riklam

ماڵ و كلیل خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی سینه‌ماتۆگرافیكی ئیتاڵی به‌ده‌ستهێنا

ئەدەب وهونەر 04:51 PM - 2015-07-07
یازده‌یه‌مین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی خۆی پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلاو به‌رخۆدانی كۆبانی كرد

یازده‌یه‌مین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی خۆی پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلاو به‌رخۆدانی كۆبانی كرد

شوان عه‌توف به‌ كورته‌فیلمی "ماڵ و كلیل" خه‌ڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی "سینه‌ماتۆگرافیك"ی ئیتاڵی به‌ده‌ستهێناو هه‌روه‌ها ئه‌م سینه‌ماكاره‌ كورده‌ یازده‌یه‌مین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی خۆی پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلاو به‌رخۆدانی كۆبانی كرد.

كورته‌فیلمی چیرۆكی "ماڵ و كلیل" Home And Key  له‌نووسین و ده‌رهێنانی "شوان عه‌توف" و به‌ئاماده‌بوونی ئه‌م سینه‌ماكاره‌ كورده‌ كه‌ به‌رهه‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای سلێمانییه‌و له‌لایه‌ن كۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" له‌باشووری كوردستان و وڵاتی به‌ریتانیا له‌ئاستی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌نوێترین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌به‌شی پێشبڕكێی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "تراك سینه‌ماتۆگرافیك" له‌شاری رۆم له‌وڵاتی ئیتاڵیا نمایشكراو له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی باشترین فیلمی به‌شی "كۆمه‌ڵایه‌تی" فێستیڤاڵ به‌ "شوان عه‌توف" ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ كوردییه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌خشرا.

رێوڕه‌سمی كۆتایی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "تراك سینه‌ماتۆگرافیك" به‌ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی فێستیڤاڵ، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌ران، سینه‌ماكارانی به‌شداربوو له‌فێستیڤاڵ و بینه‌رانێكی زۆر، رۆژی 28ی حوزه‌یرانی 2015 له‌قه‌ڵای "نۆتۆنۆ" له‌ رۆما به‌ڕێوه‌چوو.

"شوان عه‌توف" له‌كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌یدا وتی: مێژووی ئه‌و تراژیدیایانه‌ی كه‌ له‌فیلمی "ماڵ و كلیل"دا باسیده‌كه‌م، ئه‌مڕۆش دووباره‌ده‌بێته‌وه‌. وڵاته‌كه‌م ماڵێكه‌ كه‌ به‌دوای كلیلدا ده‌گه‌ڕێت.

ئه‌م سینه‌ماكاره‌ كورده‌ له‌كۆتایی وته‌كانیدا یازده‌یه‌مین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی خۆی پێشكه‌ش به‌پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلاو به‌رخۆدانی كۆبانی كرد كه‌ له‌به‌رامبه‌ر هێرشی دڕندانه‌ی گروپی تیرۆرستی داعش له‌م شاره‌دا خۆڕاگری و خه‌باتی بێوێنه‌یان كرد.

له‌درێژه‌ی رێوڕه‌سمی كۆتایی ئه‌م فێستیڤاڵه‌دا، ئاماده‌بووانی قه‌ڵای "نۆتۆنۆ" به‌چه‌پڵه‌كانی خۆیان پێشوازی گه‌رمیان له‌قسه‌كانی "شوان عه‌توف" كردو خه‌بات و به‌رخۆدانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستانیان به‌رز نرخاندو زۆر حه‌ماسه‌ت و پشتگیریان بۆ قسه‌كانی ئه‌م سینه‌ماكاره‌ كورده‌ نیشاندا.

چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "تراك
سینه‌ماتۆگرافیك" به‌ به‌شداری به‌رهه‌می سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ سێ به‌شی پێشبڕكێی "كۆمه‌ڵایه‌تی"، "ئه‌نیمه‌یش" و "سه‌ربه‌ست" له‌ڕۆژانی 25 تا 28ی حوزه‌یرانی 2015 له‌قه‌ڵای "نۆتۆنۆ" له‌ناوچه‌ی نۆتۆنۆ له‌شاری رۆم له‌ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو.

"ماڵ و كلیل" كه‌ تائێستا له‌فێستیڤاڵی جۆراوجۆر له‌ئاستی جیهان نمایشكراوه‌و 11 خه‌ڵاتی گرنگی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌دوایین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا به‌ئاماده‌بوونی "شوان عه‌توف" له‌به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی "شۆرت فیلم كۆڕنێر" Short Film Corner له‌میانه‌ی شه‌ست و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "كان" له‌فه‌ڕه‌نسا نمایشكرا.

ئه‌م فێستیڤاڵه‌ له‌چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی له‌وانه‌: به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی"، به‌شی پێشبڕكێی "جۆرێك روانین"، به‌شی پێشبڕكێی "هه‌فته‌ی ره‌خنه‌گران"، به‌شی پێشبڕكێی "سینه‌ فۆنداسیۆن" و به‌شی "كورته‌فیلم"، به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی "فیلمه‌ كلاسیكییه‌كان"، به‌شی "سه‌ده‌مین ساڵیادی له‌دایكبوونی ئێنگرید برێگمان"، به‌شی "سینه‌مای جیهان له‌ كان" و چه‌ندین به‌شی دیكه‌ له‌ڕۆژانی 14 تا 24ی ئایاری 2015 له‌شاری به‌نده‌ری كان له‌باشووری وڵاتی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێوه‌چوو.

PUKmedia به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی كورته‌فیلمی "ماڵ و كلیل"

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket