سەرۆك مام جەلال: نازم حیكمەت لەگەڵ مافی چارەنووسی گەلی كورد بوو
بیروڕا 02:20 PM - 2025-12-08
نازم حیكمەت، ئەدیبێكی ناوداری توركە، وەك شاعیر و ڕۆماننووس و شانۆنووس، خزمەتێكی زۆری بە كولتووریی توركی و مرۆڤایەتی كردووەو ڕۆڵی دیاری لە نوێكردنەوەی ئەدەب و هونەری توركیدا هەبووە و بە سەرمەشق و سەرقافڵەی ئەو بوارە دادەنرێ.
نازم حیكمەت لە ژێر كاریگەریی ئەو فیكری ماركسیزم بووە، هەربۆیەش ئەو فیكرە لە بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەكانیدا ڕەنگی داوەتەوە و بەرگری لە مافەكانی هەژاران و جووتیاران و كرێكاران كردووە. ئەوەش كێشە و سەرئێشەی زۆری بۆ دروستكردووە و ڕووبەڕووی زیندان و ئازاردانی جەستەییو دەروونیو ئاوارەییو لێسەندنەوەی رەگەزنامەی توركی كردۆتەوە، بەڵام ئەو ئازارانە كۆڵیان پێنەداوەو بوونەتە كەرەستەی خاوو لە بەرهەمە كولتورییەكانیدا ڕەنگیان داوەتەوە.
نووسەران و ڕووناكبیرانی كورد سەرنجی ئەوەیان هەبووە، كە نازم حیكمەت وەك ئەدیب و نووسەرێكی چەپ و كۆمۆنیستی ئینتەرناسیونال، هیچی لەسەر كورد نەنووسیووە. ئەو بابەتە لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا، بووە جێگەی مشتومڕی توندی نێوان ( د.كەمال مەزهەر ئەحمەد و مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم)، د. كەمال لە ڕۆژنامەی هاوكاریی ئەو سەردەمە، زنجیرە وتارێكی نووسی و ڕەخنەی لە هەڵوێستی نازم حیكمەت گرت كە وەك نووسەر و ئەدیبێكی كۆمۆنیستی ئینتەرناسیونال هیچ شتێكی لەسەر چەوسانەوەی كوردەكانی توركیا نەنووسیوە و بێدەنگ بووە. مامۆستا محەمەدی مەلا كەریمش وەك هاوبیری نازم حیكمەت، بە زنجیرە وتارێك لە هەمان ڕۆژنامە، وەڵامی د.كەمال مەزهەری دایەوەو بەرگری لە نازم حیكمەت كرد، بەڵام بەرگرییەكەی مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم نەیتوانی جێگە بە بۆچوونەكانی د.كەمال مەزهەر لێژ بكات.
سەرەتای ساڵی 1990 ، مامۆستا محمەمەدی مەلا كەریم ئەو زنجیرە وتارەی خۆی لە دوو توێی كتێبێكدا بە ناونیشانی (بە تەمای دەمەتەقێیەكی دۆستانە و دیموكراتی بووم، بووم بە كاكە حەمەی كورد) بڵاوكردەوە.
قەناتی كوردۆی نووسەری ناودار، باسی ئەوە دەكات، ساڵی ١٩٥٧ لە مۆسكۆ كتێبێكی خۆی بەناونیشانی (ڕێزمانی كوردی) پێشكەش بە (نازم حیكمەت) كردووە و داوای لێكردووە شتێك لە سەر كوردەكانی توركیا بنووسێت، بەڵام ئەو داوایەی كوردۆی جێبەجێ نەكردووەو نەینووسیوە.
لە ساڵانی دواتردا، هەندێ بەڵگەنامە بڵاوكرانەوە، كە نازم حیكمەت و كامەران بەدرخان، سەرەتای ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو لە پاریس یەكتریان بینیوە، كامەران بەدرخان لەو دیدارەدا باسی مێژوو و كولتوور و زمانی كوردی بۆ نازم حیكمەت كردووە، ئەو بابەتە جێگەی بایەخی نازم حیكمەت بووە، ساڵێك یاخود دوو ساڵ بەر لە مردنی، نازم حیكمەت نامەیەك بۆ كامەران بەدرخان دەنێرێت و هەڵویستی ڕوونی خۆی لە ڕوانگەی ماركسیزمەوە لەسەر پرسی كورد دەخاتەڕوو.
ئەو نامەیە دوای دوو ساڵ لە مردنی كامەران بەدرخان، لە ئەرشیفەكەیدا لە پاریس دۆزرایەوەو نووسخەی ڕەسەنی ئەو نامەیە لە ئەرشیفی ئەنستیوتی كورد لە پاریس پارێزراوە.
دەقی ئەو نامەیە كە بە زمانی توركی نووسراوە، بۆ یەكەمجار لە ژمارەی ڕۆژی 31ی تەممووزی 1988 لە گۆڤاری (ئیكیینەدۆغرو) لە توركیا بڵاوكراوەتەوە. مامۆستا (بەكر شوانی)، دەقی ئەو نامەیەی لە زمانی توركییەوە بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕاوە. كە نامەیەكی گرنگی مێژووییە، نازم حیكمەت لەدیدی ماركسیزمەوە بە بایەخەوە باسی كێشەی كورد لە توركیا دەكات.لەسەرەتای نامەكەدا دەڵێت: (نەتەوەی كورد كە ڕەگ و ڕیشەی سەدان ساڵ بە مێژوودا ڕۆچووە، زۆرینەیەكی بەرچاوەو بە مێژوو و كولتووری خۆیەوە لە پارچەیەكی ئەنادۆڵ دەژی، نەتەوەی تورك كە لەپارچەكانی تری ئەنادۆڵ دەژی، بە برای نەتەوەی كورد دادەنرێت).
لە بەشێكی تری نامەكەدا باسی تێكۆشانی هاوبەشی هەردوو گەلی كوردو تورك دەكات دژی دەسەڵاتی كۆنەپەرستیی توركیای هاوكاریی ئیمپریالیزم بۆ دیموكراسی و سەربەخۆیی نەتەوەیی و ژیانێكی بەختەوەر بۆ هەردوو گەلی تورك و كورد.
ئەم نامەیە بایەخێكی زۆری مێژوویی هەیە، بەڵام هەر وەك هەڵوێستێكی نهێنی و نامەیەكی شەخسیی لە قەڵەم دەدرێو ئەو سەرنجەی د.كەمال مەزهەر ناسڕێتەوە كە ئاماژە بەوە دەكات بۆچی نازم حیكمەت وەك نووسەرو ئەدیبێكی كۆمۆنیستی ئینتەرناسیونالیستی، بەئاشكرا و بە نووسین هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پرسیی كورد لە توركیا دەرنەبڕیوە!
سەرۆك مام جەلال لە كتێبی (دیداری تەمەن)، كە دیدارێكی گرنگو مێژووییەو مامۆستا سەڵاح رەشید لەگەڵیدا سازیداوە، لە لاپەڕە 101و 102ی كتێبەكەدا باسی هەڵویستی نازم حیكمەت دەكات كە لە ساڵی 1955 لە سەروبەندی فیستیڤاڵی لاوانی جیهانی لە شاری وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا چاوی پێكەوتبوو، دەڵێت: ئێمە چووینە لای نازم حیكمەتی شاعیری ناوداری تورك، زۆر بەگەرمی پێشوازی لێكردینو وتی كوردم خۆشدەوێت، عەتفی زۆر بوو لەسەر مەسەلەی كورد، وتی دێم بۆ كۆبوونەوەكەی ئێوەو هاتو بەشداریی فێستڤاڵەكەی كردو وتارێكی پێشكەش كردو باسی زوڵمی سەر گەلی كوردی كردو گوتی: ئەبێت زۆر ئاسایی بێت بۆ گەلی كورد كە بەمافی چارەنووسی خۆی شاد بێتو داوای ئەوەشی كرد لە رۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی ئازاددا بانگی بكەن بۆ ئەوەی بەشداری ئەو جەژنە بكات.
ئەم هەڵویستەی نازم حیكمەت، بەر لە 70 ساڵو لە فێستڤاڵی جیهانیی لاوان لە وارشۆ، هەڵوێستێكی روونو راشكاوو ئاشكرای پشتیوانیی پرسی رەوای گەلی كوردستان بووە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆشەوە.
نامەكەی نازم حیكمەت بۆ كامەران بەدرخانو وتارەكەی فێستیڤاڵی جیهانیی لاوان، دوو بەڵگەی مێژوویی زیندووی ئەون بۆ پشتیوانی مافەكانی گەلی كوردستان، ئەو گلەییانەی رووناكبیرانی كورد خەفەدەكات كە سەر گەلی كوردی نەنووسیوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سبەی هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە مەرزی کێلێ رادەگیرێت
10:06 PM - 2025-12-27 -
کەرکوک.. بە بڕیاری پارێزگار سبەی لە باخچە و خوێندنگاکان پشوو دەبێت
09:46 PM - 2025-12-27 -
ئەوروپا مەرجەكانی سیستمی سۆشیاڵ و یارمەتیی بێكاری توندتر دەكات
03:51 PM - 2025-12-27 -
وەزارەتی کشتوکاڵ: هاوردەی 11 بەروبومی کشتوکاڵی قەدەغە دەکات
12:30 PM - 2025-12-27
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە حاكم ئیبراهیم دەكات
پرسەنامە 05:06 PM - 2025-12-27 -
رێبوار تەها باشترین پارێزگاری باشووری كوردستانە
کوردستان 04:07 PM - 2025-12-27 -
ئەوروپا مەرجەكانی سیستمی سۆشیاڵ و یارمەتیی بێكاری توندتر دەكات
جیهان 03:51 PM - 2025-12-27 -
وەزارەتی کشتوکاڵ: هاوردەی 11 بەروبومی کشتوکاڵی قەدەغە دەکات
عیراق 12:30 PM - 2025-12-27 -
كاندیده دهرچووهكانی پهرلهمان سوێندی یاسایی دهخۆن
عیراق 11:34 AM - 2025-12-27 -
دوو هێندەى ساڵى رابردوو باران باریووە و بەفر و باران بارینیش دەستپێدەکات
کوردستان 10:55 AM - 2025-12-27 -
هاوخەمى مەکتەبى سیاسى بۆ کۆچى دوایى خاتوو شوکریە کەریم
پرسەنامە 10:25 AM - 2025-12-27 -
هاوخەمى مەکتەبى سیاسى بۆ کۆچى دوایى دکتۆر جەمال رەشید
پرسەنامە 10:20 AM - 2025-12-27




دابەزێنە

