riklam

چیتر دەكەنە دەسكەلای فریودانی خـــەڵــــك؟ ‌

kurdistani 04:08 PM - 2014-04-17
رەنگە ئەمڕۆ باسوخواسی دەستوور لە لیستی بایەخپێدانەكانی خەڵكدا لەڕیزەكانی دووەمدا بێت

رەنگە ئەمڕۆ باسوخواسی دەستوور لە لیستی بایەخپێدانەكانی خەڵكدا لەڕیزەكانی دووەمدا بێت

 هه‌واڵ و سیاسه‌ت‌

بەدرێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم، یەكێتی توانی ئەوە بۆ خەڵكی كوردستان مسۆگەر بكات كە لەكەشێكی لەبارتر و شێنەیی تردا پڕۆژەی دەستووری كوردستان تاوتوێ بكەن و لەژێر گومبەزی پەرلەمانی هەڵبژێردراودا كەموكوڕییەكانی پڕۆژەكە چارەسەر بكەن و مەودا دیموكراسییەكانی ئەبدەیت بكەنەوە. ئەگەرچی بەشی زۆری یەكێتییەكان و دۆستەكانیشی پێكەوە گرێدانی ئەم دوو دۆسێیە لە دوادواییەكانی تەمەنی ولایەتی پەرلەمانی پێشوودا بە باعیسێكی سەرەكی پاشەكشێی لیستی یەكێتی دەزانن لە هەڵبژاردنەكانی (21/9/2013)دا، بەڵام ئیتر ئەو هەنگاوەی یەكێتی، یەكەم: توانی كوردستان لەفەراغێكی یاسایی رزگار بكات و دووەمیش: بۆ خولی تازە دەرفەتی ئەوەی هێنایە كایەوە پڕۆژەی دەستوور بێتەوە پەرلەمان و چانسێكی تری بۆ دەستەبژێری سیاسی و یاسایی و ئینجا ئیجماع لەسەر راپرسییەكی میللی مسۆگەر كرد.
هەرچۆنێك بێت یەكێتییەكان دڵی خۆیان بەوە دەدەنەوە ئەمەشیان وێستگەیەك بوو لە دەیان وێستگەی قوربانیدانی یەكێتی لەپێناو كۆمەڵانی خەڵك و ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستاندا.
رەنگە ئەمڕۆ باسوخواسی دەستوور لە لیستی بایەخپێدانەكانی خەڵكدا لەڕیزەكانی دووەمدا بێت لەچاو مادەی 140، بودجەی پێشمەرگەو بودجەی كوردستان (لە ئەستانەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق) و لەچاو خزمەتگوزاریی زیاترو خەمی مەعاشی دواكەوتوو كە پەیوەستی نەوت و ململانێی بودجەی نێوان هەولێرو بەغدایە، (لە ئەستانەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كوردستاندا)، بەڵام ئیلتزامی گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستووریش گرنگە لەو رووەوە كە ئەم پێویستییە لەدانیشتنی پەرلەمانی ئێستادا مسۆگەر كراوەو هەروەها لەڕووی ئەوەشەوە كە ببێتە دەرفەت بۆ قسەكردن لەسەر مەودای وەفاداری هەڵگرانی ئاڵای دەستوور لەململانێكانی چەند ساڵی رابردووی كوردستاندا بەو بەیداخە بەرزەو بەو سرودەی دەنگی دەگەیشتە كەشكەڵانی فەلەك و ئێستا نوزەیەكی لێ نابیستین.
گۆڕان وەك سەرقافڵەی ئۆپۆزسیۆن و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و گروپەكانی شەمعی پەروانەی ئەوان بوون لەوێستگەكانی پێشووی ململانێدا، پێش هەڵبژاردنی 25/7/2009 و پێش هەڵبژاردنی 21/9/2013 و لەو نێوانەشدا، ئەم پڕۆژەی دەستوورەیان كردە سەر تایتڵی هەموو گوتاری سیاسی و میدیاییان لەدژی حزبەكانی حوكمڕان و بەتایبەتیش لەدژی یەكێتی. بۆ ئەوان پڕۆژەی دەستوور كۆدی ململانێ بوو لەهەموو كاتەكانداو بۆ ئەم بەسیجە سیاسییە هەموو تواناكانی خۆیان و دۆستەكانیان خستەكار. وای لێهات نان و دەستووریان دەرخواردی خەڵك دەدا، بەڵام ئێستا چونكە هەلومەرجی رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی و هەڵپەی چوونە ناو حكومەتیان كردۆتە ستراتیژی كار، باسی پڕۆژەی دەستوور لەگۆشەی وتارێكیشدا دەست ناكەوێت. ئەم ویستە ستراتیژییەی خەڵكی كوردستان كە پەیوەندیی بە لیاقەتی نەتەوەیی و چوارچێوەی یاسامەندكردنی دیموكراسیی كوردستانەوە هەیە لای گۆڕانی ئۆپۆزسیۆنی جاران و شەریكی پاشكۆی حوكمڕانی ئێستا بۆتە تەكتیكێكی ماوە بەسەرچوو كە جاران بۆ جەمسەر دروستكردن و كۆكردنەوەی دەنگ دەستی دەداو ئێستا وەك دەسكەلایەكی ژەنگهەڵاتووی لێهاتووە كە پێویست ناكات باسی بكرێت، نەكا دڵی كەس گەرد بیگرێت.
شەرعییەتی هەر باسوخواسێك، با لای خەڵكی كوردستانیش گرنگ و ستراتیژی بێت، لای گۆڕان بەوەوە بەندە تا چەند وەك كەرەستەی تاكتیكی بۆ نیو سەعات یان نیو ساڵ یان چوار ساڵی پشێوی و چوار ساڵی ئارام دەست دەدات، چونكە گۆڕان ئەم باسەی لە سویچەوە كوژاندۆتەوە دۆستەكانیشی لە هیچ مینبەرێكەوە قژی خۆیان ناڕنن و لە مەراسیمی كەمپیندا یەخەی كراسی بۆ نادڕن.
نها پڕۆژەی دەستوور رێچكەی پەرلەمانی خۆی وەرگرتووەو هیمەتی پەرلەمانتارانی یەكێتی دەوێت كە لە كەوتنە گەڕی پەرلەماندا بیخەنە ئەولەویەتەوە، بەڵام باسكردنی لێرەدا بۆنەیە تا بپرسین ئەوانەی وەفاداری دەستوور نەبوون و بۆ ئەمڕۆ بابەتی تریان كردۆتە دەسكەلا، داخۆ سبەینێ تا چەند وەفاداری لافیتەكانی ئەو بابەتانەی ئەمڕۆیان دەبن و كاری لەسەر دەكەن؟.
ئەمڕۆ دەستووری (ماوە بەسەرچوو) و سبەینێش خوا دەزانێت چیتر فڕێدەدەنە ناو قەرەباڵەغی لافیتەو دروشمی ترەوە؟

له‌كوردستانی نوێوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket