ئاگر نامرێت
بیروڕا 07:01 PM - 2026-01-26
ئەم دەنگە جڤاکییە کوردییەی لەم قۆناغە مێژووییدا بەرزبووەتەوە، تەنها جوڵەیەکی سیاسی نییە. ئەمە پرۆسەیەکی قووڵی هۆشیاریی نەتەوەیی و دەرکەوتنی ناسنامەیەکی نوێی کوردییە – هۆشیاری و ناسنامەیەک هیچ جۆرە سنوورێکی جوگرافی و سیاسی ناناسێ و پابەندی چ نەخشەیەکی دەستکرد نییە. ڕیشەکەی لە پرسی بنەڕەتی کورد بووندایە - ئێمە کێین؟ چیماندەوێت؟ چۆن بتوانین لەم واقیعە تاڵەی ئەمڕۆدا خۆمان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین؟
خۆپیشاندانەکان پرسیارێکی ئەخلاقی دەخەنە بەردەم ویژدانی جیهان. ئایا دەکرێت گەلێک داعشی بەزاندبێت و جیهانی لە تیرۆریزم ڕزگار کردبێت، دواتر بخرێتە سەر تەرازوی سەفاقات و ناو قوڕگی تیرۆریستانەوە لە فۆڕمێکی تردا؟ ئایا ئەو ژنانەی بوون بە سیمبۆلی بەرەنگاری دژ بە توندڕەوی دینی و ڕەگەزی، شیاوی ئەوەن ئێستا بکرێنە قوربانی توندڕەوییەکی دیکە؟ بەداخەوە، هێشتا جیهان و دەوڵەتانی خۆرئاوایی بێدەنگن لە ئاست ئەو ستەمەی لە کورد دەکرێت، هێشتا بێوڵام لەبەردەم ئەم پرسیارانە. بێدەنگی لەبەردەم ستەمدا، بێوڵامی ئەم پرسیانە، هاوبەشییە لەگەڵ ستەمکاردایە و دەبنە ئازار لە ویژدانی کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییدا. هەر بۆیە کاریگەرن و سەرئەنجام ناتوانرێ بەرچاو نەگیرێن.
ئەم یەکگرتوییەی ئەمڕۆ دەیبینین، یەکگرتوویی جڤاکی و نیشتمانییە. خەڵکی ئاسایی لە شەقامەکاندا بڕیاریانداوە دەنگ بەرز بکەنەوە. ئەمە خۆی شۆڕشێکی نوێترە لەناو مێژووی بزووتنەوەی کوردیدا، سەلمێنەری پێچەوانەی ئەو گۆزارشتکردنە بنەڕەتییە خۆرئاوا ئیدیعای دەکرد. دیموکراسی تەنها دەنگدان نییە، بەڵکوو بەشداریی ڕاستەقینەیە لە بڕیاردان. یەکسانی ڕەگەزەکان تەنها دروشم نییە، پراکتیکێکی ڕۆژانەیە. ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مرۆیی بەبێ دەوڵەتی ناوەندی شتێکی مومکینە. ئەم ڕاستییانە ئێستا لە شەقامەکاندا ڕوونتر و بەرچاوتر دەردەکەون.
کاریگەری ئەم یەکگرتوییە کوردییە لەسەر سیاسەتی دەوڵەتانی هەژمونگەر ڕەنگە دەستبەجێ نەبێت. ئەوان بەرژەوەندییەکانیان بە ئاسانی ناگۆڕن، کاریگەرییە ڕاستەوخۆکە لەسەر کورد خودی خۆیەتی، لەسەر هۆشیاریی نەتەوەیی و یەکپارچەیی و دەرونییە جڤاکییەکەی. کاتێک کوردێک لێرە لەگەڵ کورد ڕۆژئاوا و باکوری و ڕۆژهەڵات لە شەقامەکانی ستۆکهۆڵمدا پێکەوە هاوار دەکەن و دەنگ بەرز دەکەنەوە، شتێکی مەزن ڕوودەدات. سنوورە دەستکردەکان دەشکێن - ئەو سنوورانەی بۆ دابەشکردنی کورد کێشرابوون. سەدەیەک زیاتر هەوڵدەدرێ کورد لە یەکتری جیابکەنەوە. ئەمڕۆ ئیدی ئەو هەوڵانە شکستیان خواردووە.
شۆڕشەکان مەوج مەوجن. هەڵدەکەن و دادەکەون. بەڵام هەر مەوجێک شتێک بەجێ دەهێڵێت. شۆڕشی فەڕەنسا شکستیهێنا - ناپۆلیۆن هات و پاشایەتی گەڕایەوە، بەڵام بیرۆکەی هاوڵاتیبوون و یەکسانی لەبەردەم یاسادا نەمرد. شۆڕشی ڕووسیا چەندین قۆناغی تێپەڕاند و کۆتایی هات، بەڵام بیرۆکەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نەمرد. شۆڕشی ڕۆژئاواش ڕەنگە دووچاری پاشەکشێیەکی سەربازی بکرێت، بەڵام ئەو بیرۆکەیەی دروستیکردووە بۆ هەمیشە نەمر دەمێنێتەوە.
ئەوەی ڕۆژئاوا بۆ جیهانی هێنا ئەمەیە: دیموکراسیی ڕاستەقینە لە شوێنێکدا مومکینە هەموان وایان دەزانی نامومکینە. ئەم وانەیە گرنگترە لە هەر سەرکەوتنێکی سەربازی. بیرۆکەکان بە تانک و تۆپ و تەیارە ناکەون. دەکرێت خاک داگیر بکرێت، بەڵام هزر داگیر ناکرێت. ئەم هزرە ئێستا لە هەست و نەست و مێشکی میلیۆنان کورد لێرە، لەوێ و لە دیاسپۆرا هەیە. ئەمە سەرمایەیەکە هێندە مەزنە هیچ سوپایەک ناتوانێت تێکیبشکێنێت و بیسڕێتەوە.
دیمەنی ژنانی کورد لە توکیۆ و سیدنی و لەندەن، کاتێک قژیان دەهۆننەوە، دیمەنێکی مەزنتر نیشان دەدان. نەتەوەیەک گەیشتووە بەو هۆشیارییەی ئیدی ناتوانرێ خامۆشبکرێتەوە. شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ئاگرە. ئاگر نامرێت. ئەمە زەنگی سەرکەوتنە.
هەواڵی زیاتر
-
لەسلێمانی دابەشکردنی نەوت بەردەوامە
03:09 PM - 2026-02-07 -
کۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات
01:19 PM - 2026-02-07 -
ئەمریکا تۆمەتبارێکی دیکەی هێرشەکەی بەنغازی دەستگیر کرد
11:40 AM - 2026-02-07 -
باران بارین بەردەوام دەبێت
10:25 AM - 2026-02-07
زۆرترین خوێنراو
-
پارێزگاره كوردهكهی حهسهكه: بێ جیاوازی خزمهتی ههموو پێكهاتهكان دهكهین
کوردستان 02:36 PM - 2026-02-07 -
کۆسرەت رەسوڵ عەلی پیرۆزبایی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات
کوردستان 01:19 PM - 2026-02-07 -
کوردێک دەبێتە ناوبژیوانى یاری کۆتایی کاسی ئاسیا
کوردستان 12:27 PM - 2026-02-07 -
ئەمریکا تۆمەتبارێکی دیکەی هێرشەکەی بەنغازی دەستگیر کرد
جیهان 11:40 AM - 2026-02-07 -
له ساڵوهگهڕی نهمریی نهجمهددین بیوككایادا
بیروڕا 11:03 AM - 2026-02-07 -
ئەم هەفتەیە دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت
کوردستان 10:33 AM - 2026-02-07 -
باران بارین بەردەوام دەبێت
کوردستان 10:25 AM - 2026-02-07 -
دوو منداڵ لە ڕانیە بەهۆی دووکەڵەوە خنکان
کوردستان 10:14 AM - 2026-02-07


.jpg)

دابەزێنە

