلجەزیرە و هاوشێوەکانی باس لە کەلەڕەقیی هەسەدە دەکەن لە جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکان، بە ئەنقەست ڕۆڵی حکومەت لە پەکخستنی ئەو پرۆسانە دەشارنەوە. ئەوان بەردەوام باس لە بۆردومانکردنی حەڵەب لەلایەن کوردەوە وەک کردەوەیەکی هەڕەمەکی بۆ تۆقاندنی مەدەنییەکان دەکەن، بەڵام بێدەنگن لە ئاست گەمارۆدانی گەڕەکە کوردنشینەکان و ڕێگریکردن لە چوونی خۆراک و دەرمان؛ تەنانەت هێرشە دڕندانەکانی سوپا وەک ئۆپەراسیۆنی ورد بۆ پاراستنی ئاسایشی وێنا دەکەن!

لە ڕوماڵەکانی (CNN عەرەبی)دا، تەنیا ئاماژە بەوە دەکرێت، سوپا داوای لە خەڵک کردووە ناوچەکان چۆڵ بکەن، بێئەوەی بپرسن: ئایا خەڵکێکی گەمارۆدراو لە ژێر بارانی گولـلە و تۆپدا چۆن و بۆ کوێ بڕۆن؟ میدیای عەرەبی بە تەواوی چاوپۆشی لەو ستەمە مێژووییە دەکات لە کورد کراوە؛ لە بێبەشکردنی ٦٠ هەزار کورد لە ناسنامە - ساڵی ١٩٦٢، تا دەگاتە سیاسەتی تەعریب و قەدەغەکردنی زمان و کولتوور. هەسەدە وەک گروپێکی سەرپێچیکار دەبینن، نەک وەک هێزێک لە ناو جەرگەی کۆمەڵگەیەکی چەوساوەی مێژووییدا لەدایکبووە.

ئەم جۆرە ڕوماڵە، ئەگەرچی ڕاستەوخۆ داوای کوشتار ناکات، بەڵام بناغەیەکی فیکری و شەرعی بۆ سڕینەوەی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دادەڕێژێ. مێژووی ململانێکانی وڵاتی ڕواندا و یوگسلاڤیای پێشوو پێماندەڵێن میدیا هەمیشە پێشەکییەکی ئایدۆلۆژی بۆ توندوتیژی و جینۆساید ئامادە دەکات. میدیای عەرەبی بە تایبەت جەمسەرە سەرەکییەکانی لە حەڵەب، نەک هەر بێلایەن نین، بەڵکوو بە زمانێکی لایەنگر و پڕ لە چەواشەکاری، خەریکی پاساودانەوەی ستەمکاری و هەمان ئەو سیاسەتەن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket