riklam

یەکێتی لە بەرگری شەنگالدا 111 شەهیدی بەخشی

کوردستان 12:29 PM - 2024-08-03
ئاوارەبوونی دانیشتووانی شەنگال ئەرشیف

ئاوارەبوونی دانیشتووانی شەنگال

10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان کە لەسەر دەستی تیرۆرستانی داعش بەسەریانداهات تێدەپەڕێت، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەخشینی خوێنی 111 شەهیدی بەرگری لە قەزای شەنگال کرد تا نەکەوێتە دەست تیرۆرستان، بەڵام هێزەکانی پارتی بێ ئاگادارکردنەوەی ئێزدییەکان قەزاکەیان چۆڵکرد و هەڵهاتن، جێگری مەڵبەندی نەینەوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت: "بە هەڵهاتنی هێزەکانی پارتی لە زوممار، شەنگال رادەستی تیرۆرستان کرا".

سەرۆک بافڵ: یەكێتی هەوڵ بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئێزدییەكان دەدات

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایکردنی ئێزدییەکاندا رایگەیاند: "یەكێتی بەپەرۆشەوە هەوڵ بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئێزدییەكان بۆ زێدی رەسەنی خۆیان دەدات، هەروەها جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان دەكاتەوە بۆ گەڕان بەدوای ئەوانەی تاوەكو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و دەیەوێت دوور لە درووشم و تێكەڵكردنی ژیانی ئێزدییان بە ململانێ سیاسییەكان، كار بۆ پاراستنی مافەكانیان بكات و پارێزەری راستەقینەی ئەو پێكهاتە گرنگەی كوردستان بێت كە بەشێكی گرنگی فرەڕەنگیی كوردستان پێكدەهێنن و مێژوویەكی درێژیان لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و خەبات لەپێناو خاكەكەمان تۆماركردووە".

هێزەکانی پارتی هەڵهاتن

پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرگرییان دەکرد، بەڵام هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زوممار و شەنگال هەڵهاتن.

شێخ ساڵح گەرگەری جێگری مەڵبەندی 7ـ نەینەوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەکاتێکدا پێشمەرگەکانی یەکێتی رۆژی 2ـی ئابـی 2014، لە گوندی قەسەریچ کە دەکەوێتە پێش زوممار بەرگرییان دەکرد، هێزەکانی پارتی کە لە زوممار بوون هەڵهاتن و زومماریان تەسلیمی داعش کرد، بە هەمان شێوەش رۆژی 3ـی ئابی 2014 پێشمەرگەکانی پارتی بێ ئاگادارکردنەوەی خەڵکی شەنگال، شارەکەیان چۆڵکرد و ئێزدییەکان جگە لە چیای شەنگال هیچ شوێنێکیان بۆ مانەوە لە ژیان شک نەدەبرد".

"دوای ئەوەی هێزەکانی پارتی هەڵهاتن، هێزەکانی یەکێتی لە زوممار و شەنگال بەرگرییان کرد و 111 شەهیدمان بەخشی لەپێناو پارێزگاریکردن لە ئێزدییەکان، هەروەها لیوای 111ـی هێزەکانی 70 بوو کە خەڵکی شارەکەمان بەرەو چیای شەنگال بەڕێکرد و توانیمان پشتێنەیەکی ئەمنی توندوتۆڵ بەدەوری چیاکەدا لەپێناو پارێزگاری لە ئێزدییەکان دروستبکەین، ئەمەش وایکرد زیاتر لە 300 هەزار ئیزدی رزگار بکەین"، شێخ ساڵح گەرگەری وادەڵێت.

3ـی ئاب شەنگال داگیرکرا

رۆژی 3ـی ئابی 2014 تیرۆرستانی داعش هێرشیان كرده‌سه‌ر قه‌زای شه‌نگال و دوای روبه‌ڕ‌ووبونه‌وه‌ش له‌نێوان تیرۆرستان و به‌شێك له‌ پێشمه‌رگه‌كان، قه‌زاكه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ داگیركرا، دواتر به‌شێك له‌ هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ كه‌ زۆرینه‌یان ئێزدی بوون، له‌ ترسی كاره‌ قێزه‌ونه‌كانی تیرۆرستان به‌ره‌و چیای شه‌نگال هه‌ڵهاتن و به‌شێكی تریشیان كه‌وتنه‌ ده‌ست تیرۆرستانی داعش.

یەکێتی 111 شەهیدی بەشەنگال بەخشی

پێشمەرگەکانی یەکێتی 111 شەهیدیان بە شەنگال بەخشی، بەڵام پارتی کە 11 هەزار پێشمەرگەی لە شەنگال هەبوو هەڵهاتن.

غەیاس سورچی کارگێڕی مەڵبەندی موسڵ-ی یەکێتی بەسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:"پێشمەرگەکانی یەکێتی بەو هێزە کەمەی کەلەشەنگال بوون، توانییان بەرگرییەکی زۆر لە داگیرکردنی قەزاکە بکەن، بەڵام پارتی لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە 11 هەزار پێشمەرگەیان لەشەنگال و دەوروبەری هەبوون هەڵهاتن و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەیان خوڵقاند کەبەسەر ئێزدییەکاندا هات".

"لەیەکەم رۆژی داگیرکردنی شەنگال کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەخوێنی چوار پێشمەرگەی داگیرکرا، هاوکات لەبەرگریکردنی چیای شەنگالەوە تا ئازادکردنی یەکێتی 111 شەهیدی داوە، ئەمە لەکاتێکدا چەندین هێزی دیکە هەبوون تەنها فریای هەڵهاتن دەکەوتن"، غەیاس سورچی وایوت

یەکێتی بەدیهێنەری مافی ئیزدییەکان بووە

پێشتر لەسەردەستی سەرۆک مام جەلال و ئێستاش سەرۆک بافڵ، یەکێتی هاوکار و پشتیوانی بەدەستهێنانی مافی ئێزدییەکان بووە و بۆ ئەمەش پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکات کە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بە جینۆساید بانسێنێت.

رونزی زیاد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:"هەمیشە یەکیتی دەستپێشخەر بووە، لە بەدەستهێنانی مافی ئێزدییەکان، لەوچوارچێوەیەشدا لەناوخۆ و دەرەوە هەوڵی جددی داوە، کە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بە جینۆساید بناسێنێت".

" بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە حکومەتی پێشووی عیراق و تاپۆکردنی زەوی و زار و موڵک و ماڵی ئێزدییەکان لە شەنگال و بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە جیهاندا، لەهەوڵەکانی یەکێتین لەپێناو بەدەستهێنانی مافی ئێزدییەکان"، رونزی زیاد وایوت.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی راشیگەیاند: "پێشتر لەسەردەستی سەرۆک مام جەلال و ئێستاش بەهەوڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەردەوام هاوکاری و پشتیوانی ئێزدییەکان کراوە، بەڵام لایەن هەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی و بەکارهێنانی ئێزدییەکان لە ململانێ سیاسییەکاندا ریگری دەکات لە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان".

مەکتەبی سیاسی: راکردنی پارتی کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاری هێشتەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 10 ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکاندا رایگەیاندووە: "راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە بەرایی کارەساتەکەدا، وێرای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی  رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە دەستوبرد هێڵێكی بەرگریی بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە ولێقەوماوان دروست کرد بۆ بەرگرتن لەو نەزیفە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوی لە توانادایە".

"تەئکید لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدیان وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و زیندووی  کوردستانی و دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و شایستە بۆیان دەکەینەوە"، لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی دا هاتووە.

 

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: وەفای یەکێتی بۆ ئێزدییەکان دووپات دەکەینەوە

دەرباز کۆسرەت رەسوڵئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵرۆژی کارەساتی پەلاماردانی شەنگالدا دەڵێت: "بەشکۆوە یادی شەهیدان و قوربانیانی شەنگال دەکەینەوە، هاوخەم و هاوسۆزی ئێزیدی خانین، تیرۆر و داعش نەیانتوانی ناسنامەی  ئێزیدییەکان  لە شەنگال بسڕنەوە،  بەڵکوو وزەی پۆلاین و ئازایەتی پیاوان و ژنانی ئێزیدی، سەرەنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا راکێشا".

"یادی قارەمانی و نەبەردی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەینەوە، کە بە خوێنی خۆیان چیای شەنگالیان پاراست و شەنگالیان لەژێر دەستی تاریکپەرستان ئازاد کرد، هەروەها  دڵسۆزی و وەفای یەکێتی بەرانبەر کۆمەڵگەی ئێزیدی دووپات دەکەینەوە، دەنگمان دەخەینە پاڵ داواکارییە رەواکانیان، لە جێبەجێکردنی رێکەوتنامەی شەنگال و  یاسای قەرەبووکردنەوەی کچانی ئێزیدی، هاوکات پێویستە لەسەر لایەنە سیاسیەکان لە ناوخۆی هەرێم و عێراق  پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانمان بەکاربهێنین بۆ  لۆبیکردن و بەهێزکردنی هەڵمەتی داکۆکیکردن بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان و کارکردن بۆ پارێزبەندی نێودەوڵەتیی و رزگارکردنی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا بێسەروشوێنن"، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ وادەڵێت.

ئێزدییەکان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان

به‌پێی سه‌رچاوه‌ ناڕ‌ە‌سمییه‌كان تیرۆرستان زیاتر له‌ 3200 كوردی ئێزدییان كۆمه‌ڵكوژ كردووه‌ و نزیكه‌ی 7 هه‌زار ئێزدییشیان رفاند، كه‌ زۆربه‌یان كچ و ژن و منداڵ بوون، دوای 10 ساڵ هێشتا ژماره‌یه‌كیان بێسه‌روشوێنن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو خانه‌واده‌كانیان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی قه‌زای شه‌نگال كه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونیانه‌ وه‌ك وێرانه‌یه‌كی دوای جه‌نگ ماوه‌ته‌وه‌و رێگه‌ش نادرێت سه‌رجه‌م ئاواره‌كانی ئێزدی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان و تائێستاش به‌شێكیان له‌ناو كه‌مپه‌كاندا له‌هه‌رێمی كوردستان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو ژمارە کەمە پێشمەرگەیەی لەکاتی داگیرکردنی شەنگالدا هەیبوو، توانی بەرگرییەکی بێ وێنە بۆ رێگری لەداگیرکردنی قەزاکە بکات، لەکاتێکدا پارتی بە 11 هەزار پێشمەرگە و هێزی ئەمنی لە هێزەکانی (زێرەڤانی- لەشکری گوڵان- فەرماندەی دهۆک- هێزی ئاسایشی دهۆک هەروەها هێزەکانی 80) لەشەنگال هەبوون و هەڵهاتن، بەڵام یەکێتی بەرگریکرد و 111 شەهدی بەخشی.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket