تۆپ و ئابووری: کامیان گەمە بەوی تر دەکات؟
بیروڕا 08:05 PM - 2026-06-09
PUKMEDIA
فەیسەڵ عەلی
لە جیهانێکدا، کاتێک ژمارەکان تێیدا تێهەڵكێش دەبن و بەرژەوەندییەکان یەکتر دەبڕن، کاتێکیش لە دوورەوە لێی دەڕوانیت، هیچ دوو بوارێک هێندەی ئابووری و تۆپی پێ لە یەکترەوە دوور دەرناکەون. یەکێکیان زانستێکی وشکە و نغرۆی خشتە و هاوکێشەکانە، ئەوی تریشیان یارییەکە کە لە نێو دڵەکاندایە و یاریگاکان گڕ تێبەردەدات، بەڵام کاتێک لە نزیک و بە وردی لەم پەیوەندییە دەڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت، کە ئەمە تەنیا یەکتربڕینێکی کاتی نییە، بەڵکو هاوسەرگیرییەکە رەگ و ریشەیەکی ئاڵۆزی هەیە؛ هەم حەڵاڵە و هەمیش لە زۆر کاتدا مشتومڕاوی و جێی سەرنجە، لێرەشدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە: کێ گەمە بەوی تر دەکات؟ ئایا تۆپ ئامرازێکی بەردەستی ئابووریە؟ یاخود ئەوە تۆپی پێیە کە ئاراستەکانی ئابووری دیاری دەکات و سەرلەنوێ دایدەڕێژێتەوە؟
کاتێک تۆپ تەنیا یارییەک بوو
بۆ تێگەیشتن لەم پەیوەندییە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ رەگ و ریشەکەی، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم، سەرەتای سەرهەڵدانی بوو لە ئینگلتەرا، تۆپی پێ تەنیا خولیا و سەرگەرمییەکی کرێکاری بوو؛ هۆکارێک بوو بۆ حەوانەوە و کات بەسەربردنی کرێکاران دوای کاتژمێرە درێژەکانی کارکردن لە کارگەکانیاندا. لەو سەردەمەدا نە گواستنەوەی راستەوخۆی یارییەکان هەبوو، نە سپۆنسەری بازرگانی و نە گرێبەستی ملیۆنی، تۆپ بە پێ و پێڵاوی کۆن و دڕاوەوە دەکرا، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە حیساباتێکی ئابووری لەپشت بێت. بەڵام دواتر بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر هەموو شتێک گۆڕا.
لەگەڵ ناوەڕاستی سەدەی بیست، تۆپی پێ لە چالاکییەکی کات بەسەربردنەوە بۆ دیاردەیەکی تەواو کۆمەڵایەتی و کەلتووریی گۆڕا، کاتێکیش شاشەی تەلەفزیۆنەکان گەیشتنە ژووری دانیشتنی ماڵەکان، ئەوە ئەو ساتەوەختە وەرچەرخانە بوو کە دەروازەیەکی گەورەی کردەوە کە هەرگیز بە هیچ هێزێک داناخرێت.
لە یاریگاوە بۆ بۆرسە
ئەمڕۆ ژمارەکان بە روونی وێنەکەمان بۆ دەنەخشێنن. قەبارەی پیشەسازیی تۆپی پێ لە جیهاندا ساڵانە بە زیاتر لە 600 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەمەش ژمارەیەکە لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) چەندین دەوڵەت تێدەپەڕێنێت. تەنیا یانەی ریال مەدرید بەهای بازاڕییەکەی لە چوار ملیار دۆلار تێپەڕیوە، گرێبەستی گواستنەوەی تەنیا یەک یاریزان (وەک نەیمار کاتێک بەبڕی 222 ملیۆن یۆرۆ گوازرایەوە بۆ پاریس سان جێرمان) بەس بوو بۆ بوژاندنەوەی تەواوی ئابووریەک مشتومڕێکی گەورەی لەناو پەرلەمانەکانی ئەوروپا سەبارەت بە هەڵئاوسانی دارایی ئەم کەرتە بەدوای خۆیدا هێنا.
بابەتەکە تەنیا بە گواستنەوەی یاریزانانەوە پەیوەست نییە. بەڵکو سپۆنسەری بازرگانی، مافی پەخشی تەلەفزیۆنی، کەلوپەلی وەرزشی، گەشتوگوزاریی وەرزشی، موڵک و زەوییەکانی دەوروبەری یاریگا گەورەکان، ئەمانە هەموویان ئەو کەناڵە ئابوورییانەن کە پارەیەکی ئێجگار زۆریان پێدا تێپەڕ دەبێت، تەنیا خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار یۆرۆ بۆ یانە بەشداربووەکان دابین دەکات. کۆمپانیای (نایکی)یش زیاتر لە ملیارێک دۆلاری داوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی سپۆنسەریکردنی هەڵبژاردەی بەڕازیل، لەم ساتەوەختەدا وەک بڵێی وەڵامەکە ڕوون بێت: ئابووری گەمە بە تۆپ دەکات.
تۆپ وەک ئامرازێکی سیاسی و ئابووری
ئەو دیاردەیەی بە قووڵی گوزارشت لە هەژموونی سیاسەت و ئابووری بەسەر تۆپی پێدا دەکات، بریتییە لە دیاردەی (سپیکردنەوەی وەرزشی-Sports washing)؛ کاتێک دەوڵەتان یان دەسەڵاتدارانی تۆپی پێ، بۆ جوانکردنی وێنای خۆیان یان لادانی سەرنجەکان لەسەر کێشە ناوخۆییەکانیان بەکاری دەهێنن. میوانداریکردنی مۆندیالی 2022 لەلایەن قەتەرەوە تەنیا ڕووداوێکی وەرزشی نەبوو، بەڵکو کارتێکی تەواوی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری بوو، کە بەپێی هەندێک خەمڵاندن، قەبارەی تێچووەکەی زیاتر لە 220 ملیار دۆلار بوو. بە هەمان شێوە، کاتێک سندوقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودیە، دەستی بەسەر یانەی نیوکاسڵ یونایتددا گرت و دواتر خولی (رۆشن)ی سعوودی راگەیاند و ئەستێرەکانی وەک رۆناڵدۆ، بنزیمە و کانتی هێنایە خولەکە، ئەمە هێندەی پەیامێکی ستراتیژی بوو بۆ جیهان، نیو هێندە لەبەر خۆشەویستیی یارییەکە نەبوو.
لێرەدا، تۆپ دەبێتە ئامرازێکی بەردەستی هێزە گەورە ئابووری و سیاسییەکان؛ خۆی خاوەنی بڕیاری خۆی نییە، بەڵکو وەک بەردەکانی سەر تەختەی شەترەنجی نێودەوڵەتی دەجووڵێندرێت.
بەڵام تۆپ بەرگری دەکات
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دراوە روویەکی تریشی هەیە. تۆپی پێ پەڕەیەکی سپی نییە، تا هێزە ئابوورییەکان چییان بوێت لەسەری بنووسنەوە؛ بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی زیندووە کە خاوەنی داینامیکییەتی تایبەت بە خۆیەتی و جاری وا هەیە مەرجەکانی خۆی بەسەر ئابووریدا دەسەپێنێت.
بۆ نموونە، بازاڕەکانی گواستنەوەی یاریزانان دیاردەیەکی تەواو ئابووریی سەربەخۆی خولقاندووە. بریکارەکان، پارێزەرە پسپۆڕەکان، کۆمپانیاکانی نێوەندگیری و سەکۆکانی شیکاریی وەرزشی، ئەمانە هەموویان ئەو سێکتەرە ئابوورییانەن کە لە منداڵدانی تۆپی پێوە لەدایکبوون و کەس پلانی بۆ دانەڕشتبوون. هەروەها پیشەسازیی یارییە ڤیدیۆییە وەرزشییەکانی وەک (FIFA) و (EFootball) خۆیان بوونەتە ئابوورییەکی سەربەخۆ، ساڵانە ملیاران دۆلار داهاتیان هەیە و بەشێوەیەکی پێچەوانە دەبنە هۆکاری سەرنجدان و گرنگیدانی زیاتر بە تۆپی پێی ڕاستەقینە.
لە هەمووشیان گرنگتر: تۆپی پێ ئەستێرەگەلێک دروست دەکات کە کاریگەریی ئابوورییان بەهەر پلانێکی پێشوەختە تێدەپەڕێت. کاتێک لیۆنێل مێسی درێسی ئینتەر میامی دەپۆشێت و بڕیار دەدات لە خولی ئەمریکی (MLS) یاریی بکات، پابەندی ئەجێندایەکی ئابووری یان سیاسیی پلاندانان بۆ دانراو نابێت، بەڵکو بە تەنیا بوومەلەرزەیەکی مارکێتینگ دروست دەکات کە بەهۆیەوە نرخی بلیتەکانی چوونە ناو یاریگاکان بەرز دەبنەوە، گەشتوگوزاری وەرزشی لەو شارانەی سەردانیان دەکات گەشە دەکات، نرخی پشکی کۆمپانیای (Adidas) و هەندێک لە هاوبەشە بازرگانییەکانیشی سەر دەکەوێت. تۆپی پێ، یان وردتر بڵێین، ئەو ئەستێرانەی کە بەرهەمی دەهێنێت، مەرجەکانی خۆیان بەسەر ئابووریدا دەسەپێنن نەک بەپێچەوانەوە.
یانەکان لە نێوان ناسنامە و سەرمایەداریدا
هاوکێشەکە ئاڵۆزتر دەردەکەوێت، کاتێک وەک دامەزراوە لە یانەکان دەڕوانین، یانەی بارسیلۆنا بە واتا کلاسیکییەکەی، کۆمپانیایەکی قازانج ویست نییە، بەڵکو سیستمێکی کۆمەڵایەتییە کە نوێنەرایەتیی ناسنامەی کەتەلۆنیا دەکات و دروشمی (زیاتر لە یانەیەک)ی هەڵگرتووە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک قەرزەکانی کەڵەکە بوون و ملیارێک یۆرۆی تێپەڕاند، ناچار بوو ئەو لایەنە داراییانە بفرۆشێت کە پێیان دەگوت (یاساکانی راکێشانی ئابووری-الروافع الاقتصادیە-Economic Levers)، کە بریتیبوون لە مافەکانی داهاتوو و داهاتی پەخشی تەلەفزیۆنی؛ ئەمەش هەنگاوێک بوو کە زۆری هاندەران وەک ناپاکی لە ناسنامەی یانەکە و سەرکەوتنی لۆژیکی ئابووری بەسەر ناسنامەدا تەماشایان کرد.
ئەم گرژییەی نێوان ناسنامەی وەرزشی و لۆژیکی سەرمایەداری کرۆکی کێشەکەیە، یانە دێرینەکانی وەک مانچستەر یونایتد، ئەی سی میلان و بۆروسیا دۆرتمۆند، هێشتا خاوەنی قورساییەکی سۆزداری و کەلتووری ملیۆنان هاندەری سەرانسەری جیهانن، بەڵام لە هەمان کاتدا بوونەتە بنەچەیەکی دارایی تۆمارکراو لە بۆرسەکاندا کە لەلایەن ئاژانسەکانی هەڵسەنگاندنی قەرزەوە پۆلێن کراون، کاتێک سەرمایەداران یانەیەک دەکڕن، ئایا تیمێکی وەرزشی دەکڕن یان دەست بەسەر براندێکی بازرگانیدا دەگرن کە جەماوەرەکەی گەرەنتی کراوە؟
ئابووریی شاراوەی تۆپی پێی ناوخۆیی
دوور لە رۆشناییە پرشنگدارەکانی میدیا، ئابوورییەکی تری تۆپی پێ هەیە، کە بە باشی ئەژمار ناکرێت، لە گەڕەکە میللی و شارە بچووکەکاندا، تۆپی پێ سووڕێکی ئاسایی ئابووریی ناوخۆیی هەیە، بەڵام زیندوو: یاریگای بەکرێ، قوتابخانەکانی تۆپی پێ، کەلوپەلە وەرزشییەکان، ئەو قاوەخانانەی یارییەکان دەگوازنەوە، ئەو شەربەت و خواردنانەی لە بازاڕەکانی تەنیشت یاریگای یەکێتییە ناوخۆییەکان دەفرۆشرێن، ئەم ئابوورییە نادیارە، نەوەیەک لە هاندەران و پیشەگەران پەروەردە دەکات کە دواتر دەبنە خۆراکی ئەو ئامێرە گەورەیە.
لە دەوڵەتانی وەک بەڕازیل، ئەرجەنتین، سەنیگال و مەغریب، تۆپی پێ وەک دەروازەیەک بۆ بزاوتی کۆمەڵایەتی تەماشا دەکرێت، بەھرەی وەرزشی ئەو سەرمایەیە کە منداڵانی چینە هەژارەکان بۆ دەرباز بوون لە بازنەی نەداری هەیانە. لەم چوارچێوەیەدا، نە تۆپ گەمەی ئابووری دەکات و نە پێچەوانەکەی راستە، بەڵکو هەردوولا هەوڵ دەدەن ئەوی تر بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بەکاربهێنێت.
کێ خاوەنی دوا قسەیە؟
لە کۆتاییدا، وەڵامەکە یەک رەهەندی نییە، تۆپی پێ و ئابووری لە پەیوەندییەکی دیالەکتیکیی ئاڵۆزدان؛ هەر لایەک گەمە بە ئەوی تر دەکات، دایدەڕێژێتەوە و وەڵامی گوشارەکانی دەداتەوە، سەرمایەداریی جیهانی دەستی خۆی بۆ تۆپی پێ درێژ دەکات و دەیکاتە کاڵا، بەڵام تۆپی پێ خاوەنی توانایەکی ناوازەیە بۆ دەربازبوون و خۆڕاگری، چونکە لە کۆتاییدا دیاردەیەکی مرۆیی و سۆزدارییە و لە نێوان ژمارەکاندا کورت ناکرێتەوە.
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە تۆپی پێ ئێستا گەورەتر بووە لەوەی تەنیا یارییەک بێت، گەورەتریشە لەوەی تەنیا ئابوورییەکی پەتی بێت. ئەو ئاوێنەیەکە کە ناکۆکییەکانی سەردەمەکەمان رەنگ دەداتەوە: لە نێوان ناسنامە و بەجیهانیبووندا، لە نێوان سۆز و بەرژەوەندیدا، لە نێوان خەونی وەرزشی و حیساباتی ساردوسڕدا.
ئەوەی لەم هاوکێشەیە بە باشی تێبگات چی هاندەر بێت، یان بەرپرسی یانەیەک، یاخود بڕیاردەرێک ئەوەیە کە جڵەوی ئەم کایە دووسەرەیەی لەناو یارییەکەدا بەدەستەوەیە، چونکە تۆپی پێ کاتێک دەچێتە ناو یاریگاوە، تەواوی جیهان لەسەر شانەکانی خۆی هەڵدەگرێت ئەمەش زۆر قورستره لە تەنیا تورەکەیەکی چەرم کە پڕ بێت لە هەوا.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
خولی بیری میانڕەوی و رووبەڕوبوونەوەی توندڕەوی کۆتایی هات
04:44 PM - 2026-06-10 -
مەکتەبی سکرتارییەت: حیکمەتی حەمە پاشا رووبەڕووی دۆخی سەخت و دژواری بۆتەوە
04:10 PM - 2026-06-10 -
12 ساڵ بهسهر داگیركردنی موسڵدا تێدهپهڕێت
09:33 AM - 2026-06-10 -
وانەیەک لە کۆڵنەدان؛ هاووڵاتییەکی بەتەمەن لە راپەڕین سەرنجی هەموان ڕادەکێشێت
08:55 PM - 2026-06-09
ئەمانەش ببینە
قوباد تاڵەبانی: پێویستە هەرێم و بەغدا پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن
05:39 PM - 2026-06-10
بۆچی ترهمپ 37 جار تهئكید له رێككهوتن لهگهڵ ئێران كردوهتهوە؟
03:30 PM - 2026-06-10
لەسنووری هەولێر ئاگركەوتەوەو زەوی جوتیاران دەسوتێت
01:07 PM - 2026-06-10
ئەنجومەنی وەزیران دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ بەغداد تاووتوێ دەکات
09:18 AM - 2026-06-10
زۆرترین خوێنراو
-
مەکتەبی سکرتارییەت: حیکمەتی حەمە پاشا رووبەڕووی دۆخی سەخت و دژواری بۆتەوە
کوردستان 04:10 PM - 2026-06-10 -
بۆچی ترهمپ 37 جار تهئكید له رێككهوتن لهگهڵ ئێران كردوهتهوە؟
جیهان 03:30 PM - 2026-06-10 -
لەسنووری هەولێر ئاگركەوتەوەو زەوی جوتیاران دەسوتێت
کوردستان 01:07 PM - 2026-06-10 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 10:20 AM - 2026-06-10 -
12 ساڵ بهسهر داگیركردنی موسڵدا تێدهپهڕێت
عیراق 09:33 AM - 2026-06-10 -
ئەنجومەنی وەزیران دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ بەغداد تاووتوێ دەکات
کوردستان 09:18 AM - 2026-06-10 -
وانەیەک لە کۆڵنەدان؛ هاووڵاتییەکی بەتەمەن لە راپەڕین سەرنجی هەموان ڕادەکێشێت
کوردستان 08:55 PM - 2026-06-09 -
ترەمپ: هەلیکۆپتەرەکەمان لەلایەن ئێرانەوە بەئامانج گیراوە و وەڵام دەدەینەوە
جیهان 08:18 PM - 2026-06-09



.png)
.png)

.jpg)
دابەزێنە

