riklam

سلێمانی فێرگەی كوردایەتی و مرۆڤدۆستی

بیروڕا 09:28 AM - 2026-01-31
هەڵمەت هۆشیار هەڵمەت هۆشیار

هەڵمەت هۆشیار

بیروڕا

سلێمانی بە تەنها شارێكی ئارامی كوردیی نییە لەسەر نەخشەیەكی جوگرافی، بەڵكو بە پێی مێژووی خۆی بۆتە پانتاییەكی زیندوو، هەڵوێستە ئەخلاقی و روناكبیرییەكەی سنورەكانی شوێن و زمانیان تێپەڕاندووە، لەسەردەمێكدا هێز و توندوتیژیی بەهاكانیان بێ نرخ كردووە، سلێمانی بە جیهانی وت: ناسنامەی كوردبوون تەنها چەك نییە، بەڵكو پەیامی ژیان و  مرۆڤدۆستییە.

سلێمانی نمونەیەكی جیاوازی لە كوردایەتیی پێشكەشكردووە، نمونەیەك نییە لەسەر رەتكردنەوەی ئەوانی دیكە خۆی پێناسە بكاتەوە، یان برینەكانی بكاتە سەرمایەیەكی سیاسی هەمیشەیی، بەڵكو دێت تەواوی ئازار و نەهامەتییەكانی دەگۆرێت بۆ پرسیاری فكری و پرۆژەی روناكبیری، لێرەوە رەهەندی نەتەوەیی و رەهەندی مرۆڤدۆستی پێكدەگەن، ئیدی كوردایەتییەكە لە چوارچێوەی تەسكی ناسیۆنالیستی دەردەچێت و دەگۆڕێت بۆ بەهایەكی گەردوونی.

سلێمانی بە جیهانی وت: كوردایەتی نەتەوەپەرستییەكی داخراو و كوێرانە نییە، بەڵكو هۆشیاریی و  بەرەنگارییە، باوەڕی بە ئازادییە و وەكو مافی مرۆڤ نەك تایبەتمەندی، شاعیران و نووسەران، بیرمەند و رۆژنامەوانان كە دێنە سەرشەقام رق و كینە بڵاوناكەنەوە، بەڵكو بەر لە هەموو شتێك لە پێناو مرۆڤایەتیدا هاوار دەكەن، لە پێناو ماف و شكۆ و رێزگرتن لە جیاوازییەكان دەنووسن.

ئەزموونی سلێمانی ئەوەی نیشانداوە، رۆشنبیریی تەنها شتێكی خودی نییە، بەڵكو ئامرازی بەرگرییە، "قاوەخانەكان، رۆژنامە، شیعر، زانكۆكان" هەموویان كراونەتە گۆڕەپانی رووبەروو بوونەوەی ستەمكار و بیری تاكڕەویی، ئەم هەمیشە ئامادەییە رەهەندێكی قوڵی مرۆڤدۆستی بە شارەكە بەخشیووە، وایكردووە لە هەموو ئەو ئەزموونانەی دیكە جیاواز بێت كە لە پێناو پاراستنی شوناسدا ستەمیان كردووە.

سلێمانی بە هەموو جیهانی وت: بیری نەتەوەیی بە رادەی توندی گوتارەكان ناپێورێت، بەڵكو بەتوانای پاراستنی مافی نەتەوەكانی دیكە دەپێورێت، لەم شارەدا ئەمە تەنها دروشمی كاتی قەیران و رێپێوانەكان  نییە، بەڵكو رۆژانە بەكرداریی پەیڕەو دەكرێت، رێز لە فرەیی دەگیرێت و رەخنە قبوڵ دەكرێت، باوەڕی تەواوی هەیە كە ئازادی بەش بەش ناكرێت و  ئەوەی داوای مافی خۆی بكات، پێویستە دان بە مافی ئەوانی دیكەشدا بنێت، تەنانەت ئەگەر تەواو پێچەوانەی بیر و بۆچوونەكانیشیان بێت.

لێرەوە سلێمانی بۆتە شوێنێكی دەگمەن لە کوردستانی گەورە و بگرە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: شارێك ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی بەرهەم دەهێنێت و روناكبیرە سركەكان لە ئامێز دەگرێت و دەرفەتی دەنگ هەڵبڕین بە دەنگە پەراوێزخراوەكان دەدات، هەرگیز سڵ ناكاتەوە لە پرسیاركردن و رەخنەگرتن لە دەسەڵات، لە پرسیاركردن دەربارەی شكست، تەنانەت رەخنە لە دامەزرێنەرانی بیری نەتەوەییش دەگرێت، ئەمەیە وایكردوە لە رووی كردارییەوە سلێمانی ببێتە قوتابخانەیەكی رانەگەیەندراوی كەلتوری دیموكراسی.

لە سلێمانی شوناسی كوردبوون لەگەڵ بەها بنەڕەتییەكانی مرۆڤایەتی ئاوێزان بوون: "لێبوردەیی، فرەیی، پێكەوەژیان".

لە سلێمانی شوناس لە زمان و جل و بەرگ و زامەكاندا كورت نەكراوەتەوە، بەڵكو هەموو ئەوانە هۆكارێكن تا ببنە پردێك بۆ گفتوگۆ، بۆیە هەرگیز ئەم شارە داخراو نەبووە، بەڵكو هەمیشە دەلاقەیەكی كراوە بووە بە رووی جیهاندا، هاوشێوەی بێگانەكان، پێشوازی لە فكر دەكات، وەكو شیعر رەخنە لە ئامێز دەگرێت.

سلێمانی پێی وتین: دەكرێت شارێك ببێتە ویژدان، رۆشنبیری ببێتە شێوازێك لە شێوازەكانی خەبات، بەڵام خەباتێكی بەردەوام و قوڵ، لێرەوە باسكردنی سلێمانی تەنها باسكردنی شارێكی كوردیی نییە، بەڵكو نمونەیەكی دانسقەی مرۆڤدۆستییە، ئەوە وەبیر جیهان دەهێنێتەوە تێگەشتنی تەواوەتی لە شوناس دەبێتە هێزی یەكگرتن نەك هۆكارێك بۆ جیابوونەوە.

بەم شێوەیە بە ئارامی خۆی و پاشخانی هۆشیارییەكەی، سلێمانی هاوشانی وانەی كوردایەتی وانەی مرۆڤدۆستی بە جیهان دەڵێتەوە.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

شەوی بەرات

کوردستان 03:17 PM - 2026-01-31 شەوی بەرات دیاریکرا

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket