riklam

راگـەیاندنی یـەكـێتی، دابــــڕانێكی زۆرو دۆخێكی نـاڕۆشـن ‌

kurdistani 01:08 PM - 2014-12-21
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

دەبوو زۆر زووتر قسە لەسەر پێداچوونەوەو ئەبدەیتكردنی میدیای یەكێتی بكرایە، دونیای ئێستا گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووەو مەسافەیەكی زۆر جێماوین، لەلایەك باری كۆمەڵایەتی‌و تێگەیشتنی كۆمەڵایەتیی‌و شعوری عام گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە لەلایەكی دیكە میدیاو رۆڵی میدیا لەگواستنەوەو شیكردنەوەی رووداوەكان‌و گەیاندنی پەیام‌و تێگەیشتن بۆ میدیا گۆڕانێكی گەورەی بەسەرداهاتووە.
ئەم گۆڕانە گەورەیەی بەشەرییەت بەرەنجامی ئەو پێشكەوتنە خێراو نەوعییەیە كە بەسەر تەكنۆلۆژیای گواستنەوەو گەیاندندا هاتووە، هەموو لەجیهانی سەروو دەژین، دەكرێت بڵێین هەموو ئاگامان لەیەكترو لەدەوروبەرمانە بێئەوەی پرسیاریش لەكەس بكەین، هەموومان لەتۆڕێكی ئیفتیرازیی یەكتر دەبینین‌و دەژین بێئەوەی كەسمان رووبەڕوو ئەوی دیكە ببینێت.
هه‌ست به‌جیاوازی زۆر ده‌که‌ین
بەهەرحاڵ، دەمێكە قسە لەسەر میدیای یەكێتی دەكرێت، دەتوانم بڵێم هەموومان كۆكین لەسەر ئەوەی میدیای یەكێتی پیر بووە، لەئێستا نەك ناتوانین بەراورد لەنێوان میدیای یەكێتی‌و ئەو میدیایە بكەین، كە لەوڵاتانی پێشكەوتوو هەیە، بەڵكو بەبەراورد لەگەڵ بەشێك لەو میدیایەی لەكوردستان هەیە هەست بەجیاوازییەكی زۆر دەكەین! لەكاتێكدا یەكێتی لەهیچی كەم نییە! خاوەنی سەدان‌و بگرە هەزاران میدیاكارو دەیان كەناڵی راگەیاندنی جیاوازو هاوكات مانگانە پارەیەكی ئێجگار گەورە بۆ ئەو بوارە تەرخان دەكات! ئەی كەواتە بۆ میدیاكەی لەم بارودۆخەدا دەژیت، كە نەك میدیاكارانی بگرە جەماوەرەكەشی گلەیی‌و رەخنەی زۆری لەئەدای راگەیاندنەكەی  هەیە؟
قسەمان زۆرە بیكەین، رەنگە زەمەن‌و زەمینەی نەهاتبێت، بەڵام دەكرێت بەشێك لەگرفتەكان وەكو خۆی بخەینەڕوو دواتر باس لەبژاركردنی چەند چارەسەرێك بكەین كە هەموومان لەو دووڕیانە تەریب دەكات‌و دواتر كۆمان دەكاتەوە ئەویش بریتییە لەچاككردنی میدیای یەكێتی.
لەماوەی رابردوودا مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی هەبووە وەك چەترێك بۆ داپۆشینی كەناڵەكانی یەكێتی‌و یەكخستن‌و ئاراستەكردنیان، بەڵام مەكتەبی راگەیاندن نەیتوانی وەك دەخوازرێت ئەو رۆڵە ببینێت، چونكە مەكتەبی راگەیاندن مەرجەعی تەواوی كەناڵەكانی یەكێتی نەبوو تاوەكو بتوانێت بەیەك روو ئاراستەیان بكات، بەڵكو جیاوازیش هەبووە لەنێوان كەناڵێك بۆ كەناڵێكی دیكە، ئەمەش بەهۆكاری جیاواز كە لێرەدا زەمینەی باسكردنی نییە! ئەوەی گرنگە دەبوو زۆر زووتر یەكێتی خۆی لەمۆدێلی كۆن‌و كلاسیكی (مەكتەبی راگەیاندن) دەرباز بكردایەو لەگەڵ پێشكەوتنی سەردەم رێی كردبا. هەروەك پێشترو لەچەندین بۆنەو كۆبوونەوەو كۆنفرانسی جیاواز باسی ئەم پرسە كراوەو پێشنیازكراوە لەخوارەوە بۆ مەكتەبی سیاسی، بەڵام نەبووە پرسێكی جددی‌و ئەم بارودۆخە درێژەی كێشاوە.
بینه‌ر سه‌رپشکه‌ له‌گۆڕینمان
ئەم پێشكەوتنە نوێیەی تەكنۆلۆژیا كاریگەری لەسەر پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و ئابووریی‌و دواتر رەنگدانەوەی كاریگەری بەسەر راگەیاندنەوە هەبووە، ئێستا ناچارو بێ دەرەتان دەبێ هەموولا دان بەو راستییەدا بنێین ئەگەر نەتوانین بینەرێك بەدیار بەرنامەو پەیامێك لەشاشەی خۆمان بهێڵینەوە، ئەوا بێگومان بینەر كۆنترۆڵی بەدەستەوەیەو ئەو سەرپشكە لەگۆڕینی ئێمە! بەدیل‌و ئەڵتەرناتیڤی باشیش بەردەستە، شاشەی كوردستان دەوڵەمەندەو دەیان كەناڵی جیاوازی تەلەفزیۆن هەیە لەهەموو بوارێكدا. بۆیە دەبێ زوو فریا بكەوین لەخۆنوێكردنەوەو خۆڕاپێشكردن تاوەكو هەمیشە لەشاشە بمێنینەوە، ئەگەر 100 كەناڵیشمان هەبێت‌و هەزار رۆژنامەی رۆژانەشمان هەبێت، ئەگەر لەخەڵك نزیك نەبین‌و خەمەكانی خەڵك نەگوازینەوە، ئەوا گومانمان نەبێت لەوەی نە كەس سەیری كەناڵەكان دەكات‌و نە كەسیش رۆژنامەو بڵاوكراوەكانمان دەخوێنێتەوە، ئەو هەموو زۆرو بۆرییەش لەڕاگەیاندن كە ئێستا بووە بەسوپایەكی پیر هیچ قیمەتێكی نییە لەئاست ئەو پێشكەوتنە خێرایەی تەكنۆلۆژیاو تێڕوانینی نوێی لەبارەی كاری راگەیاندنەوە.
درێژەكێشانی بیست ساڵ زیاتر لەمۆدێل‌و ریتمێكی نەگۆڕی راگەیاندن وایكرد دەیان‌و سەدان كەناڵی جیاواز بكرێتەوە، ژمارە كەڵەكە ببێت، سەدان‌و سەدان كادر كار لەماكینەیەكی گەوەری راگەیاندن بكەن، لەلایەك بارگرانییەكی گەورە لەسەر دارایی دروستبكەن‌و لەلایەكی دیكە توانای مرۆیی لەئاستێكی نزمدا بمێنێتەوە كە سەرەنجام نەتوانێت بەرهەمێك پێشكەش بكات لەگەڵ سەلیقەو خولقی ئەم سەردەمەدا یەكانگیر بێت! خراپتر ئەوەیە وەرگرەكەت یان بینەرو جەماوەرەكەت بەدیلی باشتری هەبێت، ئەمە سەرباری ئەوەی ئێمە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بەچەندین هەڵبژاردندا تێپەڕین كە راگەیاندن بڕبڕەی پشتی ململانێی حزبیی بوو تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی جاران لەڕێی راگەیاندنەوە توانی بۆ ماوەیەكی كورت دەنگێكی زۆر بەدەستبێنێت، هەر راگەیاندنیش بوو توانی ئەو دەنگەی ئۆپۆزسیۆن كۆیكردبۆوە بیتەكێنێت‌و دوبارە هەڵیوەرێنێت.
له‌بێژینگدانی راگه‌یاندنی یه‌کێتی
ماوەیەكە قسە لەسەر بوون‌و نەبوونی مەكتەبی ناوەندی راگەیاندن دەكرێت، بەتایبەت دوای دەستلەكاركێشانەوەی لێپرسراوی مەكتەب، بۆچوونی جیاواز هەیە، یەكێك لەو پێشنیازانەی زیاتر خۆی راپێشكردووە لامەركەزییەتە لەكاری راگەیاندن، بەجۆرێك كەناڵەكانی راگەیاندنی یەكێتی لەبێژنگ بدرێت، ژمارەكانیان كەمبكرێتەوە بۆ چەند كەناڵێكی دیاریكراو، بەڵام ئاستی كەناڵەكان‌و كوالیتیان بەرز بكرێتەوە، لەڕووی داراییەوە سەربەخۆبن‌و حزب پشتیوانیان بكات نەك لەڕێی مەكتەبێكی دیاریكراو فاندبدرێن، بەڵكو راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ مەكتەبی دارایی بكەن. لەهەمانكاتدا شێوە ئەنجومەنێكی راوێژكاریی‌و شەنوكەو هەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر ئاراستەكردنی راگەیاندنی یەكێتی.
رەنگە ئەم پێشنیازە وەك بیرۆكە باش بێت، بەڵام قسەی زیاتر هەڵدەگرێت، لەوردەكاریدا پرسیاری زۆر دێنێتە پێش، بەتایبەت ئەزموونی زیاتر لەبیست ساڵی رابردوو سوودی زۆری هەیە بۆ هەر پێشنیازێك لەبارەی نوێكردنەوەی راگەیاندنی یەكێتییەوە بكرێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێ قسە لەسەر كێشەكانی راگەیاندنی یەكێتی بكەین دەتوانین لەسەر چەند خاڵێكی سەرەكی هەڵوەستە بكەین:
یەكەمیان: پشتیوانیكردنی دارایی‌و دابینكردنی سەرچاوەی دارایی. رێكخستنی باری دارایی كەناڵەكانی راگەیاندن بەجۆرێك بەشێك لەپشتیوانی‌و دابینكردنی دارایی لەلایەن حزبەوە دابینبكرێت، بەشەكەی دیكەی ئەو دەزگایانە لەڕێی ریكلامكردنەوە دابینی بكەن. سەرەنجام ئەمجۆرە پشتیوانییە لەلایەك كەناڵەكە گیردەكات بەپابەندبوون بەسیاسەت‌و گوتاری حزب، لەلایەكی دیكە دەستكراوە دەبێت لەداڕشتنی سیاسەتی ئیداریی‌و دارایی خۆی‌و راستەوخۆ خۆی هەیكەلی ئیداریی خۆی بەڕێوەدەبات‌و لەقەیرانی زۆری كادری راگەیاندن كە ئێستا دەزگاكانی راگەیاندنی پێیەوە گیرۆدە بوون رزگاریی دەبێت‌و هاوكات ئەو جۆرە دەستكرانەوەیەش لەباری دارایی كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر كرانەوەو ئازادی كەناڵەكە دەبێت لەبڵاوكردنەوەی هەواڵ‌و راپۆرت‌و هەر ماددەیەكی دیكەی راگەیاندن.
دووەم: پرسی ئازادی لەكاركردنی راگەیاندن‌و دەستكرانەوەی بەڕووی رووداو و پێشهاتەكان لەسەر هەموو ئاست‌و كونج‌و قوژبنێك. بێگومان پرسی كرانەوەی میدیا راستەوخۆ پەیوەندی بەسەرچاوەی داراییشەوە هەیە، چەند میدیا سەرچاوەی دارایی مسۆگەرو پشت بەخۆبەستو بێت ئەوەندەش ئازادتر دەبێت. واقیعی ئێستاش ئەوە دەخوازێت حزب لەدەرەوەی خۆی میدیای هەبێت تاوەكو لەلایەك پەیامی خۆی بگەیەنێت‌و خەڵكی بەپەیامی حزبی تێبگەن، لەلایەكی دیكە ئازادانەترو دەستكراوەتر قسە لەسەر كێشەو ململانێی‌و رووداوەكان بكات‌و كارەكانیش ناكەونە بەر مقەست‌و فلتەری كۆبوونەوەی دوو قۆڵی حزبەكان‌و رێككەوتنە سیاسییەكان رێگری لەبەرتەسككردنەوەی ئازادی كەناڵەكان ناكەن، وەك ئەوەی ئێستا هەیە كاتێك پارتی‌و یەكێتی یان یەكێتی‌و گۆڕان كۆدەبنەوەو بڕیار دەدەن میدیاكانیان بەرامبەر یەكتر هێوربكەنەوە یان باسی هەندێ پرس نەكەن.
نابێت میدیای حزبی بێ ده‌نگ بێت
بیرمان نەچێت پرسی ئازادیی بۆ راگەیاندن بڕبڕەی پشتە، ئەو سەردەمەش گوزەشت میدیای حزب خۆی بێدەنگ بكات لەئاست روداو و پێشهاتەكان، چونكە لەلایەك ململانێیەكی توندی ئیعلامیی هەیە لەسەر گەیشتن بەزانیاریی‌و ئاراستەكردنی شەقام، لەلایەكی دیكە میدیای كۆمەڵایەتی یان میدیای خەڵك كە بەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناسراوە، ئازادییەكی رەهای هەیەو دەستی لەمیدیا حزب ستاندووەو چۆتە هەموو كون‌و قوژبنێكی كۆمەڵگە، هەم رووبەرێكی ئێجگار فراوانی بەردەستە بۆ بڵاوكردنەوەی هەر شتێك كە هەر تاكێكی كۆمەڵگە بیەوێت بڵاویبكاتەوە، هاوكات ئازادییەكی رەهای هەیە بۆ بڵاوكردنەوە، سەرەنجام ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییانە رێڕەوی مێژوویان لەبواری راگەیاندا گۆڕی‌و لەوڵاتانی پێشكەوتوو تەلەفزیۆن‌و رۆژنامە زۆربەی هەواڵ‌و رووداوەكانیان بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جێهێشتوەو خۆیان خەریكی بەدواداچوون‌و تەحقیقن لەڕووداوەكان، چونكە دەرەقەتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نایەن لەڕووی كات‌و هەندێ رووی دیكەوە.
سێیەم: پوختكردن‌و رێكخستنەوەی كەناڵەكانی راگەیاندن. واتە دەربازكردنی راگەیاندنی حزب لەو زۆری‌و بۆرییەی ئێستا هەیە، لەلایەك بۆتە بارگرانییەكی گەورەی دارایی، لەلایەكی دیكە بەهۆی زۆری كەناڵەكان، وایكردووە لەڕووی كوالێتییەوە رەخنەی زۆر لەكەناڵەكانی راگەیاندنەوە بگیرێت. دەشێت پێشنیاز بۆ ئەم پوختكردنەوە هەبێت بەجۆرێك بتوانرێت سوود لەتوانای هەموو كادرانی راگەیاندن وەربگیرێت لەهەر ناوچەو دەڤەرێك لەلایەكی دیكە لەڕێگەی كۆكردنەوەی تواناكان ئاستی كەناڵەكان بەرزبكرێتەوە. ئینجا كەناڵە لۆكاڵییەكان بێت یان رۆژنامەو گۆڤارو رادیۆو ماڵپەڕە جیاوازەكان.
چوارەم: دابەشكردنی كەناڵەكان بەپێی دابەشبوونی دیمۆگرافیی‌و پێویستی ناوچەكان. پرسی دابەشكردنی كەناڵەكانی یەكێتی گرفتێكی گەورەیە، دابەشبوونەكە بەپێی پێویستی‌و گرنگی ناوچەكان‌و دابەشبوونی دانیشتوانەوە نییە. زۆربەی هەرەزۆری كەناڵەكانی لەسلێمانین‌و زۆرترین توانای راگەیاندنی یەكێتی لەسلێمانی كۆبۆتەوە، لەكاتێكدا پێویستە تواناكان زۆربكرێن‌و دواتر بەپێی گرنگیی دابەشبوونێكی دیكەی بۆ بكرێت. چونكە ئەوەی تائێستا هەیە لاسەنگەو پێویستە بەتەواوی رێكبخرێتەوە. لەسلێمانی سێ سەتەلایت‌و رۆژنامەیەكی رۆژانەو دەیان بڵاوكراوەی جیاوازو ژمارەیەك رادیۆ هەیە، لەكەركوك رۆژنامەو بڵاوكراوەو سەتەلایت هەیە، لەدهۆكیش بەهەمانشێوە، كەچی دەبینین لەهەولێر نەك سەتەلایت، بەڵكو هیچ بڵاوكراوەیەكیشی لێ نییە! لەكاتێكدا ئەگەر پێوەری ژمارەی دانیشتوان بێت یان ژمارەی دەنگدەری یەكێتی یانیش گرنگی هەولێر وەك پایتەختی سیاسی‌و ئیداریی‌و ئابووریی، ئەوا دەبوو یەكێتی زۆرترین‌و كاریگەرترین میدیای خۆی لەوێ تاو بدایەو لەوێ لەنزیكەوە ئاگاداری كاری پەرلەمان‌و حكومەتی بوایە، خۆ ئەگەر لەسەر بنەمای چەقی ململانێی حزبیش بێت، ئەوا هەولێر یەكلاكەرەوە بووە. بۆ نموونە كاتێك یەكێتی كەمترین دەنگی لەسەر ئاستی هەڵبژاردنی كوردستان بەدەستهێنا هۆكارە سەرەكییەكەی كەمكردنی بەرچاوی دەنگەكانی بوو لەهەولێر، كاتێكیش هەستایەوە لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمان هۆكارە سەرەكییەكەی زیاتربوونی دووقاتی دەنگەكانی بوو لەهەولێر! خۆ ئەگەر بەدیوەكەی دیكەشی تەماشای بكەین گەورەترین‌و سەرەكیترین بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئێستا لەهەولێرە، كەچی لەتەلەفزیۆن‌و رادیۆیەكی محەلی واوەتر شتێكی دیكەی نییە، هەمووشمان دەزانین ئەم دوو كەناڵە لەئاست كەناڵە محەلییەكانیش لەخراپترینن نەك باشترین! بێگومان ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە كە ئێستا دەرفەتی باسكردنی نییە. لەكاتێكدا یەكێتی كەناڵی حورییەی دامەزراندبوو كە سوودێكی ئەوتۆی نەبوو پارەیەكی زۆریشی لێ خەرج دەكرد. لەسلێمانی سێ كەناڵ‌و لەكەركوك‌و دهۆكیش سەتەلایتی هەیە كەچی لەهەولێر هیچی نییە سەرباری ئەو هەموو جیاوازییەی هەولێر!
 كەواتە ئەوەی لەهەولێر هەیە شایەنی قسەكردنی جددیە لەلایەن مەكتەبی سیاسی یان لایەنی پەیوەندیدار، چونكە پێویستییەكی حەتمییەو لەوە زیاتر رەنگە كاربكاتە سەر توانای بەشەریی یەكێتی لەبواری راگەیاندن لەهەولێر، روونتر بڵێین ئەگەر ئەم دۆخە زیاتر درێژە بكێشێت‌و وەك بڕیارە كەناڵە لۆكاڵییەكان دابخرێن دوای ماوەیەكی دیكە كادرانی یەكێتی لەبواری راگەیاندن لەهەولێر ژمارەیان زۆر كەم بێتەوە، سەرەنجام ئەگەر لەداهاتوودا یەكێتی پڕۆژەیەكیشی هەبێت لەهەولێر نەتوانێت ئیدارەی بدات چونكە توانای مرۆیی لەدەستدەدات.
ماوەتەوە بڵێن رەخنەگرتن‌و پێشنیاز بنەمای پێشكەوتنە، دۆخی راگەیاندنی یەكێتی رۆشن نییە، پێویستە مەكتەبی سیاسی قسەی جددی لەسەر بكات، هاوكات راگەیاندنكاران‌و رۆژنامەنووسانی نزیك لەیەكێتیش قسەی خۆیان هەبێت، بەتایبەت ئەگەر یەكێتی بیەوێت لەڕووی راگەیاندنەوە پێشبكەوێت پێویستە گوێ لەهەمووان بگرێت.

له‌كوردستانی نوێوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket