riklam

نوێنه‌ری وانه‌بێژان: زیاتر له‌ 1500 مامۆستا سودمەندنابن لەگرێبەستبوونیان

کوردستان 04:49 PM - 2024-08-29
مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر PUKMEDIA

مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێر

بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەگرێبەستبونی مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر لە هەزار و 500 مامۆستا لێی بێبەش دەبن و ناویان لە سیستمی پەروەردەکاندا دەرهێنراوە، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت: "مافی خۆیانە ئەو مامۆستایانەش وەک مامۆستایانی دیکەی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، هەرچەندە هیچ خزمەتێک بۆ مامۆستایانی وانەبێژ کەدەکرێنە گرێبەست هەژمار ناکرێت، لەکاتێکدا مامۆستای وانەبێژ هەیە 15 ساڵ خزمەتی کردووە".

 

ساڵانی خزمەت بۆ مامۆستایانی وانەبێژ حساب ناکرێت

کاروخ عەبدوڵڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێمی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "زیاتر لە هەزار و 500 مامۆستای وانەبێژ ناویان لە سیستمی پەروەردەکاندا نییە و ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی کە پێشتر بەهەر هۆکارێک بێت وازیان هێناوە یاخود لابراون، ئەو وانەبێژانە ناکرێنە گرێبەست، داوادەکەین ناویان بخرێتە سیستمەوەو بکرێنە گرێبەست".

 

"یەکێکی دیکە لەو کێشانەی کە رووبەرووی مامۆستایانی وانەبێژ بوەتەوە لەکاتی بوونیان بەگرێبەست، ئەوەیە کە ساڵانی خزمەتییان بۆ هەژمار ناکرێت و تەنها لەکاتی خانەنشینبونیاندا سوود لەو خزمەتە دەبینن، بۆ ئەمەش داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە هەوڵبدەن ئەو خزمەتەمان بۆ هەژمار بکەن، لەکاتێکدا مامۆستای وانەبێژمان هەیە زیاتر لە 15 ساڵ خزمەتی هەیە"، کاروخ عەبدوڵڵا وای وت.

 

نوێنەرەکەی مامۆستایانی وانەبێژ لەهەرێمی کوردستان دەشڵێت: "پێویست بوو مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە مووچەخۆری هەمیشەیی و دابمەزرێن، چونکە جیاوازی ئەو بڕە پارەیەی کەبۆ مامۆستایانی وانەبێژ، کەلە ئێستادا بونەتە گرێبەست خەرجدەکرێت لەگەڵ دامەزراندنیان بە نزیکەیی هەشت ملیار دینارە، کەئەمەش بڕێکی کەمە بۆ حکومەت و گەڕانەوەی مافیشە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام بەوتەی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە ئێستادا کە مووچە لەبەغداوە بۆ هەرێم دێت، حکومەت هیچ دەسەڵاتێکی دامەزراندنی نییە".

 

نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمدا هەیە و بڕیارە بکرێنە گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ، لەکاتێکدا لەماوەی رابردوودا چەندینجار بایکۆت و مانگرتن و خۆپیشاندانیان کرد بۆ دامەزراندن و کابینەی 9 گوێی بە ماف و داواکانیان نەدا.

 

چەندین مامۆستا بەهۆکاری جیا ناویان لەگرێبەستبون دەرهێنراوە

بەهۆکاری سیاسی و هۆکاری دیکە ژمارەیەکی زۆر مامۆستای وانەبێژ ناویان لە سیستمدا دەرهێنراوەو بێبەش کراون لە گرێبەستبوون، چەندین کەسیش بەهۆکاری جیاجیا خراونەتە ناو سیستم.

 

هەر لەو بارەیەوە عەبدولکەریم غازی باڵەکی مامۆستای وانەبێژ لەدەڤەری سۆران بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر مامۆستای وانەبێژ کە پێشتر خزمەتیان بە کەرتی پەروەردە کردووە، ناویان لە سیستمی وانەبێژاندا دەرهێنراوەو بێبەش کراون لە بڕیاری گرێبەستبونیان و کەسی دیکە بەبیانووی جیا ناویان خراوەتە سیستمەکەوە".

 

"چەندین مامۆستامان هەیە کە ساڵانێکی زۆرە وەک وانەبێژ دەوام دەکەن و خزمەت بە کەرتی پەروەردە دەکەن، بەڵام لەلایەن پەروەردەکانیانەوە بەهۆکاری سیاسی و هۆکاری دیکە ناویان لە سیستمدا نییە و سودمەندنابن لە بڕیاری گرێبەستبونی مامۆستایانی وانەبێژ، لەکاتێکدا مامۆستای وانەبێژ هەیە زیاتر لە 15 ساڵ خزمەتی هەیە"، عەبدولکەریم غازی باڵەکی وای وت.

 

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، پارەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانی وانەبێژان، مانگانە نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە و کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار  تا 400 هەزار دینارە و زیاد و کەمی بڕەکەی بەپێی بروانامەی وانەبێژانە.

 

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket