riklam

کاری کۆک و گێڕانەوەی ناکۆک

بیروڕا 03:22 PM - 2026-07-16
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

تا دیمەنی دێرینتر و کۆنتر بێت، زیاتر نوێباو و تازە و جدید دەردەکەوێت.

خۆی هەموو کارێکی کۆک و تۆکمە وا دەردەکەوێت پتەو و دامەزراو و مەحکەمە، کاری کۆکە و ( کەرکوکە) بێ هیچ رەنگێک نابێ و بۆی ناشێ.

یەکەم پرۆڤەی مرۆڤە بۆ ناسینی نەتەوەکان و گروپەکان و سروود و سرووتە رۆحییەکان.

هەر کوردستانێکی خنجیلانە و عێراقێکی بچووک و رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی مینی مۆزەخانە نییە، دنیایەکی قەدیم و قووڵ و قولەیەکی بەرزی دیرۆکی مرۆڤایەتییە کە دونیای گەورەی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە. بەرمیلی باروتە بۆ ئەوانەی هەر فیکریان لای بەرمیلی نەوتە و پردێکی خاسی خاسەیە بۆ ئەوانەی بە دوای پردی پەڕنیەوەن بەرەو دوارۆژی رووناک. بیری قووڵی سامانی سروشتییە بۆ ئەوانەی باش بیری لێ دەکەنەوە و دەزانن بەشەرەکەی سەرزەمینی وەک بەشەکەی ژێر زەمینی سامانی لە بن نەهاتوون . خوێنەکەی ئاڵی وەک خوێی مەملەحەی پەینی گەشانەوەی خاکی گەش و خاکی رەش و خاکی سپی وەک دڵی خەڵکەکەیەتی .

سامانی هەر نەوت و سایەی هەر قەڵا نییە، سڵق و کاهوو و کاهیشی لەو لاوە بوەستێ . پشت بە رابردووی پشتی قایمە و رووی لە داهاتووی دەرگای کراوەیە. با تەنانەت هەندێک جار وەزعی قائیمی ناوەڕاستی قاتی و قاتم بێت. کەس نازانێ چۆن قیت بۆوە کە چەندینی لێ راست بۆوە. وایە کە عەنقایە و دیارە کە بۆ زوڵم و ستەمی دانایە.

پاڵی بە قەڵاوە داوە و دڵنیایی لە حەمرین وەرگرتووە و نازی بەسەر کوردستانەوەیە بۆیە گرەویشی لەسەر فیدراڵی بەغدایە. ئاخر وەک کاروانە مێژووییەکەی کاروانسەرای بەرز و نزمی هەموو سەردەم و هەموو بەیرەق و هەموو بوراقەکانی راگوزەر بووە و خۆشی وەک پێغەمبەر دانیال شایەتی راستی و وەک باباگوڕگور بە بەرەکەت و وەکو قەڵاکەی قایمکارە. وەک جەماعەتی کەرکوک بۆتە باسی گشت فەرهەنگ و کۆڤارەکان و لە چەشنی ئارابخاو قشلەکەی و خانەقاکەی مێژوو و جوگرافیای و هەمەرەنگی دەلاوێنێتەوە.

تا دیمەنی دێرینتر و کۆنتر بێت زیاتر خەفەت و خەتا و خۆڕسکترە. وایە کە نوێباو و تازە ناز و تازە نقێمی ئاسمانی شینە.

کەرکوکە،یانی : کاری کۆک و گێڕانەوەی ناکۆک. بەسەرهاتی شۆک و نادادی هێنانە سەرچۆک.

PUKMEDIA  

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket