riklam

ئەوە زۆری پشوەکانە هەناوی پەروەردەی کۆڵیوە.........!

بیروڕا 09:43 AM - 2025-01-29
عەبدولواحید محەمەد

عەبدولواحید محەمەد

عەبدولواحێد محەمەد     
دەتوانم بڵێم لە وەتەی پرۆگراوەکانی خوێندن گۆڕانکاری بەرسەردا هاتووە، بە دیاریکراوی لە ٢٠٠٧-٢٠٠٨ەوە، بەردەوام جەختمان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، دەبێت کاتی تەواو بۆ ساڵی خوێندن بڕەخسێت، تاوەکو لە لایەک مامۆستا بتوانێت ناوەرۆکی پرۆگرامەکان بگەێنێتە خوێندکاران، لە لایەکی تر خوێندکارانیش بەباشی لە بابەتەکان بگەن و ئامادەبن بۆ هەنگاوەکانی دواتر، چونکە ئەو پرۆگرامانە ئەوەندەی تیۆرین بە قەد ئەوەندە پراکتیکین، واتە دەبێت مامۆستا و خوێندکار ئەوەندە کاتیان بە دەستەوە بێت، بۆ ئەوەی هەردوو بوار بە یەکەوە گرێ بدەن و بە تەواوی ناوەرۆکی پرۆگراومەکان هەرس بکەن و ئامادەیی تەواویان تێدا بێت بۆ ئەزمونەکان و پەڕینەوە بۆ ساڵەکانی دواتر.

مخابن هەرگیز و لە هیچ ساڵێکی خوێندندا، ئەو کاتەی پێویستە کە خۆی لە ٣٠ هەفتەی خوێندن، بە رۆژ دەکاتە ٢٠٠ رۆژ، بە کاتژمێریش دەکاتە نزیکە ٩٠٠  کاتژمێر نەڕەخساوە، بەردەوام کەموکوڕی زۆری هەبووە،بۆ گەواهی ئەو راستیە، لەو ماوەیەدا باشترین و بێ کێشەترین ساڵی خوێندن(٢٠١٢-٢٠١٣) بووە، ئەویش تەنها ١٣٣ رۆژ دەرس خوێندراوە، بێجگە لە ئەزمونەکانی وەرزی یەکەم و دووەم،لە سەردەمی دکتۆر عیسمەت کە وەزیری پەروەردە بووهەوڵدرا ١٠٠ کاتژمێری خوێندن زیاد بکرێت، بەڵام بە چەند هۆکارێکەوە سەری نەگرت، کاتەکە هەر وەکو خۆی مایەوە.

دیارە هۆکاری هەرە سەرەکی بۆ ئەو ناکامیڵیەی ساڵی خوێندن، زۆری و بۆری پشوەکانە، هەر چەندە هەموو لایەنەکان ئەو راستیە دەزانن، ئەوە زۆری پشوەکانە هەناوی پەروەردە کۆڵیوە، کەچی هەرگیز دەستیان بۆ چارەسەرکردن و رێکخستنەوەی نەبردووە، وەک نمونەش بۆ ئەو داکەوتە (واقیع)ه بەندە لەسەردەمی کابینەی شەشەمدا ، ئامادەی کۆبوونەوەیەکی فراوان بووین کە بەسەرپەرشتی د. بەرهەم سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتە و بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و لێژنەی پەروەردەی پەرلەمان و ژمارەیەک راوێژکار و بەرپرس و پسپۆڕی پەروەردەیی، لە وتەیەکدا تیشکم خستەسەر کێشە و پێویستیەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە بەشێکی ئاماژەم بە زۆری پشوەکاندا، جەختم لەسەر ئەوە کردەوە، دەبێت کالندەرێکی تایبەت بۆ خوێندن دابنرێت، کۆتاییش بەو نەریتە ناشیرینە بهێنرێت کە پشو لە خۆڕا ببەخشرێت، بۆ هەر پشوەکیش پاشگر و پێشگر زیاد بکرێت،لەو کاتەدا بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتی مامۆستا هەندێک  جار ناوەخنیش زیاد دەکرێت واتە ئەگەر پشوەکە چوارشەم بێت، لە نێوان چوارشەم و هەینی، پێنجشەم دەکرێتە ناوەخن.

لە گێڕانەوەی ئەو گفتوگۆیەی لەو کۆوونەوەیە لەسەر پشوەکان کرا، بۆ ئەوە بوو بڵێم هەموو بەرپرسەکان دەزانن ئەو هەموو پشوە بەڵایەکی گەورەیە بۆ  پەروەردە و خوێندن، بەڵام چارەسەریان نەکردووە و ناشی کەن،  بە بەڵگەی ئەوەی لە کابینەی نۆیەمدا، لە بری درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن و رێکخستنەوەی پشوەکان هاتن شەممەکانیشیان کردە پشو، بەوشێوەیە لە هەفتەیەکدا دراسەت کرایە پێنج رۆژ لە جیاتی شەش رۆژ، واتە خراپتر لە پاشتریان کرد، ئەو  کاتە زۆربەی مامۆستایان لە پشودانی شەممە نیگەران بوون ، نیگەرانیەکەش لەوە سەرچاوەی گرتبوو ئەوان لایەن ئاشکرا بوو، پرۆسەی پەروەردە لە بنەڕەتدا ماوەی خوێندنی کەمبوو، ئەو پشوەشی بێتە پاڵ کێشەی کەمی کاتی خوێندن قوڵتر دەکاتەوە، لێکەوتەکانیشی زۆر نەرێنی دەبێت، لەسەر تەواونەبوونی پرۆگرامەکان و ئاستی تێگەیشتنی خوێندکاران،جێگەی ئاماژە پێکردنە، لە وڵاتە خواپێداوەکان پرۆسەی پەروەردە زۆرترین توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لە رێگەی راپرسیەوە لە بارەیەوە دەکرێت، بۆ ئەوەی دەستنیشانی کون و کەلەبەر و پێویستیەکانی بکرێت، بێگومان لە بەرژەوەندی پرۆسەی پەروەردە و خوێندکارانەوە، بۆ ئەوە دەبوو لە هەرێمیش زۆرترین دراسەت لەسەر پشوەکان و کارگەریان لەسەر پرۆسەکە بکردبا هەروەها  فۆرمەلەکردنی چارەسەرەکانیش، ئەوەی مامۆستایانی زیاتر نیگەران کردووە ساڵ بە ساڵ پشوەکان زیاتر دەبن، ئەوەتا ئەمساڵ لە بری چەند رۆژێک، تەنها لە وەرزی یەکەم نزیکەی ٣٠ رۆژ کرایە پشوو، ئەکید وەرزی دووەمیش سەلامەت نابیت، بینیمان جارێک ٧ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رەنگە بۆ ئەوە لایەنی پەیوەندیدار بڵێن، ئەوە بۆ هەڵبژاردن بوو، هەر چەندە من بۆ ئەوەش قسەی خۆم هەیە ، بەڵام با جارێ وابێت، دوای ئەوە سەرژمێری هاتەبەر، ئەویش زیاتر لە ١٠ رۆژی برد، لە ژێر رۆشنایی ئەو راستیەی مامۆستایان پرۆسەکەیان بەڕێوەبرد کە دەکاتە دابڕانیان لە پەروەردە و فێرکردن، واتە ئەگەرچی بە فەرمیش هەموو ئەو رۆژانە پشو نەبوو، بەڵام بە کردار بووە پشو،رەنگە بۆ ئەوەش بڵێن ئەوە سەرژمێریە لە ١٠ ساڵان جارێک دەکرێت، راستە وایە ترسی من لەوەیە بە دەرزەن بۆنە لەم وڵاتەی ئێمە هەیە، پشو بەخشینەوەش بۆتە ریسا، ئەو نیە کوتایی ئەمساڵ بە فەرمی و پاشگر و پێشگر و ناوەخنەوە  زیاتر لە ١٥ رۆژ دەوام وەستێنرا.

لێرە پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە دیارە لە بەرپرسەکانە، ئەرێ ئەو سێ وەستانەی پرۆسەی پەروەردە بەو هەموو رۆژەوە چی بە خوێندکاران هێشتۆتەوە؟ بێگومان کەمترین زانست و مەعریفەت، کێشەکەش لەوەدایە ئەو کەموکوڕیە لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن بۆ ساڵانی ئاییندەش دەیگوازنەوە، پرسیارەکیتریش دێتە پێشەوە، تۆ لە یەک وەرزدا زیاتر لە ٣٠ بکەیتە پشو، ئەوە ساڵی خوێندنی پێ دەڵێن یان ساڵی گەشت و رابواردن؟ لێرە وەزارەت بەرپرسە و هەموو لێکەوتەکانیشی دەکەوێتە ئەستۆ، باشە پشوەکەی هەڵبژاردن  با خاتری لایەنە سیاسیەکان بێت، بۆ خۆیان کورسیان پێ وەرگرت، بەلکو ئەوە خوایە ئیشی باش بکەن کە من وای نابینم،  پشوەکانی سەرژمێریەکەش با  خاتری گەلانی عێراق بێت، ئەدی ئەو هەموو رۆژەی پێش ئەزمونەکان کرایە پشو خاتری کێ بێت؟ ئەوە بەغداد تەنها رۆژانی ٢٥/١٢ و ١/١کردە پشو، رۆژەکانیتر دراسەت هەبووتەنانەت لە ناو هەولێریش، لێرە مامۆستایەکی دێرین وتی ئەوەش با لەبەر خاتری بەرپرسەکان بێت، بۆ ئەوەی خۆیان و  منداڵەکانیان سەفەر و گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن، سندانیش لە خەڵکی بەشخوراو بدات.   

      ئەوەی راستی بێت خستنەڕوی ئەو راستیانە هەموی بۆ ئەوەیە پەروەردەیەکی تەندروست لەم هەرێمە بەڕێوە بچێت، چونکە دەردی ئێمە تەنها پەروەردە و فێربوون تیماری دەکات، بە پێچەوانە بە دیلێکیتر نیە، بۆیە  دەخوازم:

١- وەزارەتی  پەروەردە و خوێندنی باڵا،خشتەیەکی جێگیر و راوەستا و بۆ ساڵی خوێندن دابنێن، بە شێوەیەک نەکەوێتە بەرمەنگەنەی هێچ بۆنەیەک جگە لە بۆنە ئاینیەکان و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز.

٢-حسابێکی ورد بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن بکەن و ئەو کاتەی پێویستە بۆی بڕەخسێنن کە بەلای کەم لە ٢٠٠ رۆژی دراسی کەمتر نەبێت.

٣-موچەی مامۆستایان بە تەواوی فەراهەم بکرێت، بۆ ئەوەی چیتر ناچار نەکرێن پشوی ناچاری بە خۆیان و خوێندکاران بدەن.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket