پێگە بەهێزەکەی سەرۆك مام جەلال
بیروڕا 09:47 AM - 2025-12-18
لە 18 ی کانون دا ، پێگە بەهێزەکەی سەرۆك مام جەلال زیاتر بەرجەستە بو
راستە سەرۆك مام جەلال لە شەوی 17ی کانونی یەکەمی 2012 دا توشی جەڵتەی دەماغ بو ، بەڵام سەرلەبەیانیەکی زوی سێ شەممە هەژدەی کانونی یەکەم، هەواڵێکی پڕ داخ و ئەسەف بوە دەسپێکی ئەو رۆژەی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ، لە وڵاتانی تری جیهانیش بەرەبەیان یا نیوەشەو و شەوێکی پڕ لە دڵەراوکێ و نیگەرانیی بو بەلای سیاسەتمەداران وناوەندەکانی بڕیار بەدەست و کەناڵە دیپلۆماتییەکانەوە .
نەخۆشییە لەناکاوەکەی سەرۆك مامجەلال بومەلەرزە ئاسا نەك هەر ناخ هەژێن بو ، بەڵکو بارودۆخ هەژێنیش بو.
ساڵی رابردو وردەکاریی زۆری کاردانەوەکانی ئەو بەیانییەم خستە رو کە تیایدا هەواڵی نەخۆش کەوتنی سەرۆك لە سایتی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقەوە بڵاو کرایەوە .
ئەمساڵ دەمەوێت هەر بەتەنیا قسە لەسەر دیمەنە ناخۆش و غەمبارییەکان نەکەم بەڵکو ئەو ئاسەوارانە بخەمە رو کە نەخۆش کەوتنی سەرۆك مامجەلال جێی هێشت لەسەر رەوتی روداوەکان .
ئاخر سەرۆك مامجەلال تەنیا یەك لایەنی ژیانی نییە کە لەبارەیەوە بدوێیت ، بەڵکو ئۆقیانوسێکە کۆتایی نییە، تا بچیتە نێو قوڵایی فیکر ، ئەزمونە سیاسیی و دیپلۆماتییەکەی و هەڵوێست و خەباتەکەی هەر خاڵ و زانیاریی تازەت بەرچاو دەکەوێت .
راستە وەك فەخامەتیان هەمیشە دوپاتی کردوەتەوە ئەو گۆچانی سیحریی پێ نییە لە شەو و رۆژێکدا بارودۆخەکە بگۆڕێت بەو جۆرەی دڵمان دەیخوازێت ، بەڵام سەنگ و پێگە سیاسیی و مێژوییەکەی ببونە فاکتەرێك کە نەك تەواوی کۆمەڵانی خەڵك ، بەڵکو هێزە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان ، هێزەکانی ناوچەکەو جیهانیش ئومێدێك هەڵ بچنن ، کە ئەگەر ئاشتییەکی سەرتاسەریی و تۆکمەش نەیەتە ئاراوە ، لانی کەم ناکۆکەکان و دژەکان جاروبار پێکەوە دابنیشن ، ئەگەر هێزە ئیقلمیی و جیهانییەکان بەرژەوەندییەکان بەریەکتریش بکەوێت و ناتەباش بن ، بەڵام عێراق نەکەنە مەیدانی ململانێ و جەنگەکانیان ، ئەگەر باری ئابوریی داتەپیوی (پشتبەستو تەنیا بە داهاتی نەوت )بەو جۆرەش نەبوژێتەوە کە داوای دەکەین ، بەڵام جۆرێك لە بوژانەوە و وەبەرهێنانی بەخۆوە بینی ، ئەگەر دەستوەردانە ناوچەیەکانیش بنبڕ نەبوبن ، ئەوا سەربەخۆیی بڕیار بگەڕێتەوە بۆ عێراق خۆی ، ئەگەر ململانێ و ناکۆکیی دەیان سەدەی رابردوی نێوان شیعە و سونەش چارەسەر نەبێت ، ئەوا جۆرە هاوبەشییەك لە حوکمڕانیی و تێگەیشتنێکی سیاسیی لە نێوانیاندا بێتە کایەوە کە کەمێك ناکۆکییەکان سڕ بن ، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان شەڕی براکانیش بەتەواوی چارەسەر نەکرابێت ، خۆ ئاشتییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دروست ببو کە بۆ ئێجگاریی کۆمەڵانی خەڵك تارمایی شەڕ ، هەژاریی ،نەداریی و ئاوارەیی یان لەبیر بچێتەوە ، ئەگەر مەترسییەکانی تێرۆر بە ناوە جیاجیاکانییەوە لە رەوینەوەشدا نەبێت ، ئەوا راستەوخۆ هەڕەشە نەبن لەسەر تەواوی ژیانی دانیشتوان ،(وەك ئەوەی کە ساڵی2014 لە موسڵ وشەنگال بینیمان) ، ئەگەر گەندەڵیی رەگ و ریشەشی دەرنەهێنرابێت، ئەوا لە حاڵەتەوە نەبێتە دیاردە، بە کورتیی ئەگەر سەرۆك مامجەلال نەخۆش نەکەوتایە و دواتر جێی نەهێشتینایە، هیچ کام لەم دیمەنە نەرێنی و دزێوانەی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی ،ئەمنیی ، ئابوریی، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی لە وڵاتەکەماندا نەدەبینران !.
ئەو روانینە هەر گوزارشت لە بەندە خۆم ناکات، گوزارشتی گەلی کوردستان وعێراقە بە بیروبۆچونە جیاوازەکانیانەوە، روانینی ناوەندە سیاسیی ،حکومیی ،دیپلۆماتیی و هێزە دیموکراتخوازەکانی ناوچەکە و جیهانیشە . ئەوەبو لە رۆژی سێشەمە18ی کانونی یەکەمی 2012و رۆژانی دواتریش .هەمو کەناڵە جیهانییە جێ باوەڕەکانی ئەو سەردەمە هەواڵەکەیان کردبوە سەردێر ، بەدواچونی بەردەوامیان هەبو ، هەر دوای یەکەم لێدوانی بەندە سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی سەرۆك بۆ (العراقیە) ،ئاژانسی ئەنادۆڵ و بی بی سی ، مۆبایلەکەم وەستانی نەبو لە هەمو لایەکەوە پەیوەندییان پێوە دەکردم تا دوایین گۆڕانکاری باری تەندروستیی سەرۆكیان پێ بڵێم ، تەنانەت چەند کەناڵێکی دیپلۆماتیش ویستیان لەزاری بەندەوە دوایین هەواڵ بزانن .
ئاخر سەرۆك مامجەلال رۆڵ و سەنگ و پێگەیەکی جیا لە ئاسایی هەبو کە لە ئاستیی جیهانیشدا بێ وێنە بو.
ئەگەر بە بروسکە و لێدوانەکانی سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان ،عێراق ،ناوچەکە و جیهاندا بچینەوە لە سەرۆك مەسعود بارزانییەوە تا سەرکردەکانی تری کوردستان وعێراق و ناوچەکە و تا دەگاتە سەرۆك ئۆباما و سەرکردەکانی ئەوروپا ، هەست دەکەین و ئەو راستییەمان لا بەرجەستە دەبێت کە ئەو پەرۆشییە بۆ باری تەندروستیی و چاوەڕوانیی بۆ هەواڵی بەردەوامیی ژیانی سەرۆکی وڵاتێك ئاماژەیە بۆ پێگەی بەهێزی سەرۆك مامجەلال لە هەمو ئاستەکاندا (کە بۆ هیچ سەرۆك و سەرکردەیەکی تر نەبینراوە) .
ئاماژەیە بۆ ئەو خەسڵەت و ئەزمون دیدەییەی بەڕێزیان کە وایکردوە جیاواز بێت لە هەر سەرۆك کۆمار و سەرکردەیەکی تر ، ئاماژەن بۆ سەنگ و قورسایی مامی گەورەمان لە گۆڕینی رێڕەوی روداوەکان و وەرچەرخانە سیاسییەکاندا (بەو جۆرەی کە خۆی روداوی دروست دەکرد).
نەخۆشکەوتنە قورسەکەی ئەو ساڵەی مامجەلال ، تەنیا لای سیاسییەکان مایەی نیگەرانیی نەبو ، بەڵکو لە ئاستیی جەماوەرییش کاردانەوەی هەبو . لێدوانی خەڵك بۆ کەناڵەکان لەو رۆژەدا بەڵگەی زیندون کە سەرۆك مامجەلال چەندە مەزن بوە لای تەواوی جەماوەری وڵاتەکەی ، نهێنی ئەو خۆشویستنەشیان هەر لەو روانگەیەوە بوە کە تاکە سەرۆك بوە لە ناوچەکەدا بە راستیی ژیانی خۆی تەرخانکردوە بۆ ئەوەی خەڵك بێ جیاوازیی لە خۆشگوزەرانیی، ئارامیی ، ئاسایش ، ئازادیی و دیموکراسیی بێ بەش نەبن .
چەندین کێشە و ململانێ لە ئارادا بون ، ئەگەر دانایی و پراگماتیی سەرۆك مامجەلال نەبوایە ،عێراق و ناوچەکە دەکەوتنە لێواری ترسناك .هەر بۆیە نەك سەرکردە کوردستانی و عێراقییەکان ، بەڵکو ناوچەیی و جیهانییەکانیش بە پێویستیان دەزانی راوێژی پێ بکەن و روانینەکانی بزانن .
سەرۆك مامجەلال سیاسەتمەدار و دیپلۆماتێکی واقیع بین بو ، بۆیە هەمیشە بە تەگبیر و بەکارهێنانی باشترین رێگە ، بیری لە چارەسەرکردنی هەرکێشەیەك دەکردەوە .
سروشتی عێراق و ناوچەکە وا هەڵکەوتوە کە هەرگیز بێ کێشە نەبوە ، کەچی سەرۆك مامجەلال هیچ کاتێك بەشێك نەبوە لە کێشەکان بەڵکو چارەسەرکەریان بوە ، ئەوەش نیشانە و هێمایە بۆ پێگەی بەهێز و سەنگە سیاسییەکەی تا هەموان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان روی تێ بکەن ،هەر لەو روانگەیەشەوە بوە کە هەمویان بەڕێزیان وەك پارێزەری خۆیان بزانن .بەڵگەی ئەو نمونانەش لێدوان و بروسکەکانی ئەو رۆژگارەیە کە هەموی بە پەرۆشیی جدییەوە چاوەڕێی هەرچی زوتری چاك بونەوەی بون ، بروسکە و لێدوانەکانی تەواوی گەورە لێپرسراوان هەموی پڕن لەو راستییانەی کە لە ماوەی ئەو دەساڵەدا سەرۆك مامجەلال چ رۆڵێکی مەزنی بینیوە لە هێنانە کایەی کەش و هەوای لەبار بۆ سەرخستنی دیالۆگی سیاسیی لە ناوچەکەدا و بنیاتنانی عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵی یەکگرتوی سەربەخۆ و تیایدا ئاشتیی و ئاسایش بەرقەرار بێت ، بەو جۆرەی سازانی بەرژەوەندیی وڵاتانیش لە ناوچەکەدا زامن بێت .
ئەگەر هەمو بروسکە و لێدوانەکان وەك یەکیش نەبن بەڵام لەروی مانا و واتاوە یەک مەبەستیان تیادا بەرجەستە بوە، ئەویش کار و تەگبیری زۆر مابو تا لەگەڵ سەرۆك مامجەلالی مەزندا بیگەیەننە ئەنجام و تەواوی بکەن ، ئەوەش ئەو مانایە دەدات بە دەستەوە کە مامی مەزن پێگە و قورساییەکی وا کاریگەریی هەبوە کە بۆ هەموان پێویست بوە ، بەداخەوە ئەو پێگەیە تا ئێستا پڕ نەکراوەتەوە.
PUKMEDIA
بارزان شێخ عوسمان
هەواڵی زیاتر
-
ھەسەدە: شكستمان بە هێرشەكانی سەر مەنسورە هێنا
09:51 PM - 2026-01-17 -
تەبقە.. بەرخۆدان بەردەوامە و هێزی هەسەدە لە شارەكەدایە
08:48 PM - 2026-01-17 -
یادی شەهیدانی رۆژاڤا بەرز راگیرا
07:56 PM - 2026-01-17 -
مەکتەبى سیاسى یەکێتى: کەناڵ 8 بووەتە جێگەی شانازیی لەناو میدیای کوردیدا
06:57 PM - 2026-01-17
زۆرترین خوێنراو
-
مەسەلەی کوردە و لە کورد قەوماوە
بیروڕا 04:03 PM - 2026-01-17 -
سەرۆک بافڵ: لەگەڵ نەوەی نوێ فراکسیۆنەکەمان کردووە بەیەک
کوردستان 01:10 PM - 2026-01-17 -
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆبوونەوە
کوردستان 01:00 PM - 2026-01-17 -
هەسەدە: دیمەشق مەرجەکانی رێککەوتنی کشانەوەی پێشێل کردووە
کوردستان 12:16 PM - 2026-01-17 -
هاوخەمی مەکتەبی سیاسی بۆ کۆچی دوایی خەڵات عومەر
پرسەنامە 11:25 AM - 2026-01-17 -
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: مەرسومە کۆمارییەکە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلی سوریا نییە
کوردستان 11:12 AM - 2026-01-17 -
ئەمڕۆ و سبەى لە ناوچە شاخاویەکان بەفر دەبارێت
کوردستان 10:38 AM - 2026-01-17 -
كۆبوونهوهی بافڵ جهلال تاڵهبانی و محهمهدی حاجی مهحمود
کوردستان 10:19 AM - 2026-01-17




دابەزێنە

