riklam

زامی چەمچەماڵ بە چی سارێژ دەبێت؟

بیروڕا 01:50 PM - 2025-12-13
هەڵمەت هۆشیار

هەڵمەت هۆشیار

لافاوەکە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لە چەمچەماڵ خوڵقاند، کارەساتێک مێژووی ئەو شارە بە خۆیەوە نەیبینیووە، بە سەدان خێزان دەربەدەر بوون و زیانی دەیان ملیۆن دۆلار لە خەڵکی کەوت، ئەمە جگە لەوەی 2 کەس گیان سپارد و زیاتر لە دە کەسیش بریندار بوون، هەموو ئەو گەڕەک و کۆڵانانەی لافاو ڕایماڵین لە پاش ماوەی جەنگێکی وێرانکەر دەچێت، دۆخێکی دەروونی وای خوڵقاندەوە هەر خەڵکە ستەمدیدەکەی چەمچەماڵە بەرگەی دەگرێت، ئەمە وێنە گشتییەکەی ڕووداوەکەیە، بەڵام لە پشتی ئەم دیمەنە تراژیدییەوە چەند ڕاستییەکی تر خۆی بە دەردەخات، ئەوانیش:

یەکەم:
بێباکی و کەمتەرخەمی و پشتگوێ خستنی چەمچەماڵ، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەجۆرێکە ئەگەر خێرخواز و خەڵکی دڵسۆزی شارەکە نەبێت دەمێک بوو ئیدارەی خۆجێی چەمچەماڵ ئیفلیج ببوو.
ئاخر ناکرێت رووبەری چەمچەماڵ کە نزیکە لە نیوی رووبەری پارێزگای سلێمانی،  شەش ناحیە و مەرکەزی قەزایەکە ، شارەوانییەکەی خاوەنی یەک ئامێری شۆفڵ بێت، یان فەرمانگەی رێگەوبانەکەی تەنها خاوەنی  ٣ شۆفڵ بێت ئەویش دانەیەکیان چەندین ساڵە کار ناکات و دانەیەکەی دیکەشیان ماوەی شەش مانگە لە کارکەوتووە و حکومەت بودجەی پێ نادات چاکی بکاتەوە، لە کاتێکدا نوسراوی دابینکردنی ئامێریش کراوە، لە نێو چەند ئیدارەیەکی سەربەخۆ و قەزادا، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەموویان ئامێری نوێ دابیندەکات تەنها چەمچەماڵی لێ بەدەرد دەکات و لە وەڵامی نوسراوەکەدا دەنوسێت: (جگە لە چەمچەماڵ).

دووەم: ئەوەی بە رووکەش دەبینرێت تەواو جیاوازە لەوەی هەیە، شارێک سەرچاوەی وزە و ڕوناکی تەواوی کوردستانە، بەڵام خۆی لە زستاندا ١٥ رۆژ جارێک ئاوی خواردنەوەی پێ دەدرێت، فەرمانگەکانی لەوپەڕی وێرانی دایە، خزمەتگوزاری خراپ و نەخۆشخانەکەی قەرزار و شارەوانییەکەی بێ کارمەند و بازارەکەی بێ کاسبی و گەنجەکانی بێکار، لە پاش ئەم کارەساتە، چ دۆخێکی رووناک چاوەڕێی ئەم شارە بکات؟

سێیەم: ئەو هەڵمەتەی لە پاش لافاوەکە بە ناوی هاوکاری بۆ چەمچەماڵ دەستی پێکردوە، هەر کەس و لایەنێک ئەنجامی بدات، هەر کۆمپانیاو رێکخراو و گروپێک پێی هەستن، مایەی دەستخۆشییە من دەستی یەک بە یەکیان ماچ دەکەم، بەڵام بیرمان نەچێت چەمچەماڵ پێویستی بە خێر نییە، چونکە خۆی لەڕووی دابینکردنی سەرچاوەی داراییەوە بۆ هەرێم دەوڵەمەندترین ناوچەی کوردستان، تەنها نادادپەروەریی هەیە لە نێوان ناوچەکاندا.
چەمچەماڵ پێویستی بە گەڕاندنەوەی مافەکانی خۆیەتی، ئاخر چەمچەماڵ کەم رۆڵەی خۆی بەخشی بە ئازادی ئەم خاکە؟ ئەوانەی کە دێن من ناوی نانێم هاوکاریی بەڵکو ناوی دەنێم بەشێکی زۆر بچووکی ماف و پاداشتی قوربانی و خەباتی شارەکە.

چوارەم:
برینی چەمچەماڵ بە چەند سەد هەزار دۆلار و دینارێک و بە بەخشینی بەتانی و چەن ژەمە خۆراکێک سارێژ نابێت، چەمچەماڵ پێویستی بە ( هەڵمەتێکی نیشتمانی) بەرفراوان هەیە لە تەواوی سێکتەرەکانی ژیان و خزمەتگوزاریی، هەڵمەتێکی نیشتمانی پلان بۆ دارێژراو بۆ رێکخستنەوەی ژێرخانی ژیاریی ئەو شارە، لە تەواوی جومگەکاندا.
ئەوە برینی دەیان ساڵ قوربانی و پەراوێزخستنمان تیمار دەکات.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket