قۆچەقانی داوود
بیروڕا 01:03 PM - 2026-03-30
داوود پێغەمبەر خاوەنی كتێبی ئاسمانیی (زەبور)، چەكێكی سادە و ساكاری هەبوو، تەقەمەنییەكەی تەنیا بەردێك بوو لە هەڵماتێك كەمێك گەورەتر، لە سلێمانی پێیدەڵێن قۆچەقانی، لە كەركوك پێیدەڵێن قەڵماسن، لە هەولێر و پشدەر، پێیدەڵێن بەردەقانی، بە هەورامی (پەڕوینە).
لە میسۆلۆجیای بەنو ئیسرائیلدا وا هاتووە، گوایە هیچ پاڵەوانێكی سەرزەمین دەرەقەتی دڕندە جالوت نەهاتبوون، كەچی داوودێكی لەڕولاواز بە یەك بەردی قۆچەقانی، لەسەری ئەو دڕندەیە دەدات و جالوتی زەبەلاح و کەتە دەخاتە سەرزەوی و پاشان بە شمشێرە ئەفسوناوییەكەی جالوت، سەری لە لاشەکەی دەكاتەوە، ئیتر لەدوای ئەم شەڕەوە، پێغەمبەر داوود دەبێت بە پاڵەوان و ناوبانگیی دەگاتە دنیا.
داوودی پێغەمبەر، پێشتر شاعیر و ئاوازدانەر و سروتبێژێکی دەنگخۆش بوو، کەم قسە و کەم دوو بوو، گۆشەگیریی ناو خوشك و براكانی بوو، كەسێكی هەست ناسكی نەرم و نیان بووە، بەڵام بۆ پایەداركردنی ئایین و (ئەنای باڵا)ی پێغەمبەرایەتی و دێواندن و كارێزماندن، ئەمڕۆ ئیسرائیل ئەو چەكە سادەیەی كوشندە کردووە و بەناویەوە ناونراوە (مقلاع داود)، ئەگینا هەروەك زۆربەی پێغەمبەرەكانی تر، ئەمیش هەر شوان بووە، پاشان دەبێت بە پاشا و ئەوسا بە پێغەمبەری بەنو ئیسرائیل.
ئێستا لە ئیسرائیل لە ساڵی 2017 ەوە سیستمێكی بەرگری مووشەكی خراوەتە كار، كە ناوەكەی لە بەردەقانییەكەی داوودەوە (مقلاع داود) وەرگیراوە، كارەكەی خستنە خوارەوە و تەقاندنەوەی مووشەكی مام ناوەند و بالیستی و درۆنەكانە، قۆچەقانی داوود دەكەوێتە نێوان هەردوو سیستمی گومەزیی ئاسن و دیواری ئاروون، واتە سێ سیستم هەن بۆ بەرگریی لە خاك و ئاسمان و هاووڵاتیانی ئیسرائیل، ئێمە باس لە دیواری دووەم و بەرد وەشاندنەكەی داوود دەكەین.. لەم سیستمەدا مووشەكێكی زۆر پێشكەوتوو بەكاردێنن بەناوی (stunner) گوایە وردبینی زیاتر و زۆرترە لە پێكانی موشەكەكاندا، بەڵام ئایا ئەم قۆچەقانییە 100% سەركەوتنی بەدەستهێنا؟؟ بێگومان نەخێر، ئەی ئەم بەردەقانیە تێچووی چەندە؟
ئەو بەردەی ناومشتی داوود تێچووی نەبوو، لەسەر زەوی هەڵیدەگرت و لەناو قەڵماسنەكەیدا دەیتەقاند، بەڵام موشەكەكەی داوود stunner نرخی تەقاندنەكەی 700.000 تا یەک ملیۆن دۆلارە بۆ هەر یەك موشەك، نرخی بنكە و سەكۆ و پاترییەكان و پێداویستی تەقاندنەكە 250 ملیۆن دۆلار تێپەڕدەكات.
ئەم هەموو تێچوونە، رەنگە بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەكێك بێت لە ئێرانەوە، یان لە باشووری لوبنانەوە، یان حوسییەكانی یەمەنەوە تەقێنرابێت، تەنها بڕی 300 تا 1000 دۆلاری تێچووبێت، كەواتە بەرگریكردن زۆر زیاتری تێدەچێت لە هێرشبردن، ئەوسا مەرج نییە پێكانیش رووبدات، هەموو رێگرییەك لانیكەم موشەكێكی گرانبەهای دەوێت و ژمارەی ئەم مووشەكە گرانبەهایانەش وردەوردە لە گەنجینەدا كەمدەبنەوە، بودجە و پارەوپولیش ئاچوغ دەبن، وڵاتیش مایەپووچ دەکەن.
با بپرسین: ئایا مووشەكە ستوونەرەكان تەنیا لەبەر فەلسەفەكەی داوود پێغەمبەر بەكاردێنن یان لە ناچاریدایە؟ چونكە ئەگەر رێگری نەكرێت زیان و زەرەری ماددی و دەروونی و لۆجستی زیاتر دەبن، وەك رووخان و تێكدانی سەربازگە و فرۆكەخانە و باڵەخانە و پشێویی دارایی، جگە لە زیانی مرۆیی و ژێرخانی ئابووری و شكاندنی شكۆ و هەیبەتی وڵات و نەمانی متمانە.
بە كورتی و كوردی ئەم موشەكانەی ئێستا هەرگیز بەقەد پەڕوینەكەی داوود كاریگەر نابن و نین، بەو هەموو تێچوون و پارەیەی خەرج كران، دەركەوت قۆچەقانییەكەی كە ناوچەوانی جالوتی تەقاند، لە مووشەكی ستوونەر و ئاروون و هەموو سیستمە بەرگرییە مۆدێرنەکەی ئیسرائیل کاریگەرتر بوو.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سیاسی: 92 ساڵەی دامەزراندنی حزبی شیوعی عیراق پیرۆزبێت
09:43 PM - 2026-03-30 -
مەکتەبی سیاسی پیرۆزبایی لە حزبی شیوعی کوردستان دەکات
09:36 PM - 2026-03-30 -
سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال: هەڤاڵ نوری پێشمەرگەی رۆژە سەختەکانە
05:00 PM - 2026-03-30 -
وەزارەتی خوێندنی باڵا رێکارەکانی خوێندنی ئۆنلاین بڵاودەکاتەوە
02:32 PM - 2026-03-30
زۆرترین خوێنراو
-
فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکات
عیراق 12:12 PM - 2026-03-30 -
خەباتی دیپلۆماسیی (شەریف پاشای خەندان) لە پێناو دەوڵەتی كوردستان
بیروڕا 11:18 AM - 2026-03-30 -
لیستى مووچەى مانگى ئازار رادەستى بەغداد کرا
کوردستان 10:54 AM - 2026-03-30 -
کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە
کوردستان 10:35 AM - 2026-03-30 -
168 هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
جیهان 09:34 AM - 2026-03-30 -
وادەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق دیاریکرا
عیراق 09:25 AM - 2026-03-30 -
وەزارەتی پەروەردە رێنماییەكانی خوێندنی ئۆنلاین بڵاودەكاتەوە
کوردستان 10:32 PM - 2026-03-29 -
پڕۆسەى خوێندن بەشێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام دەبێت
کوردستان 09:56 PM - 2026-03-29




دابەزێنە

