riklam

كوردبوون

بیروڕا 01:05 PM - 2026-01-26
کاروان ئەنوەر

کاروان ئەنوەر

لە ساڵی 2019 کە سەردانی ئەفریقام کرد، زۆر خولیام بوو بزانم ناوی کوردیان چۆن بیستووە؟؟ لە چەندین کەسم پرسی، بەداخەوە ھەر نەیانبیستبوو، بەڵام نووسەر و رۆشنبیر و میدیاکارەکانیان لە ناوی (ھەڵەبجە و شەنگار و کۆبانێ)وە، پێناسەی کوردیان بۆ دەکردم، بڕوانن ئەو سێ ناوە، ھەموویان پڕن لە تراژیدیا و خوێنلێچوون و نەھامەتی، ھەر سێ ناوەکە پڕن لە خەم و فرمێسک و رۆح کێشانی مرۆڤی بێتاوان و فریشتە ئاسا!!

کوردبوون نە لەعنەتە، نە نەعرەتەیە، نە گوناهە و نە تاوان، ئەگەر بە كوردی لە دایك ببیت، ئیتر كوردیت و كوردبوون دەبێتە نەتەوە و تۆش دەبیتە هەڵگری ناو و بیر و هۆش و خەم و خولیای كوردایەتی.

حەز دەكەم پرسیارێك لە خۆم و لە ئێوەش بكەم:
باشە كوردبوون لە سەدەی بیست و یەكەمدا تاوانە یان مەترسییە بۆ سەر كەس و دەوڵەت و نەتەوە و میللەتانی تر؟

لەم سەرزەمینە، بە هەزاران میللەت و نەتەوە و بیروباوەڕ و ئایین و ئایینزا و گاپەرست و بێ دین و شتی سەیر و سەمەرە لێوان لێوی زەوین، من كەسیانم نەبینی دژایەتی بوون و دروستبوونیان وەك كورد بكرێت!!
 كەسم نەدی بە قەد كورد ئازا و جەربەزە و دڵسۆز و شەڕكەری باش و خاوەن دین و ئیمان و باوەڕبوون بە قیامەت و زیندووبوونەوە بێت!! هیچ میللەتێك بەقەد كورد شانازی بە كوردبوونی خۆیەوە ناكات، بە مێژووەكەی و ئایینەكەی و زمانەكەی و خاك و ئاشتی كوردستانەكەی، لە هەموو مێژووی ئێمەدا، تاكە هێرشێك لە كوردەوە نەكراوەتە سەر هیچ كەس و میللەتێكی تر، بەڵكو هەمیشە لە حاڵەتی بەرگری بووە و كاری كوردیش هەمیشە شەڕکردن بووە بۆ لەدەستنەدانی خاک و ناسنامەکەی.

كەواتە ناوی كورد ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا بە میللەتی زوڵملێكراو، شكێنراو، پەرتەوازەكراو ناسراوین، ئیتر بۆچی كوردبوون تاوان و کارەسات بێت.

 كوردبوونی ئەمڕۆ لە كۆی 45 ملیۆن مرۆڤ و دابەشكردنمان بەسەر پێنج وڵاتی جیاوازدا، لە زمان و ئایین و كەلتور و مێژوو کە فارسەکان نەبێت ھەر چواریان  ھەزاران ساڵ دوای ئێمە پەیدابوون، ئێمە خاوەنی زەوی و زمان و ئایین و نەتەوە و کەلتورین كە مەرجەكانی دروستبوونی دەوڵەتن، تەنها ئێمە و فارسەکان هەموو مەرجەكانی دەوڵەتبوونمان هەیە و هێشتا کوردی بێ وڵاتین، هێشتا بە یەك فەرمانی كۆنە بازرگانێك ئەزموونی چەندین ساڵە و خوێنی هەزاران كەسمان دەكەوێتە بەر شاڵاوی فەوتان و لەناوچوون و كۆنە بازرگانێكی تری تازە پێكەوتوو سیاسەتی حوكمی تێڵا و گێزەر لەسەر كۆنترین میللەتی سەر رووی زەوی پەیڕەو بكات.

زۆر نەنگییە بۆ مرۆڤایەتی، كوردبوون لە سەدەی 21دا مەترسی لەسەر بێت، میللەتێك دووچاری قڕكردن هات لە كۆتاییەكانی سەدەی رابردوو بە كیمیاباران و لەناوبردن و ئەنفال و زیندەبەچاڵ كردن و تەعریب و تەرحیل و تەهجیر و سێدارە و هەموو شێوازەكانی لەناوبردن، کەچی تاڵێ مووی سەری كەس رانەپسكا، بەڵام كە هاووڵاتییەكی ھەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیا لە عیراق لە سێدارە درا، هەموو دنیا خرۆشا و ئەوسا ناوی كورد وەک شەڕکەری ئازا كەوتەوە ناو ناوان، ئەمڕۆ لە رۆژئاڤا بە بەرنامە قەتڵ و عام و سڕینەوەی ناسنامە و ناوی كورد لە خاكێكدا دەکەن، كە خاكی کوردان بوو، بەڵام لە 1961 دا بیرۆکەی (المکتوم) کە کارنامەی سڕینەوە بوو داڕێژرا، لە 1966 کارنامەکە کرا بە پرۆژەو ناونرا پشتێنەی عەرەب (الحزام العربی)، ئەم پرۆژەیە لە 24 حوزەیرانی 1974 جێبەجێ کرا بە درێژایی 300 کلم سنووری نێوان باکوور و رۆژاڤای وڵات سیخناخ کرا، بە خێزانی عەرەبی رەققە و دیرەزور و زەوی و ناوی کورد و رەگەزنامە و کەلتور و کەسایەتی کوردیان ژێراوژوور کرد و دیمۆگرافیای خواکردیان شێواند و تانوپۆی عەرەبیان بە سەدان دومەڵی دەستکرد چاند و کایەیەکی ھێندە نامرۆڤانەیان خوڵقاند، کورد لەخاکی خۆیدا بێگانە بێت و بێگانەش خاوەن ماڵ بێت.

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket