riklam

پشتبەستن بەكـورد لەشەڕی دژی داعشدا ‌

بیروڕا 10:31 AM - 2015-05-04
.

.

دینیس ناتالی مامۆستای كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و توێژەر لەپەیمانگای نیشتمانی تایبەت بەتوێژینەوەی ستراتیژی، بەم دواییانە وتارێكی بڵاوكردۆتەوە لەبارەی رۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەشەڕی دژی داعشدا‌و تیایدا دەڵێ: ئەمریكا لەو شەڕەدا كە دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپای كردووە لەعیراق‌و سوریا، تاڕادەیەكی زۆر پشتی بەهێزی پێشمەرگەی كورد بەستووە، وەك هێزێكی هاوپەیمان لەسەر زەوی، لەدوای دەست پێكردنی هێرشە ئاسمانییەكانەوە بۆ سەر داعش لەئەیلولی 2014 وە هێزی پێشمەرگە نزیكەی 30%ی ئەو ناوچانەی لەدەستی داعش سەندۆتەوە كە پێشتر گروپی داعش داگیری كردبوو، ئەوەش وای كردووە داعش بەتەواوی دەستی نەكات بە سەرچاوەی نەوت‌و غاز‌و بەشێك لەسەرچاوەی داهاتەكەی وشك بكات.

كوردەكان هاوبەشێكی پابەند‌و خاوەن بەڵێنن لەشەڕی دژی داعشدا، جگە لەوەش كورد ئەزموونێكی زۆری هەیە لەشەڕ كردن‌و بەگژدا چوونەوەی گروپە توندڕەوو تیرۆریستە ئیسلامییەكاندا، چ لەپێش رووخانی سەدام‌و چ لەدوای رووخانی ئەو رژێمەش شەڕی گروپە توندەڕەوەكانی كردووە‌و بۆ بەرژەوەندی خۆی‌و پاراستنی سنوورەكانی، دژی مەترسییەكانی ئەلقاعیدە رێكەوتنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌و حكومەتی بەغداش بەستووە. تەنانەت ئێستا لەهەوڵی هەماهەنگیدایە لەگەڵ هێزەكانی حكومەتی عیراق بۆ بەشداریكردنی لەرزگار كردنی شاری موسڵدا لەدەستی داعش.

لەسوریاش كورد بەهەمان شێوە رۆڵێكی گرنگی هەیە، ئەوەتا پەیەدە پارێزگاری لەرێكەوتنێكی زیمنی لەگەڵ دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەدا دەكات، كە بەپێی ئەو رێكەوتنە زیمنییە كوردەكان بۆیان هەیە دەسەڵاتیان بەسەر كێڵگەی نەوتی (رومیلان)دا هەبێت كە داهاتێكی باشی هەیە، لەبەرامبەردا لەو ناوچانەی كانتۆنی كورددیان دامەزراندووە، ئەمن‌و ئاسایش بۆ خەڵكەكەی دابین دەكەن. هاوئاهەنگی كوردەكان لەو ئاستەدایە كە یەكینەكانی پاراستنی گەل واتە یەپەگە شان بەشانی هێزەكانی حكومەتی سوریا‌و سوپای ئازاد لەدژی داعش دەجەنگن، كورد هەوڵیشی داوە نەتەوەكانی تریش بپارێزێت‌و رازییان بكات، ئه‌وه‌تا لەكانتۆنی جەزیرە (دەهام ئەلهادی) شێخی قەبیلەی (شمەر)ی بەشداری پێ كردووە وەك سەركردەیەكی بەشدار لەكانتۆنەكەدا.

لەعیراقیش كورد لەگەڵ عه‌ره‌بی سوننە‌و عەرەبی شیعە‌و ئێزدی‌و شەبەك‌و ئاشورییەكان‌و هەر كەمایەتییەك هاوكاری‌و هەماهەنگی دەكات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، هەموو ئەم هاوپەیمانی‌و هاوكارییانەی كورد، لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیدا بەرهەمی باشی هەبووە، وەك كوردەكان خۆیان دەڵێن، توانیویانە 10 هەزار‌و 500 كیلۆمەتر زەوی لەداعش بسەننەوە، سەرباری ئەوەش كورد پەناگەی سەرەكییە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەری ناوخۆیی كە لەترسی داعش هەڵاتوون، لەو ژمارەیەش 19% یان عەرەبن، لە(كوبانی)ش كورد شارەكە‌و زیاتر لە 100 گوندی دەوروبەریان لەتیرۆریستانی داعش پاك كردۆتەوە، لەناوچەی حەڵەبیش كورد هاوكاری عەرەبی سونەی ناوچه‌که‌ی كردووە‌و پێكەوە داعشیان تێكشكاندووە‌و راوی ناون بەرەو رەقە‌و دێرەزور.

دینیس ناتالی لەوتارەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەم هاوكاری‌و هاوپەیمانی‌و هاوبەشییەی كورد لەشەڕی دژی داعشدا، كێشەی تایبەت بەخۆشی هەیە، چونكە هەندێك لەعەرەبەكان وای لێك دەدەنەوە، كە كورد شەڕی دژی داعش دەقۆزێتەوە بۆ یەكلایی كردنەوەی ناوچە كێشە لەسەرەكان، ئەم بۆچوونەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێ كە كوردەكان ئەو ناوچانەی لەدەست داعشیان سەندۆتەوە‌و بەخاكی خۆیانی دەزانن، ئامادە نین جارێكی تر چۆڵی بكەن بۆ عەرەب. هەمان هەستیش لەسوریا لای عەرەبەكان دروست بووە‌و بەشێك لەعەرەبی سوننە بەگومانەوە دەڕواننە هێزە كوردییەكان‌و پێیان وایە هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانانیان قۆستۆتەوە بۆ فراوانكردنی خاكەكەیان، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێ پەیدا دەبێت كە ئەو عەرەبانە پشتیوانی لەداعش بكەن. نەك لەكوردو هاوپەیمانەكانیان.

بەشداریكردنی چالاكانەی كورد لەشەڕی داعشدا، بەربەستی بۆ هاوكارییەكی ئیقلیمی دروست كردووە كە لەپێناو عیراق‌و سوریادا بێت. چونكە لەسەرەتاوە پشت بەستن بە كوردەكان وەك بەشێك لەهاوپەمانی دژی داعش بەبێ مەبەست لەقازانجی نەتەوەیی كورد بوو، ئەوەتا پەیەدە بەهۆی شەڕكردنی لەدژی داعش شەرعیەتی دەدرێتێ، ئەمەش وا دەكات توركیا وا هەست بكات ناخۆشترین مۆتەكەی خەونەكانی ببێتە واقیع، ئەویش دامەزراندنی ناوچەیەكی تری حوكمی زاتییە بۆ كوردەكان لەباشوری سنووری ئەو وڵاتەوە، توركیاش ئەمە بەمەترسی دەزانێت بۆ سەر خاكی وڵاتەكەی بەتایبەتی كە پارتی كرێكارانی كوردستانیش لەئارادایە. ئەم رووداوانە‌و مانەوەی بەشار ئەسەد لەسەر حوكم‌و نزیك بوونەوەی هەڵبژاردنەكانی توركیا، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دواخستنی پرۆسەی ئاشتی نێوان كوردەكانی توركیا‌و ئەو وڵاتە.

دینیس ناتالی پێی وایە ئەم سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگە كاریگەریی فراوانی هەیە لەسەر سەقامگیریی ئیقلیمی ناوچەكه‌ بەگشتی، لەبەر ئەوەش بڕیاربەدەستانی ئەمریكا ئەگەر بیانەوێ پشت بەكورد ببەستن بۆ تێكشكاندنی داعش، دەبێ بەرەنجامی ئەو هاوپەیمانێتیەشیان لەبەرچاو بێت، چونكە ئەو هاوكارییەی ئێستا لەچوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا پێشكەش بەكوردەكان دەكرێ، بەبێ مەبەست پشتیوانی لەئامانجە نەتەوەییەكانی كورد دەكات‌و كێشە تایەفییەكانی ناوچەكە قوڵتر دەكاتەوە. بۆیە پێویستە ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كاتێك چەك‌و تەقەمەنی پێشكەشی كورد دەكەن، گرەنتی ئەوە وەرگرن كە كورد بەتەنها لەدژی داعش بەكاریان دێنێت‌و دژی عەرەبی سوننە، یان هەر دەستەیەكی تری مەدەنی كە داعش نین بەكاریان ناهێنێت، لەبەرامبەریشدا دەبێ ئەمریكا عیراق هان بدات بۆ ئەوەی پاسەوانی نیشتمانی لەعەرەبی سوننە بەهێز بكات‌و وەك بەشێك لەهێزی سەربازی عیراق مامەڵەیان لەگەڵدا بكات.

لەهەموو ئەو ململانێ تایەفیانەی لەعیراقدا هەیە دەبێ ئەمریكا‌و هێزە هاوپەیمانەكانی بێلایەنانە مامەڵە بكەن، لەبەر ئەوە پێویستە نەبنە هێزێكی پاراستنی ئاسایشی هەمیشەیی لەناوچەكەدا، هەروەها نەبنە پشتیوانێكی هەمیشەیی بۆ لایەنێك لەلایەنە تایەفییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی هانی كوردەكان بدەن دەست بەسەر خاكی زیاتردا نەگرن‌و لەگەڵ بەغدا‌و لایەنە شیعە‌و سوننەكاندا هاوكار‌و هەماهەنگ بن، لەهەمان كاتدا دەبێ كارێكی وا بكرێ، كە توركیا ئەو ترسەی هەیەتی نەمێنێت، بەتایبەتی ترس‌و نیگەرانی پاراستنی سنوورەكانی لەپارتی كرێكارانی كوردستان، چونكە هەر ئەو ترسە بوو كە وای لەتوركیا كردبوو، گرنگی نەدات بەشەڕی دژی داعش‌و وەك پێویست هاوكاری نەكات. 

ئەگەر لەشەڕی دژی داعشدا هەموو ئەو ئەگەرانە لێك نەدرێنەوە‌و ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی تەنها تێكشكاندنی داعش ئامانجیان بێت، ئەوا رەنگە ئاژاوەیەكی سیاسی سەرتاپای ناوچەكە بگرێتەوە، لەبەر ئەوە دەبێ ستراتیژێكی فراوانتر رەچاو بكەن، كە ئامانجەكەیان لەدوای تێكشكاندنی داعش مسۆگەر كردنی سەقامگیریی بێت لەناوچەكەدا بەگشتیی‌و بۆ ماوەیەكی دوور.

سەرچاوە: نون پۆست

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

دینیس ناتالی
لەکوردستانی نوێ-وە وەرگیراوە 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket