riklam

سنه‌ 220 تۆن هاوكاری بۆ ئاواره‌كانی سلێمانی ده‌نێرێت

kurdistani 03:30 PM - 2014-09-02
پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد له‌وه‌فدێكی مانگی سوری كۆماری ئیسلامی ئێران

پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد له‌وه‌فدێكی مانگی سوری كۆماری ئیسلامی ئێران

ئه‌مڕۆ 2-9-2014 كاروانێكی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ ئاواره‌كان له‌ شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ گه‌یشته‌ شاری سلێمانی، كه‌ بریتیبوو له‌ 220 تۆن كه‌لوپه‌لی پێویست بۆ ئاواره‌كان و له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و هاووڵاتیانی ئه‌و شاره‌وه‌ كۆكرابوونه‌وه‌ بۆ ئاواره‌كان به‌تایبه‌ت ئاواره‌كانی شه‌نگال.

ئه‌مڕۆ به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد له‌ وه‌فدێكی مانگی سوری كۆماری ئیسلامی ئێران كه‌ ئه‌و كۆمه‌كانه‌ی هێنابوو.

له‌ دیدارێكدا پارێزگاری سلێمانی سوپاسی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد بۆ به‌هاناوه‌ هاتنی ئاواره‌كان و پشتیوانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند: كۆماری ئیسلامی ئێران و هاووڵاتیانی ئێران هه‌مووكات له‌ته‌نگانه‌دا به‌هانای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هاتوون و ئه‌مجاره‌ش له‌م قه‌یرانه‌دا یه‌كه‌م وڵات بوو كۆمه‌كه‌كانی گه‌ندووه‌ته‌ ئاواره‌كان.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا، وه‌فده‌كه‌ په‌یامێكی عه‌بدولحه‌مید زاهدی پارێزگاری كوردستانیان گه‌یانده‌ پارێزگاری سلێمانی، كه‌ تیایدا رایگه‌یاندووه‌: "تاوانه‌كانی گروپی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ سوریاو عیراق ته‌نیا یه‌ك مه‌زهه‌ب و یه‌ك وڵاتی نه‌كردووه‌ به‌ ئامانج، به‌ڵكو ته‌واوی ناوچه‌كه‌ی كردووه‌ به‌ ئامانج، بۆیه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌لی عیراقی دۆست و دراوسێی ده‌وه‌ستێت بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گروپه‌، چونكه‌ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆر پێویستی به‌ هاوكاری هه‌موو وڵاتان هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وتنی ئه‌م گروپه‌ مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر هه‌موو میللـه‌تانی ناوچه‌كه‌".

پارێزگاری كوردستان له‌ درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا بۆ پارێزگاری سلێمانی ده‌ڵێت: "به‌ هاوكاری خودا تا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی و جێگربوونی ئارامی و ئاسایش له‌ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ده‌مێنینه‌وه‌".

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یامه‌دا پارێزگاری سلێمانی سڵاو و رێزی تایبه‌تی نارد بۆ پارێزگاری كوردستان و رایگه‌یاند: "لای ئێمه‌ سلێمانی و سنه‌ هیچ جیاوازییه‌كیان نییه‌و كۆمه‌ك و پشتیوانییه‌كانی پارێزگاری كوردستان و خه‌ڵكی ئه‌و پارێزگایه‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندنی قوڵی هه‌ردوولایه‌".

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌یاندا وه‌فدی مانگی سوری ئێرانی و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی سنه‌، ته‌ئكیدیان له‌ پشتیوانی و به‌رده‌وامی و خه‌مخۆری هاووڵاتیانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی پارێزگای كوردستان كرده‌وه‌ بۆ هاوكاریكردنی زیاتری ئاواره‌كان.

PUKmedia  راگه‌یاندنی پارێزگاری سلێمانی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket