riklam

بۆچی ئەمڕۆ پاکستان دژی تاڵیبانی ئەفغانستان دەجەنگێت؟

جیهان 02:55 PM - 2026-02-27
چەکدارانی ئەفغانستان SKY NEWS

چەکدارانی ئەفغانستان

قەیرانی ئێستای نێوان ئەفغانستان و پاکستان، بریتییە لە هەڵکشانی گرژییە ئەمنی و سەربازییەکان، لەسەر درێژایی هێڵی دیوراند، ئەمەش دەرەنجامی تۆمەتبارکردنی یەکترییە بە پاڵپشتیکردن یان داڵدەدانی گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە کابوڵ لە ساڵی 2021دا.

ئەفغانستان رێگری لە گروپە چەکدارەکان ناکات

ئیسلامئاباد دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان تۆمەتبار دەکات، بەوەی رێگری ناکەن لە چالاکییەکانی بزووتنەوەی (تاڵیبانی پاکستان-TTP)، کە هێرش ئەنجام دەدەن لەناو خاکی پاکستاندا، لە کاتێکدا کابوڵ ئەم تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و پێیوایە پاکستان دۆسیەی ئەمنی بۆ گوشاری سیاسی بەکاردەهێنێت و دەیەوێت ئەمری واقیعی سنووریی بەسەریاندا بسەپێنێت لەڕێگەی تەواوکردنی تەلی سنووری و بەهێزکردنی بوونی سەربازی.

ئەم گرژییانە لە شەڕەقسەی دیپلۆماسییەوە گواسترانەوە بۆ تێهەڵچوونی پچڕپچڕ و بۆردومانی یەکتری و داخستنی دەروازە سنوورییە گرنگەکانی، وەک (تۆرخەم) و (سپین بۆڵدەک)، کە ئەمەش کاریگەریی دەکاتە سەر بازرگانی و هاتووچۆی مەدەنی و دۆخی ئابوریی هەردوو وڵات لاوازتر دەکات،کەواتە قەیرانەکە تەنها ناکۆکییەکی تیۆری نییە لەسەر هێڵێکی کێشراو لەسەر نەخشە، بەڵکو ململانێیەکی کراوەیە لەسەر چەمکی سەروەری و ئاسایش و شەرعییەت.

کێشەکە هێڵی دیوراندە

لە جەوهەردا، قەیرانەکە پەیوەستە بە (هێڵی دیوراند)ـەوە، کە لە ساڵی (1893) بە رێککەوتنێک لە نێوان سێر مۆرتیمەر دیوراند و ئەمیر عەبدولڕەحمان خانی ئەمیری ئەفغانستان کێشرا، لەو کاتەی بەریتانیا حوکمی هیندستانی دەکرد، ئەم هێڵە هۆزە پاشتونەکانی لە نێوان دوولا دابەشکرد، کاتێک لە ساڵی (1947) دەوڵەتی پاکستان دامەزرا، ئەم هێڵەی، وەک سنووری نێودەوڵەتیی کۆتایی هەژمار کرد، لە کاتێکدا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەفغانستان بە شێوەیەکی ڕاشکاو و هەمیشەیی دانیان پێدا نەناوە.

تاڵیبان لە گەڕانەوەیدا توشی دوو کێشەی بوویەوە

گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات ئەم دۆسیەیەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کردەوە، چونکە بزووتنەوەکە خۆی لە نێوان دوو بەرداشدا دەبینێتەوە: لە لایەکەوە پێویستی بە پەیوەندییەکی سەقامگیرە لەگەڵ پاکستان، لە لایەکی دیکەوە رووبەڕووی گوشارێکی ناوخۆیی خێڵەکی و نەتەوەیی دەبێتەوە، کە دانپێدانانی کۆتایی بە سنوورەکان رەتدەکاتەوە، هاوپەیمانانی دوێنێ گەڕاونەتەوە بۆ میراتی مێژووی ئیستیعماری لەگەڵ حساباتی ئاڵۆز کە ئاسایش و جەنگی ساردی نوێ بە حساباتی خێڵەکی تێکەڵ دەکەن، سنوورەکان لە هێڵێکی وشکەوە دەگۆڕێن بۆ خاڵێکی گرژی، کە لە هەر ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە.

هەروەها قەیرانی ئێستا ڕەنگدانەوەی پارادۆکسێکی گەورەترە لە باشووری ئاسیا، کە تێیدا ناسنامە خێڵەکییەکان لەگەڵ لۆژیکی دەوڵەتی مۆدێرن تێکەڵ دەبن. هێڵێک، کە تەمەنی لە سەدەیەک زیاترە بووەتە توخمێکی یەکلاکەرەوە لە هاوکێشەکانی سەقامگیریی ناوچەیی، بەتایبەتی لە سایەی ژینگەیەکی نێودەوڵەتیدا، کە رکابەریی نێوان زلهێزەکان و دەرکەوتنی ڕۆڵی هەرێمیی نوێی پێوە دیارە، کە هەوڵ دەدەن هەر بۆشایی یان لاوازییەک لەم ناوچە هەستیارەدا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن.

چین لە لە روانگەی ئەمنی و وەبەرهێنانەوە سەیری گرژییەکان دەکات

تێوەگلانی چین لەم ململانێیەدا بە وریاييەکی هەژمارکراوەوەیە، نەک بە دەستێوەردانی سەربازیی راستەوخۆ، پەکین لە گۆشەی سەقامگیریی ئەمنی و پاراستنی وەبەرهێنانە ستراتیژییەکانیەوە دەڕوانێتە گرژیی نێوان ئەفغانستان و پاکستان، بەتایبەتی پڕۆژەی (رێڕەوی ئابووریی چین-پاکستان)، کە پایەیەکی سەرەکییە لە دەستپێشخەریی (کەمەربەند و رێگا)، چین پەیوەندییەکی هاوپەیمانیی بەهێزی لەگەڵ پاکستان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا کەناڵی پەیوەندیی فەرمیی لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان کردۆتەوە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی خاکی ئەفغانستان نەبێتە پەناگەیەک بۆ ئەو گرووپانەی، کە ڕەنگە هەڕەشە بن بۆ سەر هەرێمی شینجیانگ (تورکستانی ڕۆژهەڵات) یان بەرژەوەندییەکانی چین لە ناوچەکەدا. بۆیە پەکین هەندێکجار رۆڵی نێوەندگیرێکی ڕانەگەیەندراو دەبینێت لە ڕێگەی گوشاری دیپلۆماسیی هێمنەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییە سنوورییەکان، چونکە بەردەوامیی پێکدادانەکان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و پڕۆژە ئابوورییەکانی دەخاتە مەترسییەوە. دەستێوەردانی چین لێرەدا پاڵنەرەکەی ئایدۆلۆژی نییە، بەڵکو پاڵنەرێکی پراگماتیی پەتییە، کە لەسەر بنەمای رێگریکردن لە پشێوی و پاراستنی هێڵەکانی بازرگانی و وزە دامەزراوە، ئەمەش شێوازی چین لە بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی ئابووری و ئاسایشەوە، نەک هێزی رەقی تەقلیدی دەردەخات.

تێڕوانینی هندستان جیاوازە

هندستان لە گۆشەی رکابەرییە ستراتیژییە درێژخایەنەکەی لەگەڵ ئیسلام ئابادەوە دەڕوانێتە گرژیی نێوان ئەفغانستان و پاکستان، نەک تەنها، وەک قەیرانێکی سنووری لە نێوان دوو دراوسێدا.
مێژوو دەریدەخات نیودەلهی پشتیوانیی ئەو حکومەتانەی ئەفغانستانی کردووە، کە پێش گەڕانەوەی تاڵیبان بوون، وەبەرهێنانی لە ژێرخان و پڕۆژە گەشەپێدانەکاندا کردووە بە ئامانجی کەمکردنەوەی نفووزی پاکستان و کردنەوەی دەرچەیەکی جیۆپۆڵەتیکی بەرەو ئاسیای ناوەڕاست. دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، هندستان بەشێکی گەورەی نفووزی راستەوخۆی خۆی لە کابوڵ لەدەستدا، بەڵام بە تەواوی نەکشایەوە، بەڵکو کەناڵی پەیوەندیی وریایانەی لەگەڵ بزووتنەوەکە کردەوە بە پشتبەستن بە پراگماتییەتی سیاسی، چونکە جێهێشتنی ئەفغانستان بە تەواوی لە بازنەی نفووزی پاکستان یان چیندا واتە دۆڕانێکی ستراتیژیی ڕوون بۆ نیودەلهی. بۆیە هندستان بە چاوێکی ستراتیژییەوە چاودێریی گرژیی سنووریی نێوان کابوڵ و ئیسلامئاباد دەکات، چونکە سەرقاڵبوونی پاکستان بە بەرەی ڕۆژئاواوە، گوشار لەسەر بەرەی ڕۆژهەڵات لە کشمیر کەمدەکاتەوە.

لە هەمان کاتدا، هندستان پەیوەندیی روو لە گەشەی لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە لە چوارچێوەی کۆنترۆڵکردنی هەڵکشانی چیندا، ئەمەش دەیکاتە بەشێک لە هاوکێشەیەکی فراوانتر، کە باشووری ئاسیا تێدەپەڕێنێت. هندستان هەوڵی تەقاندنەوەی ململانێکە نادات، بەڵام سوود لە هەر تێکچوونێک لە پەیوەندیی نێوان تاڵیبان و پاکستان وەردەگرێت، بەمەرجێک نەبێتەهۆی پشێوییەکی ناوچەیی گشتگیر. بەمشێوەیە نیودەلهی لە نێوان وریايی و دەرفەتدا دەجوڵێتەوە، وەبەرهێنان لە هاوسەنگییە وردەکاندا دەکات بەبێ ئەوەی راستەوخۆ تێوەبگلێت لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە لەسەر سنووری ئەفغانستان و پاکستان، بەڵام تۆمەتەکانی ئەم دواییەی پاکستان، هندستان دەخاتە ژێر وردبینییەوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket