riklam

كارمه‌ندانی به‌شێك له‌دامه‌زراوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ مانده‌گرن

کوردستان 03:28 PM - 2015-06-29
مانگرتنیان له‌كاره‌كانیان راگه‌یاند

مانگرتنیان له‌كاره‌كانیان راگه‌یاند

ئه‌مڕۆ 29-6-2015 له‌به‌رامبه‌ر وه‌رنه‌گرتنی مووچه‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆرو خراپی دۆخی ئێستای ژیانیان، فه‌رمانبه‌رانی ژماره‌یه‌ك له‌دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ مانگرتنیان له‌كاره‌كانیان راگه‌یاندو داوایانكرد مووچه‌كانیان پێبدرێت.

له‌ده‌ستپێكی مانگرتنه‌كانیشدا، كارمه‌ندانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ مانگرتنیان له‌كاره‌كان راگه‌یاندو وه‌ك توانجێكیش بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و حكومه‌تی هه‌رێم، له‌سه‌ر به‌رماڵێكی نوێژكردن پاره‌یان بۆ حكومه‌ت داده‌نا بۆئه‌وه‌ی گرفته‌كان چاره‌سه‌ربكات.

له‌وباره‌یه‌وه‌ كوێستان ئه‌كره‌م جێگری سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: وه‌ك شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ 3 مانگ و 4 رۆژه‌ مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌و كارمه‌نده‌كانیشان پێوستیان به‌مووچه‌كانیانه‌.

وتیشی: ئێمه‌ش پشتگیری له‌كارمه‌نده‌كانمان ده‌كه‌ین و داوا له‌حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ین چاوێك به‌دۆخی كارمه‌ندانی شاره‌وانیدا بخشێنێته‌وه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كارمه‌ندانی هه‌ریه‌ك له‌ كۆلێژی ته‌كنیكی كشتوكاڵی هه‌ڵه‌بجه‌و په‌یمانگای ته‌كنیكی كشتوكاڵی هه‌ڵه‌بجه‌ مانیان گرت و رایانگه‌یاند تا وه‌رگرتنی مووچه‌كانیان ناچنه‌وه‌سه‌ر كاره‌كانیان.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ كامه‌ران ئه‌نوه‌ر كارمه‌ند له‌په‌یمانگای ته‌كنیكی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: ماوه‌ی 2 مانگه‌ مووچه‌مان وه‌رنه‌گرتووه‌و پێشتر له‌ڕیزبه‌ندیدا له‌پشته‌وه‌ی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان بووین، هاوكات بێبه‌شین له‌هه‌موو ئیمتیازه‌كان وه‌ك كارمه‌ندان و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ خاوه‌ن ماسته‌رو دكتۆران.

وتیشی: بڕیارێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هێنده‌ی تر نیگه‌رانی كردووین كه‌ له‌مانگی (7 و 9) دا ته‌ناوبمان هه‌بووه‌، واته‌ له‌مانگه‌كه‌دا كراوین به‌ دوو به‌شه‌وه‌، (15) رۆژی مانگه‌كه‌ ده‌واممان كردووه‌، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌بیانوی نایاسایی ئه‌م ته‌ناوبه‌ هه‌ڵوه‌شینراوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ داواكارین له‌وه‌زیری خوێندنی باڵا به‌م بڕیاره‌دا بچێته‌وه‌.

جێی باسه‌، به‌هۆی قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ئێستادا زۆرینه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌دۆخێكی ناهه‌مواردا ده‌ژین، ده‌شخوازن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پلانی به‌په‌له‌ بۆ ئه‌م دۆخه‌ دابنێت و رزگاریان بكات له‌نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان.

PUKmeida فه‌رحان حه‌مه‌خان - هه‌ڵه‌بجه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket