سەرژمێری لەنێوان گرینگی و مەترسیەکاندا؟
بیروڕا 03:29 PM - 2024-11-14
سلێمان مستەفا حەسەن*
پرۆسەی سەرژمێری ڕێگاو وشێوازێکی سیستماتیکە بۆ کۆکردنەوە و داکردن و تۆمارکردن و شیکردنەوەی داتاکان وزانیارییەکان لەبارەی دانیشتوان، لە وردەکاری دابەشبوونی دیمۆگرافیی وجوگرافی دانیشتوان، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری وفەرهەنگی و تەندرۆستی، هەروەها تێگەیشتن لەدۆخی نیشتەجێبوونیان، بەشێک لە شارەزایانی ئەو بوراەش پێیانوایە سەرژمێری روپێوێکی گشتی دانیشتوانە بۆ دەستکەوتن زانیاری و داتا و کۆکردنەوەو داکردنیان بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەو شیکاری کە ئەمەش یارمەتی حکومەت دەدات بۆ بەرنامە پلاندانانی کورتخایەن و درێژخایەن.
لە دەوڵەتانی ئاساییدا پرۆسەی سەرژمێری یەکێکە لە کارە گرنگ و لە پێشینەکانی دەوڵەت، بەبێ سەرژمێری ووردو باوەڕپێکراو کار و پلانەکانی هەر دەوڵەتێکدا ناکەونە چوارچێوەی پلانی گەشەپێدانی ستراتیجی، گەر بگەڕینەوە بۆ مێژووی ئەو سەرژمێریانەی لە عێراق دا ئەنجامدراون لە یەکەم سەرژمێری ساڵی ١٩٢٧ بۆ دوا سەرژمێری ساڵی ١٩٩٧ هەموویان زیاتر بۆ مەرامی سیاسی و باڵادەستکردنی پێکهاتەیەک ئەنجام دراون، سەرەڕای هەموو ناکۆکیەکانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق هەمووان هاوڕان، کە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ پاک و بێگەردترین سەرژمێرییە لە مێژووی عێراق دا ئەنجام درابێت ، بۆیە لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەو سەرژمێرییە بکرێتە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوە پرسە ناکۆکەکان لەبواری ژمارەی دانیشتوان بەتایبەتی لەناوجە کێشە لەسەرەکاندا.
دوای پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەیی لەساڵی ٢٠٠٥، بەپێی بڕگەی ( ٩ ) ی ماددەی ( ١١٠) ی دەستوور ئەنجامدانی سەرژمێری خرایەژێر دەسەڵاتی تایبەتمەندی حکەمەتی فیدراڵ، کە تیایدا هاتوە (ئەم دەسەڵاتانەى خوارەوە تايبەتن بە حكومەتى فيدراليەوە:
بڕگەی نۆهەم: ئامارو سەرژمێرى گشتيى دانيشتوان.
لەساڵی ٢٠٠٥ ەوە تا ئێستا بە هۆی ئاڵۆزیی سیاسی و بارودۆخی ئەمنی و شەڕ و پێکدادان و ناکۆیەکانی نێوان پێکهاتەکان، پرۆسەی سەرژمێری بۆ شەش جار دواخراوە ، لەئێستادا وادەکە وایە کە لە ٢٠ و ٢١تشرینی دووەمی ئەمساڵدا (٢٠٢٤) سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە سەرانسەری عیراق ئەنجامبدرێت. لەسەرەتای ئامادەکاریەکاندا بەتایبەتی لەگەڵ دەستبەکاربوونی محەمەد شیاغ سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق، یەکێک لە بەڵینەکانی ئەنجامدانی راپرسی بوو ، لایەنی کوردی بەحساب لەگەل حکومەتی فیدراڵ رێککەوتوون کە سەرژمێرییەکە بۆ پرسی یەکلاییکردنەوەی ماددەی (١٤٠) بەکار نایەت، چونکە ژمارەیەکی زۆر عەرەب هێنراونەتە پارێزگای کەرکوک و دیالە و موسل ، مەترسییەکانی کورد لە ئێستا زۆرترە، چونکە ئەو رێککەوتنەی کە لەسەر پرسی سەرژمێری کراوە نەخراوەتە بواری سیاسی و یاسایی ، بۆیە ئێستا باس لەوە دەکرێت کە حکومەتی فیدراڵی رەزامەندی دەربریوە لەسەر داواکارییەکانی کورد و سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ بکرێتە بنەما لە پارێزگا کێشە لەسەرەکان، بەڕای بەندە جێگای خۆیەتی رەخنە لە حزبەکان و فراکسیۆنەکانیان وتەوای کاربەدەستانی کورد بگرین لە بەغدا ، دوای چەندینجار لە دوا خستنی ئەم پرۆسەیە بۆ رێگەیاندا رێکارەکانی ئەنجامدانی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، گەر مەترسی لەسەر ئایندەی ناوچە کێشە لەسەرکان بەدیدەکەن ، چونکە پرۆسەی سەرژمێری بەبێ هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان هێچ بنەمایەکی نابێت، هەروەها دەرهێنانی خانەی نەتەوەو و ئایین لە فۆرمی سەرژمێریدا پرسیارێکی ترە، بەڵام ئەگەر بەدەر لە مەترسیەکانی ناوچە کێشە لەسەرکان باسی گرنگی سەرژمێری بکەین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ناکرێت ئەو خاڵانە نادیدە بکەین :
یەکەم :پرۆسەی پلاندانان ، ئەم سەرژمێرییە دەبێتە بنەما بۆ ئەنجامدانی دایان و سەدان توێژینەوە لە بوارە جیاجیاکانی ستراتیجی لەتەوای بوارەکانی تەرخانکردنی بودجە و بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ئابوری وبازرگانی وپیشەشازی و پەروەردەو تەوای کایەکانی تر ، کە حکومەت لەبەر رۆشناییان پلان و بەرنامەی کورتخایەن و ناوندی ودرێژخایەن دابنێت و ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرەکان دەکات .
دووەم : پرسی بودجە، دوای پرۆسەی سەرژمێری ژمارەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی پارێزگاکان دەردەکەوێت، بەمەش هەر پاریزگایەک بەشی داهات و بودجە و خەرجی وەبەرهێنانی خۆی دەستدەکەوێت لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە بۆ یاسای بودجەی گشتی، داتاکانی سەرژمێری یارمەتی حکومەت دەدات کە چۆن بڕیار بدات بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ قوتابخانە، نەخۆشخانە، گواستنەوەی گشتی و خزمەتگوزارییە و تەوای کایەکایە سەرەکییەکانی دیکە.
سێیەم : هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان، زانیارییەکانی سەرژمێری زۆر گرنگ بۆ دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران وەک لە بڕگەی (١) ماددەی (٤٩) دەستور ژمارەی ئەندامانی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا دیاریکردوە بە (يەكەم: ئەنجومەنى نوێنەران لە ژمارەيەك ئەندام پێكدێت بە ڕێژەى يەك كورسى بۆ سەدهەزار كەس لە دانيشتوانى عێراق، نوێنەرايەتى گەلى عێراقى دەكەن بە گشتى. هەڵبژاردنيشيان بە ڕێگەى دەنگدانى ڕاستەوخۆو نهێنى دەبێت، ڕەچاوى نوێنەرايەتيكردنى سەرجەم پێكهاتەكانى گەلى عێراقيش دەكرێت)، بەڵام لەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩ی ساڵی ٢٠٢٠ و یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە (٣٢٩) ئەندام دیاریکردوە، تا ئەنجامدانی پرۆسەی راپرسی ، بەمەش بەشێوەیەک لە شێوەکان پێشێلی دەقی بڕگەی (١)ی ماددەی ٤٩ دەستورەیان کرد، بە ئەنجامدانی سەرژمیری ئەم نادادیە نامینێت، هەروەها بەهەمان شێوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان و قەزاو ناحیەکانیش گرنگە و ژمارەی ڕاستەقینەی نوێنەرانیان بۆ دەستە بەردەکات .
چوارەم : تەندروستی گشتی و پلاندانانی فریاگوزاری: داتای وردی سەرژمێری یارمەتی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی دەدات بۆ ئامادەکاری و وەڵامدانەوەی کێشە تەندروستییەکان، پەتاکان و کارەساتی سروشتی. یارمەتیدەرە لە پلاندانان بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستییە پێویستەکان، بەرنامەکانی کوتان، وەڵامدانەوەی فریاگوزاری لە ناوچە لاوازەکاندا، هەروەها دەتوانێت ئەو ناوچانەمان بۆ دەست نیشان بکات کە ڕێژەیەکی بەرزی منداڵی لێیە، زۆرینەی دانیشتوانی بەساڵاچوون، یان کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیانی زۆر تێدایە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ داڕشتنی بەرنامە لەبواری چاودێری تەندروستی، چاودێری منداڵان، خزمەتگوزارییەکانی بەساڵاچووان.
پێنجەم : توێژینەوە و شیکاری پلانی ستراتیجی: داتاکانی سەرژمێری زانیاری پێویست بۆ توێژەران دەستە بەردەکەن بۆ ئەوەی کە لە بورە جیاجیاکان بکۆڵنەوە، ئەم توێژینەوانە یارمەتی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەن بۆ دارشتنی پلان و سیاسەتی گشتی ، ئەوە سەرەرای ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا دەکرێت کە داتا بەیسەکەی یارمەتیدەرە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و شیکاری زانیارییەکان بە پیی ئەو داخوازیانەی لە سۆفتوێری سەرەکی جێگیر کراون و هەروەها دەکرێت لەگەل داتاکانی کارتی نیشتیمانی جۆین بکرێن بۆ سوود لێوەرگرتنیان و هەروەها یەکخستنی داتاکانی دەزگاکانی ئامار لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
پرسی سەرژمێری و هەرێمی کوردستان :
دەستووری هەمیشەیی وەک گرێبەستێکی کۆمەلایەتی لەنێوان هاولاتیان و دەوڵەت و وەک گرێبەستیکی سیاسی و یاسایی لەنێوان گەلی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی تردا بۆ شێوازی حوکمرانی دوای پرۆسەی ئازادی، پرسی ژمارەی دانیشتوانی پێکهاتەکان بۆ کۆمەڵێ ماف کراوەتە بنەما ، گەر لێرەدا ئاماژە بە هەموو ئەو بڕگەو مادانە بدین کە تایبەتن بە مافی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ، ئەوا دەبێت لەدوای پرۆسەی سەرژمێری نوێنەرانی کورد لەبەغدا و حکومەتی هەرێم پێداچونەوەو هەڵسنگاندن و بەداوداچون بۆ ئەو مافانە بکەن و بڕیاری دروست و دەستە جەمعی بدەن ، لەبەر رۆشنایی دەستور ڕاستیەکانی دەرنجامی سەرژمێریدا ، چونکە هەرێمی کوردستان لەناو دەوڵەتی عێراقدا هەرێمیکی دانپێدانراوە لە رووی دەستورییەوە وەک لەماددەی ( ١١٧ ، ١٢١ ) دا هاتوە :
ماددەی ١١٧ : يەكەم: ئەم دەستوورە لە بەروارى پيادەكردنيەوە دان بە هەرێمى كوردستان و ئەو دەسەڵاتەى ئێستايدا دەهێنێت وەك هەرێمێكى فيدرالى.
هەروەها لە مادەى (١٤١ ) دا هاتوە
كاركردن بەو ياسايانەى كە لە هەرێمى كوردستان لە ساڵى ١٩٩٢ ەوە دەركراوە بەردەوام دەبێت، بەهەمان شێوە ئەو بڕيارانەش كارپێكراون كە لە حكومەتى هەرێمى كوردستان دراون – لەوانەش بڕيارەكانى دادگا و گرێبەستەكان –ئەگەر هەموار نەكرابن يان هەڵنەوەشابنەوە بە پێى بڕيارەكانى هەرێمى كوردستان لەلايەنى پەيوەنديدارەوە، بە مەرجێك پێچەوانەى دەستوور نەبێت.
بۆیە جێگای خۆیەتی ئاماژە بەتەواوی ئەو برگە و ماددانە بکەین کە پەیوەندیدارن و ئەنجامی راستەقینەی داتاکانی سەرژمێری لێکەوتەی خۆی دەبێت:
یەکەم : نوێنەرایەتی لەناو دامەزراوە سەربازیەکانی عێراق :
لەماددەی (٩) دەستوور زەمانەتی رێژەی پێکهاتەکانی گەلی عێراقی کردوە لە جەیشی عێراقی بۆ ئەمەش پشتی بە رێژەی دانیشتوان بەستوە وەک لەبڕگەی یەکەمی ماددەکەدا هاتوە :
يەكەم:
أ – هێزە چەكدارەكانى عێراق و دەزگاكانى ئاسايش لە پێكهاتەكانى گەلى عێراق پێكدێت بە ڕەچاوكردنى هاوسەنگى و ڕێژەى نوێنەرايەتيكردنيان بەبێ جياوازى يا دوورخستنەوەى هيچ لايەك و لە ژێر ركێفى دەسەلآتى مەدەنيدا دەبێت و بەرگرى لە عێراق دەكات و نابێتە دەزگايەك بۆ داپڵۆسينى گەلى عێراق و دەست وەرناداتە كاروبارى سياسيەوەو ڕۆڵى نابێت لە ئاڵوگۆڕى دەسەلآتدا.
دووم : دەستەبەرکردنی مافی پێکاهاتەکان لەماددەی (١٠٥ ) دەستوردا: هاتوە ( دەستەيەكى گشتى پێكدەهێنرێت بەمەبەستى پاراستنى مافى هەرێمەكان و ئەو پارێزگايانەى ناكەونە سنوورى هيچ هەرێمێكەوە بۆ بەشداريكردنيان بە شێوەيەكى داپەروەرانە لە بەڕێوەبردنى دامودەزگا جۆراوجۆرەكانى حكومەتى فيدرالى و نێردەكان و زەمالەكانى خوێندن و شاندەكان و كۆنگرە هەرێمى و نێودەوڵەتيەكان. ئەم دەستەيەش پێكدێت لە نوێنەرانى حكومەتى فيدرالى و هەرێمەكان و ئەو پارێزگايانەى سەر بەهيچ هەرێمێك نين و ئەوەش بەياسا ڕێكدەخرێت) لیرەدا مەبەست و هۆکاری دامەزراندنی دەستە بۆ دەستەبەرکردنی مافی پارێزگاو هەرێمەکانە بەپێی ژمارەی دانیشتوان
سێیەم : دابەشکردنی داهاتی فیدراڵی بەیەکسانی :
لە مادەی (١٠٦) دا هاتوە (بەياسا دەستەيەكى گشتى بۆ چاودێريكردن و تەرخانكردنى داهاتى فيدرالى دادەمەزرێنرێت. دەستەكە لە پسپۆڕانى حكومەتى فيدرالى و هەرێمەكان و نوێنەرانيان پێكدێت و ئەم لێپرسراويتيانەى هەيە:
يەكەم: دڵنيابوون لە دابەشكردنى دادگەرانەى باربوو و يارمەتى و قەرزە نێودەوڵەتيەكان بەگوێرەى پشكى هەريەكە لە هەرێمەكان و ئەو پارێزگايانەى ناكەونە سنوورى هيچ هەرێمێكەوە.
دووەم: دڵنيابوون لە بەكاربردن و دابەشكردنى داهاتى دارايى فيدرالى بەباشترين شێوە.
سێيەم: دڵنيابوون لە هەبوونى شەفافيەت و دادپەروەرى لەتەرخانكردنى پارەوپول بۆ حكومەتە هەرێميەكان و ئەو پارێزگايان كە ناكەونە سنورى هەرێمەكانەوە بەپێى ئەو ڕێژانەى بڕيارى لەسەر دراوە.
چوارەم : مۆڵکایەتی نەوت و گاز :
لەماددەی (١١١ ، ١١٢ ) هاتوە :مادەى(١١١) نەوت و غازى موڵكى سەرجەم خەڵكى عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاكاندا. هەروەها لە ماددەی (١١٢) دا هاتوە :
يەكەم: حكومەتى فيدرالى لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان نەوت و غازى بەرهەمهێنراوى كێڵگەكانى ئێستا بەڕێوەدەبات بەمەرجێك داهاتەكانيان بەشێوەيەكى دادپەروەرى و بەگوێرەى دابەشبوونى دانيشتوان لەسەرجەم پارچەكانى وڵاتدا دابەش بكرێت لەگەڵ دياريكردنى پشك بۆ ماوەيەك بۆ ئەو هەرێمە زيانلێكەوتوانەى ڕژێمى پێشوو بێبەشى كردبوون و ئەوانەش كەپاشتر زيانيان لێكەوت بەجۆرێك گەشەسەندنێكى هاوتەريب بۆ ناوچە جياوازەكانى وڵات مسۆگەر بكات و ئەمەش بە ياسا ڕێكدەخرێت.
پێنجەم : لە دەسەلاتە هاوبەشەکانی هەرێمەکانیش لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی دا هاتوە : لە بڕگەی (٤ ، ٥ ، ٦ ،٧ )ی ماددەی (١١٤) هاتوە
چوارەم: ڕەنگڕێژكردنى سياسەتەكانى گەشەپێدان و پلاندانانى گشتى.
پێنجەم: ڕەنگڕێژكردنى سياسەتى تەندروستيى گشتى بەهاوكارى لەگەڵ هەرێمەكان و و ئەو پارێزگايانەى ناكەونە سنوورى هيچ هەرێمێكەوە.
شەشەم: ڕەنگڕێژكردنى سياسەتى فێركردن و پەروەردەى گشتى بەڕاوێژ لەگەڵ هەرێمەكان و و ئەو پارێزگايانەى ناكەونە سنوورى هيچ هەرێمێكەوە.
حەوتەم: ڕەنگڕێژكردنى سياسەتى سامانە ئاويەكان و ڕێكخستنيان بە جۆرێك كە دادپەروەرى بهێنێتەدى و ئەوەش بەياسا ڕێكدەخرێت.
هەشتەم : کورد و ماددەی (١٤٠) شاراوە نییە کە کورد مەترسی زۆری هەیە لەسەر پرسی ماددەی ١٤٠ کە ئەو سەرژمێرییە بەکاربهێنرێت ، بەڵام بڕگەو ماددەکانی روون راشکاون هیچ حوکمیکی دیفاکتۆ ناتوانرێت بکرێتە ئەڵتەرناتیڤ بۆ حوکمەکانی ماددەی ١٤٠ کە تیایدا هاتوە :
يەكەم: دەسەلآتـى ڕاپەڕاندن هەنگاوى پێويست دەنێت بۆ تەواوكردنى جێبەجێكردنى پێداويسيتەكانى مادەى (٥٨) لە ياساى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بۆ قۆناغى گواستنەوە بە هەموو بڕگەكانيەوە.
دووەم: ئەو بەرپرسياريەتيەى لەسەر شانى دەسەلآتى ڕاپەڕاندنە لە حكومەتى ئينتيقاليدا كە لە مادەى (٥٨) لە ياساى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بۆ قۆناغى گواستنەوەدا ئاماژەى پێكراوە، بەردەوام دەبێت و دەكەوێتە ئەستۆى دەسەلآتى ڕاپەڕاندنى هەڵبژێردراو بەگوێرەى ئەم دەستوورە بۆ ئەوەى بە تەواوى جێبەجێ بكرێت ( ئاساييكردنەوە، سەرژمێرى، لە كۆتاييدا ئەنجامدانى ڕاپرسى لە كەركوك و ناوچەكانى تر كە ناكۆكيان لەسەرە بۆ دياريكردنى ويستى هاولآتيان) لە ماوەيەكى دياريكراودا كە لە مانگی ١٢ ی ٢٠١٧ تێپەڕ نەكات.
بەگەرانەوە بۆ خاڵی (ب ) برگەی (٣) ماددەی ٢٣ی دەستور هەر گۆرنکاریەک بکرێت بۆ گۆرینی دیمۆگرافی بە پوجەڵ ئەژمار دەکرێن کە لە دەقی ماددەکەدا هاتوە :سێيەم:
عێراقي مافى خاوەندارێتى هەيە لە هەموو شوێنێك لە عێراقداو نابێت كەسى ديكە ببێتە خاوەنى ماڵى نەگوێزراوە مەگەر كەسێك بە ياسا ئەو مافەى پێبدرێت ، خاوەندارێتيكردن بە مەبەستى گۆڕينى پێكهاتەى دانيشتوان قەدەغەيە .
لەکۆتایی دا دەتوانین بلێن گرنگی سەرژمێری بۆ هەرێمی کوردستان هیچی لە گرنگی سەرژمێری بۆ عێراق کەمتر نییە ، بودجە و نوێنەرایەتی لە دامەزراوە سەربازیەکان ، نوینەرایەتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ، بەشی هەرێم لە داهاتی نەوت غازدا ، بەشی هەرێم لە قەرز و شاند و زەمالەو نوینەرایەتی لە تەوای دامەزراوە فیدرالەکانیش پەیوەستە بە ژمارەی دانیشتوان ، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانێش داتاکان گرنگن بۆ تویژینەوە ودانانی پلان و بەرنامە بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری و دانانی پلانی ستراتیجی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری لەنیوان پارێزگا و قەزاو ئیدارە سەربەخۆکان بۆ پرسی بوجە و پلانی گەشە پێدان و نوێنەرایەتی لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پاریزگاو قەزاو ناحیەکان ، ئەوە سەرەرای ئەوەی دەکرێت لەرێگای ئەو تەکنولۆژیا و سۆفتویرەی بەکار دەهێنرێت ، لەسەرجەم کایەکان بەرچاو روونی لێوە دەستەبەر بکرێت لە رێگای شیکاری کردنی داتا و زانیاریەکان ، بۆ پرۆسەسازی بڕیاردانی تەندروەست لەسەربنەمای زانیاری و داتای تەندروست.
*پسپۆر و شارەزا لەکاروباری هەڵبژاردن
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: سندوقەکانی دەنگدان سەوزپۆش بکەن
09:31 PM - 2025-11-07 -
سۆسیال دیموکراتی سوید پشتیوانی لیستی 222ی یەکێتییە
08:32 PM - 2025-11-07 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆ کۆچی دوایی کاوەی ئیزاعە
09:55 AM - 2025-11-07 -
کارنامە و ستراتیجی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
09:47 AM - 2025-11-07
زۆرترین خوێنراو
-
سۆسیال دیموکراتی سوید پشتیوانی لیستی 222ی یەکێتییە
کوردستان 08:32 PM - 2025-11-07 -
پەیامی کۆتایی سەرپەرشتیاری بازنەکانی هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن
کوردستان 07:40 PM - 2025-11-07 -
سەرۆک بافڵ: بەهێزی یەکێتی سلێمانی دەکەینە ئەڵماسەکەی عیراق
کوردستان 05:54 PM - 2025-11-07 -
سهرۆك عهشیرهتی سورچی: داوا لهخهڵكی خۆشهویستی ههولێر دهكهم دهنگبدهن بهیهكێتی
کوردستان 01:54 PM - 2025-11-07 -
پەیامێک لە ناوەندی بانگەشەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کوردستان 01:17 PM - 2025-11-07 -
كابینەی جیاكاریی و ئابڵوقەی زۆنی سەوز
بیروڕا 11:30 AM - 2025-11-07 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆ کۆچی دوایی کاوەی ئیزاعە
کوردستان 09:55 AM - 2025-11-07 -
کارنامە و ستراتیجی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کوردستان 09:47 AM - 2025-11-07




دابەزێنە

