riklam

ئەبو وەڵات.. هێشتا كاتی ئەوە نەبوو سوارچاكەكە لەئەسپەكەی دابەزێت.!

بیروڕا 02:46 PM - 2026-03-12
هيثم مناع العودات

هيثم مناع العودات

لەساتە سەختەكاندا، مرۆڤ ساتە مرۆیی و سۆزدارییەكان بەبیر خۆی دەهێنێتەوە بۆ پاراستنی ڕۆح لە برین و ئازاری ڕووداوە پڕئازارەكان.

 ئێمە 11 كەس بووین لە شوقەیەكدا لە قاهیرە، وەك سەربازگەكانی دیدەوانی لەسێ ژووردا (خێمە) دەخەوتین و ژووری چوارەمیش بۆ پێشوازیكردن لە میوانەكان بوو، لەو ژووری پێشوازییەشدا، ئەبو وەڵات و ئەبو تەڵاڵ پێش هەمووان خەبەریان دەبووەوە، رەجا ئەلناسڕ هەڵدەستا بۆ ئەوەی پێش خۆرهەڵاتن فریای نوێژی بەیانی بكەوێت و ساڵح موسلیمیش لەپشت كۆمپیوتەرێكی لاپتۆپەوە دادەنیشت و چاودێری هەواڵی هەموو هەڤاڵێكی دەكرد لە دیمەشقەوە تا حەسەكە و كۆبانێ، ئەبو تەڵاڵیش نانی بەیانی ئامادە دەكرد، منیش لەگەڵ ئەبو مەجد (عەبدولعەزیز خەیر) دادەنیشتم و گفتوگۆمان لەسەر دیدارو ژوانەكانی ئەو رۆژە دەكرد، رۆژێكیان باڵیۆزی ئەمریكا هات بۆ سەردانمان، شوێنەكە و هەڤاڵەكانی بینی و پاشان بە ئینگلیزیی پێی گوتم: ئەمە بارەگاكەتانە لە قاهیرە؟

پێمگوت: سەرچاوەی دڵخۆشیی ئێمە ئەم كۆبوونەوەیەیە، عەدنان وەهبە پزیشكێكی پسپۆڕەو بە بەتانییەك خۆی دادەپۆشێت و دەخەوێت، كە نرخەكەی لە هەرزانترین نەشتەرگەرییەك، كە ئەنجامی دەدات كەمترە.

 خاوەن سمێڵەكانیش (ساڵح موسلیم) وازی لە ئارامكۆ (گەورەترین كۆمپانیای بواری وزەی سعودی) هێناوە لەپێناو ئازادی و كەرامەت بۆ هەموو سوورییەكان، لەكاتێكدا ساڵح موسلیم 12 ساڵ ئەندازیاری كیمیاوی بوو لەكۆمپانیای ئارامكۆ لە سعودیە.

ئەویش پێكەنی و گوتی: بانگهێشتی هیچ كەسێك مەكەن بۆ ئەم بارەگایەتان، بەلای ئێمەوە ئەم دیمەنە شۆڕشگێڕە كوبییەكانمان بیردەهێنێتەوەو ئەمەش لەڕوانگەی ئەمریكاوە شتێكی رادیكاڵانەیە.

 منیش پێكەنیم و ئەبو وەڵاتیش، كە بەباشی زمانی ئینگلیزیی دەزانی پێكەنی.

لە ژیاندا هەندێك دیمەن هەن، كە ون نابن و ناكرێت لەبیربكرێن،  لەوانەشە دیمەنی دووەم لە كاتی لەدەستدانی كوڕەكەی ئەبو تەڵاڵ و لەدەستدانی عەدنان و رفاندنی عەبدولعەزیز خەییر و پاشان رفاندنی رەجا ئەلناسڕو دواتریش شەهیدبوونی كوڕەكەی ئەبو وەڵات بووبێت، دوای دەمەقاڵێیەك لە مالاكۆڤ رستەیەكی پێ گوتم: هەڤاڵ، ئەوان یەك بە یەك ڕاومان دەكەن، ئاگات لەخۆت بێت و مەهێڵە من ببمە دوا شایەتحاڵ.

چەندین جار هاوڕابووین و جیاوازیی بیروبۆچوونیشمان هەبووە، بەڵام هاوڕێیەتی و پەیوەندییە مرۆییەكەمان بە جوانی و باڵایی مایەوە رێك، وەك رەوشتە بەرزەكانی دایكی وەڵات (ئوم وەڵات)، كە هەمیشە و تا ئێستاش نموونەی ژنی سووری و ژنی تێكۆشەری كوردە.

زۆر قورسە بۆ من دوای لەدەستدانی ئازیزترین و راستگۆترین خۆشەویستانم لە ماوەی 15 ساڵدا، ئەمڕۆ باس لە هەستەكانم بكەم لە كاتێكدا هەواڵی لەدەستدانی ئەبو وەڵاتم پێدەگات. 

ژیان بەرخودانە، ئەو هەمیشە بەبێ بێزاری و ماندووبوون ئەمەی دووبارە دەكردەوە، راستە و بێگومان وایە، بەڵام چەندە پڕ ئازاریت ئەی ئازادی.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket