riklam

مام جەلال و باران

بیروڕا 10:07 AM - 2025-12-08
ماکۆک شێخ محەمەد تایبەت

ماکۆک شێخ محەمەد

بیروڕا

یەکێک لە نیعمەتە جوانەکانی خوای گەورە کە مام جەلال زۆری حەز لێ دەکرد وچێژی لێ دەبینی نیعمەتی باران بوو، مام جەلال لە وەرزی باران و لە کەشی باراناویی دا هەستێکی تایبەتی بۆ خۆی دروست دەکرد و لە رووی روحییەوە خۆی بۆ ئامادە دەکرد.

بۆیە هەرکاتێ باران بارین دەستی پێ دەکرد ، مام بەو هەموو خۆشیی وئومێدەی کە هەیبوو بۆ بارانی ئەو ساڵە چاودێری دەکرد و بە دوای رادەی بارانەکە دا دەچوو لە هەموو ناوچەکان دا، بۆ ئەمەش پشتی بە برادەرانی سکرتارییەت دەبەست و بۆ هەر دەڤەرێک یەکێکمانی رادەسپارد.

رۆژێکیان لە زۆربەی ناوچەکان بارانێکی زۆر دەباری تەنیا لە قەڵاچوالان نەبێ !! کە ئەو رۆژە مام و تیمەکەی لەوێ بووین.

بۆ ئەمەش ، مام لە لایەکەوە دڵی زۆر خۆش بوو کە رەحمەتەکە زۆربەی شوێنەکانی گرتۆتەوە و وەرزی باران بارین وەرزێکی تەڕە، لە لایەکی ترەوە زۆر نیگەران و بێ ئۆقرە بوو کە بۆچی لە قەڵاچوالان نابارێ !!
بۆیە ئەو برادەرەی سکرتارییەت کە دانرابوو بۆ بەدواداچوونی بارانەکە لە قەڵاچوالان لە لایەن مامەوە زۆر لە ژێر فشاردا بوو، مام زوو زوو دەیناردە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانێ کە ئاخۆ لە قەڵاچوالانیش بارانەکە دەستی پێکرد یان نا.

بۆیە لە ماوەی سەعاتێکدا رەنگە دەیان جار مام ئەو برادەرەی دەناردە دەرەوە بۆ ئەو مەبەستە ، تا سەرەنجام و دواجار ئەو برادەرە بە زەردەخەنەیەکەوە هاتە ژوورەوە و بە قسەیەکی خۆش مام و هەمووانی دڵخۆش کرد و ووتی :بە خوا مامە وابزانم ئاسمانەکە نیازی نەبوو لێرە ببارێ ، بەڵام لە بەر حەز و ئارەزو و تاسەو دوعای جەنابتان، بارانەکە خاتری گرتین و وا لێرەش دەستی پێکرد.

مام بەو مژدەیە زۆر دڵی کرایەوەو بە تاسەوە سەیری کەشە باراناوییەکەی کرد و زۆر سوپاسگوزاری خوای گەورە بوو بۆ ئەو نیعمەتە جوانە.

مەبەست لەو بەسەرهاتە ئەوە بوو کە جەنابی مام جەلال هەر شتێک کە خێری گەلەکەی و کوردستانەکەی خۆمانی تیا بووایە ئەو حەزی لێدەکرد.

تيروانینی مام بۆ ژیان و نیشتمان لە گەڵ نیعمەتی باران دا دەهاتەوە کە مانای خێرو خۆشی و پاراویی خۆشگوزەرانییە، ئەو دەیویست وەرزی کوردستان هەمووی وەرزی هات و خەرمانی نیشتمان سەرجەمی پڕ بەرەکەت بێ.
 
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket