riklam

کاتێک هەواڵ دەبێتە بەشێک لە شەڕ

بیروڕا 11:08 AM - 2026-03-11
عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

لە کاتی ئاشتیدا، راگەیاندن وەک رووبارێکە کە بە هێمنی بەناو کۆمەڵگەدا دەڕوات و زانیاریی و ئاگاداریی دەگوازێتەوە، بەڵام کاتێک شەڕ هەڵدەگیرسێت، هەمان ئەم رووبارە دەتوانێت ببێتە لافاوێکی ترسناک کە بیر و هەست و هۆشی خەڵک دەگۆڕێت.

کاتێک شەڕ دەستپێدەکات، تەنیا سەربازان نین کە دەچنە مەیدان، وشەکان و هەواڵەکانیش دەبن بە بەشێک لە شەڕێک کە لە بیر و هۆشی خەڵکدا دەمێنێتەوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا شەڕ تەنیا لە دەنگی تفەنگ و تۆپدا نییە، بەڵکو لە سەردێڕی هەواڵەکان و لە پشت شاشەکانی میدیاشەوەیە. لەم مەیدانەدا وشەکان زۆرجار هێزیان کەمتر نییە لە چەکەکان، چونکە دەتوانن بیر و هەستی کۆمەڵگە بگۆڕن و ئاراستەی رای گشتی دیاریی بکەن.

لە کاتی ئاشتیدا، راگەیاندن وەک رووبارێکە کە بە هێمنی بەناو کۆمەڵگەدا دەڕوات و زانیاریی و ئاگاداریی دەگوازێتەوە، بەڵام کاتێک شەڕ هەڵدەگیرسێت، هەمان ئەم رووبارە دەتوانێت ببێتە لافاوێکی ترسناک کە بیر و هەست و هۆشی خەڵک دەگۆڕێت. 

بەهێزکردنی رۆحیەتی خەڵک

لەم بارودۆخەدا هەواڵ دەبێتە هێزێکی کاریگەر لە ئاراستەکردنی رای گشتیدا. مێژووی مرۆڤایەتی گەواهی دەدات کە شەڕ تەنیا لە رێگەی چەکەوە روونادات، زۆرجار شەڕی راستەقینە لەناو بیر و دەروونی خەڵکدا روودەدات. لە شەڕە گەورەکانی جیهاندا، بەتایبەتی لەکاتی شەڕی دووەمی جیهانیدا، رادیۆ و میدیا بوون بە ئامرازێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی رۆحیەتی خەڵک و سەربازان. هەواڵ و بانگەشە بە شێوەیەکی رێکخراو بەکاردەهێنران بۆ دروستکردنی وێنەیەکی دیاریکراو لە شەڕ و ئاراستەکردنی بیر و هەستی گشتیدا. هەروەها لە شەڕی ڤێتنامدا، بۆ یەکەمجار میدیا بە شێوەیەکی راستەوخۆ وێنەی شەڕی گەیاندە ماڵی خەڵک و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر رای گشتی و بڕیارە سیاسییەکان دانا. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە کاری میدیا تەنیا گواستنەوەی رووداوەکان نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئاراستەکردنی بیر و شێوەدان بە مێژوو.

لە فەلسەفەی شەڕدا وتەیەکی ناسراو هەیە کە دەڵێت: «شەڕ درێژەپێدانی سیاسەتە بە ئامرازێکی تر». ئەم بیرۆکەیە روونی دەکاتەوە کە شەڕ تەنیا رووداوێکی سەربازیی نییە، بەڵکو بەردەوامیی ململانێی سیاسییە. 

دروستکردنی وێنەیەکی دیاریکراو

لەم سەردەمەدا، ئەگەر شەڕ درێژەپێدانی سیاسەت بێت، ئەوا راگەیاندنیش بووە بە بەشێکی گرنگ لە هەمان سیاسەت. هەواڵ و شیکردنەوە زۆرجار تەنیا گواستنەوەی زانیاریی نین، بەڵکو بەشێکن لە دروستکردنی وێنەیەکی دیاریکراو بۆ رووداوەکان و ئاراستەکردنی رای گشتی. 

لە شەڕەکانی ئەمڕۆدا، مەیدانی ململانێ تەنیا سنوور و خاک نییە، شاشەی تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، بوونەتە مەیدانی تر بۆ شەڕ. لەم مەیدانەدا هەواڵی نادروست، بانگەشە و شاردنەوەی راستی دەبن بە چەکی دەروونیی بۆ گۆڕینی بیر و هەستی خەڵک. زۆرجار یەک هەواڵی نادروست دەتوانێت ترس دروست بکات، ئاژاوە بڵاوبکاتەوە و رۆحیەتی گشتی لاواز بکات. بۆیە لەم بارودۆخەدا ئازادیی رۆژنامەوانی هەرگیز لە بەرپرسیاریی جیا نابێتەوە، چونکە هەر وشەیەک کە لەکاتی شەڕدا دەنووسرێت، دەتوانێت یان رووناکیی بدات، یان تاریکیی زیاتر دروست بکات. 
لە بارودۆخی ناسکی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە قەیران و ململانێی جیۆپۆلەتیکی بەردەوامن، رۆڵی میدیا و رۆژنامەوانیی گرنگتر دەبن.

دۆزینەوەی رێگایەکی هاوسەنگ

لە مێژووی سیاسی کوردستاندا، زۆرجار شەڕ و قەیران هەبوون، بەڵام هەمیشە هەوڵدراوە لەنێوان ململانێ و دیالۆگدا رێگایەکی هاوسەنگ بدۆزرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا میدیا دەبێت ببێتە چرای راستی، نەک ئامرازێکی بانگەشە و ئاژاوەگێڕی.
لە کۆتاییدا، لە کاتی شەڕدا تەنها چەکەکان نین کە چارەنووسی کۆمەڵگە دیاریی دەکەن، زۆرجار وشەکانیش هەمان هێز و کاریگەرییان هەیە. هەواڵی نادروست دەتوانێت ترس دروستبکات و هۆشی کۆمەڵگە لە رێگای راستی لاببات. بۆیە پاراستنی راستی لە میدیاکاندا تەنیا کارێکی پیشەیی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە.

هەر وەک رەوانشاد مام جەلال جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە: «کوردستان لە هەموو شتێک گرنگترە»، بۆیە لە کاتی شەڕ و قەیراندا، کاتێک دەنگی چەک بەرز دەبێتەوە، ئەوە هەر وشەی راستییە کە دەتوانێت هۆشی کۆمەڵگە روون و رووناک بکاتەوە و پارێزگاریی لە داهاتووی کوردستان بکات.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket