riklam

به‌یاننامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كرێت

کوردستان 09:42 PM - 2015-10-03
.

.

180 رێكخراو و كه‌سایه‌تی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داوا له‌حكومه‌ت و لێپرسراوانی هه‌رێم ده‌كه‌ن هه‌نگاوی كرداری و خێرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یران و كێشانه‌ بنێن كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌.

ئه‌مڕۆ 3-10-2015 نوێنه‌ری 180 رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تی له‌شاری سلێمانی و له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هه‌ڵوێستی خۆیان له‌باره‌ی قه‌یران و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان ده‌ربڕی و له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیان كرد، داوایانكرد په‌له‌بكرێت له‌چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و كێشه‌كان، چونكه‌ گرفتی گه‌وره‌یان له‌به‌رده‌م ژیانی خه‌ڵكی كوردستان دروستكردووه‌.

له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشدا، شڤان زه‌نگه‌نه‌ سه‌رۆكی رێكخراوی سكاڵاو چاودێری به‌نوێنه‌رایه‌تی رێكخراوه‌كان رایگه‌یاند: به‌پێویستمانزانی له‌م بارودۆخه‌ دژواره‌ی كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هه‌رێمی كوردستان پێدا تێپه‌ڕده‌بێت هه‌ڵوێستی خۆمان بخه‌ینه‌ڕوو.

وتیشی: ئه‌م هه‌وڵه‌مان فشارێكی به‌هێز ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی تر هه‌نگاوبنێن بۆ چاكسازی و باشكردنی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌.

راشیگه‌یاند: له‌به‌یاننامه‌كه‌ماندا پاڵپشتی خۆمان بۆ خۆپیشاندانی فه‌رمانبه‌ران ده‌ربڕیوه‌و داواشمان له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ كۆتایی به‌ململانێی سیاسی بهێنن و پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.

شڤان زه‌نگه‌نه‌ وتیشی: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نه‌یه‌ن به‌ده‌نگ داواكاریه‌كانمانه‌وه‌، له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانێكی سه‌رتاسه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستان.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket