دیدێک لەسەر بەرخودانی رۆژئاڤا
بیروڕا 01:10 PM - 2026-01-28
ساڵانێكە رۆژئاڤای كوردستان بووەتە تایتڵێكی جیهانی و لەماوەی ساڵانی رابردوودا، بەهۆی خۆڕاگری و نەبەردییەكانی لە بەرامبەر گەورەترین هێزی تیرۆریستی، لە بەرهەمهێنانی ئەزموونێكی خۆسەری و فۆڕمێكی بەڕێوەبردن، دۆست و دوژمنی زۆری بۆ پەیدابووە، دۆستەكان زۆرجار لە میحنەت و ئازاردا پشتیوان بوون، وەلێ نەیارەكانی لەبەرامبەر هەڵكشانی ئەو ئەزموونە دەستەوەستان نەبوون، هەر بۆیە لەماوەی یەك دەیەدا، گەلی كورد لە رۆژئاڤای كوردستان رووبەڕووی چوار شەڕی ترسناکی سەپێندراو بووەتەوە.
بەرخودانی رۆژئاڤای كوردستان بوو بە هەوێنی لەدایكبوونی خۆپیشاندانێکی خۆڕسك و فرەڕەنگی جەماوەری و فراوان لە هەموو پارچەكانی كوردستان
یەكەم: شەڕی سەپێندراوی تیرۆرستانی داعش بەسەر گەلی كوردستان لە رۆژئاڤا و ناوچە كوردنشینەكانی دیكەی سوریا.
دووەم: شەڕی سەپێندراوی میلیشیا و توندڕەوەكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە دژی گەلی كورد لەو وڵاتە.
سێیەم: شەڕی سەپێندراوی رژێمی رووخاوی ئەسەد لە دژی گەلی كورد لە سوریا.
چوارەم: شەڕی سەپێنراوی سوپای (ئەحمەد شەرع) و پاشماوەكانی داعش لە دژی كورد لە رۆژئاڤای كوردستان و ناوچە كوردنشینەكانی دیكەی ئەو وڵاتە.
وەلێ شەڕی ئەمجارە هەندێ جیاوازیی هەیە لەگەڵ هەر سێ شەڕەكانی دیكە کە بەشێوەی خاڵ جیاوازییەکان دەخەینەڕوو:
-(هەسەدە) لە هەر سێ شەڕەكانی پێشوودا، وەكو تاكە هێزی رۆژئاڤای كوردستان بە پشتگیریی هێزە نێودەوڵەتییەكان و چەند هێزێكی كەمی نیشتمانپەروەری پارچەكانی دیكەی كوردستان، بەرگریی لە گەلەكەی دەكرد و ئیدارەیەکی خۆسەریان پێکهێنا کە ئامێزی خۆی بۆ هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکەیان کردبووەوە، بەڵام ئێستا، واتە لە دوا شەڕی سەپێندراودا، بەبێ پشتگیریی هێزەكانی هاوپەیمانان و بە پشت بە خۆبەستن و پشتبەستن بە هێزە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان، كاروانی خۆڕاگری و بەرخۆدان بەرامبەر ئەو شەڕە درێژە، درێژەی هەیە.
-جیاوازییەکی دیکە، خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە لە شەڕە سەپێنراوەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمدا، پشتگیریی میدیایی و جەماوەریی کوردستان بۆ رۆژئاڤا لە ئاستی پێویستدا نەبوو، تەنها لەلایەن چەند لایەنێكی كەمی كوردستان بەشێوەیەكی ئاشكرا و راشكاوانە بەدی دەکرا، بەڵام لەم شەڕەدا، میدیا و جەماوەری كوردستان بەگشتی، لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات پاڵپشتیی رۆژئاڤای كوردستان دەكەن و یەكدەنگی و یەكدەستی لە روماڵەكان رەنگدەداتەوە.
-لە سێ شەڕەکانی دیکەدا، هۆزە عەرەبییەکان هاوخەبات و هاوسەنگەری هێزەکانی شەرڤانان بوون، بەڵام لەم شەڕە سەپێنراوەدا، نەک زۆربەی هەرە زۆریان پشتیان لە شەرڤانانی کورد کرد، بەڵکو دەسەڵاتی دیمەشق بە پشتگیریی ئەو هۆزە عەرەبانە زەنگی شەڕی سەپێنراوی مەترسیداری کارەساتباری لە دژی کورد لێدا.
-لە شەڕەکانی پێشوودا، یەکڕیزی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا لە رۆژئاڤا نەک نەبوو، بەڵکو هەندێک لایەنی رۆژئاڤا روڵی ئۆپۆزسیۆنێکی نەرێنییان دەبینی، بەڵام لەم شەڕەدا کوردانی رۆژئاڤا بە ئیرادەیەکی بەهێز و یەکێتییەکی نەتەوەییەوە بەرخودان دەکەن.
-بەهەمان شێوە لە باشووری کوردستان، هەموو لایەنەکان کۆک نەبوون کە لە رووی سیاسی و جەماوەری و میدیاییەوە پشتگیریی لە رۆژئاڤا بکەن، بەڵام لەم شەڕەدا کۆدەنگی و یەک ئیرادەیی هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخودانی رۆژئاڤا و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی شەڕی سەپێنراو، بەڵام هێشتا هەندێک دەنگی کەم هەن کە دیدگایەکی جیاوازیان هەبێت لەسەر دۆخی رۆژئاڤا و بەرخودانی نەتەوەیی کە لەدوای خستنەڕووی چەند پرسیارێک، ئاوڕێکی کورت لەو دەنگانە دەدەینەوە کە بیر و دیدگای جیاوازیان هەیە لەسەر دۆخی سوریا و شەڕی سەپێنراو لەدژی گەلی کوردستان.
-لەسەر شەڕی سەپێنراو ئەم پرسیارانە خۆیان نمایش دەکەن: کاتێک شەڕێکی سەپێنراو بەرۆکی میللەتێک دەگرێت، ئایا هیچ دەرفەتێك یان بژاردەیەكی دیكە دەڕەخسێت یان تاکە بژاردە بەرخۆدانە؟
-ئایا لە دۆخێکی مەترسیداری لەو شێوەیەدا، سیاسەتمەداران و نووسەران و رۆشنبیران و زانایانی ئایینی چی بکەن؟
-ئایا دەکرێت لە ساتێکدا کە مەترسیی لەدەستدانی خاک و قڕکردنی نەتەوەیەک لە لووتکەدا بێت، ئێمە رەخنە لە لایەنی خۆمان بگرین و کەم و کورتییەکانی خۆمان بخەینەڕوو، یان بەبێ جیاوازی دەست بە خەباتی هەمەجۆر بکەین بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە قڕکردن و هەوڵی دروستکردنی یەکێتییەکی نەتەوەیی بدەین؟
بەدڵنیاییەوە چاوپۆشی لە کەموکورتییەکان بکرێت و لە بەرخۆدانێکی پۆڵاییندا بەرگریی لە میللەتێکی مەزنی زوڵملێکراو بکەین و لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە بە چاوێکی بابەتییانە و رەخنەگرانەوە هەڵسەنگاندن بۆ رووداوەکان بکەین و کەموکووڕییەکان بخەینەڕوو. کەواتە هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەم کورددا نەبوو جگە لەوەی بەرخودان بکەن.
بۆیە گەلی کورد لە رۆژئاڤا وەك خۆیان دەڵێن شەڕی (مان و نەمان) دەكەن و دروشمی (ژیانێكی سەربەرزانە، یان مردنێكی سەربەرزانە) بەرزکراوەتەوە .
- وەلێ لەسەر ئەم شەڕە سەپێندراوە ژمارەیەکی کەم لە نووسەر و پیاوی ئایینی لە دوورەوە یان راستر بێژین لە باشووری کوردستانەوە، رەخنە لە (هەسەدە) و بەرخودانی رۆژئاڤا دەگرن و دەڵێن: «چما هێزەكانی هەسەدە گەیشتوونەتە (حەلەب) و هەندێک شار و شارۆچكەی دیکەی دەرەوەی سنووری جوگرافیای رۆژئاڤای كوردستان؟!». گەرەکە ئەو بەڕێزانە ئەو راستییە لەبەرچاویان زوولال بێت کە كاتێك شەڕێكی مەترسیدار بەسەر میللەتێكدا دەسەپێنرێت، پانتایی رەخنەگرتن زۆر بەرتەسک دەبێتەوە و هەموو تاکەکانی ئەو گەلە بە یەكڕیزی، دەست بە خەباتێكی هاوبەشی سیاسیی جەماوەری و میدیایی دەکەن بۆئەوەی شانبەشانی خەباتی چەكداریی، بەرخۆدان بکەن لەپێناوی دوورخستنەوەی مەترسییەكانی ئەو شەڕە، ئەگەریش قسەیەك هەبێت بۆ وتن، دەكرێت لەدوای كۆتایهاتنی شەڕەكە، هەڵسەنگاندن بۆ شەڕەكە و رووداوەكانی و کەموکورتییەکانی بكرێت.
-بەڵام کێن ئەوانەی کە رەخنە دەگرن؟ زۆربەی ئەوانەی رەخنە دەگرن، ئەوانەن کە بەهۆی دوورەدەستییەوە زانیاریی پێویستیان لەسەر جوگرافیای سیاسی و مێژوویی و ئەمنیی دەڤەرەكەیان نییە و بەرچاویان رۆشن نییە کە بەرخودانی رۆژئاڤا تەنها لەپێناوی یەک ئامانجدا نییە، بەڵکو لەپێناوی چەند ئامانجێکی سەرەکیدایە:
یەكەم: بەرخودان لەپێناوی پاراستنی خاكی رۆژئاڤای كوردستان.
دووەم: بەرخودان لەپێناوی پاراستنی گەلی کوردستان لە رۆژئاڤا و ئەو شار و شارۆچكانەی كە رێژەیەكی زۆری كوردیان لێیە و چوونی هێزەكانی هەسەدە بۆ (حەلەب و شار و شارۆچكەكانی دیكەی سوریا بۆ پاراستنی سەدان هەزار كورد بوو لە قڕكردن و لەناوبردن، بەتایبەتی لە سەردەمی پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردن و نەهێشتنی مەترسییەکانی داعش).
سێیەم: بەرخودان لەپێناوی دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی گەلی خۆیان و مافی پێکهاتە و کەمینەکانی دیکەی ئەو وڵاتە و هێنانەکایەی حکومەتێکی نوێی دیموکرات.
چوارەم: بەرخودان لەپێناوی سەرکەوتنی هزردانی فرەڕەنگ بەسەر بیری رەگەزپەرستی و تاریکخوازیدا.
بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە کارێکی ئاسان نییە و خەباتەکەشی بێ کەموکورتی و قوربانیدان نابێت، بەڵام راستییەکی مێژوویی هەیە کە (نا)کەی رۆژئاڤا بۆ تەسلیم بوون، دەیان ملیۆن (بەڵێ)ی بۆ بەرخودان بەدوای خۆیدا هێنا.
-هەرچەندە شەڕی سەپێنراو بۆ تاک بە تاکی گەلی کوردستان زۆر ناخ هەژێن بوو، بەڵام (نا)کەی رۆژئاڤا سەلماندی کە میللەتێکی مەزن لە پشتیانە و ئەو (نا)یە بووە هۆی لەدایکبوونی رقێکی پیرۆز لەناو ناخ و دڵی هەموو هاووڵاتیانی کوردستان و هەوێنی هێنانەکایەی خەباتێکی هاوبەشی سیاسی، جەماوەری، میدیایی گەلی كوردستان.
ئەم خەباتە هاوبەشە جگە لەوەی پاڵپشتییەكی گەورەی مەعنەوییە بۆ رۆژئاڤا، لەهەمان کاتدا سەرنجی جیهان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی بۆ مەزڵومییەتی گەلی كوردستان راكێشا و ئەو راستییەشی سەلماند كە هەرچەندە كورد هیچ دۆست و پشتیوانێكی نەبێت، بەڵام دەتوانێت بە یەكڕیزی و سیاسەتی پشتبەخۆبەستن و خەباتی هاوبەشەوە رووبەڕووی مەترسی و ئاڵنگارییەكان ببێتەوە.
-لەلایەکی دیکەوە بەرخودانی رۆژئاڤای كوردستان بوو بە هەوێنی لەدایكبوونی خۆپیشاندانێکی خۆڕسك و فرەرەنگی جەماوەری و فراوان لەهەموو پارچەكانی كوردستان و دەرەوەی وڵات كە ساڵانێكی دوور و درێژە گەلی كوردستان خۆپیشاندانی خۆڕسكی فرەڕەنگی فراوانی بەم شێوەیەی بە خۆیەوە نەبینیووە و خۆپیشاندانەكان لە (50) وڵاتی جیهان ئەنجام دەدرێن.
-هەروەك دەمێك بوو هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان بەم شێوەیە لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان كۆنەبوونەتەوە و هەڵوێستێكی هاوبەشیان نەنواندووە كە لە چوارچێوەی پەیامێكی رەسمیدا بڵاوی بكەنەوە، نموونەی (10) حزب و لایەنی سەرەكیی باشووری كوردستان كە لە پەیامێكی بوێرانە و راشكاوانە و بەرپرسیارانەدا پشتگیریی خۆیان بۆ رۆژئاڤای كوردستان دەرببڕن. ئەم یەكڕیزی و هەڵوێستە سیاسی، جەماوەری، میدیاییەی گەلی كوردستان و پەیڕەوكردنی سیاسەتی پشتبەخۆ و بەگەل بەستنە وایكرد كە لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان ئاوڕێک لە چاوپۆشییەکانی خۆیان بدەنەوە و باشتر لە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی شەڕەکە تێبگەن. بۆیە هەوڵێک هاتووەتە کایەوە کە دەخوازێت لە تەنیشت شەڕی سەپێنراوەوە دەرچەیەک بۆ دانوستان و ئاگربەست و گەیاندنی کۆمەک بۆ ئاوارەکان بکرێتەوە.
هەواڵی زیاتر
-
لەسلێمانی دابەشکردنی نەوت بەردەوامە
03:09 PM - 2026-02-07 -
کۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات
01:19 PM - 2026-02-07 -
ئەمریکا تۆمەتبارێکی دیکەی هێرشەکەی بەنغازی دەستگیر کرد
11:40 AM - 2026-02-07 -
باران بارین بەردەوام دەبێت
10:25 AM - 2026-02-07
زۆرترین خوێنراو
-
پارێزگاره كوردهكهی حهسهكه: بێ جیاوازی خزمهتی ههموو پێكهاتهكان دهكهین
کوردستان 02:36 PM - 2026-02-07 -
کۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات
کوردستان 01:19 PM - 2026-02-07 -
کوردێک دەبێتە ناوبژیوانى یاری کۆتایی کاسی ئاسیا
کوردستان 12:27 PM - 2026-02-07 -
ئەمریکا تۆمەتبارێکی دیکەی هێرشەکەی بەنغازی دەستگیر کرد
جیهان 11:40 AM - 2026-02-07 -
له ساڵوهگهڕی نهمریی نهجمهددین بیوككایادا
بیروڕا 11:03 AM - 2026-02-07 -
ئەم هەفتەیە دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت
کوردستان 10:33 AM - 2026-02-07 -
باران بارین بەردەوام دەبێت
کوردستان 10:25 AM - 2026-02-07 -
دوو منداڵ لە ڕانیە بەهۆی دووکەڵەوە خنکان
کوردستان 10:14 AM - 2026-02-07




دابەزێنە

