riklam

لە یادی105 ساڵەیدا... ئەفسەرانی کورد رۆڵی سەرەکیان لە دامەزراندنی سوپای عیراق بینی

عیراق 09:05 AM - 2026-01-06
وێنەیەکی مێژوویی سوپای غیراق ئەرشیف

وێنەیەکی مێژوویی سوپای غیراق

لە دوای جەنگی جیهانی یەكەم ساڵی (1914-1918) دەسەڵاتی عوسمانییەكان لە عیراق كۆتایی پێهێنرا و بەریتانییەكان توانیان دەسەڵات بگرنە دەست و لەئاكامی زنجیرە ناڕەزایەتییەكان و ڕاپەڕینەكانی خەڵكی عیراق لەدژی دەسەڵاتی بەریتانیا و دەسەڵاتی ئینتیدابی بەسەر عیراقەوە، بەتایبەتی ڕاپەڕینی ساڵی1920 كەبووە هۆی كۆتایی هاتنی ئینتیدابی بەریتانی ودامەزراندنی یەكەمین حكومەتی عیراق لەكۆتاییەكانی هەمان ساڵدا، حكومەتی تازە دامەزراوی عیراق یەكەمین یەكەی سەربازی سوپای عیراقی لە6ی1ی1921 پێكهێنا.

جەعفەر عەسكەری  یەكەم وەزیری بەرگری عیراقە



لە6ی كانونی دووەمی ساڵی 1921، كۆمەڵێك ئەفسەری كوردو عەرەب، لەماڵی كۆچكردو (عبدالقادر) كە دەكەوتە سەر روباری دیجلە لەشاری بەغدا، بەسەرۆكایەتی جەنڕاڵ جەعفەر پاشا عەسكەری كەئەفسەرێكی كورد بوو خەڵكی شاری كەركوك بوو، كۆبوونەوەو بە هەوڵ و توانا و تێكۆشانیان بیرۆكەی پێكهێنانی سوپای عیراقیان گەڵاڵە كرد ،كە لە سەرۆكایەتی 14 ئەفسەر خۆی دەبینیەوە، لەو ژمارەیە 8 ئەفسەریان كورد بوون بە ناوەكانی (جەنڕال جەعفەر مستەفا عەسكەری سەرۆكی  دەستەی دامەزرێنەر، عەقید حەمید ئەحمەد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر ، رائد سەعید محەمەد نوێنەری فەرماندە،  رائد بەكر سدقی عەسكەری نوێنەری سەرۆك، رائد تۆفیق وەهبی بەگ ئامر كۆلێژی سەربازی، رائد عەبدول رەزاق حلمی، نەقیب حەسەن حسێن عەسكەری، نەقیب محەمەد ئەمین زەكی بەگ).

 چەندین هێزی دیکە پێکهێنران


یەكەی سوپای عیراق لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانی بەناوی موسا كازم لەبەغداد پَێكهێنرا، دواتر لەساڵی 1931 هێزی ئاسمانیی عیراق پێكهێنرا لەساڵی 1937 دا هێزە دەریاییەكان پێكهێنرا، دواتر وەزارەتی بەرگری عیراق بەسەرۆكایەتی فەریق جەعفەر عەسكەری پێكهات، سوپا لەو كاتەدا پشتی بە خەڵكانی خۆبەخش دەبەست، فیرقەی یەكی پیادە لە دیوانیە‌و فیرقەی دوو لە كەركوك پێكهێنرا.

ساڵی 1931 عیراق سەربەخۆیی لەبەریتانیا وەرگرتەوە‌و هەر لەو ساڵەدا هێزی ئاسمانی پێكهێنرا‌و دوای چەند ساڵێكیش هێز دەریایی بەژمارەیەك بەلەمەوە دروستكرا.

ساڵی 1936 سوپای عیراق بەشداری لەیەكەمین كودەتای سەربازیدا كرد بەسەرۆكایەتی فەرماندەی فیرقەی دوو فەریق بەكر سدقی، حكومەتێكی نوێ بەسەرۆكایەتی حیكمەت سلێمان پێكهێنرا، مانگی ئایاری ساڵی 1941 سوپای عیراق چووە جەنگێكەوە لەگەڵ سوپای بەریتانیا، بەر لە جەنگی بەریتانیا سوپای عیراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات هەر فیرقەیەكیش سێ لیوای لەخۆدەگرت، فیرقەی یەكەم‌ و سێیەم لەبەغدا جێگیربون، فیرقەی دوو لەشاری كەركوك‌ و فیرقەی چواریش لەدیوانیە بوو.

لەساڵی 1958دا، سوپای عیراق لەچوار فیرقەی پیادە پێكدەهات فیرقەی پیادەی یەك لە دیوانیە‌و فیرقەی دوو لە كەركوك‌و فیرقەی سێ لەدیالە‌و فرقەی چوار لەموسڵ بون.

 سوپای عیراق بەشداری لە کودەتادا کرد


لەهەمان ساڵدا، سوپای عیراق جارێكی دیكە بەشداری كودەتایەكی سەربازی كرد بەسەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم (شۆڕشی 14 ی یۆلیۆی 1958)، ساڵی 1961 دوای سەربەخۆیی كوەیت عەبدولكەریم قاسم هەڕەشەی كرد ئەو وڵاتە بخاتە سەر عیراق بەوهۆیەوە سوپای عیراق لەناوچە سنووریەكان لەگەڵ كوەیت كۆكرایەوە.

ساڵی 1963 سوپای عیراق جارێكی دیكە بەشداری كوتادەی سەربازی كرد‌و ئەمجارەشیان كۆتایی بەدەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم هێنا، ساڵی 1968 سوپای جارێكی دیكە كودەتای كرد‌و بەعسیەكان بەهۆی ئەو كودەتایەوە گەیشتنە لوتكەی دەسەڵات لەعیراقدا، ئەحمەد حەسەن بەكر دەسەڵاتی وەرگرت 

دواتر لە 1979 سەدام حسێن كە بوو بەسەرۆكی وڵات هەوڵەكانی دەستپێكرد بۆ بنیادنانی سوپایەكی گەورە‌و بەهێز، لەماوەی ساڵانی جەنگی نێوان عیراق‌ و ئێران ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق بەشێوەیەكی گەورە زیادیكرد، ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق لەو ساڵانەدا‌ و بەدیاریكراویش ساڵی 1981 گەیشتە 200 هەزار سەرباز كە بەسەر 12 فیرقە‌و سێ لیوای سەربەخۆدا دابەش بوو بوون، دواتر لەساڵی 1985 دا ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق گەیشتە 500 هەزار سەرباز‌و 23 فیرقە‌و نۆ لیوا.

لەكاتی جەنگی دووەمی كەنداودا لەساڵی 1991 سوپای عیراق گەورەبوونێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی‌ و لەو ساڵانەدا ژمارەی سەربازانی سوپای عیراق گەیشتە یەك ملیۆن سەرباز كە دابەشكرابون بەسەر 42 فیرقە‌و 20 لیوای تایبەتەوە سەرباری شەش فیرقەی گاردی كۆماریی.

 سوپای عیراق جێگای رەزامەندی هاووڵاتیان نەبوو


بەگشتی بەشێكی زۆری خەڵكی عیراق بێزاربوون لەدەست سوپای عیراق ئەوەش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دانیشتوانی عیراق بە گشتی بێزاربوون لە ستەم و زۆردارییەكانی سوپای عیراق و رژێمە یەك لەدوایەكەكانی بەتایبەت سوپاكەی رژێمی بەعس ، چونكە ئەو رژێمە بێ جیاوازیكردن هەر كەس بەرەو رووی ببوایەتەوە لەناوی دەبرد، لەماوەی حوكمڕانی ئەو رژێمە و سوپاكەیدا كورد بەتایبەتی روبەڕوی نەهامەتی زۆر گەورە بوویەوە وەك ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كە زامێكن هەرگیزاو هەرگیز لە یادناكرێن.

لە ساڵی 2003دا لەگەڵ هیرشكردنی هێزەكانی سوپای ئەمریكا و بەریتانیا بۆ سەر عیراق و بۆ كۆتایی هێنان بە ستەم  و زۆردارییەكانی رژێمی بەعس، سوپای عیراق شكستی هێنا بەو پێیەی بەهیچ جۆرێك روبەڕوی هێرشەكانی سوپای ئەمریكاو بەریتانیا نەبوونەوە.

لەدوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003، سوپای عیراق جارێكی دیکە پێكهێنرایەوە و پڕچەك كرایەوە، بەڵام لەگەڵ هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر شاری موسڵ، بەشێک لەشاروشارۆچكەكانی دیکە، سوپای عیراق جارێكی دیکە شكستی هێنا لە روبەڕووبونەوەی تیرۆرستان و روبەڕوی رەخنەیەكی توند بویەوە لەلایەن وڵاتانەوە.

پلە سەربازییەكان لەناو سوپای عیراقدا:

• سەرباز: هیچ نیشانەیەك هەڵناگرێت

• سەربازی پلەیەك: خەتێك لە قۆڵی دەبەستێت

• نائیب عەریف: دوو خەت لەقۆڵی دەبەستێت

• عەریف: سێ خەت دەبەستێت

• رەیس عورەفا: چوار خەت دەبەستێت

• نائیب زابت: داڵێك لە بەرۆكی دەدات


پلەی ئەفسەران:

• ملازم: ئەستێرەیەك لەسەر شانیەتی

• ملازمی پلەیەك: دوو ئەستێرە دادەنێت

• نەقیب: سێ ئەستێرە هەڵدەگرێت

• رائید: داڵێك لەسەر شانی دادەنێت

• موقەدەم: داڵێك‌ و ئەستێرەیەك هەڵدەگرێت

• عەقید: داڵێك‌ و دوو ئەستێرە

• عەمید: داڵێك‌ و سێ ئەستێرە

• لیوا: داڵێك‌و دوو شمشێری یەكتربڕ لەسەر شانیەتی

• فەریق: داڵێك‌ و دوو شمشێر‌ و ئەستێرەیەك

• فەریق ئەوەل: داڵێك‌ و دوو شمشێر‌و دوو ئەستێرە


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket