پاشا ڕووتە.. زمانی هەڕەشە لە سیاسەتدا
بیروڕا 02:47 PM - 2025-12-30
PUKMEDIA
ئەرسەلان مەحمود
زمانی هەڕەشە لە سیاسەتدا هیچ هێزێکی فیزیکی نییە. هێزەکەی لە شوێنێکی دیکەوە سەرچاوە دەگرێ: سوپا، ئابووری، هاوپەیمانێتییەکان. کاتێک ئەم ستوونە سەرەکییانە بوونیان نەبێ، هەڕەشە دەبێتە نیشانەی ئاشکرای لاوازی، و وشەکان دەبنە بایەک دێت و دەچێت و تێدەپەڕێت.
کێشەی بنەڕەتی لە زمانی هەڕەشەدا نە لە هەڕەشەکردنەکەدایە، بەڵکوو لەوەدایە جەماوەر زۆرجار باوەڕی کوێرانەی پێدەکەن. گوستاڤ لۆبۆن لە کتێبی دەروونناسی جەماوەردا ئەم دیاردەیە ڕووندەکاتەوە: جەماوەر وەک منداڵ وایە؛ هەر وتەیەک دڵگرمانە پێشکەش بکرێ، وەریدەگرێت، تەنانەت ئەگەر هیچ بنەمایەکی ڕاستەقینەیشی نەبێت. ئەم ڕاستییە دەروونییە بنەمای سیحری زمانی هەڕەشەیە.
بۆچی خەڵک باوەڕ دەکەن؟ نهێنی هۆکارەکە لە ناخی دەروونی خەڵک خۆیدایە: خواستێکی قووڵ بۆ باوەڕکردن بە هێز و تواناداری. ئەم مەیلە دەروونییە حاڵەتێک دروست دەکات تێیدا خەڵک چاو لە ڕاستییەکان دادەخەن و تەنها ئەوە دەبیستن حەزیان لێیە بیبیستن. هەڕەشەکەران ئەمە باش دەزانن؛ هەر بۆیە زمانی هەڕەشەکەیان لەسەر ئەم خاڵە لاوازەی ڕۆحی کۆمەڵایەتی بنیاد دەنێن.
هەڕەشەکانی پێش و پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان (٢٠١٧)، نموونەیەکی ڕوونی ئەم شکستەن. کاتێک هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی هاتن، سیحرەکە شکا. جەماڵ عەبدولناسر، ساڵانێک بە زمانی ئاگرین هەڕەشەی فڕێدانە ناو دەریایەوەی لە ئیسرائیل کرد، دەیگوت سوپای عەرەب لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئیسرائیل لەناودەبات، بەڵام جەنگە شەش ڕۆژییەکەی (١٩٦٧) ڕاستییە تاڵەکەی ئاشکرا کرد و سیحری وشەکان بوون بە خۆڵەمێش.
سەددام حوسێن ئەم سیناریۆیەی دووجار دووبارە کردەوە. دەیگوت عیراق بەهێزترین وڵاتی ناوچەکەیە و سوپاکەی لە شکان نەهاتووە. ساڵی ١٩٩١یش گوتی جەنگەکە دەبێتە دایکی هەموو جەنگەکان و ئەمریکییەکان لە خوێناوی خۆیاندا دەگەوزێن. ئەنجام؟ سوپای عیراق لە نۆ ڕۆژدا تێکشکا. لە ٢٠٠٣دا هەمان سیحر دووبارە کرایەوە، هەمان ئەنجام دەرکەوت: سەددام کەوت و هەڕەشەکانی بوونە دووکەڵێکی بێ شوێن.
موسۆلینی خەونی ئیمپراتۆرییەتی نوێی ڕۆمانی بینی و لافی ئەوەی لێدەدا ئیتالیا هەشت ملیۆن سەرنێزەی ئامادەی جەنگی هەیە. بەڵام ڕاستی جەنگی دووەمی جیهانی جۆرێکی دیکە بوو: سوپای ئیتالیا لە یۆنان و ئەفریقای باکوور شکستی گەورەی هێنا. قەزافی چل ساڵ خۆی وەک بەهێزترین سەرکردەی ناوچەکە ناساند، کاتێک ڕاپەڕین بەرپابوو، هەڕەشەی تۆفانی ئاگری کرد، کەچی چارەنووسەکەی ئابڕووبەرانە بوو.
ئەگەر سیحری زمانی هەڕەشە لەسەر ئیستغلاڵکردنی سایکۆلۆژیای خەڵک و کۆمەڵدا بنیاد نرابێ، ئەوا شکاندنەکەی لە پرسیارکردندایە. هەر کاتێک سەرکردەیەک هەڕەشە دەکات، دەبێت بپرسین: چ تواناییەکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ جێبەجێکردن؟ چ بنەمایەکی ئابووری و سەربازی هەیە؟ هاوپەیمانەکانی کێن و چەند متمانەپێکراون؟ مێژووی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا چییە؟ ئامانجە ڕاستەقینەکەی پشت ئەم هەڕەشانەی چییە؟ نەتەوەیی بوون و نیشتمانیبوونە وەک ئەوەی ئیدیعای دەکات یان کەسی و بنەماڵەیی و حزبۆکراتیبوون؟
فەیلەسووفی ئەڵمانی یورگن هابرماس تیۆرییەکی گرنگی لەم بارەوە پێشکەش کردووە: زمان دەبێت بۆ گەیاندنی تێگەی ڕاستەقینە بەکار بهێنرێت، نەک وەک ئامرازی مانیپولەیشن بۆ خاپاندنی دوژمن و هاوڕێ. کاتێک یەکێک هەڕەشەی پووچ دەکات، زمان وەک ئامرازی فریودەرانە بەکار دەهێنێت. ئەمە نەک تەنها هەڵەیەکی ستراتیژییە، بەڵکوو هەڵەیەکی ئەخلاقیشە و باوەڕی نێوان میللەت و سەرکردە تێکدەشکێنێت.
چیرۆکی جلوبەرگی نوێی پاشا بە ڕوونی ئەم سیحرە دەخاتە ڕوو. پاشایەک هەبوو جۆرە جلێکی لەبەر دەکرد، پێیوابوو تەنها زیرەکەکان دەیبینن. هەموو کەس دەیگوت جلەکانی پاشا جوانن، چونکە کەس نەیدەتوانی دان بەوەدا بنێت نایبینێت. تەنها منداڵێکی ئازا و بێباک دێ و دەڵێت: پاشا ڕووتە!
ئەم چیرۆکە خولاسەی تەواوی ئەو سیحرەیە باسمانکرد. هۆشیاری لە توانای ڕاستی بینین و ڕاستی وتندا دەست پێدەکات، تەنانەت ئەگەر بەرامبەر بێت لەگەڵ ئەوەی هەموو کەس دەیڵێت. شکاندنی سیحری زمانی هەڕەشە لە سیاسەتدا لەوەوە دەست پێدەکات ببینەوە بەو منداڵە: پاشا رووتە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت: فەرهاد سەنگاوی بە دەنگە زوڵاڵەکەی بەشێک بوو لە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە
08:26 PM - 2025-12-30 -
دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کرایەوە
08:03 PM - 2025-12-30 -
مەکتەبی سیاسی بۆ فەرهاد ئەتروشی: پیرۆزبایتان لێدەکەین و سەرکەوتوو بیت
07:55 PM - 2025-12-30 -
بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی خەڵاتی ماندێلای پێبەخشرا
02:56 PM - 2025-12-30
ئەمانەش ببینە
لەئێوارەی ئەمڕۆ وە بەفربارین دەستپێدەکاتەوە
10:05 AM - 2025-12-31
کوردسات دەنگی هەمووانە
09:26 AM - 2025-12-31
سەرۆک بافڵ پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەتروشی دەکات
07:05 PM - 2025-12-30
جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا
06:23 PM - 2025-12-30
زۆرترین خوێنراو
-
د.بڕیار رەشید: گەڕی سێهەم بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دەستیپێكرد
کوردستان 04:54 PM - 2025-12-30 -
بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی خەڵاتی ماندێلای پێبەخشرا
کوردستان 02:56 PM - 2025-12-30 -
پاشا ڕووتە.. زمانی هەڕەشە لە سیاسەتدا
بیروڕا 02:47 PM - 2025-12-30 -
سهعدی پیره: بهڕێزهوه له رۆڵی شێخ محهمهد شاكهلی و بنهماڵهکەی دهڕوانین
کوردستان 01:36 PM - 2025-12-30 -
رۆژی لەسێدارەدانی دیكتاتۆرێك
عیراق 01:28 PM - 2025-12-30 -
زۆرترین رێژەی بارانبارین لە سنوری سلێمانی بووە
کوردستان 01:10 PM - 2025-12-30 -
رێککارەکانی لێخۆشبوون بۆ کرێی خوێندنی خوێندکارانی چەمچەماڵ دەرکرا
کوردستان 12:08 PM - 2025-12-30 -
پارێزگاری کەرکوک: بەڵێنەکانمان بۆ خەڵکی چەمچەماڵ جێبەجێدەکەین
کوردستان 11:53 AM - 2025-12-30



.jpg)


.jpg)
دابەزێنە

