riklam

بێدەنگی میدیا، دادپەروەریی و ئومێد دەكوژێت

بیروڕا 01:20 PM - 2026-01-24
هەڵمەت هۆشیار

هەڵمەت هۆشیار

 لەسەردەمێكدا كە چاوی كامێراكان هێندەی چەك ڕۆڵیان هەیە لە جەنگەكاندا، بێدەنگی میدیا تەنها بە ئامادەنەبوو هەژمار ناكرێت، بەڵكو دەگۆڕێت بۆ كردەیەكی سیاسی و ئەخلاقی مەترسیدار. 

ئەوەی لەرۆژئاڤا روویداو روو دەدات، نمونەیەكی بەڵگەنەویستە كە بێدەنگی میدیا چەند بكوژە! بكوژە نەك بە چەك، بەڵكو كاتێك تیشك ناخاتە سەر تاوانەكان، قوربانییەكان لە تاریكیدا دەهێڵێتەوە.

رۆژئاڤا كە لە ساڵانی رابردودا ئەزمونێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی كەم وێنە بوو لە هەناوی ململانێكانی سوریادا، تەنها رووبەرووی بۆردمانی سەربازی و گەمارۆی ئابووری نەبووەیەوە، بەڵكو گەمارۆیەكی میدیایی سەختیشی لەسەرە، ئەم گەمارۆیە رێكەوت نییە، بەڵكو بەرئەنجامی راگرتنی هاوسەنگییە لە نێوان هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان، ئەم گەمارۆیە وایكردووە نەهامەتی دانیشتوانەكەی لەلایەن دەزگا میدیاییە زەبەلاحەكانی دونیاوە پشتگوێ بخرێت، چونكە كاتێك ڕاستی پێچەوانەی بەرژەوەندی زلهێزەكانە، ئەوا ئیدی لە ژێر داروپەردووی بێدەنگیدا لە گۆڕدەنرێـت.

بە پێی مانا و بنەما زانستییەكان، دەبێت راگەیاندن چاو و ویژدانی كۆمەڵ بێت و رووداوەكان وەكو خۆی بگوازێتەوە، پێشێلكارییەكان بخاتە روو، ببێتە دەنگی ئەوانەی دەنگیان ناگات، بەڵام لە رۆژئاڤا میدیا شكستی هێنا، (شكستێكی مەبەستدار) لە بینینی ئەو رۆڵەدا.

 هەندێ رووداوی بچوك گەورە دەكرێن لەبەر ئەوەی خزمەتی ئەجێندایەكی سیاسی تایبەت دەكات چەندین رووداوی دیكە پشتگوێ دەخرێن یان بچوك نیشاندەدرێن تەنانەت ئەگەر كارەساتی مرۆیی گەورەش بن.

بێدەنگی میدیا لە كاتی بۆردمان و راگواستنی زۆرەملێ و پێشێلكاریی بەرامبەر مافی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەمە مانای نەبوونی زانیاری میدیایی ناگەیەنێت، بەڵكو پشتگوێخستنی بابەتەكەیە بە مەبەست، ئەو تاوانەی تۆمار و ئیدانە ناكرێن، ئەو خوێنەی نابینرێت و رایگشتی ناجوڵێنێ، كاتێك تاوانێك بە بێ فشاریی میدیایی و ئەخلاقی تێپەڕێت، دووبارە بوونەوەی تاوان ئاسایی دەبێتەوە و دەبێتە هاندەریی بەردەوامی، ئەمە مەترسییە گەورەكەیە. 

لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە ئەم بێدەنگییە ببێتە پاڵنەری بەلارێدابردن و شاردنەوەی تاوانەكان.

لە كاتی ئامادەنەبوونی میدیای پیشەییدا، چیرۆكی رووداوەكان بە دەست و پەنجەی بەهێزەكان دەنوسرێتەوە، هۆشیاریی گشتی بە پێی گوتارێك لە قاڵب دەدەرێت كە رەوایەتی بە توندوتیژی دەدات و لە راستیی خاڵی دەكاتەوە و بە پێی تێپەڕینی كات كارەساتەكان دەگۆڕێن بۆ ژمارە و قوربانییەكان لە پەراوێزدا باس دەكرێن و راستییەكان شۆكهێنەر نابن. 
 
ناتوانین ئەم بێدەنگییە لە بەرژەوندییە سیاسی و ئابورییەكان جیابكەینەوە، زۆرێك لەدەزگاكانی راگەیاندن كەوتونەتە ژێر فشاریی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، یان پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان لە راستی پێ لە پێشترە.
لێرەوە پرسیارێكی ئیتیكی گرنگ دێتە پێش: ئایا راگەیاندن گوێزەرەوەی راستییەكانە یاخود هاوبەش لە ساختەكردنیدا؟ ئایا دروشمی بێلایەنی پاساو دەداتە میدیا تاكو چاو لە ئاستی كوشتن و ڕاگواستن دابخات؟

شكاندنی بێدەنگی میدیا لە رۆژئاڤا تەنها بابەتێكی فكری نییە، بەڵكو پێویستییەكی مرۆییە، روماڵێكی دادپەروەرانە مانای لایەنگیری ناگەیەنێت، بەڵكو دەستكەوتێكی مرۆیی پیرۆزە، هاوكات پاراستنی یادەوەریی بەكۆمەڵە لە لەبیرچوونەوە، چونکە کاتێک کارەساتەکانی گەلان لە گێڕانەوەی گشتیدا دەسرێنەوە، ئیتر بەهەمانشێوە مافەکانیانشیان پێشێل دەكرێت.

 لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین: فیشەك تەنها كەسێك دەكوژێت، بەڵام بێدەنگی میدیا راستییەكان ئاوەژوو دەكات و دادپەروەریی و ئومێد دەكوژێت. 

 كاتێك لە ئاست رۆژئاڤا میدیا بێدەنگ دەبێت، مانای ئەوە نییە پابەندە بە بێلایەنییەوە، بەڵكو زۆر بەروونی دەچێتە ریزی ئەوانەی لە تاریكدا وەستاون، بەڵام كاتێك میدیای ئازاو ئازاد، بە بوێرییەوە دەدوێت، بە تەنها واقعیك ناگۆرێت بەڵكو رێگریی دەكات لەوەی تاوانێك بەبێ ناو و بەبێ یادەوەریی تێپەڕێت.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket