riklam

سەردانەکانی قوباد تاڵەبانى بۆ بەغداد لە مووچەوە بۆ حکومەتێکی بەهێز

کوردستان 11:08 AM - 2025-12-08
قوباد تاڵەبانى نوسینگەى راگەیاندنى قوباد تاڵەبانى

قوباد تاڵەبانى

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانى ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى و لێپرسراوى مەکتەبى سکرتارییەتى سەرۆک مام جەلال بە سەرۆکایەتى وەفدێک باڵاى یەکێتى سەردانى بەغدادى کرد، بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییە عیراقییەکان، دەربارەى پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق.

ئەمەش یەکەمین سەردانی قوباد تاڵەبانییە بۆ بەغداد، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە رۆژی 11ی11ی2025، کە لە ئێستادا لایەنە سیاسییەکانی عیراق هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق.

قوباد تاڵەبانی: لەگەڵ حکومەتێکداین کێشەی بودجە و مووچە چارەسەربکات



وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی سەردانەکەیان بۆ بەغداد لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عیراقی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا شەوی دووشەمە(8/12/2025) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی پرۆسەی هەڵبژاردن هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسی لە وڵاتدا، قۆناغی دوای هەڵبژاردنیش ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکان قورستر دەکات کە بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و خواستی هاوڵاتییان زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بڕەخسێنن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا کە جێی رەزامەندی هەمووان بێت .

قوباد تاڵەبانی دید و تێڕوانینی یەکێتی خستەڕوو کە پشتیوانی پێکهێنانی حکومەتێک دەکات کە توانای چاره‌سه‌ركردنی بنەڕەتی كێشه‌كانی نێوان هەرێم و بەغدادی هەبێت بەتایبەتیش کێشەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی: عیراق حکومەتێکی کارا و بەهێزی دەوێت

وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغداد، بە مەبەستی راگۆڕینەوە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق لەگەڵ موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرلەئێوارەی رۆژی دووشەمە(8/12/2025) بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە دروستکردنی کۆدەنگی لەنێوان هەموو لایەنەکان لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێک کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت.

قوباد تاڵەبانی دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو روون کردەوە و رایگەیاند عیراق پێویستی بە حکومەتێکی کارا و بەهێزە کە لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی جدی بنێت بە ئاراستەی گەشەپێدانی ئابووری هەموو ناوچەکانی عیراق بەبێ جیاوازی.

سەرۆکی وەفدی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا لەسەر بنەمای بەرنامە و رێبازی سەرۆک مام جەلال ئامادەن بۆ کارکردن و هاوکاری لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بگەینە رێککەوتنێکی تۆکمە و گشتگیر بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق.

قوباد تاڵەبانی: کلیلی چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بەغداد دەستوورە

وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(8/12/2025) بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق. هەردوولا هاوڕابوون پێویستە هەموو لایەنە عیراقییەکان لە پێکهاتە جیاوازەکان پێکەوە کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عیراق، بە جۆرێک کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی پێیوایە چارەسەری زۆربەی کێشەکانی عیراق، لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی هەموو مادەکانی دەستووردایە.

جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی رێککەوتنێکی تۆکمەی نێوان لایەنە عیراقییەکان، بە جۆرێک کە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنیدا، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە لێپرسینەوە لە حکومەتی داهاتوو بکرێت.


قوباد تاڵەبانی: بودجە نەبێتە بابەتی ناکۆکی و ململانێی سیاسی



وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە (8/12/2025) بەڕێوەچوو، هەردوولا بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بە دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسی بۆ هەموو گەلی عیراق وەسف کرد و هیوایان خواست لایەنە عیراقییەکان بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و لەسەر بنەمای داواکاری هاوڵاتییان و پێویستییەکانی عیراق هەرچی زووتر بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز کە بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو ناوچەکانی عیراق بکات.

قوباد تاڵەبانی دید و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد روون کردەوە و رایگەیاند: یەکێتی پێیوایە حکومەتی داهاتوو دەبێت لەلایەکەوە هەوڵی جدی بدات بۆ پاراستنی سەرەوەری و سەربەخۆیی عیراق و لەلایەکی دیکەشەوە زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەموو ناوچەکانی عیراق.

ئاماژەی بەوەشدا یەکێتیی پێداگرە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەولەوییەتی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەرکردنی هەرچی زووتری کێشەکانی نێوانیان بێت بەتایبەتیش کێشەی بەشە بودجەی هەرێم و رایگەیاند: بودجە وەک مافێکی دەستووری هاوڵاتییانی کوردستان نابێت ببێتە بابەتی ناکۆکی و ململانێی سیاسی.


قوباد تاڵەبانی: پێویستە کۆدەنگی لەنێوان لایەنەکان دروستبکرێت

وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(8ی12ی2025) بەڕێوەچوو، باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دروستکردنی کۆدەنگی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بۆ ئەوەی حکومەتێکی بەهێز و کارا پێکبهێنرێت کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت.

لەم چواەچێوەیەدا سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلالی بیرهێنایەوە کە چۆن لەپێناو بەرژەوەندی گشتییدا ناوماڵی کورد و هەموو عێراقییەکانی رێکدەخستەوە و بە گرنگی زانی لەم قۆناغەشدا هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال جێبەجێ بکرێت بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووتر رێککەوتنێکی تۆکمە و گشتگیر بکرێت لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.




قوباد تاڵەبانی: یەكێتی لەگەڵ حكومەتێكی بەهێزو كارادایە


بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر چۆنییەتی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق، وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بەدر كۆبووەوە. 

لە  كۆبوونەوەكەدا كە شەوی یەكشەممە 7ی 12ی 2025 لە بەغداد بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: یەكێتی لەگەڵ حكومەتێكی بەهێزو كارا دایە كە  لە ئاست خواست و چاوەڕوانی كۆمەڵانی خەڵكی عیراقدا بێت و بتوانێت خزمەتی  هەموو نەتەوە و مەزهەب و پێكهاتەكانیی بكات بەبێ جیاوازی. 
 
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێرداوەكانی نێوان هەرێم و بەغداد رایگەیاند: دواخستنی هەرچی زیاتری چارەسەركردنی كێشەكان بە زیانی هەموو عیراق تەواو دەبێت و پێویستە ئەولەوییەتی یەكەمی هەردوو حكومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان بێت لەسەر بنەمای دەستور، لەسەروشیانەوە دابین كردنی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان كە تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان نەكرێت. 

قوباد تاڵەبانی روونیشی كردەوە: كە یەكێتی پێیوایە عیراق پێویستیی بە هەنگاونانە بەرەو گەشەسەندنی ئابووری و بۆ ئەمەش دەبێت حكومەتی داهاتوو بە یەكسانی سەیری هەموو ناوچەكانی عیراق بكات و زەمینە و دەرفەتی گونجاو بۆ گەشەسەندن و وەبەرهێنان بڕەخسێنێت. 

هەر لە كۆبونەوەكەدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بە پێویستی بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان هەموو هێز و لایەنەسیاسییەكان كرد بەتایبەت پەیوەندی قوڵ و لە مێژینەی نێوان یەكێتی و لایەنەكانی شیعە لە پێناو پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزی هاوبەشی راستەقینە كە بتوانێت خزمەت بە هەمووان بكات و عیراقیش بەرەو سەقامگیری زیاتری سیاسی و ئابوری هەنگاو بنێت.



قوباد تاڵەبانی: ئەركی حكومەتی داهاتووی عیراقە بودجەو موچەی هەرێم دابینبكات


لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسایب كۆبووەوە.

لەو كۆبونەوەیەدا كە شەوی یەكشەمە 7ی 12ی 2025 لە بەغداد بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی لێكرد، هاوكات دید و بەرنامەی یەكێتی بۆ داهاتووی عیراق و هەروەها داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد روون كردەوە و رایگەیاند: یەكێتی بەغدا بە قوڵایی ستراتیژی خۆی دەزانێت و پێیوایە دەبێت هەموو كێشەكانی عیراق و لەناویشیاندا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەناوخۆی عیراق و بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای رەچاوكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەموو عیراق چارەسەر بكرێن.

سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراقیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: عیراق پێویستی بە حكومەتێكی بەهێز و كارا هەیە كە بتوانێت لەلایەكەوە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و لەلایەكی دیكەشەوە هەنگاوی بنەڕەتی بنێت بۆ گەشەپێدانی ئابووریی عیراق.

راشیگەیاند: خواست و سیاسەتی یەكێتی، عیراقێكی بەهێز و خاوەن ئابورییەكی بەهێزو سەقامگیرە كە تیایدا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە بنەڕەتی چارەسەركرابێت بەتایبەت بودجە و موچە كە مافێكی دەستووری هاووڵاتییانی كوردستانە و ئەركی حكومەتی داهاتووی عیراقە بە دوور لە ناكۆكییە سیاسییەكان بەشە بودجە و موچەی هەرێمی كوردستان دابین بكات.



قوباد تاڵەبانی: بودجە مافی خەڵكەو نابێت بخرێتە چوارچێوەی ململانێ سیاسییەكانەوە


لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەی قوباد تاڵەبانیدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق كۆبووەوە. 
 
لە كۆبوونەوەكەدا كە ئێوارەی یەكشەمە 7ی 12ی2025 بەڕێوەچوو، باس لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرا و هەردوولا هاوڕابوون، بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی هەڵبژاردن دەستكەوتێكی گرنگی دیموكراسییە بۆ هەموو گەلی عیراق و هیوایان خواست بەپێی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن حكومەتێك پێكبهێنرێت كە لە ئاستی چاوەڕوانی و رەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی عیراقدا بێت. 

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە بەشێكی گەورەی كێشەكانی عیراق و لەناویشیاندا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر دەكرێن، هەربۆیە یەكێتی، پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێكردنی هەموو ماددەكانی دەستوور بە تەنها رێگەچارە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و هەنگاونان بەرەو عیراقێكی سەقامگیرتر و گەشەسەندوو دەزانێت. 

سەرۆكی وەفدی یەكێتی لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جەختی كردەوە كە یەكێتی پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەولەوییەتی یەكەمی هەردوو حكومەتی داهاتووی هەرێم و بەغداد دەبێت چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان بێت، بە تایبەتیش كێشەی بودجە و نابێت بە هیچ شێوەیەك چیتر بودجە وەك مافێكی دەستووری خەڵكی كوردستان بخرێتە چوارچێوەی ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكانەوە.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket