riklam

هێشتا هه‌ر ده‌بابه‌ی‌ كوردانی‌

ی.ن.ک‌‌ 11:03 AM - 2015-01-29
عومه‌ر ده‌بابه‌

عومه‌ر ده‌بابه‌

وادوو ده‌یه‌ زیاتر به‌سه‌ر كۆچی‌ دواییتدا تێده‌په‌رێ، كه‌چی‌ هێشتا تۆ نه‌ك بۆمنی‌ برازا، به‌ڵكو بۆهه‌موكوردان، سه‌ری‌ زمان و بنی‌ زمانی‌ و هێشتا رێنیشانده‌ری‌ كاروانی‌ كورایه‌تی‌ و هێشتا  سه‌نگه‌رو هێشتا تۆ هه‌ر سه‌ركرده‌و سه‌نگه‌رگری‌ و چه‌كی‌ ده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ و قه‌ڵه‌می‌ ده‌ستی‌ نووسه‌رانی‌ مێژوو نووسی‌ كوردستانی‌ و چه‌كوشی‌ ده‌ستی‌ عه‌داله‌ت و دادوه‌رانی‌.

ئاخر كاكه‌ ده‌بابه‌، تۆیه‌ك له‌رۆژگاری‌ پاشایه‌تیدا و له‌به‌غدای‌ پایته‌ختی‌ بڕیاردا له‌سه‌رشه‌قام پێشڕه‌وی‌ خۆپشاندانی‌ ناڕه‌زاییت كردووه‌ و رووبه‌رووی‌ هێزه‌كانی‌ حكومی‌ پاشایه‌تی‌ بوویته‌وه‌ و ناسناوی‌ ده‌بابه‌ت پێبه‌خشرا و له‌ عومه‌ر مسته‌فای‌ كاكی‌ كاكان بوویته‌ عومه‌ر ده‌بابه‌، به‌ڵێ راستیان گوت و راستیانكرد، چونكه‌ كاتێك شۆڕشی‌ ئه‌یلول به‌رپاكرا، تۆی‌ پێشمه‌رگه‌ تۆی‌ فه‌رمانده‌، تۆی‌ سه‌ركرده‌ نه‌ك هه‌ر رۆڵی‌ ده‌بابه‌یه‌كت له‌به‌رگریكردن له‌خاكی‌ كوردستاندا بینی‌، به‌ڵكو وه‌ك هاوسه‌رنگه‌رانی‌ ئه‌وێ رۆژێ شاهێدیت بۆده‌ده‌ن، تۆ به‌قه‌د ده‌یان تانك و تۆپ  رۆڵت بینی‌ و سه‌نگه‌ره‌كانت له‌شكان و هه‌ڵكه‌ندن نه‌ده‌هاتن.

عومه‌ر ده‌بابه‌، ره‌نگه‌ بۆمنی‌ برازا كه‌تۆ په‌روه‌رده‌ت كردووم، هیچ هونه‌رێك نه‌بێ كه‌ له‌یادی‌ 23ساڵه‌ی‌ دوا كۆچتدا نه‌ك به‌په‌نجه‌یه‌ك، به‌ڵكو به‌هه‌رده‌ په‌نجه‌ له‌په‌سن و ستایش و لێهاتووییت و فه‌رمانده‌ییت و سه‌ركردایه‌تی‌ كردنت و یاساناسیت و دادوه‌ریت و ناو ونابانگت بنووسم، به‌ڵام كاكی‌ كاكان ئه‌وا هه‌رمن نیم بۆت ده‌نوسم و بیرتده‌كه‌م، به‌ڵكو له‌و یاده‌دا هه‌موو هاوسه‌نگه‌رانت و هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ بۆ ته‌بایی‌ و یه‌كریزی‌ و پێكه‌وه‌یی‌ كورد و عه‌ره‌ب و توركان و كلدو ئاشور كارده‌كه‌ن، ده‌زانن تۆ چه‌نده‌ هۆزان و لێزان و دڵسۆز و لێهاتووشیاوبووی‌ .

ده‌بێ وابێ تۆیه‌ك له‌دوای‌ هه‌ره‌سی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول له‌رۆژانی‌ نائومێدی‌ و فرمێسكبارانی‌ كوردان،  به‌ته‌قه‌ی‌ تفه‌نگی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ له‌شۆڕشی‌ نوێ رۆشنایت خسته‌ نێودڵی‌ خه‌ڵك و له‌هه‌موو ئه‌و رۆژگاره‌ سه‌خته‌ی‌ خه‌باتی‌ شۆڕشی‌ نوێدا وچانت نه‌دا و خه‌باتی‌ تۆ، ناوی‌ تۆ، فه‌رماندیی‌ تۆ، پێشمه‌رگایه‌تی‌ تۆ، سه‌ركرده‌یی تۆ بۆ چه‌ندین نه‌وه‌ ئاشنابوو.

به‌لێ عومه‌ر ده‌بابه‌ی‌ كوردایه‌تی‌، تۆ له‌دوای‌ راپه‌ڕینیش جێده‌ستت دیاربوو له‌دانانی‌ بناغه‌ی‌ دادی‌ كوردستانی‌ ئازادكراو و گێڕانه‌وه‌ی‌ ماف بۆخاوه‌ن مافه‌كان و خسته‌ سه‌رپێی‌ قانوون له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

كۆچی‌ دواییشت له‌یه‌كه‌م كۆنگره‌ی‌ یه‌كێتیدا هه‌ربۆخۆی‌ تایبه‌تمه‌ندیییه‌كی تر بوو له‌زێندوو هێشتنه‌وه‌ی‌ ناوی‌ تۆ كاكی‌ كاكان، كاكه‌ ده‌بابه‌.


رووناك سادق
برازای‌  عومه‌ر ده‌بابه‌
له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket