riklam

هه‌وڵه‌كان بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان به‌رده‌وامه‌

kurdistani 07:32 PM - 2014-10-20
ره‌وه‌ندی كوردی هۆڵندیش پشتگیری ناساندنی ئه‌و تاوانه‌ ده‌كه‌ن

ره‌وه‌ندی كوردی هۆڵندیش پشتگیری ناساندنی ئه‌و تاوانه‌ ده‌كه‌ن

به‌مه‌به‌ستی روونكرده‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ ناویانه‌ له‌ پێناو ناساندنی ئه‌و جینۆسایده‌ی داعش له‌ دژی كوردانی ئیزیدی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تر ئه‌نجامی داون، ئاڵَوگۆڕكردنی بیرو را بۆ هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو، لیژنه‌ی باڵای ناساندنی جینوسادی كوردانی ئیزیدی و  پێكهاته‌  نه‌ته‌وه‌یی وئاینیه‌كانی تر به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌حمود حاجی ساڵح سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتنه‌ لاهای پایته‌ختی سیاسی هوڵندا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری لایه‌نه‌ كوردیه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ره‌وه‌ندی كوردی ئه‌م شاره‌ كۆبوونه‌وه‌.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ لیژنه‌كه‌یان له‌ ماوه‌ی رابردوودا كاری له‌سه‌ر كردووه‌، رایگه‌یاند: لیژنه‌كه‌ به‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێكهاتووه‌ و كاری له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنت كردووه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی دروست له‌ رێگای سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت و كه‌سانی شاره‌زا لێكوڵینه‌وه‌ و دیداری له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا كردوه‌ كه‌ له‌ ده‌ستی تاوانكارانی داعش رزگاریان بووه‌.

هه‌روه‌ك باسی له‌ هه‌ڵ و مه‌رجی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ كرد و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌رێم و عیراق و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و بڕینی مووچه‌ و بوودجه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی مه‌ركه‌زی و ئاوه‌ره‌بوونی خه‌ڵكانی ناوه‌راست و باشووری عیراق و رۆژئاوا و شه‌نگال و ده‌ورووبه‌ری كه‌ كاریگه‌ری راسته‌وخۆی كردووه‌ته‌ سه‌ر  ژیانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان لایه‌نێكی تری باسه‌كه‌ بوو .

له‌ته‌وه‌رێكی تردا سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ ئامانجی سه‌ردانی لیژنه‌كه‌ی بۆ دادگای باڵای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی له‌ لاهای و دواتریش بۆ یه‌كیتی ئه‌روپا و ئه‌نجومه‌نی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ جنیف روونكرده‌وه‌، هیوای خواست بتوانن سه‌رنجی ئه‌و دادگایه‌ بۆ  بابه‌تی جینۆسایدی كوردانی ئیزیدی رابكێشن تاكو داواكاری گشتی ئه‌و دادگایه‌ ئه‌و كه‌یسه‌ بجولێنێت و كاری له‌سه‌ر بكات و داوای له‌ ره‌وه‌ندی كورد و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كورد كرد، كه‌ به‌ راو سه‌رنجه‌كانیان هه‌نگاوه‌كانی داهاتوویان ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن.

له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ره‌وه‌ندی كوردی له‌ هوڵندا چه‌ند سه‌رنج و تێبینیه‌كیان خسته‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌ كاری لیژنه‌كه‌یان و ئاماده‌كاری خۆیان بۆ هه‌ر هاوكاریه‌ك نیشاندا كه‌ لیژنه‌كه‌ پێویستی پێبێت.

شایانی باسه‌ لیژنه‌ی ناساندی جینۆسایدی كوردانی ئیزیدی و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كانی تر به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌حمود حاجی سالح وه‌زیری  كاروباری شه‌هیدان و ئه‌ندامیه‌تی هه‌ر  یه‌ك له‌ محه‌مه‌د هاودیانی وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئامانج ره‌حیم سكرتێری یاسایی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و كه‌سایه‌تیه‌كی ئیزیدی به‌ناوی حسێن قاسم حه‌سو به‌ بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێكهاتووه‌ و له‌ماوه‌ی رابردوو كاری له‌سه‌ر  كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ نامه‌ و دیكومێنت كردوه‌ تاكو وه‌كو به‌ڵگه‌ی تاوانه‌كان پێشكه‌شی دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی بكات له‌ لاهای بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئێستا سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ له‌ لاهای پایته‌ختی سیاسی هوڵندان.

PUKmedia فوئاد عوسمان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket