لای ئێمە پەروەردە زۆر لە نەوت و گاز گرنگترە!
بیروڕا 10:05 AM - 2023-02-21
نووسینی....عەبدولواحید محەمەد
بەر لەوەی بچمە سەر كرۆكی مەبەستەكەم، دەمەوێت هەندێك ژمارەو داتا بخەمەڕو دەربارەی پڕۆسەی پەروەردە و ژمارەی مامۆستایان بە هەموو قۆناغەكانیەوە، كۆی ژمارەی مامۆستایان لە قۆناغی باخچەی منداڵانەوە تا دەگاتە زانكۆ و پەیمانگەكان، خۆی لە نزیكەی (170000)هەزار دەدات، پێویستە بوترێت ئەو ژمارەیە مامۆستایانی وانەبێژیش دەگرێتەوە، كۆی ژمارەی خوێندكاران دەگاتە نزیكەی (2)دوو ملیۆن، بە شێوەیەك (1.800.000) خوێندكار لە وەزارەتی پەروەردە و (200000)هەزاریش لە زانكۆ و پەیمانگەكانە، زیاتر لە (6700)ناوەندی خوێندنیش هەیە لەگەڵ (31)زانكۆ بە هەردوو بواری گشتی و تایبەتەوە، ئەو ژمارانە ئەوە بە هەموو لایەك دەڵێت:" دەبێت زۆر بە بایەخ و دیقەتەوە لێی بڕوانن و هەموو هەوڵێكیشی بۆ بدەن، چونكە ئەو پرۆسەیە بە هەموو قۆناغەكانیەوە، سەرچاوەی هەموو گۆڕانكاریەكانە بە هەردوو دیو،"واتە ئەگەر بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و ببێتە جێی بایەخی نمرە یەك، ئەوە كۆمەڵگەیەكی تەندروستی و دوا رۆژێكی باشت بۆ مسۆگەر دەبێت، خۆ ئەگەر پێچەوانەی بێت روبەڕوی دەیان و سەدان كێشە و گیروگرفتی بوونیادی دەبنەوە و مەحاڵە بە ئاسانی لێیەوە دەربچن، پێویستە بزانرێت، ئەو راستیە زۆر بە جددیەوە لە وڵاتانی خواپێداو تێیگەیشتون، تونای ماددی و مرۆیی زۆر باشیان بۆ فەراهەمكردووە و بەردەوامیشن، بۆیە ئەگەر بۆ ئەوان بەوشێوەیە جێیبایەخ بێت، بۆ ئێمە دەیانجار پێویستە، چونكە كۆمەڵگەی خۆمان لە بنەڕەتدا بارگاویە بە كۆمەڵێك كێشە، ئەگەر مامەڵەیەكی زۆر تەندروست، لەگەڵ ئەو پرۆسەیە بە كۆی قۆناغەكانیەوە نەكرێت، ئیتر دەبێت ئەسپاردەی خواو قەدەری زەمانەبن، ئەو بەرچاو رونیەم ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی بۆ هەموو لایەك بێت، بە تایبەتی بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، یەكێتی حزبێكی سۆشیال دیموكراتە، یەك لە خەسڵەتە هەرە گرنگەكانی ئەو فەلسەفە سیاسیە، بیناكردنی كۆمەڵگەیە بە شێوەیەكی تەندروست، رونیشە بیناكردنی ئەو جۆرە كۆمەڵگەیە تەنها بە پەرەوەردە و فێركردنێكی تەندروست و باش دەبێت.
ناكرێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تەنانەت لە سەردەمی خەباتی شاخدا، بەو توانا سنوردارەی بەردەستی بایەخێكی تەواو بە پەروەردە و مامۆستایان بدات، دەیان و سەدان ناوەندی خوێندنی لە ناوچە رزگاركراوەكان بكاتەوە، سەركردەی مەزن و كۆچكردووشمان جەنابی مام جەلال سەرباری زۆری ئەركەكانی چاوێكی تایبەتی لەسەر ئەو لایەنە گرنگە و هەمیشە لە خەمی مامۆستایاندا بێت، هەتا دوای راپەڕینیش لە چەندین بۆنەی گشتی و تایبەتدا مامۆستایان ببینێت و خەم لە ئالنگاریەكانیان بخوات، هەر ئەوە وایكردبوو، مامۆستایان ، جەنابی مام بە باوك و براو مامی گەورەی خۆیان بزانن، كەچی لەم سەردەمە پڕ لە جەنجاڵیە دا بەپێی پێویست نەبێت، بەڕاستی زەمەنێكە ئەو جۆرە بایەخ و لالێكردنەوە نەبینراوە، من بۆخۆشم بەردەوام چاودێری بۆچون و هەنگاوەكانم كردووە، زۆر كەمم بینیەوە سەركردەكان باسی پەروەردە و مامۆستایان بكەن، بگرە زۆر باكیشیان بەوە نەبووە مامۆستایان ببینن و هەڵوێستە لەسەر ئەم هەموو خەوشە بكەن كە تێیدا دەژین، بۆیە زۆر پەرۆشی ئەوە بووم، رۆژێك بێت سەرۆك بافل و هەڤاڵان ئاوڕ لە پەروەردە و مامۆستایان بدەنەوە، چونكە ئەو توێژە ئەگەر بە شێوەیەكی رێژەیش بێت مسۆگەر بكرێن، بە دڵنیاییەوە لە هەموو پرۆسە و هەنگاوەكانیتر سەركەوتن بەدەست دێت، بتانەوێت یان نەتانەوێت مامۆستایان زۆر نیگەرانن لە بارودۆخی پەروەردە و خۆیان هەروەها لە هەموو لایەكیش.
من وای دەبینم ئەو دیدارەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ، سەرەتایەكی زۆر باشە بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی 34 هەزار كەس و خێزان كە بەڕاستی ئەوانە لە نێوان بینەو بەردەیەكی دەرونی زۆر زۆر خراپدا دەژین،بەو دیدارە و بە پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆك بافڵ یەقینم وایە چارەسەرەكان زۆر نزیك دەبنەوە، بۆیە لە دڵمەوە دەڵێم دەستخۆش جەنابی سەرۆك، بەڵام نابێت ئەوەشتان لە بیربچێت، مامۆستایان چاوەڕوانی زیاترن، چونكە مەغدوریەتەكان ئەوەندە هەن پێویستیان بە دیدار و پشتیوانی زۆر زیاترە، وەك:
1- ئەو هەموو پاشەكەوتەی لە مووچەكان كراوە كە تا ئێستا بە دڵنیاییەوە تا ئایندەش كاریگەری لەسەر ژیان دەرون و داهێنیان هەر دەبێت.
2- پلە بەرزكردنەوە، ئەوەش خەمێكی ترە و بە دەستیەوە دەناڵێنن، هیچ مانگ نیە بەو هۆیەوە 60000 تا 100000 هەزار دیناریان بە شاراوەیی لێ گل نەدرێتەوە، واتە لێبڕینێكی داپۆشراو.
3- شكۆ و هەیبەتی مامۆستا بەردەوام دەڕوشێنرێت، رۆژانە پێشێلكاری گەورە بەرامبەریان دەكرێت، هەندێك جار لایەنە بەرپرسەكان خۆیان دەبنە هاندەر بۆ ئەو جۆرە هەڵسو كەوتە نا شایستانە.
ئەمانەو چەندین كێشەیتر لە جەوهەر و هەناوی پرۆسەكەدا هەن ، بەڕاستی ئەوانە دەبێت وەزیفەی ئێوەی بەرێز و سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بێت و خۆی بە خاوەنی بكات، كەی ئەوانە چاكبوون، ئەو دەم چاوەڕوانی پەرەوەردەیەكی باش بكەن، ئەوەتا خۆتان دەفەرمون: ئەگەر بمانەوێت كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتو بین و نەوەیەكی سوود بەخش پێشكەشی كۆمەڵگە بكەین، پێویستە گۆڕانكاریەكی ریشەیی لە سیستەمی پەروەردە بكەین و رۆڵی مامۆستایان رێز لێگیراو بێت، لای ئێمە پەروەردە زۆر لە نەوت و گاز گرنگترە، منیش وای دەبینم نەچووە بچیت با دەست پێبكرێت دڵنیام سەركەوتنیش بەدەست دێت. هەروەك فەرموتانە: ئەگەر بمانەوێت كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتو بین و نەوەیەكی سودبەخش پێشكەشی كۆمەڵگە بكەین، پێویستە گۆڕانكاریەكی ریشەیی لە سیستەمی پەروەردە بكەین و رۆڵی مامۆستایان رێز لێگیراو بێت، لای ئێمە پەروەردە زۆر لە نەوت و گاز گرنگترە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
راستی رووداوەکەی بەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر
06:29 PM - 2025-12-20 -
رێككەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغداد نوێدەكرێتەوە
05:35 PM - 2025-12-20 -
رفعهت عهبدوڵڵا: یهكێتی قوڵایی مێژوویی لهبادینان ههیه
04:33 PM - 2025-12-20 -
نرخی خۆتۆمارکردنی پسوڵەی ئەلیکترۆنیی خۆراک گۆڕانکاری بەسەردا دێت
04:28 PM - 2025-12-20
زۆرترین خوێنراو
-
سوپای ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوان دەکاتە سەر پێگەکانی داعش لە سوریا
جیهان 10:12 AM - 2025-12-20 -
سهرۆك بافڵ گهیشته بهغداد
کوردستان 09:46 AM - 2025-12-20 -
بەهۆی غازی زۆپاوە دوو کەس لەمێرگەپان گیانیان لەدەستدا
کوردستان 09:43 AM - 2025-12-20 -
ئەمڕۆ لە سنوورى چەمچەماڵ نەوت دابەشدەکرێت
کوردستان 09:25 AM - 2025-12-20 -
پۆلیسى گەرمیان: چوار کەس کوژران و حەوت کەسیش برینداربوون
کوردستان 08:59 PM - 2025-12-19 -
رفعەت عەبدوڵڵا: لەسەر پاراستنی فەرهەنگی برایەتی و پێكەوەژیان بەردەوام دەبین
کوردستان 08:37 PM - 2025-12-19 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی لە هەوڵدایە بۆ ژیانێکی ئاسوودەتر بۆ ئێزدییەکان و ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال
کوردستان 07:16 PM - 2025-12-19 -
وەفدێکی یەکێتی پیرۆزبایی سەرۆك بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتییان گەیاندە ئێزدییەکان
کوردستان 05:55 PM - 2025-12-19




دابەزێنە

