riklam

لە باكوری سوریاوە بۆ رۆژئاڤای كوردستان.. زمانی (BBC) و دەنگی (BKC)

بیروڕا 05:27 PM - 2026-01-20
ژینەر محەمەد PUKMEDIA

ژینەر محەمەد

بیروڕا

جوگرافیای رۆژئاڤا بەرهەمی خوێن و خەباتێكی درێژ و 14 ساڵ مانەوەیە، بەڵام پایەكانی ئەم ئەزموونە خەریكە لە گەلەكۆمەكییەكی نێودەوڵەتی و هەرێمی نزیك دەبێتەوە لە لێواری شەكەتبوون و بچووكبوونەوە، هەڵبەت بچووكبوونەوەی باكوری سوریا و لەدەستدانی نزیكەی (40%)ی روبەری جوگرافی واتای نەمانی رۆژئاڤا نایەت، وەك (دڵبەخوێن) نووسیبووی: كورد لەو بەشە داگیركراوەدا ئەركی پاراستنی باكوری سوریای لێدەسەنرێتەوە، بەڵام هەرگیز كەس ناتوانێت خاك و خۆڵی رۆژئاڤای لێ زەوت بكات.

ئەزموونی بە خوێن بەدەستهاتووی رۆژئاڤا، لەشرۆڤەی میدیا و ناوەندەكانی توێژینەوەدا وا وێناكراوە كە شكستێكی سەربازییە، بەڵام راستییەكەی نا بەرابەری هێز و قەبارەی گەلەكۆمەكییە و درزی خێڵ و ئێلە عەرەبییەكانی ناو هەسەدە نابێت وەك نشوستی كورد و هێزە چەكدارەكانی ئەو پارچەیە لێكبدرێتەوە، بەڵكو بە تەنیشت پاشەكشەی سەربازی دەشێت باس لە شكستی تێزێكی بیریی بكەین كە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەكانە لە هەرێمێكی خۆسەریدا، ئەم تێزەی پەیەدە و بزووتنەوەی كوردی لەو پارچەیە لەسەرەتای بەهاری عەرەبی بووبووە مۆدێلێكی سەرنج راكێش بۆ میدیای جیهانیی و دەستبەژێری دنیا، بەڵام وادیارە هێشتاش ئەندێشەی پێكهاتەی عەرەب لە سوریا بەتایبەت لە دێرەزور و رەقە نەگەیشتووەتە ئاستێك بتوانێت خۆی لەمەیلە شۆڤینییەكەی داببڕێ و بە ئارامی لەژێر چەترێكدا لەگەڵ ئەوانی دیكە بژیت، لەبەرئەوەیە جارێكی تر كورد لەو پارچە پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ تێزە دێرینەكەی خۆی، كە رۆژئاڤا ـ یەكی خاڵییە لە هاوبەشی لەگەڵ عەرەبدا.

سەرەتای بەهاری عەرەبی و ئازادبوونی بەشە زۆرەكەی خاكی سوریا، لەژێر رۆشنایی تێزە بیرییەكانی ئۆجەلان، بژاردەی دروست بریتی بوو لە بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی دیموكراسی، كە دان بە فرەچەشنی پێكهاتەكانیدا بنێت، دەسەڵات و فیدراسیۆنێك بێتە كایەوە كە پەنا بۆ چارەسەری سەربازی یان تاكڕەوانە نەبات و بنەمای دیالۆگ و سازان و هاوبەشی ببێتە سەرچاوەی پێكهاتن و هێزە چەكدارەكانیش لەسەر هەمان بنەما پێك بێن، ئەو ئەزموونە 14 ساڵ بڕیكرد و بووە فۆڕمێكی دەوڵەتداری، بەڵام بە رێككەوتنی ژێر بەژێری كوڕانی خێڵی بەكارە و ئێل و خێڵەكانی تر و هاوبەشیكردنیان لەگەڵ سوپای شەرع، سەلماندی كە تاكە شتێك هێزی پاراستن بدات بە كوردی ئەو پارچەیە، یەكڕەنگی هێزە چەكدارەكانییەتی، بۆیە رەنگە لە قۆناغی داهاتوودا جارێكی دیكە بە ناوەكانی یەپەگە و یەپەژە ئاشناببینەوە، كە هەر خۆی رواڵەتە كوردییەكەی بزووتنەوەی چەكداری ئەو پارچەیە.

بێدەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و پشتكردن لە كوردی ئەو پارچەیە، بە سایلێنت بوونی میدیای جیهانی بەڵگەیەكی روون و رەوانە كە بەناوی دانوستانەوە بۆ ماوەیەكی كاتی چەكەكانمان بێدەنگ بوون، بەڵام بۆ ئەوەی جیهان ئاوڕت لێبداتەوە، دەبێت بیر لە قسەی ئەو شەڕڤانە بكەینەوە، كە وتی: (بۆ ئەوەی (BBC) لەسەرت بە دەنگ بێت، دەبێت (BKC) بەدەستتەوە بێت).

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket