riklam

نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكانی سوریا داوای 670 ملیۆن یۆرۆ دەكات

kurdistani 12:53 PM - 2014-12-19
ئەڵمانیا بوەتە شوێنی حەوانەوەو وەرگرتنی 80 هەزار پەنابەری سوری

ئەڵمانیا بوەتە شوێنی حەوانەوەو وەرگرتنی 80 هەزار پەنابەری سوری

لەبەرلین نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی كۆنفرانسی فراوانی وڵاتانی كۆمەك بەخشی كرد بۆ كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەكانی سوریا.
كۆنفرانسی ئەمجارە كە نەتەوەیەكگرتوەكان لەبەرلین بەڕێوەی برد هاوكاتە لەگەڵ وەرزی زستان و هەڕشەی سەرماو برسێتی و بێ جێگایی ئاوارەكان چ لەناوخۆی سوریا چ لەوڵاتانی دەوروبەری وەك ئوردون و لوبنان و توركیاو عیراق، دوێنێ لەكۆنگرەی بەرلیندا كە 35 وڵات و زیاتر لە 40 رێكخراوی نێودەوڵەتی بەشداریان تێدا كرد، نەتەوەیەكگرتەكان داوای بڕی 8.4 ملیار دۆلاری كرد بۆ كۆمەك و هاوكاری ئاوارەكان، كە دەكاتە 670 ملیون یۆرۆ.

لەمبارەیەوە مفەوەزی پەنابەرانی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند: پەنابەرانی سوریا بێبەشن لەخزمەتگوزاریە بنچینەییەكان، خەڵكی لەبەردەم مەترسیدان و پێویستیان بەپاراستنە، ئەم پاراستنە چاودێری تەندروستی و خواردن و هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە كە مرۆڤ پێویستی پێیەتی، بەتایبەتی پاراستنی منداڵان لەبەكارهێنان و دەستدرێژی سێكسی.
 
لەكۆنگرەكەدا باس لەوەكرا لەساڵی 2011وە 3.3 ملیۆن كەس لەسوریا لەپێناوی ژیانێكی دوور لەمەترسیدا رایانكردوەو پەنایان بردۆتە بەر وڵاتانی دراوسێ، لەوانە لوبنان و ئوردون و توركیاو عیراق، ئەمە جگە لەوەی كە ژمارەیەكی یەكجار زۆریشیان رویان كردۆتە وڵاتانی ئەوروپا.
مفەوەزی سامی پەنابەران رایگەیاند:نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر دوو ستراتیژیەتی هاوكاری لەسوریا كاردەكات، یەكەمیان زەمانەتی هاوكاریە مرۆییەكان لەناوخۆی سوریادا بۆ ئەم مەبەستە پێداویستیەكانی بەنزیكەی 2.9 ملیار دۆلاری ئەمریكی خەمڵێنراوە، چونكە گەلی سوریا تائێستا لەناوچە قەیراناوییەكان گیری خواردووە.

لەكۆنگرەكەدا رێكخەری هاوكاری حاڵەتە كتوپڕەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان لای خۆیەوە رایگەیاند: منداڵان ناتوانن بچنەوە قوتابخانەو گەورەكانیان ناتوانن كاربكەن، لەبەر ئەوە ئەگەر یارمەتیمان بەدەستهێنا ئەوا دەتوانین ئەو منداڵانە لەكەمی خواردن و دەرمان رزگار بكەین و شوێنی نیشەجێیان بۆ دابین بكەین و لەسەرما خۆیان و خێزانەكانیان رزگار بكەین.

شایانی باسە نەتەوەیەكگرتووەكان لەكۆنگری بەرلیندا داوای یارمەتی بەپەلە دەكات تاژیانی 18ملیۆن سوری لەناوەوەو دەرەوەی سوریادا لەمەترسی گەورە رزگاربكرێن.

بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەم كارەساتانەی كە ئێستا روبەڕووی پەنابەرانی سوری بوەتەوە دەرهاویشتەی چوار ساڵی رابردوی شەڕو ماڵ وێرانیە لەو وڵاتەدا.
نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیاریكراوی بڕی 2.9 ملیار دۆلاری بۆ ساڵی 2015 بۆ 12.2 ملیۆن كەس خەمڵاندوە لەناوەوەی سوریاداو 5.5 ملیار دۆلاری تریشی بۆ یارمەتی و بەهاناوەچوونی ئەو پەنابەرانە خەمڵاندوە كە بەرەو وڵاتانی دراوسێ رایانكردوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا شتاینمایەریش لەهەمان كۆبونەوەی وڵاتانی كۆمەك بەخشدا دوپاتیكردەوە قەیرانی مرۆیی لەسوریاو وڵاتانی دەوروبەری هەڕەشەی ناسەقامگیرییە لەهەموو ناوچەكەو پێیوابوو بانگەوازی نەتەوەیەكگرتووەكان بانگەوازێكی  هاوكاری و ئاڕاستەكراوە بۆ هەموو جیهان و ئەلمانیاش بەشداری ئەو یارمەتیانە دەكات، لەئاماژەیەكی تردا لەماوەی 10 مانگی رابردودا 2.9 ملیۆن  كەس پێویستیان بەهاوكاری نەتەوەیەكگرتوەكان هەبووە.
 بەپێی ئەو راپۆرتەی كە لەسەرەتای كانونی یەكەمی ئەمساڵدا لەجنێف خرایەڕوو وەك نەتەوەیەكگرتوەكان پێشبینیشی كردووە پێدەچیت پەنابەرانی سوری لە سێ ملیۆن كەسەوە تا كۆتایی 2015 بەرزبێتەوە بۆ 4.3 ملیۆن كەس.

میویللـەر وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانی ئاشكرایكرد  قەیرانی پەنابەران  لەم سەردەمەدا گومانی تێدانیە، ئەڵمانیا هەستاوە بەهاوكاری و یارمەتی بەبڕی 800 هه‌زار یۆرۆ، لەكاتیكدا كەئەڵمانیا بوەتە شوێنی حەوانەوەو وەرگرتنی 80 هەزار پەنابەری سوری.

 وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا رەخنەی لەوەش گرت كە سندوقی كۆكردنەوەی كۆمەكی نەتەوەیەكگرتوەكان تا كانونی دووەم دیاریكراوە، لەكاتێكدا كە قەیرانەكان وادەخوازێ بۆ مەودایەكی دووربێت و ناكرێ هەموو مانگێك داوا لەكۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بكرێ تابەهانای پەنابەران و خێوەتەكانیانەوە لەسوریاو عیراق و ئوردن بچن و لەمردن رزگار بكرێن.

PUKmedia شەهاب عوسمان - ئەڵمانیا

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket