کاتێک پەنجەکان شەهید بوون
بیروڕا 10:44 AM - 2026-07-16
هەندێک چرکەسات هەن، کات ناتوانێت لەگەڵ خۆیدا بیانبات، لە شوێنێکی نادیاری ناخماندا گیردەخۆن و ساڵانێک بێدەنگ دەمێننەوە، بەڵام هەر کات ئەڵوەن لە خەیاڵمدا زیندوو دەبێتەوە، یان بۆنی خاکی تەڕ لە پەنجەرەی بیرەوەرییەوە دێتە ژوورەوە، ئەو چرکەساتانە هەڵدەستن و وەک برینێک کە هێشتا زمانی خۆی لەبیر نەکردووە، دەست بە ئاخافتن دەکەن.
ئەمشەو یەکێک لەو چرکەساتانەیە، شەو لە دەرەوە بێدەنگە، بەڵام لە ناخی مندا بیرەوەرییەکان وەک کۆچبەرانی بێ ماڵ، یەک بە یەک ناوی ئەوانە بانگ دەکەن کە کات لێی دابڕیووم.
لە پشت پەنجەرەکەوە، شار بە نەرمی هەناسە دەدات، چرای ماڵەکان یەک بە یەک دەکوژێنەوە و خەڵک بەرەو باوەشی خەو دەڕۆن، بەڵام من لە دەرەوەی خەوم، لەگەڵ سێبەرێک دانیشتووم کە نازانم هی خۆمە، یان هی ئەو ئازیزانەیە کە لە رێگای تەمەندا لێم دابڕاون.
هەناسەکانم قورس بوون، لە ناخمدا ئاگرێک داگیرسا دووکەڵی نەبوو، لە چاوەکانمدا بارانێک کۆبووەوە کە رێگای بارینی لەبیر کردبوو. هەموو ئەو هاوارانەی نەمتوانی بیکەم، لە ناو سینەمدا گەڕان و بوونە دەنگدانەوەیەک، کە تەنیا رۆحی خۆم گوێی لێ دەبوو. دڵم دەیەوێت بگەڕێتەوە، نە بۆ ساڵێک، نە بۆ شارێک و نە بۆ پۆست و پایەیەک، تەنیا بۆ باوەشی دایکم «گەوهەر»، ئەو باوەشەی لە منداڵیدا هەموو جیهانی تێدا جێ دەبووەوە، شوێنێک کە ترس لەبەر دەرگاکەیدا رادەوەستا و خەم رێگای چوونە ژوورەوەی نەدەزانی.
دایە ئەمشەو نە هێزم دەوێت، نە دانایی، نە ناو و نە شکۆ، تەنیا دەمەوێت جارێکی تر سەرم لەسەر سنگت دابنێم و بڵێم: «ماندووم!» بەڵام کات بێ بەزەییانە فێر بووە، باوەشەکان دەبات و تاسەکانیان بۆ ئێمە بەجێدەهێڵێت، دەنگەکان دەکوژێنێتەوە و سێبەرەکانیان لە ناوماندا زیندوو دەکاتەوە.
لەو بێدەنگییەدا چاو دەبڕمە یار، لە دوورەوە، دوو چاوی پڕ لە عەشقی وەک دوو چرای دواکەناری شەو دەبینم. لە ژیاندا هەندێک چاو هەن، کە مرۆڤ بۆ گەڕانەوە بۆ لایان پێویستی بە رێگا نییە، تەنیا چاوەکانی دادەخات و لەناو رووناکییاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماڵەی کە هیچ کات کلیلەکەی لێ ون نابێت! بەڵام لەنێوان من و ئەو چاوانەدا، رێگایەکی درێژ لە بێدەنگیی کێشراوە، رێگایەک، وشەکان لەنیوەیدا ماندوو دەبن.
لە بیرەوەرییەکانمدا گەڕامەوە بۆ کەناری ئەڵوەن، رووبار هێشتا لە خەیاڵمدا دەڕژێت، بەڵام لەبەرانبەر ماڵی عەباس غەزاڵ، لە جەلەوە، دارخورمایەکم بینی. ئەو دارەی رۆژێک سێبەری بۆ منداڵیی من دروستکرد و لەرینەوەی گەڵاکانی، خۆش خۆش دەبوونە گۆرانیی! ئێستا وشک بووە، نە ئاوێک بۆ رەگەکانی دەچێت، نە سێبەرێک بۆ رێبوارێکی ماندوو، نە پەسارێک بۆ مەلانی لانەوازی. نزیک بوومەوە و دەستم لە قەدەکەی دا، سارد بوو، وەک دەستی کەسێک کە ساڵانێک چاوەڕوانی کردووە و کەس بۆلای نەگەڕاوەتەوە.
پرسیارم لێ کرد: بۆچی وشک بوویت؟ وەڵامی نەدامەوە، تەنیا چڵێکی مردوو لە قەدی وەری و لەبەر پێمدا کەوت.
لەو چرکەیەدا تێگەیشتم: دارەکانیش دەمرن کاتێک ئاو لە رەگەکانیان دەبڕێت، مرۆڤیش هێدی هێدی وشک دەبێت، کاتێک خۆشەویستی لە رۆحی دوور دەکەوێتەوە. لە خۆم پرسی: ئەگەر رۆح میوانێکی ئاسمانە، بۆچی لە ماڵی خاکدا هێندە هەست بە نامۆیی دەکات؟
لە قووڵایی بێدەنگییەکەوە دەنگێک هات، نە لە دەرەوە، بەڵکو لەو شوێنەی ناخمدا کە هێشتا چرایەکی تێدا دەسووتا، چونکە رۆح، هەرچەندە لە خاکدا رەگ دابکوتێت و ماڵ دروستبکات، هێشتا تاسەی ئەو رووناکییە دەکات کە پێش یەکەم هەناسە ناسیویەتی. لەوانەیە هەموو ئەم دڵتەنگییە، گەڕانی رۆح بێت بەدوای ئەو رووناکییەدا کە جارێک ماڵی بووە، لەوانەیە فرمێسک، بارانی ئاسمانێکی ونبوو بێت کە هێشتا پارچەیەکی لە ناوماندا بەجێماوە، لەوانەیە ئەو ئاگرەی لە دڵماندا دەسووتێت، نە بۆ سووتاندن، بەڵکو بۆئەوە بێت لە خۆڵەمێشی خۆماندا رێگای گەڕانەوە بەرەو رووناکی بدۆزینەوە.
بەڕاستی، من لە سۆز و خۆشەویستیی خێزانەکەم بێبەش نیم، بەڵام لە قووڵایی ناخمدا هەمیشە گۆشەیەک بۆ غەمی مرۆڤایەتی هەیە. لەگەڵ مەقامی ئەلاوەیسی، وێڕای فرمێسکی کەسوکاری ئەنفالکراوان و کۆنەبرینی واوەیلای کەربەلادا دەژیم. نازانم بۆچی هەندێک رۆح چێژێکی نهێنی لە غەمدا دەبینن؟ رەنگە هەموو چێژێک لە پێکەنینەوە نەیەت و هەندێک فرمێسکیش رۆح پاکبکاتەوە. لەو ساتانەدا رۆح دەبێتە فەرهاد و بە تیشەی بیرەوەری، شاخی خەفەت هەڵدەکۆڵێت تا لەژێر گابەردەکانی غەمدا کانیاوێک لە سۆز و خۆشەویستی بدۆزێتەوە.
ویستم ئەم هەموو غەمە بنووسمەوە، مۆبایلەکەم هەڵگرت و لە بەشی تێبینییەکاندا (Notes) لاپەڕەیەکی نوێم کردەوە. رووناکیی شاشەکە لە تاریکیی ژوورەکەدا وەک چرایەکی بچووک بەسەر رووخسارمدا دەڕژا، بەڵام پەنجەکانم لەسەر پیتی یەکەم وەستان و نەیانتوانی بجووڵێن.
دەمێ ساڵ بوو ئەم پەنجانە هەموو شتێکیان دەنووسی: خەون، خەبات، عەشق، دابڕان، شکست و هیوا. هەر وشەیەک کە لەسەر شاشەکە دەردەکەوت، پارچەیەک بوو لە تەمەن و بەشێک لە خوێنی دڵ، بەڵام ئەمشەو، لەبەر قورسایی ئەو شتانەی سەرەوە نەیانتوانی بنووسن، یەک بە یەک لە جووڵە کەوتن، پەنجەکانم شەهید بوون! نەک لە جەنگێکی دیاردا، بەڵکو لە شەڕێکی بێدەنگی نێوان دڵ و وشەدا، لە هەوڵی نووسینی غەمێک کە هیچ زمانێک توانای هەڵگرتنی نەبوو.
شاشەکە رووناک بوو، بەڵام پەڕەکە بەتاڵ مایەوە...ئینجا فرمێسک هات، نەك وەک دڵۆپ، بەڵکو وەک بارانێکی درەنگوەخت، بارانێک کە ساڵانێک لەپشت هەورەکانی چاوەکانمدا چاوەڕێ بوو. هەر دڵۆپێک ناوی کەسێک، شوێنێک، یان رۆژێکی لەدەستچوو بوو.
هەستم کرد رۆحم لە جەستەم جیا بووەتەوە و لە تەنیشتم دانیشتووە، پرسیم: بۆچی هێندە تەنیاین؟
رۆحم بە غەمێکی جەرگبڕەوە لە وەڵامدا گوتی: (چونکە ساڵانێک چرای رێگای ئەوانی تر بووین، بەڵام جارێک نەگەڕاینەوە بزانین ژووری ناو خۆمان چەند ساڵە لە تاریکییدا ماوەتەوە)!؟
ئەمشەو فێربووم تەنیایی ئەوە نییە کەست لە دەور نەبێت، بەڵکو ئەو شەوەیە کە دڵت پڕە لە ناوی ئەوانی تر، بەڵام هیچ کەسێک تۆ بە ناو بانگ ناکات، کاتێک هەزار دەرگا لە بیرەوەریتدا هەیە، بەڵام هیچ کامیان بەرەو باوەشێک ناکرێنەوە. ئێستا شەو بەرەو کۆتایی دەڕوات.
لە دوورەوە رووناکییەکی لاواز لەوبەری پەنجەرەکەوە دەردەکەوێت، بەڵام نازانم بەیانییە، یان دوا چرای بیرەوەرییەکانمە:
دارەخورماکە هێشتا وشکە
ئەڵوەن هێشتا لە خەیاڵمدا ماوە
باوەشی دایکم هێشتا دوورە
چاوی یار هێشتا دوو چرای پڕ لە عەشقە
پەنجەکانم لەسەر شاشەی
رووناکی مۆبایلەکەم بێجووڵە وەستاون،
وەک ئەوەی لە نێوان دڵ و وشەدا
رێگایان ون کردبێت.
پێش ئەوەی رووناکیی شاشەکە بکوژێتەوە، پەنجەکانم بۆ دواجار جووڵانەوە و نووسییان: (ئەگەر رۆژێک گەڕامەوە، لە من مەپرسن لە کوێ بووم، من لەناو خۆمدا ون بووبووم. ئەگەر فرمێسک لە چاومدا نەبینرا، وا مەزانن نەگریاوم، هەموو فرمێسکێک لە چاوەوە نابارێت، هەندێکیان لە ناو سینەدا دەڕژێن و بەرەو رەگەکانی رۆح شۆڕ دەبنەوە).
پاشان بێدەنگ بووم.
لە دەرەوە خۆرهەڵهات، بەڵام لە ناو مندا شەو هەر بەردەوام بوو. لەو چرکەساتەدا تێگەیشتم: مرۆڤ هەمیشە بە وەستانی دڵ نامرێت، هەندێکجار لەناو خۆیدا لە خۆشی دادەبڕێت و پاشان ساڵانێک بە جەستەیەکی زیندوو، بەڵام بە رۆحێکی پڕ لە بیرەوەرییەوە، لە نێوان خەڵکدا هەناسە دەدات.
وادیارە من شەوی رابردوو، تەنیا بیرەوەرییەک بووم لە خەیاڵدانی نیشتماندا کە هێشتا هەناسەی دەدا.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەزهەرى خالقی: مام جەلال و هێرۆخان خاوەنی جیهانبینییەکی قووڵی کلتووری بوون
04:34 PM - 2026-07-16 -
پەرلەمانتارێکى عیراق بڕیارى دوو ساڵ زیندانیکردنى بۆ دەرکرا
04:01 PM - 2026-07-16 -
شەش پرۆژەی نوێی وەبەرهێنان بۆ سلێمانی ئامادەدەکرێت
11:30 AM - 2026-07-16 -
25 ملیار دینارو 200 هەزار دۆلارو چوار کیلۆ زێڕی تر دەستیبەسەرداگیرا
10:31 AM - 2026-07-16
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک وەزیران ئیدانەی هێرشەکانی هەولێر دەکات
کوردستان 09:11 AM - 2026-07-16 -
ئەمڕۆ زۆرترین شوێن مووچە وەردەگرن
کوردستان 08:59 AM - 2026-07-16 -
مێشوولەی رەزاقورس
بیروڕا 10:50 PM - 2026-07-15 -
پەیکەرسازی نوێ، دیدی ڕەخنەگرانە
بیروڕا 10:45 PM - 2026-07-15 -
هەناردەی نەوتی عیراق زیادی کردووە
عیراق 10:11 PM - 2026-07-15 -
لیژنەی ئاسایش و بەرگری تاوتوێی هەمواری یاسای خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکات
عیراق 09:59 PM - 2026-07-15 -
قوباد تاڵەبانی بۆ هێزە ئەمنییەکانی گەرمیان: چاوکراوەتر لەجاران سەروماڵی هاووڵاتییان بپارێزن
کوردستان 09:20 PM - 2026-07-15 -
قوباد تاڵەبانی: یەکێتی رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت
کوردستان 08:28 PM - 2026-07-15




دابەزێنە

